گەلی خۆراگری کوردستان
کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەربەرز
لەو کاتەوە کە کرێکارانی ئامریکا دەستیان دایە مانگرتن و رژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری کەم کردنەوەی کاتژمێرەکانی کار بوون، ١٣٦ساڵ تێپەر دەبێت، لەو ماوەیەدا کرێکاران بۆ گەیشتن بە مافە بنەرەتی و سەرەکییەکان و هەروەها وەرگرتنی ئیمتیاز و خزمەتگوزاری زیاتر، مێژوویەکی خوێناویان نووسیوەتەوە، ئەمەش لە پێناو ئەوە بوو کە هیچ کرێکارێک لەجیهاندا رۆژێک نەچەوسێتەوە و مافەکانیان پارێزراو بێت. بەڵام مەخابن لەدۆخێک دا بەرەو یادی رۆژی جیهانی کرێکاران دەچین کە روانگەی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە دامەزراوە و رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی کرێکاران رووکەردی تەواو ئەمنیەتی و دژی کرێکاری هەیە. تا ئەو جێگایەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هیچ مۆڵەتێکی فەرمی بە کرێکاران نەدراوە کە لە رۆژی ۱ی مای رێپێوانی هێمنانە و مافخوازانەیان بەرێوە ببن.
ئەوە لە کاتێک دایە کەبە پێی مادەی ۲۷ی یاسای بنەرەتی ئێران، گردبوونەوە و رێپێوانی هێمنانە و مافخوازانەو دوور لە گرژی و بە بێ چەک کە هیچ دژایەتی نەبێت لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام و تەناهی نەتەوەیی وڵات، رێگە پێدراوە، بەم پێیەش دەبینین کە نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی، راگرتن و نەدانی حەقدەست و کەمی کرێ لە ئاست کارکردنی زۆر و گرانی نرخی پێداویستییەکان بۆکرێکاران، هێشتاش بە رێژەیەکی بەرچاو درێژەی هەیە، و تەنانەت هێنانە ئارای داخوازی بۆ دروست کردنی سەندیکا و رێکخراوەگەلێکی سەربەخۆ کە تێیدا کرێکارانی ژن و پیاو ببنە ئەندام و چالاکی بنوێنن و داخوازیەکانیان بێنە گۆڕێ، تائەم کاتەش وەکوو سەرەتایی ترین خواستی رەوای کرێکارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بێ وڵام ماوەتەوە. داخوازیگەلێک کە لە سەردەمی رێژیمی پاڵەویش دا پشت گوێ خرابوون و تەنانەت ئەم بەربەست و لەمپەرانە بۆکرێکاران لەسیستەمی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دا زەق و بەرچاون.
لەوانە: دەرکردنی کرێکاران بە شێوەی بەردەوام و بە هۆکاری ناروون لە لایەن خاوەن پیشەگەورەکان، راوەدوونان و شوێن کەوتن، خستنە ژێر چاوەدێری ئەمنیەتی، دەستبەسەر دەکردنی چالاکانی کرێکاری، دەرکردنی بریاری قورس و سەپاندنی سزای تووند و درێژماوە بەسەر کرێکاران دا، بەندکردن و دۆخی نالەباری گیراوانی کرێکاری لە گرتووخانەکانی ئێران دا، و هەڵسوکەوتی نادرست و نایاسایی، کۆمەڵە بابەتێکن کە مانگ به مانگ بەرەو هەڵکشان دەچن و پەرە دەستێنن. ئەو رەوشە لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە هۆی دۆخی ناسەقامگیر، گوشاری ئەمنی و سەپاندنی فەزای ترس، هەرەشە و تۆقاندن چەندین بەرامبەر زیاترە، هەر بۆیەشە لە رۆژھەڵاتی کوردستان قورسترین سزاکان و زەخت و گوشار دەسەپێندرێت بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان دا، ئەویش لەرووی هەڵاواردن و جیاوازیی هەرە گەورە دەبینرێت.
پێویستە ئەوە لە بیر نەکەین کە چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان پێک دەهێنن، و تەواوی ئەو نادادپەروەری و سەپاندنی گوشارانە بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردستان لە ئەنجامی سیاسەتی جیاکاری، پەراوێزخستن و هەڵاواردن و چێ کردنی ئەتمۆسفێری تەناهی و نیزامی زاڵ لە لایەن دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت: لەوانەش دیاردەی نامۆی کۆڵبەری کە لە هیچ قامووسێکی جیهان دا بوونی نییە و پیشەی شیاوی مرۆڤی کوردی ئازاد نەبووە و نییە، مەخابن بە هۆی دۆخی داسەپاو، بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دارێژراو، بەداخەوە رۆژانە شایەتی کارەساتی جەرگبر و دژە مرۆییانەین، واتە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سنوور لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران بۆتە دیاردەیەکی تا بێژین ناخۆش، دڵتەزێن و ویژدان هەژێن کە راستەوخۆ پێکهاتەی گەرمی بنەماڵەکانی کورد دەکرێتە ئامانج.
لە لایەکی تریشەوە کرێکارانی ژن و پیاو کە بە کەمترین حەقدەست ناچارن لە ئاست ئەو هەموو زەخت و گوشار، هەڵاوسان و گرانییەدا خۆراگری بکەن، و هاوکاتیش لەگەڵ گوشارێکی زۆر لە لایەن سیستەمی پیشەیی داسەپێنراو بەرەو روون، و هەروەها لە باری دەروونیشەوە بە هۆی دەستەبەر نەکردنی تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵانەیان لەو پەڕی خەراپی دان.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئاراستە کردنی پیرۆزبایی بەبۆنەی1ی مای رۆژی جیهانی کرێکاران، مێژووی سەرکوت، سیاسەتی نادروستی خاوەن پیشەگەلی بەرزی ئابووری،بەرێوەبەری و دەسەڵات داران لە هەموو شوێنێکی جیهان لە دژی کرێکاران ئیدانە دەکات، بزووتنەوە باوەرمەندە بە «ئازادی و یەکسانی» چارەنووسی هاوبەش و گرێدراو و بێ جیاوازی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا، و لە ئەگەری ئاشناکردنی هەمووان بە مافەکانی مرۆڤ،و هەروەها ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی گشت رەهەندی لەپێناو دەستخستنیان سڵ نەکەینەوە، بە دڵنیاییەوە ئەگەری وەدی هێنان و دەستەبەرکردنیان مسەوگەرو حەتمی دەبێ.
1/5/2023