بەرێزانی هاوسەرۆکایەتی، هەڤاڵانی تێکۆشەر و جەماوەری سەربەرزی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ۱۹ هەمین سالرۆژی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان،و لە دایک بوونی رێبەری کاریزماتیک و بیرمەندی گەورەی کورد رێزدار عەبدوڵڵا ئۆجەلان « سەرۆک ئاپۆ» پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوەی هێژا و سەرجەم گەلی کورد و بە گشتی ئازادیخوازان دەکات.
دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وەک پێویستییەکی هەرە مێژوویی لێکەوتەی دۆخێکی پر لە قەیران بوو کە باڵی بەسەر رۆژھەڵاتی کوردستاندا کێشابوو، رۆژهەڵاتی کوردستان لەوەها حالەتێکدا پێویستی بە بووژانەوەی گشت رەهەندی،و ساغکردنەوەی گوفتمانێکی نوێی نەتەوەیی و شوناسخوازی بوو، کە ئەمەش دەرهاویشتەی کۆمەڵێک ئاریشە و ئالەنگاری کەلەکراو بوو.
لە ئەنجامی دابڕان و پاشەکشەی مەترسیدار، وهەروەها لاواز بوونی روحی بەرخۆدان و خۆراگری و چەقبەستووی سیاسی و نەبوونی گیانی تێڵۆرانس و تەعامول لە ناوماڵی کورددا، پێویستی بە ساغکردنەوە و سازدانی پارتێکی نوێ لەسەر ئەندێشە و فەلسەفەی رێزدار ئۆجەلان و ئەزموون وەرگرتن لە شۆرشی ژیانەوەی کەسێتی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان بوو، هەر بۆیەشە بەبڕوای بزووتنەوەی کۆماریخوازان، لەوەها دۆخێکدا سازدان و دامەزراندنی پژاک جیا لەوەی ئەم بۆشاییە گەورەیەی لەبواری گۆفتمانی و رێکخراوەیی پڕ دەکردەوە، بەڵکوو لەهەمان کاتیشدا دەبوو بە هۆی دەستپێکی بزاڤێکی نۆێ ڕزگاریخوازانە و دروستکردنی قۆناغێکی نوێ و پرشنگدار بۆ گەلەکەمان لە رۆژهەلاتی کوردستان.
جێگای خۆشحاڵییە کە لە نێوان بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک دا، سەبارەت بە گەلێک مژار و بابەتی گرنگ، لەوانە گوفتمانی سەردەمیانە و نەخشەرێگا، هاوژینی ئاشتیانە، بەهادان بە فرە زاراوەیی و مەزهەبی لە کوردستان دا، بەرخۆدانی سیڤیل و یەکگوتاری مەخرەجی هاوبەشیان هەیە، بۆیە بزووتنەوەی کۆماریخوازان هیواخوازە ۱۹ هەمین ساڵڤەگەری دامەزراندنی پەژاک ببێتە هۆی چیبوونی گۆرانکاری مەزن، یەکگرتوویی نەتەوەیی، کاری هاوبەش و دیاڵۆگی ئاشتەوایی ناوماڵی کورد، و پتەوتر کردنی هاوپەیوەندی و تێکۆشانی هاوبەش و قایم کردنی یەکریزی نێوان گشت لایەک.
سەرکەوتن بۆ بزاڤی نەتەوەیی_دێموکراتیکی کوردستان
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
۱۵ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ی کوردی
۴ ئاوریلی ۲۰۲۳ی زایینی