فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

هادی سۆفی زادەhadisofizada

بە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی دووهەم، جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەند کرا. جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ کۆڵەکەی هەموو پەیماننامەکانی مافی مروڤ و کونڤانسیۆنەکانە و سەرچاوە ی دیاریکردنی مافی تاکەکەسی، سیاسی، مەدەنی، کولتووری ئابوری و کۆمەڵایەتییە. بەر لە پەسەندکرانی جاڕنامەی گەردوونی ماڤی مرۆڤ، خانمی "ئێلێنوور رۆزڤێڵت"، هاوسەری "فرانكلين دێلانو رۆزڤێلت"، لە ساڵی ۱۹۴۱ پێش نووسی جاڕی گەردوونی ماڤی مرۆڤ نوسیبووی کە "لە سەر چوار بنچینەی مافی مرۆڤ وەک، ئازادی دەربڕین و بیروڕا، ئازادی پەرەستن یا نەپەرستین، ئازادی هێنانە دی خەون و ئاواتەکان و چوارەم ڕزگاربوون لە ترس، داڕێژرابوو، بەڵام بێ ڕەحمی و کوشتارەکانی سەروبەندی شەڕی دووهەمی جیهانی، هەروە ها کارنامەی ڕەشی دەوڵە تی فاشیستی موسولینی لە ئیتالیا، شەری ناوخۆیی و مەدەنی ئیسپانیای ڕژیمی فرانکۆ، سیستەمی میلیتاریستی ژاپون، هەروەها بێڕەحمییەکانی ستالین لە روسیا، بوونە بنچینەی کۆدەنگیێکی گشتی بۆ دارشتنی نۆیی قانوونی مافی مرۆڤ و سەرئەنجام قبوولکردنی لە نیویورک لە ۱۰ی دیسامبری ۱۹۴۸. (۱) ساڵی ۱۹۴۵نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و بێجگە لەو چوار خاڵە، ئازادییە ئەساسییەکان، بە بێ جیاوازی نژاد، رەگەز، زمان، و ئایین، کەوتە چوارچێوەیەکی بەرینترەوە. مەبەستی سەرەکی لە هێنانە ئاڕای جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی ئەخلاقی و دروەوستکردنی کۆمەڵگای ستاندارد کە لەودا ئێحترام بۆ کەسیەتی، مەقام و ئازادی تاک و کۆ دابندرێ و لە هەمان کاتدا تێگەیشتن و بەهرەوەری گشتی لە مافی مرۆڤ و گاڕانتی کردن و هە وڵدان بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی مافی مرۆڤ لە دنیادا.

هاتنە ئارای جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەسپێکێکی گەورە و بەرهەمی بارودۆخێ ژێئوپولیتیکی دوای شەڕی جیهانی دووهەم بوو. رۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی ڕەشنووسەکە و پەسەندکردنی لە ئاستێکی بەرز و زانستی دا لە لایەن "ڕێنا کاسینی" فەرانسییەوە، بە پێی سوننەتی مێژوویی فەرانسە لە پاراستنی مرۆڤایەتی بەرێوەچوو. کەسی سەرەکی دووهەم "پ. سی چانگ"، پرۆفسۆر و مامۆستای زانکۆی نیاچینگی لە ووڵاتی چین و هەروەها "هێرمان سانتاکراز"، پارێزەرێکی شیلیایی، "چارلێز مالیک" پرۆفسۆری لوبنانی لە بەشی فەلسەفە، "عومە ر لوتفی" لە ووڵاتی میسر، باڵۆێز "هاوسا مێەتا" لە هێندوستان، ژێنێڕاڵ "کارلۆس رۆمیلو" لە ووڵاتی فیلیپین، "بوگومولوف" لە یەکیەتی سووڤییەت و "ڕیبیکا" لە یوگسلاڤیا بوون.

بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ۱۹۸۰وە بە شێوەی زانستی پێناسەکرا و لە ساڵی ۱۹۹۴وە تا ۲۰۰۴ پلانی جیهانی بۆ گەیاندنی بە خەڵکانی تەواوی دنیا ئەنجام درا و لە ووڵاتێکی وەک نورۆێژ لە کتێبی کۆمەڵایەتی، لە قووتابخانەکانی قۆناخی سەرەتایی و لە ئاستێکی بەرزترد،ا لە دەبیرستانەکان دا دەوترێتەوە.

لێرەدا پێویست ناکا لە سەر ناوەرۆکی سی ماددەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بدوێن، بەڵام خشتەی خوارەوە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە کە وەک بنکەیەکی ئەمن یا سەرپەنایەک، کە چوار کۆڵەکەی هەیە داڕێژراوە. مانای ئەو خشتەیە ئەوە دەگەیەنێ کە هەرکەس لە دنیادا مافی ئەوەی هەیە کە لە ئارامی و ئۆقرەیی تەواو دا بژی. گەر سەرنج بدرێتە لۆگۆکانی نەتەوەیەکگرتوەکان هەمویان مانای پاراستنی ئینسانەکان دەبەخشن.

