ھیوا سەید سەلیم
چەند رۆژێکە لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە لێدوانی تازە سەبارەت بە کورد دەبیستین، بەرەی دەسەڵات کە پێیان دەوترێت بەرەی کۆمار و پێکھاتووە لە(پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا) یان ( ئەکەپە و مەھەپە) باس لە چارەسەری پرسی کورد دەکەن، لە بەرامبەری ئەوانیشدا گەورەترین پارتی ئۆپزسیۆنی تورکیا کە (پارتی گەلی کۆماری جەھەپە) یە لەسەر زاری سەرۆکەکەیان ئۆزگور ئۆزەلەوە دەڵێت:" دەبێت کوردەکان لە تورکیا ھەست بەوە بکەن کە ئەو دەوڵەتە ھێ ئەوانیشە و نابێت مافی 20 ملیۆن کەس پشتگوێ بخرێت"
دواجاریش، لە دوایین لێدوانیدا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی (مەھەپە) ووتبووی: " ھەر تورکێک کوردی خۆش نەوێت، تورک نییە)، بەو قسەیەی دەوڵەت باخچەلی بێت گومان دەکەوێتە سەر 90% تورکەکان کە تورک بن، چونکە بەو ئەندازەیە تورکەکان کوردیان خۆش ناوێت، واتا زۆر کەمن ئەوانەی لە نموونەی (ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیز چاندەر و ئۆرھان بامۆک و ئەلیف شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن.
دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک ئەو بزووتنەوەیەی ئەو ئێستا سەرۆکایەتی دەکات لە لایەن ئەلب ئەرسەلان تورکەشەوە دامەزرا، بە ھەزارن کورد لە ئۆپراسیۆنی "کردەی نادیار"دا، لە لایەن رێکخراوی گورگە بۆرەکانەوە تیرۆر کران، ئەو رێکخراوەی کە باڵی سەربازی مەھەپە بوو. دامەزرێنەرانی ئەو بزوتنەوە نەتەوەپەرست و فاشستە لەسەرەتاوە دووژمنانی تورکیایان پۆڵێن کردبوو بۆ دووژمنە سێ کافەکە، (ئوچ کاف)، ئەوانیش (کورد، کۆمەنیست، کزیل باشی واتا عەلەوی) پشکی شێری ئەو سێ کافەش بەر کورد دەکەوێت.
با زۆر نەگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە ڕەشەی کە پارتەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تورکیا تۆماریان کردووە، چونکە ئەگەر بڕیاربێ باس لەو مێژووە بکەین دەبێت چەندین توێژینەوە بنووسینەوە.
ساڵی 2014 کاتێک تورکیا ھەنگاوی نا بە ئاڕاستەی نزیکبوونەوە لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و دیدار لەگەل ئیمراڵی و قەندیل ئەنجام دران، یەکێک لەو ھێزانەی ڕۆڵی بینی لە شکستی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا پارتەکەی دەوڵەت باخچەلی (مەھەپە) بوو.
ئیستاش سەنگی ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لەوەدایە کە چەندە دژایەتی مافەکانی کورد لە تورکیا دەکات، با وای دابنێین باخچەلی و پارتەکەی لەو سیاسەتەی پیادەیان کردووە پەشیمانن، بەڵام بۆ بۆ ئەوەی باوەڕیان پێ بکەین با باخچەلی و پارتەکەی بێن لە دەستوری وڵاتەکەیان ئەو کۆتوبەندانە ھەڵگرن کە دژ بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک ئاماژەیان پێدراوە، بە تایبەت کە ئێستا قسەوباس سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی دەستوور لە تورکیا لە ڕۆژەڤدایە.
شایانی باسە، لە چوار ماددەی دەستوری تورکیا و تەنانەت لە سوێندە دەستوریەکەشیاندا، باس لەوە کراوە کە تورکیا دەوڵەتی تورکە، دەبێت ھەر ھاوڵاتیەکی تورکیا شانازی بە تورک بوونی خۆیەوە بکات، ماددەی سێی دەستور کە باس لە ( یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە) دەکات، پێچەوانەی ئەو لێدوانەی ئێستای (دەوڵەت باخچەلی)یە، چونکە دەستووری وڵاتەکەی نەک ھەر ڕێگرە لەوەی ئەو دەیڵێت، بگرە کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافی نەتەوەکانی دیکەی تورکیا دامەزراوە، بە تایبەت کورد. بۆیە باخچەلی پێش ئەوەی گومان بخاتە سەر تورک بوونی ئەوانی دیکە، دەبێت بە سیاسەتی فاشیستانەی خۆی و بزووتنەوەکەیدا بچێتەوە.
٣٠/١٠/٢٠٢٤