هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
نەتەوەی سەربەرزی کورد!
ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، ٧٨ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکەم کۆماری کورستاندا تێدەپەڕێت، ٢ی ڕێبەندان و کۆمار بۆ کورد، تەواوکەری بیرەوەریەکی پڕ لەشانازی و نووختەگۆڕانێکی زەق و بەرچاو لەمێژوویی نەتەوایەتی کورد و کوردستانن. مێژووی کۆمار دەگەڵ ڕووداوە چارەنووس سازەکەی ٢ی ڕێبەندان، وەبیرهێنەرەوەی قۆناغێکی زێڕینی سەروەریسازی بۆ نەتەوەی کوردن، یاد و یادمانی ٢ی رێبەندان و کۆمار، واتە گەڕانەوەیەکی ئوسوولگەرایانە بەڵام ڕۆمانتیکی لە عالەمی زەین و خەیاڵ، بۆ دوونیای واقیعی سەروەری و سەربەستی کوردانە، واتە گەڕانەوەیەکی زەمەنی بۆ قۆناغێکی درەوشێن و زێرینی پڕ لە بەختەوەری، سەربەستی، پڕ لە ئازادی، و ئاسایش و خێر، وە خۆشی نەتەوەیی، هەربۆیەشە ئەم ڕۆژە لە گشت لایەکی کوردستان وەک لووتکەی هەرهبەرزی دوونیای بیرەوەرییەکانی نەتەوەیی، بەڕێزەوە یادی دەکرێتەوە و جێژنی بۆ دەگیردرێت.
گرنگیی مێژووی ٢ی ڕێبەندان لەمەدایە، کە دروست لەم ڕۆژەدا بوو کە بۆ یهکهم جار حکوومەتێکی دیفاکتۆی کوردی له ناوچهیهکی زۆر بهرتهسکی نیشتمانی کورددا دامهزرا. لەژێر دەسەڵاتی ئەم حکوومەتەدا بوو کە ئازادی و ئاسایشی نەتەوەیی به پێی گونجاویی ئهو سهردهمه دابین کرا. خوێندنگه ، چاپخانە، گۆڤار و ڕۆژنامه دامهزران و وەشانی خۆیان بەزمانی کوردی دەستپێکرد، بازرگانی میللی لەپاڵ دەستپێکی هەڵسووکەوتی دیپلۆماتیک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی گهشهی پێدرا. ئیرادهیهکی میللی سهریههڵدا که تا ئهو سهردهمه لەهەموو مێژووی پڕ لەنەهامەتی نەتەوییماندا بوونی نهبوو. لەئەنجامی دەستپێکی دیپڵۆماسیەکی چالاک و ئەکتیودا بوو، کە نهتهوهی کورد توانی له کایه سیاسییەکانی ناوچهکەدا، خاوەن ڕۆڵی دیاریکەر و کارگهر بێت که تا ئهو کات حیسابی بوونی بۆ نهدهکرا.
بەڕێزان!
کۆماری کوردستان لاپەڕهیهکی نوێی له ژیانی نهتهوایهتی، کۆمهڵایهتی، سیاسی، فهرههنگی و حقووقی کورددا ههڵدایەوه که له چهشنی خۆیدا بێ وێنه بوو. کورد بۆ یهکهم جار له سهردهمی نوێدا ئهزموونی بهڕێوهبردنی چارهنووسی خۆی له بهشێکی وڵاتهکهیدا تاقی کردهوه و بەکردەوە ئاستی دەرایەت و کەفایەتی سیاسی خۆی سەبارەت بە خۆبەرێوەبەری خۆجەیی بەعالەم نیشاندا. بۆیە پێویستە وە دەبێ قۆناغی مێژووی کۆماری کوردستان به ههموو تاریک و ڕوونیهکانییهوه، به ههموو خاڵه زهق و لاواز و کەم و کوڕی و نەواقساتییەوە، وەک قۆناغێکی پڕشەنگدار و زێڕینی مێژوویی بێتەنرخاندن و بە ڕێزو تامەزرۆی دامەزراندنەوەی سەیری ئیلهام بەخشانەی لێبکرێت و ڕێزی بەشکۆی لێبگیردرێت.
چوونکە کۆمار دەگەڵ ئەوەش کە نووختەگۆڕانێکی گرینگی مێژووییە، لەهەمانکاتیشدا لووتکهیهکی هەرە بهرزی خهباتی نهتهوایهتیمانه، واتە قوولەی سەرکێش و لە بەرچاو ووننەبووی گۆڕەپانی خەبات و ڕەوتی مێژووی سەروەریسازی سیاسیمانە. بۆیە ههڵدهگرێ لەعالەمی پڕ لەقەیرانی ئیستێراتیژی و شووناسی هەنووکەیی کورددا، ئەم قوولە بەرچاوە و کانگەی بیری نەتەوەییە، وەک قیبلەگای هیواو خەونەکانی نەتەوەییمان ڕووی تێبکرێ و، لەڕاستای تەنزیمی جەهەتی قوتبنەمای سیاسی کوردایەتی و نیشتمان خۆشەویستی دا، وەک ئاسۆی ڕوون بۆدەستنیشانکردنی ئەساڵەتی ڕێگا و ڕێبازی ئەسیل و ڕاستەقینەی سەروەریسازی نەتەوەیی، سوودی ڕەوەنگەیی و بەرچاوڕوونی فەلسەفیانەی لێوەربگیرێت و لەپێناو دەربازبوون لە قەیران و دۆزینەوەی ڕێگەی ئەسڵ و بگرە نەجاتمان لە سەحرای سەرگەردانی سیاسی دا، وەک سیمبوول و پاڕادایمی فیکری و فەلسەفی حیسابی بۆ بکردرێت. هەر بۆیەشە لەمپەیوەندییەدا، بزوتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بزافێکی نەتەوەیی خاوەن پەیامی سەروەریسازی، و وەک بزووتنەوەیەک کە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی خەسارناسی لە جووڵانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە ڕووکەردی ئووسولگەرایانەی لە قیبلەگای هیوا و سەربەستی کورددا، بەئەنجامدانی ڕێنێسانس و گەڕانەویەکی توێژکارانە بەرەو ئەسڵ هەڵدەستێت، و لەپێناو ئەکتوالیزەکردن و بەڕۆژکردنەوەی بنەما فیکری و فەلسەفییەکانی سەردەمی کۆمار و پێشەوا و نەمر بارزانی، دێتەناو گۆرەپانی خەباتی سەروەریسازیانەی نەتەوەیی و تەرحی نەقشەرێگا بۆ ساغکردنەوەی حکومەتی دێفاکتۆ، تەوافقی، ئینتقاڵی، وە لە تەبعیددا بۆ کوردی ڕۆژهەڵات ئاڕاستە دەکات.
دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی کۆماریخوازان لە ئەنجامی لێکۆلینەوەیەکی قوولی خەسارناسانە بەم قەناعەتە گەیشتوون،کە کۆمەڵگای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تووشی قەیرانگەلێکی هەمەلایەنە هاتووە، قەیرانگەلێک کە باڵی بەسەر گشت بوارگەلی شووناسی نەتەوەیی، ئیستێراتیژی نەتەوەیی،وە رێکخراوەییدا کێشاوە. بزووتنەوەی کۆماریخوازان پێوایە کە دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگا و کەشوهەوای پڕ لە قەیرانی بزاڤی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاکامی سوودوەرگرتن لە ئەدبیاتێکی سیاسی و واریداتییە، کە لەژێر کارتێکەری سیاسەتی "تێئۆری تەوتەئە"ی نەیارانی پرسی کورد ژەهراویی کراوە. بزووتنەوە پێوایە کە کولتووری سیاسی کۆمەڵگای کورد و سیستەمی حیزبی پڕ لەقەیرانی ڕێکخراوەیی بزافی کوردی ڕۆژهەڵات لەلایەک، و ئیفلیج بوونی ئیرادەی نەتەوەیی و برەویی کوولتوری بێتەفاوەتی و خۆبەدەستەوەدەری تاک و کۆی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمی سروشتی و مەحتوومی تەغزییەو بەکارهێنانی ئەدبیاتێکی لەم چەشنەیە، بۆیە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی ئەم خوێندنەوەیە، هەوڵی خۆیان لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بەرەو دۆخێکی لەبار و چارەنووسساز لە ئاست پرسی نەتەوەییمان خستەگەر، و سەرئەنجام دوای لێکۆلینەوە و تاووتوێکردنی گشت بەرهەمگەلی فیکری کارناسانی بواری سیاسی وکۆمەڵناسی و لەپاڵ ئەوانەشدا هەلسەنگاندنی گشت ئازموونگەلی کاری مەیدانی و پڕاکتیکی سیاسی گەلانی جیهان، هاتنە سەر ئەم قەناعەتە کە نووسخەی گوونجاو بۆ تەداویی دەردی کورد، نەک خووڵقاندنی ئیدە و ئیدەئالگەلێکی نوێ و نوێخوازیی، وە یان سوودوەرگرتنی ناشیانە و سەقەت لە چەمکگەلێکی نامۆ دەگەڵ پرسی سەروەریسازییە، بەڵکوو ڕێگەی چارەی پرسی کورد، هەستانە بە ئەنجامدانی ڕێنێسانسێکی هەدەفمەند، لە ڕەوتی مێژوویی بزوتنەوەی رزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە.