پێویستە بنوسرێ کە ووڵاتی عەرەبستانی سعوودی برگەی ۱۸ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مروڤی کە تایبەتە بە ئازادی دین و گۆڕینی دین ئیمزا نەکردوە. ووڵاتی ئێرانیش بە شێوەی سنووردار کونوانسیونەکانی مافی ژنان و منداڵانی ئیمزا کردووە. مەسەلەیەک کە پێویستە باسی لە سەر بکەین، پەسەندکرانی ۲ کونڤانسیونە کە لە ۱۶ی دیسامبری ساڵی ۱۹۶۶ە. ئەو دوو کونوانسیۆنە، بە هۆی شەڕی ساردە وە هاتنە ئاراوە.

کونڤانسیونی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری (۲) کە لە سەر بناخەی ماددەی ۱۸ تا ۲۱ی جاڕنامەی گەردوونی دامەزراوە و لە لایەن یەکیەتی سۆڤیەت و ووڵاتانی هاوپەیمانیەوە، بە پێی هزری سوسیالیستی و وەک داخوازیک لە بەرامبەر کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی سیاسی و مەدە نی (۳) کە پێشنیاری بەرەی ڕۆژئاوا بوو، دراوە بە نەتەوە یەکگرتوەکان. گرنگترین بڕگەی کونڤانسیونی مافی ئابوری، کۆمەڵایەتی وکولتووری، ماددەی یەکەمە کە لە سی خاڵدا دەڵی:

١. تەواوی میللەتان مافی خودموختاریان هەیە و بە پێی ئەم مافە، ئەوان مافی خۆیانە کە لە سەر بارودۆخی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی فەرهەنگی خۆیان بڕیاردەر بن.

٢. تەواوی میللەتان مافیان هەیە بۆ گەیشتن بە مەبەست بە بێ لیکترازاندنی پەیمانە ئابوریە نێونەتەوەییەکان، کە لە سەر بنەمای قازانجی بەرامبەر و حقوقی نێونەتەوەیی داڕێژراوە، سەروەت و سەرچاوەی سروشتیان بە کار بێنن. لە هیچ حاڵەتێکدا ناکرێ میللەتێک لەو مافانە بێبەش بکرێ.

٣. دەوڵەتانی بەشدار لەو پەیماننامەدا و بە تایبەت دەوڵەتانی کۆلۆنی و ژێر سەرپەرستی، ئەبێ لە وەدیهێنانی حەققی خودمختاری و حورمەت دانان بۆ ئەو مافەکانیان، بە پێی ڕێساکانی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بجوڵێنەوە.

ناساندی ناوەرۆکی هەرکام لە کونڤانسیونەکان پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە کە هیوادارم بتوانم لە داهاتودا دەرفەت بۆ شیکردنەوەی زیاتریان هەڵکەوێ. مافی مرۆڤ سیستەمێکی ئەرزشییە کە جگە مانا ئورووپاییەکەی لە ناو مەزهەبە جۆراوجۆرەکانیش دا، پێناسەی جۆراوجۆری بۆکراوە و زەمانەتی ژیان و پێگەی مرۆڤی کردووە. هەرکام لە ئەدیانی سەرەکی دنیاش، تەفسیری هاوشێوەیان لە سەر ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی هەیە.

هێندوەکان بەم جۆرە پێناسەی مافی مرۆڤ دەکەن: کارێک مەکە کە پێشووتر، لەبەرامبەر خۆت کرابێ و بوبێتە مایەی ئازارت، ئەوە ئەرکێکە".
یەهوودیە کان دەلێن: ئەو شتەی کە خۆت قینت لێیە، بە هاوڕەگەزی خۆتی ڕەوا مەبینە. ئەمە بناخەی گشتی مافی مرۆڤە و تێگەیشتنی گشتی بە دوای ئەم ئەسڵەدا دێ".
مەسییحیەکان دەڵێن "کارێک مەکە بە دژی کەسانی دیکە، کە خۆت حەز ناکەیت بەرامبەرت بکرێ".
ئیسلام دەڵێ "کەس نابێتە خاوەن ئیمان، هەتاکوو ئەو شتەی کە بۆ خۆی بە ڕەوای ئەزانێ بۆ براکەی بە ڕەوا بزانێ".
بوودا دەڵێ "ئازاری کەسانی دیکە مەدە کە خۆت لەو ئازارە رەنج ئەبینی".

لە باری مێژووییە وە هاتنەئارای مافی مرۆڤ ئەگێردرێتە وە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و بە واتایەکی دیکە ۴۰۰ ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح. شارەزایان بواری مافی مرۆڤ مێژووی بەشوێنداچوونی مافی مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ بیرۆکەی مافی سروشتی کە فیلسوفانی ئەو سەردەمە بانگەشەیان بۆکردووە کە نۆڕمی حقوقی وعەقلانی قانوونی هاوبەشی ئینسانەکانی تیا بەدیدەکرێ.

