فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ره‌زا شوان / نه‌رویجreza shwan 

منداڵ یه‌که‌مین خشتی بنیاتنانی مرۆڤی پێشکه‌وتووی داهاتووه‌.. هه‌ر ئه‌م منداڵه‌روحسووک و دڵپاک و چاوگه‌شانه‌ی ئه‌مڕۆمانن .. که‌‌له‌داهاتوودا ده‌بنه‌رابه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رکرده‌کانی گه‌له‌که‌مان .. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی راست و دروست په‌روه‌رده‌و رێنمایی و ئاراسته‌یان بکه‌ین .. ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌کانی پێشکه‌وتنیان بۆ دابین بکه‌ین .. زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ گه‌شه‌کردنی به‌هره‌و توانا و ، بۆ حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان بڕه‌خسێنن .. ئه‌گه‌ر پاڵپشت و هانده‌ریان بین .. ئه‌گه‌ر دوور له‌کولتووری زه‌بر و توندوتیژی و چاوسوورکردنه‌وه‌، به‌هێمنی و به‌زمانێكی نه‌رم و شیرین له‌گه‌ڵیاندا بدوێین و .. به شێوه‌یه‌کی راست و دروستی په‌روه‌رده‌یی و زانستی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین .. بێگومان نه‌وه‌یه‌کی به‌هێز و دروستیان لێدێته‌ کایه‌وه‌.. که‌متمانه‌و باوه‌ڕیان به‌خۆیان ده‌بێت و، له‌ئاستی به‌رپرسێتی و به‌ڕیوه‌بردن و سه‌رکردایه‌تیدا ده‌بن .. ده‌بنه‌نه‌وه‌یه‌کی هۆشیار و زرنگ و پێشکه‌وتووخواز .. که‌توانای داهێنان و به‌رهه‌مهێنان و ، وه‌رگرتن و به‌خشینیان ده‌بێت .

پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده‌، هه‌موو هاواڕان له‌باره‌ی گرنگی و هه‌ستیاریی قۆناخی منداڵی .. له‌دروست کردنی که‌سایه‌تی مرۆڤی داهاتوودا .

nueva imagen de mapa de bits

ئه‌گه‌ر به‌نابه‌ڵه‌دی و نادروستی و سه‌قه‌تی ، منداڵه‌کانمان گۆش و په‌روه‌رده‌ بکه‌ین و ، ئاوڕیان لێ نه‌ده‌ینه‌وه‌و ، بیان ده‌ینه‌ده‌ستی قه‌ده‌ر و چاره‌نووسێکی نادیاره‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ت ئه‌نجامێکی خراپ و ، داهاتوویه‌کی تاریک و ، که‌سایه‌تی سه‌قه‌ت و بێ که‌ڵک و به‌دبه‌ختیان لێ دێته‌کایه‌وه‌.. ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی خراپیشیان له‌سه‌ر ژیانی تاک و گۆمه‌ڵگای کوردیمان ده‌بێت .. ئۆباڵ و گوناحی ئه‌م ئاکامه‌خراپه‌نه‌خوازراوه‌ش له‌ئه‌ستۆی هه‌موومان دایه‌.. چونکه‌کورد وته‌نی : ( چی بچێنین .. ئه‌وه‌ده‌دوورینه‌وه‌.. ) وتراویشه‌: ( شانازیی باخچه‌ی گوڵ گه‌ش و جوان .. بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی باخچه‌وانه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. )

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی باوکان و دایکان و مامۆستاکان .. نه‌بینه‌نموونه‌ی باشی و دروستی و راستی بۆ منداڵه‌کانمان .. که‌واته‌نابێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش له‌منداڵه‌کانمان بکه‌ین که‌به‌باشی و دروستی په‌روه‌رده‌ببن .. چونکه‌منداڵان تا راده‌یه‌ک چاولێکه‌رین و لاسایی گه‌وره‌کان ده‌که‌نه‌وه‌.. وه‌کو کورد ده‌ڵێ : " گه‌وره‌ئاو ده‌ڕێژێ و .. بچووکیش پێی تێ ده‌نێ .. "

دێینه‌سه‌ر سه‌رباسی بابه‌تی ئه‌مجاره‌مان .. منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر .

شه‌رم چییه‌.؟ به‌پێی قسه‌کانی شاره‌زایان و توێژێنه‌رانی شه‌رم کردنی مرۆڤ .. به‌م شێوه‌یه‌راڤه‌ی ‏شه‌رم ده‌که‌ن : شه‌رم جورێکه‌له‌راڕایی و ترس و دوودڵیی کۆمه‌ڵایه‌تی ، که‌ده‌بێته‌هۆی دروست بوونی هه‌ستێکی نێگه‌تیڤانه‌له‌نێوان دوو دڵی و په‌شۆکاندا .. که‌سی شه‌رمن خۆی ته‌نگ به‌خۆی هه‌ڵده‌چنێ و تێکه‌ڵ به‌خه‌ڵکی نابێ و گۆشه‌گیر ده‌بێ .

هه‌ندێکی تر له‌شاره‌زایان ، شه‌رم به‌نه‌خۆشییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی ده‌زانن ، که‌به‌سه‌ر که‌سایه‌تی که‌سێکدا زاڵ ده‌بێ و ، کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر بیر و هۆش و توانای داهێنانی ده‌بێ .. ناشتوانێ به‌باشی مامه‌ڵه‌و ره‌فتار له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی لێی ده‌ژی بکا .

که‌سانی زۆر شه‌رمن ، که‌به‌جاری خۆیان په‌راوێزده‌که‌ن و تێکه‌ڵ به‌خه‌ڵكی و کۆمه‌ڵگا نابن .. به‌تایبه‌تیش سڵ له‌که‌سانێکی نامۆ ده‌که‌نه‌وه‌.. ئه‌م که‌سانه‌به ( گۆشه‌گیر ) ناوده‌برێن .

کۆمه‌ڵێکی تری توێژێنه‌ران ، شه‌رم به‌هه‌ستێکی جیهانی ده‌زانن .. که‌پێویسته‌هه‌موو مرۆڤێک ، ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بێت .. له‌هه‌ڵوێستێکدا تاقی بکا‌ته‌وه‌.

زۆرترین شه‌رم و ، مه‌ترسیدارترین شه‌رم .. ئه‌و شه‌رمانه‌ن که‌تووشی منداڵان ده‌بن .. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌، که‌دایکان و باوکان هه‌ست به‌م کێشه‌یه‌نه‌که‌ن ، یا به‌هه‌ندی نه‌زانن و گوێی پێ نه‌ده‌ن .

شه‌رمی منداڵان

‌منداڵان له‌قۆناخه‌کانی گه‌شه‌کردندا ، به‌تایبه‌تیش له‌ساڵی یه‌که‌مدا ، به‌سروشتی شه‌رم ده‌که‌ن ، به‌زۆریش له‌که‌سانێکی نامۆ .. له‌ساڵه‌کانی دواتریشدا .. به‌رێژه‌یه‌کی جیاواز شه‌رم ده‌که‌ن .. تا زیاتریش ئاشنای ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ببن .. زیاتر ده‌گونجێن و که‌یی ده‌بنه‌وه‌و روویان ده‌کرێته‌وه‌و شه‌رمیان نامێنێت .

هه‌ندێ له‌منداڵان به‌سروشتی زۆر هه‌ستیارن و پتر تووشی شه‌رم ده‌بن .. که‌چی هه‌ندێ له‌منداڵانی تر هه‌ر له‌قۆناخی منداڵیدا ، کراوه‌ن و کۆمه‌ڵایه‌تین .. ده‌توانین به‌ئاسانی ئه‌م جیاوازییه‌به‌دی بکه‌ین .. منداڵی کۆمه‌ڵایه‌تی ، که‌که‌سانێکی نامۆ ده‌بینێ زه‌رده‌خه‌نه‌ده‌کا و ، رووی خۆی خۆش ده‌کا و ، هه‌ندێ جموجووڵی سه‌یر ده‌کا ، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌و که‌سانه به‌لای خۆێدا رابکێشێ.. که‌چی منداڵی شه‌رمن ، که‌میوانێکی نه‌ناسراو ، یا که‌سانێکی نامۆ ده‌بینێ .. ده‌ترسێ و راده‌کا بۆ باوه‌شی دایکی و ، له‌سه‌ر سنگی دایکیدا ، ده‌موچاوی خۆی ده‌شارێته‌وه‌ ، تا ئه‌و که‌سانه‌نه‌یبینن یا نه‌یان بینێ .

