بەناوی بەرزەناوی بێ هاوتا
بەرێزان: سەرکردایەتی و ئەندام و جەماوەری سەربەرزی یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان!
لەگەڵ ئاراستەکردنی سڵاوێکی گەرم.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ۳۰هەمین ساڵیادی دامەزراندن و بنیاتنانی پارتە پێشکەوتووەکەتان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هەمووی ئێوەی خۆشەویست و پایەبەرز دەکات.
لە ڕوانگەی بزووتنەوەی کۆماریخوازان جێگەی خۆشحاڵی و گەشبینیە، کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک جەریانێکی سیاسی/ نەتەوەیی_دینی بە ناوەرۆکێکی سەردەمیانە و رووکەردێکی ئاشتیانە،و بە درووشمی «ئازادی، برایەتی، دادپەروەری» چالاكی سیاسی/ مەیدانی دەست پێكردووە،و بۆ زیاتر بەرجەستەکردنی سیمای شارستانیەتی و کاراکتەری سیاسی کورد، هەروەها پەرەپێدان بە کولتووری تەعامول و پێکەوەژیان، چاکسازی و حوکمی یاسایی، بیری نوێخوازی و میانەرەویی، تێکۆشانی سیاسی وە مەدەنی، بە جیهانبینییەکی کراوەی دینداری لە سەر بنەمای ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە شێوازی ئەمرۆیی لە کۆمەڵگای کوردستان دا وەپێشخستووە، وە وەکوو پارتێکی خاوەن ئەزموون و بەشدار لە حکومڕانی کوردی بە حەق لە هەموو روویەکەوە بە شێوەی ئیجابی مۆرکی لە مێژووی نوێی بزاوڤی مافخوازی کورد داوە.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان شادمانە بە بوونی هاوپەیوندی و دۆستایەتی قایم و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و چالاکی هاوبەش لەگەڵ یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان، وە بێ موناسب نابێت کە لەم یادە بەشکۆیەدا ئاماژە بە خاڵێکی ئیجابی و گرنگ کە پێویستییەکی هەنووکەییە بکەین، کە لەمەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی مەخرەجی هاوبەشی سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی ” دیالۆگی ئاشتەوایی و چارەسەری دێموکراتیک بۆ دەستەبەرکردنی ئەسڵی سەروەری سیاسی/ نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە ” بۆیە كۆماریخوازان لەگەڵ بەرزی نرخاندنی ئەم خاڵە ستراتیژییە هاوبەشەدا، هیوادارە بە هەماهەنگی و هاوكاری دوو قۆلی زیاتر بتوانرێت ئاسۆی روون بۆ نەتەوەی كورد وەدی بهێندرێت.
لە کۆتاییدا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان جاریکی دیکە ۳۰هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتە پێشەنگەکەتان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەرز و پیرۆز دەنرخێنێت و سەرکەوتنی زیاترتان لە ئەرکی ئاینی و تێکۆشانی حیزبی و خەباتی نەتەوەیی بۆ بەئاوات دەخوازێت.
هەردەم شاد و سەرفراز و سەرکەوتوو بن
لەگەڵ رێزماندا..
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
۱۷ی رێبەندانی ۲۷۲۳ی کوردی
۶ی فێوریەی ۲۰۲۴ی زایینی