عەبدولڕەحمان سدیق
كە لە نێوەڕاستی شەستەكاندا سوپای ئەمریكا لە ڤێتنام دەجەنگا، پاشان شكستی هێنا و ڤێتنامی بەجێهێشت ، جەنەڕاڵ (وێست مۆڕ لاند) رووبەڕووی سەرزەنشت و لۆمەكردنێكی زۆر بووەوە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە سەبارەت بەشكستەكەی ، بەڵام ئەو بەم قسەیە بەرگری لەخۆی كردو گوتی :” ڤێتنامییەكان هەر سووپا نەبوون ، ئەوان گەل و سوپا بوون ، هەموویان بەبێ جیاوازی یەكڕیزبوون، لە حاڵەتێكی بەوەشێوەیەشدا هیچ هیوایەك بۆ سەركەوتنی ئێمە نەمابوو”. لێرەوەیە كە ئەمڕۆ بۆ ئێمەی كوردستانی پرسی یەكڕیزی نێوخۆیی فاكتەرێكی زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێكی نەیاران ، بۆیە ئەم یەكهەڵوێستییەی تەواوی حیزبە كوردستانییەكان و رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكان بەرامبەر بە پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە ، دواتریش سەردانی بەرپرسان و سەركردە كوردستانییەكان بۆ كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ، باشترین بەڵگەن لەسەر ئەوەی كەهەمیشە پێكەوە دەتوانین پیلانەكانی بەرامبەر پووچەڵ بكەینەوە.
ئەزموونەكانی دوێنێ و راستییەكانی ئەمڕۆش هەر ئەوەمان پێدەڵێن كە سەركەوتنەكانمان لەیەكڕیزیماندا بوون ، شكستەكانیشمان لەپەرتەوازەییماندا بوون.
بۆیە مێژوونووسانیش ئەم راستییە دەسەلمێنن و دەڵێن : هۆكارە نێوخۆیی و خودییەكانی شكستی هەر نەتەوەو گەلێك چەندە زۆربن ، بەڵام لە ئەنجامدا دەتوانرێ لەم دوو خاڵەی خوارەوەدا دیاری بكرێن :
یەكەم: ناتەبایی و خودپەرستی و ململانێ و پەرتەوازەبوونی بەرژەوەندییەكان. دووەم: ناكامڵی هەست و رۆشنبیری نەتەوەیی .
بۆیە ئێمەی كوردستانی كە یەك خاك و یەك زمان كۆماندەكەنەوە ، جێگەی خۆیەتی كە یەك بەرژەوەندی نیشتمانی و یەك ئامانجی نەتەوەییش كۆمان بكاتەوە لە بەرامبەر عێراقی ئەمڕۆ كە كێشەیەكی سیاسی و سەربازی خوڵقاندووە بە ئاراستەی هەناردەكردنی كێشە نێوخۆییەكانی عێراق بۆ دەرەوەی خۆی، بە مەبەستی لەبیربردنەوەی مافەكانی هاووڵاتیان و، پەردەپۆشكردنی پشتگوێخستنی خزمەتگوزارییەكان ، هەروەك (تۆماس مارن) دەڵێ : پەنابردنە بەر ڕێگەچارەی سەربازی تاكە رێگەیە بۆ ڕاكردن لەو كێشانەی كە لەئاشتیدا دێنە ئارا”.
بۆیە ئەمڕۆ ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە كە لەم ململانێ سیاسییەدا نەفەسمان درێژبێت و، بەرامبەریش تێبگەیێنین كە هیچ حكومەتێكی عێڕاقی نەیتوانیوە خێر لەشەڕ ببینێت و ، لەهەمانكاتیشدا سیاسەتی دەرگای كراوە بەڕووی هەموو لایەكدا پیادە بكەین، لەنێوان راو رای جیاوازدا ڕێگەی سێیەم بدۆزینەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتیشدا ، زیاتر و زیاتر بایەخی شوێن و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكە و جیهان دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی خاوەن تایبەتمەندیی لەم عێراقەدا ، لەتوانایدایە یاریزانێكی سیاسی كارا بێت ، دەستیشی هەبێ لە دروستكردنی بەشێكی ئەو ئایندەیەی كە نەخشەی بۆدەكێشرێت لە ناوچەكەدا ، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی یەكدی، ئاشتەوایی و بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش.
لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە نەهێڵین شەڕ بكەوێتە ماڵی خۆمانەوەو، نەشهێڵین “فیل”ەكانی سیاسەت بە”فێڵ”ی جۆراوجۆر شەڕی خۆیان لەسەر چیمەنی ئێمە بكەن ، چونكە لە حاڵەتێكی بەوشێوەیەدا چیمەنەكانی ئێمە دەپلیشێنەوە.
www.abdulrahmansidiq.com