بێگومان منداڵی شه‌رمن ، ده‌بێته‌کێشه‌بۆ خۆی و ، بۆ خێزانه‌که‌ی و بۆ که‌سوکاریشی .. چونکه‌ناتوانێ به‌باشی ره‌فتار بکا و ، ناشتوانێ به‌ئاسانی تێکه‌ڵ به‌هاوڕێ و کۆمه‌ڵ ببێت .. له‌وانه‌شه‌تووشی گۆشه‌گیری خه‌مۆکی ببێت .. گه‌لێ له‌هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کانی ژیانیشی له‌ده‌ست ده‌دا ، که‌ده‌کرێ بیان قۆز‌ێته‌وه‌ .. له‌وانه‌شه‌شه‌رم ببێته‌کێشه‌و گرێیه‌کی ده‌روونی و ، به‌درێژایی ژیانی ئه‌و که‌سه‌لێی نه‌بێته‌وه‌.. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ، که‌شه‌رم کردن سیمایه‌کی که‌سایه‌تییه‌و ، خه‌وشێکی ره‌وشتی نییه‌.. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری پێویست بۆ هۆیه‌کانی بکه‌ین .. نابێته‌پاشکۆی هه‌میشه‌ی مرۆڤ و لێی ده‌بێته‌وه‌.. چه‌ندین منداڵ که‌ منداڵی شه‌رمن بوون .. به‌ڵام دوایی به‌ره‌به‌ره‌روویان کراوه‌ته‌وه‌و شه‌رمیان نه‌ماوه .

‏ نیشانه‌کانی شه‌رمی منداڵان

نیشانه‌کانی شه‌رم زۆرن .. ئه‌مانه‌هه‌ندێ له‌نیشانه‌کانی شه‌رمی منداڵانن :

1ـ منداڵی شه‌رمن ، که‌رووبه‌ڕووی که‌سانێکی نامۆ ، یان مامۆستاکانی ده‌بێته‌وه‌شه‌رم ده‌کا و ده‌شه‌ڵه‌ژێ و .. ده‌موچاوی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ .

2 ـ له‌گه‌ڵ که‌سانی نامۆ و میوانی نه‌ناسراودا ته‌وقه‌ناکا .. له‌وانه‌یه‌له‌رووشی نه‌یا بێت به‌خێرهاتنیان بکا .. له‌شه‌رما ده‌چێته‌ژوورێکه‌وه‌و نایه‌ته‌ده‌ره‌وه‌.

3 ـ ئه‌و توانا و ئازایه‌تییه‌ی نییه‌.. که‌به‌ئاسنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا ببه‌ستێ .. به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆیدا .

4 ـ دوودڵه‌و ده‌ترسێ .. هه‌ست به‌ئاسووده‌یی و ئارامی و دڵنیایی ناکا .

5 ـ منداڵی شه‌رمن ، که‌قسه‌له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا ده‌کات به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ که‌سێکی نامۆدا یان له‌گه‌ڵ مامۆستاکانیدا .. شه‌رم ده‌کا و به باشی قسه‌کانی بۆ نایه‌ن .. یا ده‌می تێک ده‌ئاڵی و ، لێدانی دڵی زیاد ده‌کا و ، ده‌سته‌کانی ده‌له‌رزن .. هه‌ندێ جار ئاره‌قیش ده‌کا و ، تفی خۆی قووت ده‌دا .. له‌کاتی قسه‌کردنیشدا چاو نابڕێته‌چاوی به‌رانبه‌ره‌که‌ی .

6 ـ حه‌ز به‌کۆگردی ‌ناکا و .. له‌ ماڵ ناچێته‌ده‌ره‌وه‌بۆ یاری کردن له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا .. حه‌زی به‌ته‌ریکی و گۆشه‌گیرییه‌.

7 ـ هۆگری وه‌رزش و چالاکییه‌هه‌مه‌جوره‌کانی قوتابخانه‌که‌ی نییه‌و به‌شداریش له‌( تیپی سروود ، شانۆ ، تۆپێن ، موزیک ... هتد ) ناکا .. ئه‌گه‌ر به‌شداریش بکات خاوه‌و شه‌رم ده‌کا و ، به‌هه‌موو حه‌ز و توانایه‌کییه‌وه‌به‌شداری ناکا .

8 ـ له‌قوتابخانه‌دا ، له‌کاتی پشووی نێوان وانه‌کاندا .. یا له‌پۆلدا ده‌مێنێته‌وه‌.. یا ده‌چێته‌گۆشه‌و په‌نایه‌کی قوتابخانه‌که‌ی و .. تێكه‌ڵ به‌قوتابییه‌کان نابێ .

9 ـ له‌تاقی کردنه‌وه‌کانی خوێندندا .. حه‌ز ده‌کات به‌نووسین تاقی کردنه‌وه‌کان بکات .. شه‌رم ده‌کا و ده‌ترسێ له‌وه‌ی ، که‌راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ مامۆستکانیدا دابنیشێ یا راوه‌ستی و ، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان بداته‌وه‌.. بۆیه‌حه‌زی له‌تاقی کردنه‌وه‌کانی زاری نییه‌.

10ـ ئه‌و ئازایه‌تییه‌ئه‌ده‌بییه‌شی نییه‌، که‌ئه‌وانه‌ی نایانزانێ .. له‌پۆلدا له‌مامۆستاکانی بپرسێ .. به‌ده‌گمه‌نیش به‌شداری له‌دیالۆک و گفتوگۆکان ده‌کا .. حه‌زیش ناکا مامۆستا پرسیای لێ بکا .. یا بۆ سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش هه‌ڵی بستێنێ .. یا له‌به‌رده‌م قوتابییه‌کانی پۆله‌که‌یدا رای بگرێ .

11ـ زۆر جار که‌میوانی نامۆیان دێ .. به‌هه‌ردوو ده‌ستی چاوی خۆی ده‌گرێ .. یا گوێیه‌کانی ده‌گرێ .. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یان بێنی و گوێی له‌ده‌نگیان نه‌بێ .. چونکه‌وا هه‌ست ده‌کا که‌سه‌رنجی ده‌ده‌ن و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن .

12ـ که‌یه‌کێک پرسیارێکی لێ بکا .. به‌کورتی و به‌ده‌نگێکی نزم وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌.. زۆر جار ته‌نها به‌" به‌ڵێ " یان " نا " وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.. له‌وه‌ده‌ترسێ ، که‌به‌هه‌ڵه‌وه‌ڵام بداته‌وه‌و شه‌رمه‌زار بێ .

13ـ که‌جلوبه‌رگێکی تازه‌له‌به‌ر بکا .. یا سه‌ری بتاشێ ، قژی ببڕێ .. شه‌رم ده‌کا .. واهه‌ست ده‌کا که‌جله‌تازه‌که‌ی لێ نایه‌، یا جوان ته‌راش نه‌کراوه‌‏و .. خه‌ڵکی سه‌رنجی ده‌ده‌ن و گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن .

14ـ به‌شداری له‌زۆربه‌ی چالاکی و خۆشییه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناکا وه‌کو ( شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ ، چه‌پڵه‌لێدان ، ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایک بوون ، سروود و گۆرانی ، و سه‌یرا ن و گه‌ڕان ، به‌زم و ره‌زم و ، ... ) .

15ـ شێوازی به‌هه‌ڵه‌په‌روه‌رده‌کردنی ، له‌لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه ، که‌زۆر وشه‌ی ( شووره‌ییه‌) له‌رووی ده‌ده‌ن ، بۆ نموونه‌ئه‌گه‌ر کیژۆڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کوڕێکدا ببینن ، که‌پێکه‌وه‌قسه‌یا یاری ده‌که‌ن .. یه‌کسه‌ر سه‌رزه‌نشتی ده‌که‌ن که‌ئه‌مه‌( شووره‌ییه‌) و نابێ دووباره‌ی بکاته‌وه‌و .. ده‌بێ له‌گه‌ڵ کچاندا یاری بكا .

‌‌‌ـ ده‌توانین له‌میانه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی که‌ده‌یانکێشێ .. منداڵی شه‌رمن بناسین .. بۆ نموونه‌: ئه‌گه‌ر وێنه‌ی خانوویه‌ک بکێشێ .. له‌گۆشه‌یه‌کی لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ری وێنه‌کێشانه‌که‌یدا به‌بچووکی ده‌یكێشێ .. ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌بۆ خانووه‌که‌ناکا .. ره‌نگاوڕه‌نگیشی ناکا ، یا ره‌نگی که‌م به‌کار ده‌هێنێ .. ئه‌م نیشانه‌یه‌ش هه‌موو منداڵێکی شه‌رمن ناگرێته‌وه‌.. منداڵی واهه‌یه‌شه‌رمنه‌و وێنه‌کێشێکی باشه‌.

‏17ـ که‌گوزارشت له‌خۆشیش بکا .. زه‌ده‌خه‌نه‌ده‌کا و .. زۆر که‌م پێ ده‌که‌نێ .

هۆیه‌کانی شه‌رمی منداڵان

زۆر به‌کورتی و به‌چڕی ، له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌دا ، باس له‌گرنگترین هۆیه‌کانی شه‌رمی منداڵان ده‌که‌ین :

1ـ شه‌رمی زکماکی ، یه‌کێکه له‌هۆیه‌سه‌ره‌کییه‌کانی شه‌رمی منداڵان ، منداڵ هه‌ر له‌دایک ده‌بێت شه‌رمنه‌.. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌بۆ ئه‌وه‌ی که‌دایکی یا باوکی یا هه‌ردووکیان شه‌رمنن .. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌شیان ده‌گوازرێته‌وه‌بۆ منداڵه‌کانیان .. پزیشکه‌ده‌روونناسییه‌کانیش به‌شێوه‌یه‌کی زانستی و به‌به‌ڵگه‌و به‌راوردکردنه‌وه‌ئه‌م راستییه‌ده‌سه‌لمێنن .

‌ـ ئه‌و منداڵانه‌ی به‌هۆی که‌م ده‌رامه‌تی خێزانییه‌وه‌، رووبه‌ڕووی نه‌بوونی ده‌بنه‌وه‌ .. وه‌کو منداڵانی هه‌بووه‌کان ، پۆشته‌و تێر و ته‌سه‌ل و نازدار ناژین و .. وه‌کو ئه‌وان پێداویستییه‌کانیان بۆ دابین نه‌کراوه .. وه‌کو ئه‌وانیش دڵخۆش و .. به‌خته‌وه‌ر نین .. که‌خۆیان به‌راورد به‌و منداڵانه‌ده‌که‌ن .. له‌رووی جلوبه‌رگ و خۆراک و جێی نووستن و چاره‌سه‌ری پزیشکی و ، خه‌رجی و خه‌رجکردنیان ..
دڵیان به‌خۆیان ده‌سووتێ و ، هه‌ست به‌وه‌ده‌که‌ن که‌له‌و هاوڕێیانه‌یان که‌مترن .. شه‌رم ده‌که‌ن که‌لێیان نێزگ ببنه‌وه‌و تێکه‌ڵیان ببن .

‌‌ـ نابه‌ڵه‌دیی دایکان و باوکان و ، شێوازی نادروستییان له‌په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ‏كه‌رێزێکی ئه‌وتۆ له‌که‌سایه‌تی منداڵه‌کانیان ناگرن .. ده‌یانه‌وێ به‌توندوتیژی و ، به‌چاوسوورکردنه‌وه‌هه‌موو شتێک به‌سه‌ر منداڵه‌کانیا‌ندا بسه‌پێنن .. بیر له‌وه‌ناکه‌نه‌وه‌که‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌نییه‌که‌ئه‌وان تیا ژیاون .. به‌قسه‌ی زه‌ق و ره‌ق و ناشیرین و ره‌خنه‌و لۆمه‌رووشکێنیان ده‌که‌ن .. بێگومان ئه‌م قسه‌ناشایستانه‌کار له‌منداڵان ده‌که‌ن .. به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا پێیان بوترێ .

4 ـ پاراستن و چاودێری پتر له‌پێویستی منداڵان له‌لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه‌، له‌ترسی ئه‌وه‌ی تووشی هاوڕێی خراپ نه‌بن و ، گوێیان له‌قسه‌ی سوک و چرووک نه‌بێ و ، خووی ناشیرین و قێزه‌وه‌ن فێرنه‌بن .. راسته‌که‌چاودێری و ئاگاداریی منداڵان پێویسته‌.. به‌ڵام زیاده‌ڕۆیی .. وا له‌منداڵان ده‌کا که‌باوه‌ڕیان به‌خۆیان نه‌بێ و .. شه‌رم ده‌که‌ن و گۆشه‌گیر ده‌بن و ، به‌گومان و دوودڵییه‌وه‌له‌مندڵانی تر ده‌ڕوانن .. شوێنی دڵنیاییش بۆ ئه‌وان ته‌نها ماڵه‌وه‌و په‌نای دایک و باوکیانه‌.

5 ـ به‌ناز به‌خێوکردنی منداڵ و ، نازپێدانی زیاد له‌پێویست له‌لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه‌.. بۆ نموونه‌هه‌موو شتێکی لێ ده‌که‌ن به‌( بڤه‌یه‌ ) .. نایه‌ڵن خۆی ماندوو بکا و ، ئه‌و کارانه‌بکا که‌ده‌توانێ بیان کا ، یا خۆی تاقی بکاته‌وه‌له‌کردنیاندا .. هه‌موو داخوزییه‌کانیشی بۆ دابین ده‌که‌ن .. ئه‌م زیاد ناز پێدانه‌، وا له‌منداڵ ده‌کا که‌پشت به‌خۆی نه‌به‌ستێ .. کاتێ که‌هاوڕێکانی ده‌بینێ زۆر کاریان له‌ده‌ست دێ .. له‌به‌رده‌میاندا راده‌مێنێ و شه‌رم له‌خۆی ده‌کا و ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌که‌ئه‌م ده‌سته‌وستانه‌و ، ته‌نها سه‌یریان ده‌کا .
له‌لایه‌کی که‌شه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌م دایک و باوکانه‌منداڵه‌کانی خۆیان زۆر خۆش ده‌وێ ، چاوپۆشی له‌هه‌ڵه‌کانیان ده‌که‌ن .. سه‌رزه‌نشتیان ناکه‌ن و .. سزاشیان ناده‌ن .. هه‌موو ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌به‌زیانی ئه‌و منداڵه‌شه‌رمنانه‌ده‌شکێنه‌وه‌.
بۆ نموونه‌منداڵێکی به‌ناز به‌خێوکراو .. ئه‌گه‌ر له‌شوێنێکی تردا ، داوی شتێ بکا و بۆێ نه‌که‌ن .. شه‌رم ده‌کا و ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌.. چونکه‌هه‌موو شوێنێ ماڵێ خۆیان نییه‌و .. هه‌موو که‌سێکیش وکو دایکی و باوکی نازی راناگرن .

6 ـ بایه‌خ نه‌دان و پشتگوێ خستنی منداڵ و لێ نه‌پرسینه‌وه‌ی ، که‌ئه‌مه‌یان به‌پێچه‌وانه‌ی خاڵی پێنجه‌مه‌وه‌یه‌.. ئه‌م منداڵه وا هه‌ست ده‌کا ، بێ که‌سه‌و که‌س خۆشی ناوێ و ، که‌سیش بایه‌خی پێ نادا و شایانی رێزگرتن نییه‌.. ئه‌م هه‌ست کردنه‌ش وا له‌منداڵ ده‌کا ، بڕوا و متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بێ و .. گۆشه‌گیر ده‌بێ و شه‌رم ده‌کا که‌تێکه‌ڵی منداڵانی تر ببێ .

‌ـ گاڵته‌پێ کردن و توانج لێ گرتن و ته‌ریق کردنه‌وه‌و شه‌رمه‌زارکردنی منداڵ . که‌قسه‌یه‌ک بکا و قسه‌کانی به‌دڵی گه‌وره‌کان نه‌بێ .. لێی توڕه‌ده‌بن و قسه‌که‌ی پێ ده‌بڕن و ، گاڵته‌شی پێ ده‌که‌ن و پێی پێ ده‌که‌نن .. بۆ نموونه‌پێی ده‌ڵێن :
( فڵته‌فڵت مه‌که‌، له‌وچه‌له‌وچ مه‌که‌، چه‌نه‌بازی مه‌که‌. یا ده‌مت داخه‌، ... )
به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌له‌به‌رچاوبگرن ، که‌منداڵه‌و ، زمانێکی منداڵانه‌ی هه‌یه‌..
راڵف بۆس ده‌ڵێ : " تا ته‌مه‌نی سیانزه‌ساڵیم وام ده‌زانی که‌ناوم ده‌مت داخه‌یه‌"

8 ـ ئه‌و منداڵانه‌ی له‌سۆز و خۆشه‌ویستی دایک و باوکیان بێ به‌شن ( مردوون ، یا له‌یه‌کتری جیابوونه‌ته‌وه‌) .. کزۆڵه‌و مات و مه‌لوول و هه‌ناسه‌ساردن .. به‌زۆری شه‌رمن و گۆشه‌گیرن .

9 ـ زیاد نازدان به‌منداڵی تاقانه‌.. یا کوڕێک له‌نێوان چه‌ند خوشکێکدا .. یا خوشکێک له‌نێوان چه‌ند برایه‌کدا .. زیاده‌ڕۆیی له‌نازپێدان و خۆشه‌ویستی .. منداڵ شه‌رمن و گۆشه‌گیر و خۆپه‌رست ده‌کات .

10ـ هه‌ست نه‌کردنی منداڵ به‌ئاسووده‌یی و دڵنییای .. وا له‌منداڵ ده‌کا که‌متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بێ و ، ئازایه‌تی ئه‌نجامدانی کاری سه‌رکێشی نه‌بێ .

11ـ رێبازی سه‌قه‌تی سسته‌می فێرکردن .. تا ئه‌مڕۆش له زۆربه‌ی قوتابخانه‌کانی‌کوردستاندا ، په‌یڕه‌ویی سسته‌می سه‌د ساڵ پێش ئێستا ده‌که‌ن .. به‌ته‌ڵقین کردن و ‏تووتی فێرکردن منداڵان فێرده‌که‌ن .. وا له‌منداڵان ده‌که‌ن ته‌نها گوێ بگرن و وه‌ربگرن و ، قسه‌کانی مامۆستاکانیان دووباره‌بکه‌نه‌وه‌.. رێک دابنیشن و نه‌جووڵێنه‌وه‌.. ئه‌م سسته‌م و رێبازه‌کۆنه‌ ،‌زۆر له‌رۆڵ و تواناکانی منداڵان که‌م ده‌کاته‌وه‌.. به‌درێژایی وانه‌کان ، هه‌ر مامۆستاکانن ته‌وه‌ره‌ی سه‌رکین و .. هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ و ده‌مه‌ته‌قێ و پرسیار و وه‌ڵام و دیالۆگ ناهێڵنه‌وه‌.. منداڵان وه‌رست و بێزار ده‌بن .. بواریان بۆ نامێنێته‌وه‌‌که‌ له‌رێی گفتوگۆ و پرسیارکردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌گوزارشت له‌توانا و بۆچوونه‌کانی خویان بکه‌ن و .. ترس و شه‌رمی خۆیان بشکێنن .. زۆربه‌ی مامۆستاکان گوێ به‌ره‌چاوکردنی جیاوازی تاکیش له‌رووی زیره‌کی و زه‌ین و هۆش و که‌مئه‌ندامیی جه‌سته‌ییه‌وه‌ناده‌ن .. وه‌ک یه‌ک له‌ئاستی توانای منداڵان ده‌ڕوانن .. به‌داخه‌وه‌یارمه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ به‌منداڵی پێویست به‌یارمه‌تی ناده‌ن .

12ـ مامه‌ڵه‌نه‌کردنی دروستی ده‌ق گرتووی مامناوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵدا ، له‌لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه‌.. یا زۆر خۆشیان ده‌وێ و زۆر به‌ده‌وریا دێن و ، زیاد له‌پێویست نازی پێ ده‌به‌خشن و .. زۆر نه‌رم و رووخۆش ده‌بن له‌گه‌ڵیدا و .. رۆژی سه‌د جار به‌ساقه‌ی ده‌بن .. که‌چی جاری واش هه‌یه‌به‌پێچه‌وانه‌وه‌، زۆر به‌توندوتیژی و به ‌ره‌قی و به‌زه‌قی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و روویان لێی گرژده‌که‌ن .. یا به‌جارێ پشتگوێی ده‌خه‌ن .. ئه‌م شیوازه‌مامه‌ڵه‌کردنه‌ناگیره‌.. منداڵ تووشی شۆک و دڵه‌ڕاوکی و بێ باوه‌ڕی و شه‌رم ده‌کا .

13ـ له‌روودانی هه‌ندێ ده‌سته‌واژه‌ی زه‌قی نه‌گونجاو به‌منداڵان .. بۆ نموونه‌:
( ژنت بۆ ده‌هێنم ، ده‌تده‌م به‌شوو ، ... ) ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ئه‌م جۆره‌قسانه‌یان له‌رووده‌درێ شه‌رم ده‌که‌ن و ته‌ریق ده‌بنه‌وه‌ ، له‌وانه‌یه‌ئه‌و جێیه‌به‌جێ بهێڵن .

14ـ که‌مئه‌ندامی ، وه‌کو : ( شه‌ل و گۆجی ، که‌ڕی ، لاڵی ، نابینایی ، کورته‌باڵایی ، لاوازی و قه‌ڵه‌وی ، یا هه‌ست کردنی به‌وه‌ی که‌جوان نییه‌، لووتی ناشیرینه ، یا چاوی یا گوێی یا لێوه‌کانی وان ، یا گه‌نم ره‌نگه‌، ره‌ش پێسته‌، ... هتد ) هه‌موو‌ئه‌و هه‌ستانه‌ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌که‌ن .. که‌ناته‌وه‌و خۆێ له‌هاوڕێکانی به‌‌که‌متر ده‌زانێ .. بۆیه‌شه‌رم ده‌کا و گۆشه‌گیر ده‌بێ .. هێنده‌ش تێکه‌ڵ به‌منداڵان نابێ .. له‌وه‌ده‌ترسێ و شه‌رم ده‌کا ، که‌به‌سووکه‌وه‌لێی بڕوانن و به‌ناوی که‌مئه‌ندامییه‌که‌یه‌وه‌ناوی به‌رن .. بۆ نموونه‌: ( فڵانه‌کوێر ، فڵانه‌شه‌ل ، فڵانه‌درێژ ، فڵانه‌لووته‌، فڵانه‌ره‌ش ، فڵانه‌قه‌ڵه‌و ، ... هتد )

15ـ ناکۆکی و شه‌ڕی نێوان دایک و باوک و ، ئاژاوه‌ی خێزانی .. منداڵێک له‌سایه‌ی خێزانێکی ناته‌بای وادا گه‌وره‌بێ .. هه‌ست به‌ژینگه‌یه‌کی ئاسووده‌و به‌ئارامی و شادی و به‌به‌خته‌وه‌ری ناکا و .. دووچاری شه‌رم و ترس ده‌بێ و .. کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی خراپی له‌ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووشیدا ده‌بێت .

16ـ زیاده‌ڕۆیی له‌چاودێری و تیشک خستنه‌سه‌ر منداڵ ، له‌لایه‌ن مامۆستاکان ‌و گه‌وره‌کانه‌وه‌.. منداڵ تووشی شه‌رم و ترس و نا ئارامی و نا ئازادی ده‌کا .

17ـ شه‌رم کردن ، منداڵ تووشی ته‌نگه‌ژه‌و پاڵه‌په‌ستۆی ده‌روونی و ، کێشه‌ی فسیۆلۆژی ده‌کا .. وه‌کو : سه‌ر ئێشه‌، سک ئێشه‌، هه‌ناسه‌سواری ، نه‌رمه‌کۆکه ، دڵه‌خورپێ ، بێزاری ، که‌م خواردن .

‌ـ منداڵی شه‌رمن ، هه‌ر به‌هۆی شه‌رمکردنه‌وه‌، رقی له‌قوتابخانه‌یه‌ ، چونکه‌بۆ ئه‌و شوێنی ترس و نائارامی و شه‌رمه‌زارییه‌ .

19ـ به‌راوردکردنی منداڵ ، له‌لایه‌ن دایک و باوکی و مامۆستاکانییه‌وه‌، به‌منداڵانی له‌و زیره‌کتر و پشکه‌وتووتر و به‌خته‌وه‌رتر هه‌ڵه‌یه‌و .. کار ده‌کاته‌سه‌ر ده‌روونی منداڵ و ، تووشی شه‌رم و خۆبه‌که‌مترزانین له‌و منداڵانه‌ده‌کا .

20 ـ زۆر ره‌خنه‌لێ گرتن و ، زۆر لێپێچینه‌وه‌و ، زۆر لۆمه‌کردن و ، زۆر ته‌ریق کردنه‌وه‌و ، زۆر تووڕه‌بوون لێی به‌تایبه‌تیش له‌به‌رده‌می هاوڕێکانیدا .. منداڵ تووشی شه‌رم ده‌بێ و .. ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ده‌بێ که‌ناتوانێت کارێکی راست و باش بکا .. هه‌میشه‌له‌وه‌شه‌رم ده‌کا و دوودڵه‌، که‌کارێکی هه‌ڵه‌بکا و ره‌خنه‌ی لێ بگرن ، یا پێی پێ بکه‌نن و توانجی لێ بده‌ن و شه‌رمه‌زاری بکه‌ن .

21ـ ئه‌و منداڵانه‌ی ، که‌زۆر شوێنی نیشته‌جێ بوونیان ده‌گۆڕێ و .. تێکه‌ڵ به‌کۆمه‌ڵێک منداڵی نامۆ و نه‌سراو و ، رووبه‌ڕووی مامۆستایانی تازه ده‌بنه‌وه‌.. شه‌رم ده‌که‌ن و ده‌ترسن .. ره‌نگه‌ئه‌مه‌یان شه‌رمێکی کاتی بێ و نه‌مێنێ .

چاره‌سه‌رکردنی شه‌رمی منداڵان

ئه‌و چاره‌سه‌ر و پێویستییانه‌چین .. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر بکه‌ن به‌مندالێکی ئاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی .. زۆر به‌کورتی له‌م خاڵانه‌دا باسی چۆنییه‌تی چاره‌سه‌رکردنی منداڵانی شه‌رمن ده‌که‌ین :

1ـ پێویسته‌جۆری ئه‌و شه‌رم کردنه‌بزانن که‌توشی منداڵه‌که‌تان بووه‌.. شه‌رمی تێکه‌ڵبوونه‌له‌گه‌ڵ که‌سانی نامۆدا ، شه‌رمی به‌شداری کردنه‌له‌چالاکییه‌کانی پۆل و قوتابخانه‌که‌یه‌یدا ، شه‌رمی ترسی به‌شداربوونه‌له‌چالاکییه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ، شه‌رمی پۆشینی جلوبه‌رگی تازه‌یه‌، شه‌رمی ترسی‌قسه‌به‌هه‌ڵه‌کردنه به‌ته‌له‌فۆن ، شه‌رمی خوێندنه‌وه‌یه‌له‌پۆلدا ، شه‌رمی خۆبه‌که‌مزانینه‌، ... هتد .

2 ـ به‌هیچ کلۆجێک نابێت دایک و باوک و مامۆستاکان ، به‌منداڵی شه‌رمن بڵێن تۆ ( شه‌رمن ) ی ، لای خه‌ڵکیش باسی شه‌رمکردنی مه‌که‌ن .
تۆژینه‌وه‌کانی تۆژێنه‌ران ، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌ن .. خستنه‌پاڵی ئه‌م جۆره‌وشانه‌: ( شه‌رمنۆک ، گه‌مژه‌، لاسار ، بێ ده‌سه‌ڵات ، ترسنۆک ، بێ که‌ڵک ، ته‌مه‌ڵ ، ده‌مردوو ، گه‌لحۆ ، خوێڕی ، ... هتد ) کاردانه‌وه‌یه‌کی خراپیان له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی منداڵی شه‌رمن ده‌بێت و ، شه‌رمنتر و گۆشه‌گیرتر ده‌بێت .

3 ـ پێویسته‌دایکان و باوکان و مامۆستایان ، ببنه‌پێشه‌نگ و نموونه‌ی باشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ، خووجوانی و ره‌وشت به‌رزی .. چونکه‌منداڵان چاولێکه‌ر و لاساییکه‌ره‌وه‌ن ، له‌ئه‌مانه‌وه‌گه‌لێ شت وه‌رده‌گرن و فێرده‌بن .. له‌م رووه‌شه‌وه‌پسپۆرانی په‌روه‌ده‌، ئامۆژگاریی دایکان و باوکان ده‌که‌ن ، که‌په‌یڕه‌وی و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و جۆره‌ره‌وشته‌کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌بکه‌ن .. که‌منداڵه‌کانیان به‌ره‌و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وشه‌رم نه‌کردن و تێکه‌ڵبوون ده‌به‌ن .. بۆ نموونه‌: با له‌
ئێوه‌وه‌فێربن و چاوتان لێ بکه‌ن ، که‌به‌که‌سانێک ده‌گه‌ن ، ده‌ست پێشکه‌ربن له‌( رۆژتان باش ) یا ( ئه‌م کاته‌تان باش ) .. وا رابهێنرێن که‌به‌روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه‌، به‌زمانێکی نه‌رم و شیرینه‌وه‌پێشوازی له‌میوانان بکه‌ن و به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنیان بکه‌ن .. به‌شداری له‌گفتوگۆ بکه‌ن و .. قسه‌به‌که‌س نه‌بڕن و ، به‌هێمنی و به‌دروستی ، داکۆکی له‌را و له‌بۆچوونه‌کانی خۆیان بکه‌ن .. ئه‌م جۆره‌هه‌نگاوانه‌باشانه‌.. گیانی به‌شداری کردن و له‌یه‌ک نێزگبوونه‌وه‌و تێکه‌ڵبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌بیر وهه‌ستی منداڵانی شه‌رمن و گۆشه‌گیردا ده‌ڕوێنێ .

‌ـ پێویست دایک و باوک یارمه‌تیی منداڵه‌که‌یان بده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌خۆی بڕوانێ و خۆی به‌که‌م نه‌زانێ ، چونکه‌منداڵی شه‌رمن ، متمانه‌و باوه‌ڕی به‌توانی خۆی نییه‌.. له‌وه‌ده‌ترسێ که‌له‌هه‌وڵه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا شکستی بهێنێ و ره‌تی بکه‌نه‌وه‌.
رۆڵی دایک و باوک و مامۆستاکان له‌م رووه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌که‌جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌بکه‌ن ، که‌شکستهێنانی جارێ یا دوو جار ، کۆتایی ژیان و جیهان نییه‌.. به‌ڵکو رێگه‌یه‌که‌بۆ باوه‌ڕ به‌خۆبوون و درێژه‌دان به‌تێکۆشان و سه‌رکه‌وتن ، پێویسته‌مرۆڤ له‌هه‌ڵه‌و له‌شکستییه‌کانی خۆی وانه‌و په‌ند وه‌ربگڕی و ، راستیان بکاته‌وه .. ده‌توانن نموونه‌ی زیندووی میژووی چه‌ندین گه‌وره‌و که‌ڵه‌ناودارنی جیهانیان بۆ بگێڕنه‌وه‌.. که‌هه‌رده‌م بێ هیوا نه‌بوونه‌و ، له‌سایه‌ی‌بڕوایه‌کی به‌هێز و ئیراده‌یه‌کی پۆڵایین و کۆڵنه‌داندا ، دوای چه‌ندین شکستی و .. له‌دوای چه‌ندین که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌.. توانیویانه‌سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن .

‌ـ نابێ دایک و باوک ، له‌به‌رده‌م هاوڕێکانی و خه‌ڵکی تردا ، له‌منداڵه‌که‌یان گرژ و توڕه‌ببن و ، ره‌خنه‌ی لێ بگرن و سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ی بکه‌ن و ، قسه‌ی زه‌ق و ره‌قی پێ بڵێن و هه‌ستی ئازاربده‌ن .. به‌ڵکو ده‌کرێ به‌شێوه‌یه‌کی راست و دروست وای لێ بکه‌ن که‌خۆی هه‌ست به‌هه‌ڵه‌کانی بکا و ، لێیان په‌شیمان بێته‌وه‌و داوای لێبووردن بکا و ، راستیان بکاته‌وه‌.

‌ـ یارمه‌تیی منداڵه‌که‌تان بده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی جار له‌دوای جار باشتر به‌لای باشیدا بگۆڕێت .. فشاریش مخه‌نه‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی کارێک بکا ، که‌له‌توانای ئه‌ودا نییه‌، یا حه‌زی له‌و کاره‌نییه‌و ، نه‌توانین و ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌و کاره‌ ، ببێته‌هۆی شه‌رمه‌زاری و ته‌ریق بوونه‌وه‌ی ‏.
له‌گه‌ڵیدا به‌و هه‌نگاوانه‌ش ده‌ست پێ بکه‌ن ، که‌که‌متر رامان و دامانی ده‌که‌ن .. بۆ نموونه‌: هانی بده‌ن به‌زه‌ده‌خه‌نه‌و به‌رووخۆشییه‌وه‌پێشوازی و به‌خێرهاتنی میوانان بکا .. ئه‌گه‌ر له‌جاری یه‌که‌مدا شه‌رم بکا و ، ئاره‌زووی قسه‌کردن و ، دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا نه‌بێ ، زۆری لێ مه‌که‌ن .. بابمێنێت بۆ جاری دووه‌م و جاری سێیه‌م .. به‌م شێوه‌یه‌هێدی هێدی شه‌رمی ده‌شکێ و رووی ده‌کرێته‌وه‌و ، تێکه‌ڵ ده‌بێت و ، له‌گه‌ڵ باری کۆمه‌ڵایه‌تیدا رادێ و ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

7 ـ منداڵه‌که‌تان هان بده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌به‌به‌هره‌و توانا و به‌حه‌ز و به‌ئاره‌زووه‌کانی بکا .. ئاره‌زووه‌کانی خۆتان مه‌سه‌پێنن به‌سه‌ریدا .. یارمه‌تیی ئه‌وه‌ی بده‌ن ، که‌به‌سه‌ر هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین و بێ ده‌سه‌ڵاتیدا زاڵ بێت .

8 ـ منداڵه‌که‌تان سه‌رپشک بکه‌ن ، با به‌سه‌ربه‌ستی و ئازادی هاوڕێکانی خۆی هه‌ڵبژێرێ .. با جۆر و ره‌نگی جلوبه‌رگه‌کانیشی به‌دڵی خۆی بن .. نه‌ک ئێوه‌چیتان به‌دڵه‌ده‌بێ ئه‌وه‌ی بوێ و ئه‌وه‌له‌به‌ربکا .. ئه‌وش ناڵێم نابێ شاره‌زایی و را و تاقی کردنه‌وه‌کانی خۆتان بۆی باس نه‌که‌ن .

‌ـ منداڵه‌که‌تان له‌سه‌ر وه‌رگرتن و به‌خشین رابهێنن .. هانی بده‌ن که‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵانی تردا ببه‌ستێ .. کۆمه‌ڵایه‌تی بێ و رووحی یارمه‌تیدان و هاوکاری هه‌بێ .. به‌کۆمه‌ڵ ژیان و پێکه‌وه‌کارکردنی هه‌نگ و مێرووله‌ی به‌نموونه‌بۆ بهێننه‌وه‌.. هانی بده‌ن هه‌رده‌م گه‌شبین بێ و ره‌شبین نه‌بێ .. هه‌موو ئه‌م جۆره‌بیرۆکانه ‌، ده‌بنه‌هانده‌ره‌ی و ، ده‌بنه‌هۆی متمانه‌و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی .

10 ـ که‌منداڵه‌که‌تان کار و سه‌رکه‌وتنێکی باشی به‌ده‌ست هێنا .. ستایش و ئافه‌رین و ده‌ستخۆشیی لێ بکه‌ن و پێخۆشحاڵیی خۆتانی بۆ ده‌ربڕن و .. خه‌ڵاتی بکه‌ن .. به‌ڵام خه‌ڵاته‌که‌تان له‌هه‌مان کاتدا بێ .. چونکه‌منداڵ له‌کات تێ ناگا و ئارامی نیيه‌و ، ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌ک چاوڕێ بکات.

‌ـ منداڵه‌که‌تان هان بده‌ن ، که‌باوه‌ڕی به‌شه‌رم نه‌بێ .. با تێکه‌ڵی که‌سانێکی نامۆ ببێ .. تا که‌سانی نامۆ بناسێ و بدوێنێ ترسی ده‌شکێ و شه‌رمی نامێنێت .

12 ـ با دایک یا باوک ، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی خۆی بۆ منداڵه‌که‌ی باس بکا .. که‌چون به‌منداڵی شه‌رمی ده‌کرد و .. دواتر شه‌رمی شکاوه‌و ، بووه‌به‌که‌سێکی ئاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی .. به‌هۆی به‌شداری کردنیشی له‌چالاکییه‌وه‌رزشی و هونه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی قوتابخانه‌که‌یان و له‌ده‌ره‌وه‌دا .. چه‌ندین ده‌سکه‌وت و سوودی له‌سایه‌ی کرانه‌وه‌و شه‌رم شکاندنه‌که‌یدا به‌ده‌ست هێناون .

13 ـ له‌ماڵه‌وه‌له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌تاندا ، شانۆگه‌ریی ( میوان و خانه‌خوێ ) ساز بکه‌ن .. با منداڵه‌شه‌رمنه‌که‌تان ، ‏ڕۆڵی خاوه‌ن ماڵ وه‌ربگرێ .. ئێوه‌ی دایک و باوکیشی رۆڵی میوانتان هه‌بێ .. با شه‌رمی بشکێ و فێری ئه‌وه‌بێ ، که‌به‌زه‌رده‌خه‌نه‌و به‌روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه‌.. پێشوازی و به‌خێرهاتنی میوانه‌کان بکا .. ئه‌گه‌ر هه‌مان شانۆگه‌ریتان دووباره‌کرده‌وه‌.. رۆڵه‌کان بگۆڕن .. با ئه‌م جاره‌یان منداڵه‌که‌تان رۆڵی میوانێک بنوێنێت .. ئه‌مه‌رێگایه‌کی زۆر باش و ئاسانه‌بۆ کرانه‌وه‌و چاره‌سه‌رکردنی شه‌رم و ترس و گۆشه‌گیریی منداڵه‌که‌تان .

14 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن ، ئه‌و ئازاییه‌ته‌ئه‌ده‌بییه‌ی هه‌بێ ، که‌به‌بێ ترس و شه‌رم به‌راشکاوی گوزارشت له‌هه‌ست و نه‌ست و ، له‌را و بۆچوونه‌کانی خۆی بکا ، توانای خۆشی بسه‌لمێنیێ و .. ئه‌و هه‌لانه‌ش له‌ده‌ستی خۆی نه‌دات که‌بۆ پشکه‌وتنی بۆی ره‌خساون یا ده‌ره‌خسێن .. له‌وه‌ش دڵنیابێ که‌دایک و باوکی و مامۆستاکانی .. گوێی ڵێ ده‌گرن و رێز له‌را و بۆچوونه‌کانی ده‌گرن .

15 ـ منداڵه‌که‌تان ، به‌شێوه‌یه‌کی خراپ له‌گه‌ڵ منداڵانی له‌و باشتر و زیره‌کتر و به‌تواناتر و به‌خته‌وه‌رتر به‌راورد مه‌که‌ن .. بۆ نموونه‌له‌رووی مه‌ده‌ن که‌:
( دیلان له‌تۆ باشتره‌، جوان له‌تۆ زیره‌کتره‌، نمره‌کانی شڤان له‌نمره‌کانی تو به‌رزترن ، تۆش چاو له‌گه‌شبین ی خوشکت بکه‌، ... هتد ) ئه‌م به‌راوردکردنانه‌ده‌بنه‌هۆی شه‌رمکردن و خۆبه‌که‌مزانی و هه‌ست کردنی که‌متوانیی منداڵه‌که‌تان .

16 ـ خۆشه‌ویستی و سۆزبه‌خشین و رێزگرتن له‌که‌سایه‌تیی منداڵه‌که‌تان .. زۆر گرنگ و به‌سوودن .. رێخۆشکه‌رن بۆ زانینی هۆکاره‌کانی شه‌رم و گۆشه‌گیریی منداڵه‌که‌تان و .. رێگاکانی چاره‌سه‌رکردنیشیان ئاسانتر و کورتر ده‌که‌نه‌وه‌ .

17 ـ پێویسته‌دایک و باوک ، لایه‌نه‌به‌هێز و بێ هێزه‌کانی منداڵه‌که‌یان بزانن .. پاڵپشت و هانده‌ری خاڵه‌به‌هێزه‌کانی بن و به‌رده‌وام بێ لێیان و زیاتریش گه‌شیان پێ بکا .. چاره‌سه‌ری پێویست و دروستیش بۆ خاڵه‌لاوازه‌کانی بدۆزنه‌وه‌.

18 ـ منداله‌که‌تان هان بده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌قوتابخانه‌که‌ی و ، له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌که‌شیدا له‌چالاکییه‌وه‌رزشی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌شداری بکات .. واش بکه‌ن که‌ له‌چالاکییه‌ته‌نیاییه‌کانی دووری بخه‌نه‌وه‌، وه‌کو دانیشت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆندا ، یاری کردن بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به‌ڤیدیۆ و ئه‌تاری و پله‌یستێشن .. ئه‌گه‌ر کرا له‌ماڵه‌وه‌فێری هه‌ڵپه‌ڕکێ یا گۆرانی یا هه‌ر چالاکییه‌کی ترێ کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن .. به‌مه‌به‌ستی رووکرانه‌وه‌و شه‌رم شکاندن و ، هاوکاری و ئه‌نجامدانی کاری به‌کۆمه‌ڵ .

19 ـ هێنده‌له‌پارێزی منداڵه‌که‌تان مه‌بن و ، زیاده‌ڕۆیی له‌وریابوونیدا مه‌که‌ن و هه‌موو کاتێکتان به‌ئه‌وه‌وه‌به‌سه‌ر مه‌به‌ن .. وریاش بن که‌له‌منداڵانی خه‌ڵکی به‌جیاوازتر و به‌زیاتری مه‌زانن .. مه‌ڵێن له‌دڵمان نایه‌ت و تاقانه‌یه‌و نابێ هیچ بکات .. ئه‌گینا له‌دابین کردنی هه‌موو پێداویستییه‌کانیدا‌پشت به‌ئێوه‌ده‌به‌ستێ ..
پێویسته وا رای بهێنن که‌ئه‌و کارانه‌ی بۆێ ده‌کرێ با بیکا .. بۆ نموونه‌خۆی جلوبه‌رگه‌کانی له‌به‌ربکا و خۆی خۆی بڕازێنێته‌وه‌و خۆێ جله‌کانی هه‌ڵواسێ ..
پاره‌ی بده‌نێ با بچێ له‌فرۆشگاکه‌ی نێزگ ماڵتان کیلۆیه‌ک په‌تاته‌یا ترێ بکڕێ .. با خۆشی ره‌نگی جلوبه‌رگه‌کانی هه‌ڵبژێرێ .. ئه‌م کاره‌بچووکانه‌، بڕوای به‌توانای خۆێ پێ ده‌به‌خشن و .. سه‌ربه‌ست ده‌بێ له‌بنیاتنانی که‌سایه‌تی خۆیدا .

20 ـ پێویسته‌به‌چاوی یه‌کسانییه‌وه‌، مامه‌ڵه‌له‌گه‌ڵ کچه‌که‌تان و کوڕه‌که‌تاندا بکه‌ن و .. جیاوازی مه‌که‌ن له‌نێوانیاندا .. وشه‌ی ( شووره‌یی ) ش ، مه‌که‌ن به‌کۆسپ و به‌ربه‌ست له‌رێی خواست و ئاره‌زووه‌کانی کچه‌که‌تان .. یا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مێینه‌یه‌، هه‌موو شتێکی لێ بکه‌ن به‌نابێ و به‌( بڤه‌ ) یه‌.

21 ـ به‌ته‌نیای و به‌په‌نهانی ، منداڵه‌که‌تان له‌هه‌ڵه‌کانی ئاگادار بکه‌نه‌وه‌.. به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ که‌رووشکێنی مه‌که‌ن و ، ئازاری هه‌ست و ده‌روونی مه‌ده‌ن .

22 ـ ناکۆکی و کێشه‌کانی نێوان دایک و باوک و ، مشومڕ و هاواریان له‌به‌رده‌م منداڵه‌که‌یاندا .. کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵه‌که‌یان ده‌بێت و له‌ژیانی داهاتوویدا به‌خراپی ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌.

23 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن که‌به‌شداری له‌‏( ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایکبوون )ی هاوڕێکانیدا بکات و دیارییان پێشکه‌ش بکات .. ساڵانه‌ش له‌یادی جه‌ژنی ساڵڕۆژی له‌دایکبوونی خۆیدا .. ئاهه‌نگ سازبکات و بانگی هاوڕێکانی بکات ..
به‌شداری کردنی له‌م بۆنانه‌دا زۆر به‌سوودن و ، ده‌بنه‌هۆی ترس ره‌وانه‌وه‌و کرانه‌وه‌سارێژکردنی شه‌رم وگۆشه‌گیریی و . تێکه‌ڵ بوونی به‌منداڵانی تر .

24 ـ که‌دایک و باوک بۆ میوانی ده‌چن ، پێویسته‌منداڵه‌که‌شیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌رن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌پێش وه‌خت هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بکه‌ن و ، کۆمه‌ڵێک مه‌رجی بۆ دابنێن .. وه‌کو ( له‌شوێنێک دابنیشه‌و هه‌ڵمه‌سته‌، ده‌ست بۆ هیچ مه‌به‌، قسه‌نه‌که‌یت ، ... ‌) .. له‌جیاتیی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌.. با دایک و باوکی به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌چه‌ند ئامۆژگرییه‌کی بکه‌ن ، مه‌به‌ستیان له‌سه‌ردانه‌که‌یان بۆ روون بکه‌نه‌وه‌.. ئه‌م سه‌ردانانه‌شه‌رمی منداڵ ده‌شکێنێ و ، تێکه‌ڵ به‌خزم و ئاشنا و هاوڕێکانی دایک و باوکی ده‌بێت و ، تێکه‌ڵی منداڵه‌کانیان ده‌بێت .

25 ـ پێویسته‌ ژینگه‌ی ماڵه‌وه‌ی منداڵ ، زه‌مینه‌یه‌کی پڕ له‌سۆز و خۆشه‌ویستی و خۆشی و ئاشتی و ته‌بایی و نه‌رم و نیانی و رێزگرتن و لێبوورده‌یی بێ له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یدا .. منداڵی شه‌رمن له‌ماڵێکی وه‌هادا گه‌وره‌ببێ .. هه‌ست به‌دڵنیای و ئاسووده‌یی ده‌کا و ، شانازی به‌خێزانه‌که‌یانه‌وه‌ده‌کا .