مافی سروشتی سوننەتێکی فەلسەفییە کە ئەگەڕێتەوە بۆ یونانی کۆن و سەردەمی ئەرەستوو. تێوەرەکە لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست دا پەرەدەستێنی و بە شێوەی کۆنکرێت لە سەدەی سیانزەوە فەیلەسووفی ئەو سەردەمە تۆماس ئاکیوناس( ۱۲۲۵/۱۲۷۴) بە خستنە ژێر پرسیاری قانوونی ئەبەدی (خودایی) کە مافی مرۆڤی لە لایەن شاکانەوە پێناسە دەکرد و کلیسا ئیددیعای دەکرد کە شاکان نوێنەری خودان و هێنانە ئارای قانوونی سروشتی و لە قانوونی سروشتیشەوە بۆ قانوونی مرۆڤ دەسەڵاتی خوایی بە کلیسا و دنیا دابەش کرد.

لە چەرخی ۱۶ دا فکری مافی سروشتی ئەبێ بە فکرێکی جێ کەوتو لە لایەن فەیلسوفی ئەوسەردەمە، توماس ەابز وە دواتر لە لایەن جان لاکەوە. بەم جۆرە پایەی فەلسەفی و ئیدەی مافی سروشتی مافی تاکی لێ دەکەوێتەوە کە ئێمە ئەمڕۆ بە ناوی مافی مرۆڤەوە ئەیناسین. بە کورتی مافی مروڤ لە مافی سروشتییەوە سەرچاوە ئەگرێ.

تۆماس هابز(۱۵۵۸/۱۶۷۹) زادەی سەردەمی ماکیاوڵییە و کێشەکانی ئەو سەردەمە بە ڕاددەیەک بوون کە هەر کەس بیری لە خۆی کردوەتەوە و بە کورتی بارودۆخێکی ئانارشی لەئارادابوو، ئەو مافی سروشتی وا تەفسیر کرد کە "هەر کەسێک هەموو مافێکی هەیە لە ئۆموراتی ژیانی خۆیدا". ئەو جیاوازی دانا لە بەینی مافی سروشتی لە گەڵ مافی قانوونی تۆماس ئکیوناس دا. مافی سروشتی ئازادی مرۆڤ لە خۆ دەگرێ لە حاڵێکدا کە مافی قانوونی، چوارچیوە و ئەرک دەخاتە سەر شانی مرۆڤ. بە کورتی جیاوازی نێوان ماف و قانوون وەک ئازادی و ئەرک وایە. تۆماس هابز دیفاع و پشتیوانی لە ماف و ئەمنییەتی تاک کردووە.

هابز لە تەشریحی ڕامانی خۆیدا دوو قانوونی سروشتی هێناوەتە ئاراوە. بە پێی قانوونی سروشتی یا حاڵەتی جەنگەڵ، کەرامەتی مرۆڤ لە بەین ئەچی، لە وهەا بارودۆخێکدا عەقڵانییەت باشترین ڕێگای گەیشتن بە ئاشتی و ئارامییە. قانوونی سروشتی دووەەم بە پێی لێکدانەوەی هابز بۆ بەرگرتن لە شەڕی گشتی ئەبێ مرۆڤەکان بەو قەناعەتە بگەن کە بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی پێویستیان بە گرێبەست هەیە. بە هەبوونی گرێبەست مومکینە خەڵک هێزی خۆیان سنووردار بکەن. ئەم گرێبەستانە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە نەک خەڵک و دەوڵەت.

جان لاک(۱۶۲۳/۱۷۰۴) یەکەم کەس بو کە بە ئاشکرا ئیددعای مافی سروشتی کرد. ئەو دەڵێ: حەق ئەوەیە کە ئێمە بە هۆی پاکی و نەزاهەتی خۆمانەوە ئیسپاتی بکەین کە ئینسانین. ئەو لەگەڵ هابز لە سەر ئیدارەکردنی حکومەت، بۆچوونی جیاوازی هەبوو. جان لاک سێ شتی بۆ هەر کەس بە گرنگ زانی. یەکەم ژیان کردن، دووهەم ئازادی و سێەهەم مڵکیەت. لیبرالیزم لە سەر بنەمای ئەم سێ کوچکە هاتۆتە ئاراوە. لە سەردەمی رۆشنگەریدا مرۆڤ وەک بەرهەمی سروشت هاتە ناسین.

بەم جۆرە بێجگە لەوبیرمەندانەی سەرەوە، بنەمای فکری و فەلسەفی بیرمەندانی سەدەکانی پێشوو بە تایبەت ژان ژاک روسو، ئێمانۆئیل کانت، توماس پاین و جان ستوارت میل کراونەتە هەوێنی دارشتنی مافی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا کە جگە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، چەندین کونڤانسیۆنی جیهانیشی لێکەوتەوە. گرینگترینی ئەو کۆنڤانسیۆنانە، کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی سیاسی و مەدەنی، کونڤانسیۆنی مافی ئابوری و فەرەەنگی و کۆمەڵایەتی، مافی منداڵ، پێش گرتن لە هەڵاواردن دژ بە ژنان، دژی جیاوازی ڕەگەزی، دژی ئەشکەنجە و سزادان و زۆر بڕیاری نێونەتەوەیی.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان