ئەحمەد ئاڵتان/ تەڕەف لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف
مەرگ، دەروازەیەکی تاریکە. هەر کە لێی تێپەڕبووی، تازە گەڕانەوەت نییە!
و ...
ئەوان لەو دەروازەیە نزیک بوونەتەوە
هەنگاوێک ئەولاتر، مەرگە!
دوایی ئەو هەنگاوە، خۆشەویست، دایک، باوک، برا، خوشک و دەزگیرانەکانیان، تازە چاویان پێیان ناکەوێتەوە، دەنگیان نابیسنەوە، بزە و قاقا و جەفەنگیان نابیننەوە، نیسێیی چارەنووسێکی تاڵ، لە رووخساری دایکەکان دەنیشێ. نیسێیەک کە تا هەتایە ناسڕێتەوە. باوکەکان، بە نهێنی فرمێسکیان بۆ دەڕێژن. دەزگیران، خۆشەویست یا هاوسەرەکانیان، تا دوا ساتەکانی ژیان، تازێ داریان دەبن و وەک ئەوەی مۆرکێکی رەشیان لە نێوچاوانی خۆیان دابێ، تا مردن بە داخی ئازیزانیانەوە دەژین. رۆڵەکانی کورد، خەریکە بۆ زیندووراگرتنی ئەو زمانەی کە یەکەم ساتی پاش لەدایکبوونیان بیستوویانە، بەرەو پیری مەرگ دەچن.
داوایەکی تا بڵەی سادەیان هەیە!
داوایەکی روون، ئاشکرا، پاک و حەق خوازانە!
زمانی دایکەکانیان دەوێ.
ئەو زمانەی کە دایکەکانیان قسەی پێ دەکەن.
ئەو زمانەی کە لە کاتی لاواندنەوەیاندا، لە دایکەکانیان گوێ لێبووە.
قەدەخەکردنی زمانی نەتەوەیەک، ناچارکردنی دایکەکان بۆ ئەوەی بە زمانێکی تر لایە لایە بۆ کۆرپەکانیان بڵێن و بە زمانێکی تر پەروەردەیان بکەن، کارەساتە، زۆردارییە، بێ ئینسافییە.
نکۆڵی کردن لە یەک زمان، نکۆڵی کردن لە یەک نەتەوەیە.
ئەوانەش خەریکە گیان دەدەن بۆ ئەوەی بێژن "ئێمە هەین".
"ئێمە هەین، ئێمە لێرەین، مرۆڤین، شایانی هەموو ئەو مافانەین کە خەڵکانی تر هەیانە".
قەدەخەکردنی زمانی نەتەوەیەک، ناچارکردنی بە خوێندن بە زمانی نەتەوەیەکی دیکە، خۆی لە خۆیدا، ورووژێنەرە و مرۆڤ تا بڵەی تووڕە دەکات.
ناڵیم بۆ "مافی کوردەکان نادەین"
بەڵکوو دەپرسم "بۆچی دەبێ ئێمە دەسەڵاتی زەوتکردنی ئەو مافەمان هەبێ"؟
من لەو چرکەوە کە هاتوومەتە دنیا، لە یەکەم وشەی کە بیستوومە، تا سەرجەم قۆناخی خوێندن و کار و ژیانم، هەر بە زمانی زگماکیم خوێندوومە.
ئەی بۆ مناڵانی کورد ئەو مافەیان نەبێ؟
بۆ نابی بتوانن بە کوردی بخوێنن؟
بۆچی دەبێ دایک و باوکی کورد، لە زمانی ئەو کتێبە تێنەگا کە مناڵەکەی لە قوتابخانە دەیخوێنێ؟
بۆ نابی دایک و باوکی مناڵی کورد، بتوانن وەڵامی پرسیاری دەرسی مناڵەکانیان بدەنەوە؟
بیر لە مەزرایەکی رەق و رووت بکەنەوە.
بیر لە مناڵێک کە لە لە ناو بەفر و تۆفاندا، بۆنی گڕی ئاگری سەرپەنایەکی دوورەدەستی بۆ دێت بەڵام پێی ناگات.
بیر لە شەرمی نیشتوو لە سەر رووخساری دایکێک بکەنەوە کە تێر تێر تماشای کتێبی مناڵەکەی دەکا بەڵام قەت تاقە وشەیەکی لێ تێناگا.
بیر لەو دیوارە بکەنەوە کە لە نێوان دایک و مناڵەکەدا سازی دەکەن!
کێ مافی ئەوەی هەیە؟
کێ؟
کێ مافی ئەوەی هەیە کە خۆ دە مەسەلەی زمانی نەتەوەیەک هەلقورتێنێ؟
ئەو مناڵانە، بە زللەی مامۆستای قوتابخانەکان گەورەبوون.
تەنیا بەو هۆیە کە جار جار بە زمانی دایکییان قسەیان دەکرد. ئێستاش خەریکە بەرەو پیری مەرگ دەچن تا مناڵانی تر ئەو ئازارە دووبارە نەچێژنەوە.