26 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن ، له‌ئاهه‌نگێکی قوتابخانه‌که‌یدا ، یا‌له‌بۆنه‌یه‌کدا وته‌یه‌ک پێشکه‌ش بکات ، بۆ نموونه‌: له‌رۆژی دایکدا ، له‌رۆژی مامۆستادا ، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، له‌رۆژی جیهانی منداڵاندا ، له‌یادی ساڵرۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌مه‌هاباد دا ، یا له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌کی تردا بێت ..
ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینی لێ بکه‌ن و .. دیارییه‌کشی پێشکه‌ش بکه‌ن .

‌‏27 ـ هانی منداڵه‌که‌تان بده‌ن ، له‌کاتی قسه‌کردن له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا ، ئاسایی بێت و شه‌رم نه‌کات و ، چاوی ببڕێته‌چاوی .. به‌م شێوه‌یه‌رووی ده‌کرێته‌وه‌و ترس و شه‌رمی نامێنێ .

28 ‌ـ کاتێ که‌منداڵه‌شه‌رمنه‌که‌تان ، له‌گه‌ڵ خوشک و براکه‌یدا ، گرژی ده‌که‌وێته‌نێوانیانه‌وه‌.. لێی گه‌ڕێ و ، بزانه‌خۆی چی ده‌کا و ، چۆن چاره‌سه‌ری ده‌کا .

29 ـ پێویسته‌دایک و باوکی منداڵی شه‌رمن و گۆشه‌گیر ، په‌یوه‌ندییه‌کی باش و راگۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ گه‌ڵ پسپۆری ده‌روونی و له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌که‌ی و مامۆستای رابه‌ری پۆله‌که‌یدا هه‌بێت .. تا پێکه‌وه‌و به‌هاوکاری له‌هۆکاره‌کانی شه‌رم کردنی منداڵه‌که‌یان بزانن و .. چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ دابنێن .

30 ـ بێگومان رۆڵی قوتابخانه‌و مامۆستاکان .. له‌رۆڵی ماڵه‌وه‌و دایک و باوکی منداڵ که‌متر نین و ، هه‌ردووکیان ته‌واکه‌ری یه‌کترین .. پێویسته‌مامۆستاکان به‌بێ جیاوازی کردن له‌نێوان قوتابییه‌کاندا ، به‌دڵێکی گه‌وره‌وه‌و ، به‌هه‌ست کردن به‌و په‌یام و ئه‌رکه‌گرنگ و پیرۆزه‌ی له‌ ئه‌ستۆیاندایه‌.. به‌خۆشه‌ویستی و سۆزێکی دایک و باوکانه‌وه‌بیان لاوێنن ، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی ناسک و به‌زمانێکی شیرین و به‌روویه‌کی گه‌ش و خۆشه‌وه‌ ، مامه‌ڵه‌له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کانیاندا بکه‌ن .. به‌منداڵی خۆیان ، یا به‌خوشک و برا بچووکی خۆیانیان بزانن .. ئه‌م منداڵانه‌ئامانه‌تن له‌به‌رده‌ست مامۆستاکاندا .

پێویسته‌هه‌موو ساڵێک رۆژی یه‌که‌می ده‌ست پێ کردنی خوێندن .. وه‌کو رۆژێکی جه‌ژن بێت .. چه‌ند چالاکییه‌کی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی کۆمه‌لایه‌تیی خۆش پشکه‌ش بکرێن‏ .. منداڵه‌تازه‌کانی پۆلی یه‌که‌مینیش ، که‌یه‌که‌مین رۆژی هاتنیانه‌بۆ قوتابخانه‌.. یه‌ک یه‌ک خۆیان بناسێنن وچه‌پڵه‌یان بۆ لێ بده‌ن .. شیرینیشیان پێ بده‌ن .. تا ئه‌وه‌ی قوتابییه‌‌تازانه‌، قوتابخانه‌به‌شوێنی ترس و بێزاری نه‌زانن .

نابێ مامۆستاکان منداڵانی شه‌رمن پشتگوێ بخه‌ن و په‌راوێزیان بکه‌ن .. به‌ڵکو پێویسته‌زیاتر لێیان نێزگ ببنه‌وه‌و زیاتر هانیان بده‌ن و یارمه‌تیان بده‌ن .. وایان لێبکه‌ن که‌ترس و شه‌رمیان نه‌مێنێ و .. به‌شداری له‌چالاکییه‌هه‌مه‌جۆره‌کان و له‌تیپ وگرووپه‌کانی پۆله‌که‌یان و قوتابخانه‌که‌یان بکه‌ن و .. رۆڵیان هه‌بێت .. تا ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروست بێت که‌مامۆستاکان خۆشیان ده‌وێ و بایه‌خیان پێ ده‌ده‌ن .. گۆشه‌گیرییان نامێنێ و له‌تیپ و گرووپه‌کان و له‌ناو پۆله‌که‌شیاندا ، ئازایه‌تی و حه‌زی خۆده‌رخستن و خۆبردنه‌پێشه‌وه‌یان لادروست ده‌بێت ، په‌یوه‌ندی هاوڕێتی دروست ده‌که‌ن و.. بناغه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بنیات ده‌نێن .

پێویسته‌ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ش بکه‌ین ، که‌ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه‌.. ته‌نها چاره‌سه‌رن .. مه‌رج نییه‌هه‌موو منداڵێکی شه‌رمن ، پێویستی به‌هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌هه‌بێت .. چونکه‌هه‌ر منداڵێک تایبه‌تی مه‌ندیی خۆی هه‌یه‌.. له‌وانه‌یه‌ شه‌رم کردن له‌منداڵێکه‌وه‌بۆ منداڵێکی تر جیاوازی هه‌بێت .. بۆ نموونه‌له‌وانه‌یه‌منداڵێک له‌خوێندنه‌وه‌دا شه‌رم بکا .. به‌ڵام له‌قسه‌کردن و له‌گفتوگۆدا ئاسایی بێ و شه‌رم نه‌کا .. شه‌رم بکا هه‌ڵپه‌ڕێ .. به‌ڵام له‌یاری دا شه‌رم نه‌کا .

باشییه‌کانی شه‌رمی منداڵان:

سه‌ره‌ڕای لایه‌نه‌نێگه‌تیڤه‌کانی شه‌رمی منداڵان .. هه‌ندێ لایه‌نی به‌سوود و باشیشی هه‌یه‌:
1 ـ منداڵی شه‌رمن ، له‌قوتابخانه‌دا ، له‌کاتی وتنه‌وه‌ی وانه‌کانه‌کان له‌پۆلدا .. گوێگرێکی باشه‌و به‌وردی سه‌رنج ده‌دا و هۆش و بیری لای مامۆستاکه‌یه‌تی .

2 ـ منداڵی شه‌رمن ، زۆر به‌که‌می تووشی کێشه‌و گرفت و ئاریشه‌ده‌بێ .

3 ـ منداڵی شه‌رمن ، له‌لای گه‌وره‌کان خۆشه‌ویسته‌.. چونکه‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا ئاسانتره‌.

4 ـ منداڵی شه‌رمن ، له‌لای هاوڕێکانیشی خۆشه‌ویسته .. چونکه‌بێ وه‌یه‌و شه‌ڕانی نییه‌.

له‌کۆتاییدا، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌دووپات بکه‌مه‌وه‌.. که‌هاوکاری کردن له‌نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا ، له‌نێوان دایکان و باوکان و مامۆستاکاندا زۆر گرنگه‌و پێویسته‌.. بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه‌پلانێکی یه‌کگرتوو دابنێن و نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی باشی کارکردنیان هه‌بێ .. بۆ چاره‌سه‌رکردنی شه‌رم و گۆشه‌گیریی منداله‌کانیان .

نه‌رویج : ( 3 / 11 / 2012 )

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان