د. سەردار عەزیز
هەست دەکەم بۆ زۆرێک لە کورد ئاسان نیە لە ڕەفتاری ئێران و ئیسرائیل تێبگەن. لێرەدا هەوڵدەدەم کرۆکی ئەم خراپ تێگەیشتنە لە ڕێگای چەمکی نیشتمان و دەوڵەتەوە ڕاڤە بکەم.
لای و کورد و عەرەب چەمکی دەوڵەت بونی نییە. کاتێک عێراقییەکان لە تشریندا خۆپێشاندانیان کرد دروشمی سەرەکییان داواکاری نیشتمان بوو (نرید الوطن).
لای کورد ئەمە زیاتر بڵاوە. بۆ نمونە کاتێک بەختیار عەلی گلەیی لە سیستەمی سیاسی و ڕەفتاری سیاسی و دەزگاکان دەکات، گلەییەکانی ئاراستەی نیشتمان دەکات وەک لە قەسیدەی نیشتماندا دەنوسێت:
ئەی وڵاتم.. ئەگەر فێر ببومایە مار چۆن دەروات، وا دەڕۆیشتم/دەمەوێت بە لەشە شێدارەکەت بگەم و لە ناو برینەکانتدا پەپکە بخۆم.
ئەمە لە دونیای عەرەبیشدا باوە شاعیری سوریی ناسراو محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا.
نەبونی چەمکی دەوڵەت لە ئاگایی خەڵکی وەک کورد و عەرەبدا، نەبونی دەوڵەت خۆیەتی. دیدی دەوڵەتی زۆر زۆر جودایە لە دیدی نیشتمانی. دیدی دەوڵەتی دیدی کارگێڕییە، بریتیە لە پرۆسەی پێکەوەگرێدانی ناوەندە زۆرەکانی هێز لە پێناو مانەوە و بەهێزکردنی دەوڵەت. دەوڵەت بە تەعبیری بۆردیۆییانە، کێڵگەی کارگێڕییە. کەواتە پرۆسەی چالاکبونی مرۆڤەکانە لە میانەی هێز و ململانێ و بەرژەوەندیی و ئامانجەکاندا.
بەڵام نیشتمان بە پێچەوانەی دەوڵەتەوە یەکەیەکی پاسیڤە. نیشتمان خاکە، سامانە، سروشتی ئەو خاکەیە. لە هەمانکاتدا پەیوەستبوون یان پەیوەستنەبوونە، بەڵام ئەمەیان بوون و نەبوونی لە میانەی کایەی دەوڵەتەوە دەبێت. ئەوە دەوڵەتە چۆنێتی پەیوەستبوونی مرۆڤەکان بە نیشتمانەوە بەرجەستە دەکات.
عێراقییەکان دەوڵەتیان دەوێت هەتا هەست بکەن کە نیشتمانیان هەیە. ماغوت ماڵێکی دەوێت هەتا پەیوەست بێت بە نیشتمانەوە. نیشتمان خۆی ناتوانێت ئەم ماڵە دابین بکات، بەڵکو ئەوە سیستەمی کارگێریی وڵاتە ئەوە فەراهەم دەکات.
ئەم بۆشاییە فیکرییە بە قوڵی لە قەسیدەی نیشتمانی بەختیار عەلیشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە تەنها پیشەی نوخبە نییە، بەڵکو عەوامیش بە هەمانجۆرە.
چەندین جار بە چاوەکانی خۆم دیومە کە خەڵکی پیسایی فڕێ دەدەنە سەر خاک، وەک جۆرێک لە سزا بۆ یەکێتی و پارتی یان سیستەمی حکومەت. ئەم سزادانەی نیشتمان بۆ سزادانی حکومەت یان دەوڵەت، دیسانەوە ڕەگی لەو خراپ ئاگاییەدا هەیە کە نازانێت دەوڵەت چیە.
ئێران و ئیسرائیل دەوڵەتن و دەوڵەتیانە ڕەفتار دەکەن. ڕەفتاری دەوڵەتی خوازیاری مانەوە و بەهێزکردنی دەوڵەتە. خوازیاری نیشتمانی، توانای وێناکردنی ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی پرسەکانی نیە، بەڵکو لە پەرچەکردارێکی پریمەتیڤ"بیدائی"دا دەژی.
بۆیە کاتێک ئەم دوو دەوڵەتە وەک یەک ڕەفتار دەکەن، دەزانن چۆن ئامرازەکانیان بەکاربەرن و خەڵکانی نادەوڵەتی بەکاربەرن بۆ فەراهەمکردنی ئامانجە دەوڵەتییەکانی خۆیان، کە خەڵکی وەها دەزانن وەک یەکن یان نزیکن. چونکە هەردوکیان ڕەفتاری دەوڵەتییان هەیە. ڕەفتاری کارگێریی و بەڕێوەبردن و سودبینین و خۆ پاراستنیان هەیە لە تێکەڵاوکردنی دۆ و دۆشاو.
٣٠/١٠/٢٠٢٤