فوئاد زیندانی
دوای سێ ساڵ و نیو بۆ جاری یەکەم چوارشەممە(٢٣)ی ئۆکتۆبەری(٢٠٢٤)دیدار لەگەڵ(عەبدوڵا ئۆجەلان) ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە دورگەی ئیمڕاڵی لە تورکیا ئەنجامدرا، ئەوەش هەنگاوێکی دڵخۆشکەربوو بە ئاڕاستەیەکی ڕاست.
دوای زیاتر لە(٢٥) ساڵ مانەوەی (ئۆجەلان) لە زیندان، دەوڵەتی تورکیا دواجار بیر لە ڕێگەچارەیەک دەکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەرفەتیدا پەرلەمانتاری دەم پارتی(عومەر ئۆجەلان) دیدار لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدات و پەیامی ئۆجەلان بگەیەنێتە ڕایگشتی. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێ(من دەسەڵاتی تیۆری و پڕاکتیکیم هەیە بۆ ئەوەی دۆخی توندوتیژی لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بکێشمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی)
پرسیار ئەوەیە هۆکار چیە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەم چەند مانگەی دواییدا چارەسەری کێشەی کوردیان لە تورکیا بەباشتر زانی؟
ئەردۆغان ماوەی ساڵێکە زۆر بەچڕی هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا(بەشار ئەسەد) ڕێکبخاتەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبوو، هاوکات زۆر لەمێژە هەوڵدەدات ئەمەریکا لە سوریا دەستبەرداری کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بێت دیسان سەرکەوتوو نەبوو، لە ڕووی سەربازی سوپای تورک بەردەوام بۆمبارانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بەدەیان کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانی داگیرکرد، هەموو جۆرە چەکێکی دژی گەریلا بەکارهێنا هەر سەرکەوتوونەبوو.
لە(٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٢٣) کاتێک بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و حزبوڵای لوبنانی بە پاڵپشتی ڕژێمی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسڕائیل دەستپێکرد، تەواوی ناوچەکە بەرەو وێرانبوون و شەڕێکی دژوار چوو تا ئیستاش بەردەوامە و ئەگەری زیاتر فراوانبوونی هەیە. حەماس و حزبوڵا هیچ کاتێک بزووتنەوەی ڕزگاریخواز نەبوونە و سەلماندیان کە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز نین، بەو کورتبینیە ناسیاسیەی هەیانە بوونە هۆکاری لەناوچوونی دەیان هەزار مرۆڤی بێتاوان، لوبنان و فەلەستینیان کردە حەوشی پشتەوەی ئێران.
ئەوەی تێبینی دەکرێت شەڕی حەماس و حزبوڵا و ئیسڕائیل بووە هۆی ئەوەی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێت، ڕەنگە دەرفەتێکی نوێ دروستببێ بە قازانجی کورد تەواوبێت. دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دوای دڵنیابوونیان لەوەی ئێران بەئەگەری زۆرەوە لەلایەن ئەمەریکا وهاوپەیمانانی دووچاری پاشەکشە دەکرێ لە سوریا و لوبنان کە ئەوەش دەبێتە هۆی دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و دوورنیە دەرفەتی هاوشێوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بڕەخسێت، ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر باکوری کوردستان، لەو سۆنگەیەوە ڕژێمی تورکیا لەپێناو ڕێگا گرتن و ئاستەنگکردنی هەر دەرفەتێکی تازە بۆ کورد بەناچاری لە گرتووخانەی ئیمڕاڵی لەدەرگای ئۆجەلان دەدات و ڕێگای ئاشتی تاقیدەکاتەوە.
تورکیا بە پاکتابوونی حەماس و حزبوڵا دوو کارتی گرنگی لەدەست چوو.
سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورک- مەهەپە پێشنیاردەکات دەڵێ ئۆجەلان بێتە پەرلەمان لێدوان بدات! ئەوەی پێوویستە هەموو دەسەڵاتدارانی تورک بیزانن کێشەی کورد بە توندوتیژی سەربازی و داپڵۆسین لە تورکیا چارەسەرنابێت، هەروەها بەبێ ئازادکردنی ئۆجەلان چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا مەحاڵە، دیموکراتیزەبوونی تورکیا بەندە بە ئازابوونی ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسی و داننان بە مافەکانی گەلی کورد.
ئایا تورکیا ئاماددەیە ئەو هەنگاوانەی کە پێوویستن بۆ چارەسەری پرسی کورد جێبەجێی بکات؟ یاخود ئەوەی ڕوودەدات تەنیا خوێندنەوەی ناوچەکەیە لەلایەن ئەردۆغان دەیەوێت ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەر دەرفەتێکی نوێ کە بە قازانجی کورد تەواوبێت، هاوکات هەوڵێکە لەپێناو مانەوەی خۆی لە حوکم و ئامانجی گۆڕینی دەستوری تورکیایە.
گرنگە کورد لە چوونە ناو پرۆسەی ئاشتی و قۆستنەوەی دەرفەتەکان و بڕیاردانی سیاسی خوێندنەوەی جیۆستراتیجی تەواوی ناوچەکەی هەبێت زۆر وردبین بێت، ئەو ئەنجامەی بەدەستی دێنێت لە ئاست قوربانیدانەکانیدا بێت
٣٠/١٠/٢٠٢٤