وەفدێکی پارتی کۆماری گەل سەردانی گرتووخانەکانی کرد و لە راپۆرتەکەی دا باسی لەوە کرد کە "هەنگاوی دواتر، مەرگە".
مەرگ!
کۆتاییەکی لەبن نەهاتووی تاریک!
دەروازەیەک کە بەرەو رێگەیەکی بێ گەڕانەوە کراوەتەوە.
تازە رووناکی نابینییەوە، خۆشەویستەکانت نابینییەوە و خۆشەویستەکانیشت تۆ نابیننەوە.
لە مەرگ نزیک بوونەوە.
خوێن لە دەمارەکانیان دا خەریکە رادەوەستێ، مسوولکەکانیان خەریکە دەتوێنەوە و هێدی هێدی لە مەرگ نزیک دەبنەوە.
بەرپرسی پۆلیسی دیاربەکر، ماوەیەک لەمەوبەر وتی کە "ئەو کەسەی کە بۆ گەریلاش، فرمێسک نەڕێژێ، مرۆڤ نییە". هەمان رەستە دەتوانین بەو شێوە بگۆڕین و بڵەین "هەر کەس لە بەرخۆدانی ئەو کەسانە بۆ زمانەکەیان تێنەگا، مرۆڤ نییە".
ئەگەر دەرفەتم هەبا لە تاک تاکی تورکە هاوزمانەکانم دەپرسی: گەلۆ ئەتۆ ئەوەندە ترسەنۆک و بێ شەڕەفی کە بۆ زمانی زگماکی خۆت شەڕ نەکەی؟
باشە ئەی ئەگەر ئاوا نین، چۆنە ئەوەندە بێگانەن بەرانبەر بەو کەسانە کە داوای مافی پەروەردە بە زمانی زگماکی خۆیان دەکەن؟
بۆ هێندە بێدەنگن؟
ئەو مناڵانە خەریکە گیان دەدەن، لە حوجرە چۆلەکان دا…
تەنیا یەک رەستە دەتوانێ ژیانیان پێ ببەخشێتەوە:
پەروەردە بە زمانی دایک، مافی خۆتانە!
هەر ئەوەندە.
سێ وشە!
نەکا بتانەوێ لە سەر ئەو سێ وشە، ئەو مرۆڤانە بکوژن؟
دەسەڵاتداران ئەو سێ وشە ناڵێن!
دەسەڵاتداران، ئەقڵ و ویژدانیان لە دەست داوە. هەر لەمێژە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دابراون.
ئێمە دەتوانین ئەو سێ وشەیە بێنینە سەر زمان. جەهەپە بوێری لە خۆی نیشان دا، ئەویش دەتوانێ بیڵێ، ئەوان ئەگەر نەیوێرا، با رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بیڵێنەوە، سەندیکاکان، سێکۆلارەکان، دێمۆکراتەکان، دیندار و مرۆڤە محافزەکارە بە ویژدانەکان با بیڵێنەوە…
با بڵێن: بوەستن!
پەروەردە بە زمانی زگماکی مافی خۆتانە!
با بڵەین: مەمرن!
باشە، بیستمان، تێگەیشتین، ئێمەش تێکەڵ بە تێکۆشانی ئێوە لە پێناو زمانی زگماکیتان بووین!
با بڵەین: پەلە مەکەن بۆ مردن!
ئەی باشە بۆ وا نەڵەین؟
خۆزگە نووسراوەکان دەنگیان هەبا، خۆزگە نووسراوەکان توانیبایان هاوار بکەن، ئەو کات من حەزم دەکرم بەو نووسراوەم بقیژێنم، هاوار بکەم:
پەروەردە بە زمانی زگماکی، مافی کوردەکانە!
لە کاتێک دا کە هەمووان، چاوەڕوانی چاکبوونەوەی گەمییەکەی رێگەی دوورگەی ئیمراڵین، خۆزگە توانیبام، کاتژمێرەکە، بوەستێنم تا هەموومان هاتباینە ناو کێشەکە.
هەموومان پێکەوە، هاوارمان کردبا.
لە نێوان، مەرگ و ژیاندا، ئێمەش قسەیەکمان هەیە بۆ گوتن. ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە کە لایەنگری ژیان بین، ئێمەش ورەی گرتنی دەستی ئەو کەسانەمان هەیە کە بە پڕتاو بەرەو پیری مەرگ دەچن.
تەنیا بە یەک رەستە دەتوانین گیانی ئەو مناڵانە رزگار بکەین.
دە با هەموو بە یەکەوە هاوار بکەین:
پەروەردە بە زمانی زگماکی، مافی کوردەکانە!
یانی بۆ رزگارکردنی ئەو مناڵانە، ئامادە نین تەنانەت ئەو رەستەیەش بڵێنەوە؟