بەداخەوە شەوی هەینی رێکەوتی ۱۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۳ی کوردی (۷/۷/٢۰۲۳) کاتژمێر نێزیک بە یەکی شەو لە شارۆچکەی «هەڵشۆی» واتە نزیک لە خاڵی سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کە سەر بە ناوچەی قەڵادزێیە، لە کاتی سەیران و گەشتی هاورێیانە دا دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و ئەندامێکی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری تیرۆریستی خائین و بەکرێگیراوێک، کە بەداخەوە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی ناسراو بە «لوقمان گەرگولی» و عادڵ موهاجیر ناسراو بە «سەرباز » خەڵکی پیرانشار لە لایەن پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ناوی «رەسووڵ ئازەرەخش» بە پیلانی لەپێش داڕێژراو ناجوانمێرانە شەهید کران، کە دواتر دەوترێت بکووژ زوو شوێنەکەی جێهێشتووە، هەروەها «سەعدی مرادپوور» ئەندامی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان( پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران )کە لەو گەشتە دۆستانەیەدا لەگەڵیان بووە، لە دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ دەزگای ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەو بابەتە ئاگادار کردۆتەوە.
بزووتنەوی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تووندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئیدانە و شەرمەزار دەکات، هاوکات لەگەڵ بەداخ بوونی بۆ شەهیدکرانی دوو پێشمەرگەی بەوەج و تێکۆشەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی ئاراستەی سەرجەم هاورێیان و هاوسەنگەرانیان لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، و تێکڕای ئازیزان بنەماڵەی سەربەرزیان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانێت. چاوەروانین کە لەم پەیوندییەدا روونکردنەوەی زیاتر لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان روو بە ڕای گشتی بدرێت، هەروەها داواکارین کە هەوڵی پێویستی هەمە لایەنە و گشتگیر بدرێت کە باری تەناهی و تەدابیری زیاتری ئەمنی و پاراستنی گیانی، ژیانی ئەندام و لایەنگرانی پارت و رێکخراوەکانی رۆژهەڵات و چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان پارێزراو بێت.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
۱۶پووشپەری ۲۷۲۳ی کوردی/ ۱۴۰۲
۷/۷/۲۰۲۳