ڕێنێسانسی کوردی وێنەی ڕێنێسانس لە ئەورووپا، گەڕانەوە بۆ ئەسڵە، واتە خۆشۆڕ کردنەوەیەکی توێژکارانە بە مەبەستی دۆزینەوەی گەنجینەی لە کورد وونکراویی نەتەوەییە. ئەم گەنجینە پڕ لە بەها و بایخانە، کە لە ئیستگەو کانگای مێژوویی سەردەمی کۆمار دا قابلییەتی هەڵێنجاندن و دەستەبەربوونەوەیان هەیە، بریتین لە گەنجینەی بنەمافیکری و فەلسەفییەکانی سەردەمی کۆمار، و هەروەها ئەزموونی سەرکەوتوانەی لێکبەستن و هاوئاهەنگکردنی دووباڵی سیاسی و سەربازی هەڵۆی تیژبین و بەتوانای کۆمار، واتە بەرۆژکردنەوەی ئەزموونی هاوئاهەنگی هزری و پڕاکتیکی سیاسی و نیشتمانپەروەرانەی نێوان شەهید پێشەوا قازی محەممەدی سەرکۆمار و ژێنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی نەمرە.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی وایە دۆخی پڕ لە قەیرانی کۆمەڵگای سیاسی و ژیانی پڕ لە مەینەتی کوردی ڕۆژهەڵات ،ئاکامی لادانێکی ئیستێراتیژیک، (بەڵام کۆنترۆڵکراو لە لایەن نەیارانی سەربەستی کورد) لە ئەسڵە، واتە لادانی نەیارپەسەند لە ئەسلی سەروەری سیاسی و نەتەوەیی لە شکلی کۆمار دایە، بۆیە بزوتنەوەی کۆماریخوازان لەم راستایەدا، ڕەوتی ئوسوولگەرایی لە چوارچێوەی بە پڕاکتیکە کردنی کۆنسێپتی ڕێنێسانس لە مێژوویی مۆدێڕن و هاوچەرخی کوردیدا، وەک ڕەوتێکی هەرە پێویست بەمەبەستی دۆزینەوەی گەنجینەی ئەسڵەکان و سەرئەنجام بەرۆژکردنەوەو نەوژەنکردنەوەی گشت بنەمافیکری و فەلسەفییەکانی کۆمار و پێشەوای گەورەی کوردان ،وەک ڕێگەو رێبازێکی گوونجاو بۆ دەربازبوون لە دۆخی پڕ لە ئەسارەت و پڕ لە مەینەتیو چەرمەسەری، بەرەو ئاستی رزگاریو سەربەستی و بەختەوەری دەزانێ و، وەک ژێرخان و سەرچاوەی هەرە سەرەکی لە ڕاستای داڕشتن و تێرئاوکردنی ئیستێراتیژی و ئاجیندەی سیاسی بزوتنەوەی سەروەریسازی سوودی لێوەردەگرێ، واتە بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەنوێنگەی ئەم بیرو هزرە نەتەوەییەدا، ئیستێراتێژی بزووتنەوەی سەروەریسازی کورد دەلاوێنێت و هەر ئاوەش دیاری دەکات، و هەر لەم ڕاستایەشدا وەک پێشمەرجی ئەم حەرەکەتە هەموو هەوڵ و توانای خۆی لەپێناو دەوڵەمەندکردنی ئەدبیاتی سیاسی و کولتوری نەتەوەیی کە خوڵقێنەری ئیرادە و ڕوحیکی یەکگرتوویی نەتەوەخوازی و سەروەری سازیانە بێت دەخاتەگەر.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی جێژنی ٢ی رێبەندان ٧٨هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری مییلی_دێموکڕاتیکی کوردستان، پیرۆزبایی لەگشت نەتەوەی کورد دەکات و هیواخوازە کە بتوانرێت لەئەنجامی دەستەبەرکردنی کۆدەنگێکی گشت لایەنی، کەبەرهەمی هاریکاری سەمیمانەی گشت پارت و رێکخراوە و کەسایەتیە سیاسی، ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان بێت، زەمینەی گوونجاو لەئاست نەوژەن و بەڕۆژکردنەوەی بنەما فیکری و فەلسەفییەکانی کۆماری جوانەمەرگمان بڕەخسێت، تا بەڵکوو بتوانرێت لەم ڕاستایەدا کۆماری زیندوو لەعالەمی تەسەوراتدا، بەرەو عالەمی ڕێئالیتە و عەرزی واقیعدا دەرباز بکرێتەوە، و دیسان کورد لەسایەی دامەزراندنەوەی کۆماری دووهەم بە ئاشتی، ئازادی و سەربەستی، وە خێر و بەختەوەری بگاتەوە.
بەرز و پیرۆز و شکۆدار بێت ٧٨هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی
٢٢/١/٢٠٢٤