فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...
2025-04-04-11-19-41هەڵبژاردوە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەموو کتێبەکە تەرجومە بکەمەوە .خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر مرۆڤێکی ڕادیکاڵ و عەدالەتخواز پێویستە. ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین! جواهیر لال نەیهرۆ*...
2025-03-31-05-08-32حکومەتی دیفاکتۆ و خۆماڵی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات چێ بکات و دەگەل گەلانی دیکەی مووسلمانی ئێران بە هاوژینی بەئاشتی و باش بژیویی‌ گشت ڕەهەندی بژێت، و...
2025-03-30-02-45-13 زەفەریان پێ نەبات و هەموو کات پێکەوە بن تا بتوانن سەرکەوتوو بن "" ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە مافە نەتەوەیەکان پاشگەز بکەنەوە خەیاڵیان خاوە، ئەوانەش...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

شۆرش خالید ئاژگەیی

داگیرکاری بۆ گەلانی داگیر کراو هەمیشە فاکتەرێکی پاڵنەرە بۆ کۆڵنەدان و خۆڕادەست نەکردن ودرێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و شکۆی نەتەوەیی و سەربەستیدا.

رۆحیەتی بەرەنگار بوونەوەو سەرکز نەکردن لای گەلی داگیرکراو، هەڵگری خواستێکی بەرحەقی ملنەدان ودرێژەدانە بە خۆراگری دهەمبەر هێزە داگیرکار و ستەمگەر و هەژمون و تەوژمەکانیانەوە.

سرووشت و خولیای هێزی داگیرکار خۆپڕچەک کردنە بە ماس مێدیا و دەست بەسەراگرتنی پانتای دونیای راگەیاندن و دەست خستنی مۆدێڕنترین و پێشکەوتووترین چەکی کۆمەڵکوژ و جبەخانە و بۆمباو وێرانکارترین مێتۆدو ستراتیژیەکانی کاولکاری و کوشتن و بڕینەوە.

هێزی داگیرکار هەڵگری پارادایمێکی تووندو زمانێکی زبرو رۆحیەتی خۆبەزلزانین و لە خۆبایی بوونە. لە پاڵ ئەمەشدا فەزاو ژینگەی فکر لای هێزی داگیرکار، فەزایەکی بەرتەسک وتاک رەهەندی و تەنراوە بە دەمارگیری نەژادی و شۆفینیزمی قەومی و ملهوڕیەوە.

هێزی داگیرکار لەم فەزا بەرتەسکەدا تەنیا خۆی وبونیادی دەسەڵاتی خۆی باڵادەست دەبینێ و پێشی وایە دونیا بریتیە لەم ژینگەو فەزا ئەبستراکت و تاک رەهەندیەی ئەوو ئایدیۆلۆژیای ئەو دروستیان کردووە.

بەلای ئەم جۆرە هێزەوە نەتەوەکانیتر هاوشانی ئەو نین و بەرهەمی پاشاگەردانی و زادەی دواکەوتوویین و شایانی ئەوە نین خۆیان حوکمی خۆیان بکەن و سەربەخۆ بن.

هێزەداگیرکارەکان بۆ رەوایی بەخشین بە داگیرکاری و بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانیان دەست بە رابردووەو دەگرن و دوێنێ بەرهەم دەهێننەوە. ئەم هێزانە بۆ شەرعیەتدان بە داگیرکاری و کردنی بە ئەمری واقیع پەنا دەبەنە بەر رابردوو و مێژووەوە. ئەمان مێژووی سیاسی دوێنێ بە چاو خەڵکی دادەنەوەو فرۆشتنەوەی ئێستا وەک دەسکەوتێکی گەورەی ناسیۆنالیزم و نەژادگەرایی، بە دەسکەوت بە گەلانیان دەفرۆشنەوە.

بەلای " ماڵکوم ئیکس" ی چالاکوانی بە ڕەگەز ئەمریکی مافەکانی مرۆڤ، ئەگەر وریا نەبین مێدیا دەتوانێت وامان لێبکات ڕق لە ستەملێکراو هەڵگرین و سۆزو خۆشەویستیمان بەلای ستەمکارەوە بێت.

هێزە داگیرکارەکان بەردەوام لە هەوڵی داهێنانی تازەو ناوازەدان بۆ زەلیل کردن و ملکەچ کردن ولە قاڵبدان و دواجار وتوانەوەی گەلی داگیرکراو لەناو بۆتەی فەرهەنگ و دابونەریت ودیدگا دونیای خۆیانەوە. هێزە داگیرکارەکان زیاتر لە پێکهاتەیەک دەچن داشۆراو لە عەقڵ ومەنتیق و زمانی گفتوگۆوە. دایەلۆگ بەلای ئەم هێزانەوە ئامرازێکە بۆ کات کوشتن و لە خشتەبردنی ڕای گشتی و چەواشەکاری و نائومێدکردن و بەلاڕێدا بردنی حەقیقەت و پیلانگێڕیەوە.

وێناکردنی داگیرکاری لە مەعریفە و بەلای داگیرکارانەوە، وێنای جیهانێکە، باڵادەستی و حوکمڕانی و پێگەی باڵا هەر شایەنی خۆیانەو ئەو گەل وهۆزو نەتەوانەی دەکەونە دەرەوەی دیدگا و دونیابینی ئەوانەوە، شایەنی باڵادەستی و شکۆو سەروەری نین و ناچار و مەحکومن بە ملکەچی و توانەوە لە ناو دونیای ئەواندا.

تەوژمە داگیرکارەکان هێزگەلێک نین تەنیا بە داگیرکردنی خاک وجوغرافیاوە ددڵیان ئاوبخواتەوە و ئۆقرە بگرن و سنوورێکی ئەخلاقی بۆ زێدەڕۆییەکانیان دابنێن. هیچ هێزێکی داگیرکار نیە هەڵگری خواست و مەیلی کاولکاری و زەبروزەنگ و ژێردەستەکردنی گەلانی تری نەبێت.

ئەم هێزانە بەگشتی لە ناخیاندا سیخناخن بە هەستێکی ڕقاوی و خواستی لەبایەخ خستن وناشرین کردن گەلانی ژێردەستیانەوە. ئەم هێزانە بەردەوام هەوڵی دەستەمۆکردن و لەماف خستنی گەلانیتر و ئەوانیتر لە ناخیاندا پەنگ دەخواتەوەوهیچ سنوورو بەربەستێکی ئەخلاقی و عورف و نەریتێکی ئینسانی و ئاسمانی بەلایەنەوە بایەخی نیە.

ئەوەی بەلای ئەم هێزو تەوژمانەوە گرینگە تەنیا خۆی لە داگیرکردنی خاک وجوغرافیا و گۆڕینی دیمۆگرافیادا نادۆزێتەوە. بەڵکو دەست بەسەراگرتنی رۆح و گۆڕینی ئینتیماو فکرو شوناس و توانەوەی گەلی ژێردەستەکراو لە ناو چوارچێوەیەکی تەژی دەمارگیری و رۆحیەتی بوغزاوی و بەرتەسکی رووبەری جیهانبینی ئەوان، خواستێکی گشتی هێزە داگیرکارەکانە. ئەم خواستە لە چەشنی تەوژمێکی بەهێزی شکاندن و لە قاڵبدانی گەلی داگیرکراو لە دۆخی چەکەرەکردندایە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە بە پیرۆزکراوو ئەهریمەنیەکانیەوە هەمیشە ئامادەیی هەیە.

هەوڵدانی تەوژمی داگیرکار سەپاندنی تەسکبینی و تاکرەوی و تاک بریاریە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ترس وتۆقاندن و زەبرو زەنگ و خستنەکاری مەکینەیەکی گەورەی راگەیاندن و چەواشەکاریەوە.

ئەو فاکتەر وهێزەی گەرەکە لای داگیرکراو بە زیندوویی بمێنێتەوە و لە گشت دۆخێکدا ئامادەیی هەبێ، ئەو توانا شاراوەو دینامیکیەتی بەرخودان و بەگژاداچوونەوەی ستەمی داگیرکاری و ئەو ناحەقیەیە بەرامبەری دەکرێ.

ئامادەیی ئەم دینامیکیەتە هێزو زامن و سەرمایەیەکی دەوڵەومەند و مەعنەوی و لەبن نەهاتووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزی شوومی داگیرکار و بەزاندنی بکەرە ناوەکیە ستەمکارەکانی ناو سەرلەبەری سیستەمەکە و کۆتایی هێنان بە ژیانی ژێردەستەییەوە.

18/10/2023

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان