هاونیشتمانانی بەرێز و خۆشەویست
خەڵکی بەشەرەف و خۆراگر و مافخوازی کوردستان
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی روژهەڵاتی کوردستان، به بۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی تازەی ۲۷۲۳کوردی،و نوێ بوونەوەی سروشت و نەورۆزی كوردەواری، پیرۆزبایی ئاراستەی تێکرای ئازادیخوازان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، چالاکوانانی گۆرەپانی خەباتی مەدەنی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکات.
بەرێزان
هەر وەك ئاگادارن، بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک جەریانێکی سیاسی/ مەدەنی، ئاشتیخواز و لایەنگری هاوژینی بە ئاشتی و دیالۆگ و دانووستاندنی ئاشتەوایی، لە ۱۲ ساڵی رابردوودا، کۆی کار و تێکۆشانی لەراستای زەق کردنەوەی مافی قایم بەزات، مافی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس،و دەستەبەرکردنی سەروەری سیاسی/ نەتەوەیی لە شکڵی مومکین دا، بۆ کوردی رۆژهەلاتی كوردستان جهەتدار كردووە، وە لەو راستایەدا هەردەم تێکۆشاوە تاکوو بەستێنی گونجاو و لەبار، وە هەلوومەرجی تەژی لە ئاشتی و لێکتێگەیشتنی پر لەحاوانەوە و پێکەوەسازانی دەرفەتساز و گۆران خوڵقێن، زاڵ بکردرێت بەسەر دۆخ و کەشی پر لە دوگم و شەر و ناتەبایی و چەقبەستوویدا.
بۆیە لەوپەیوەندیەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، لە چەند سالی رابردوو دا، روو لەگشت لایەك خوازیاری دوورەپەرێزی لە سوودوەرگرتن لە "ئەندیشەی ئیستراتیژیکی سوونەتی" بوو، ئەندیشەیەک کە مەخابن گۆفتمانی شەر و کرداری گرژ و رادیکالیزمی پڕتێچوو وە کارەساتباری، وەک تەنیا مکانیزمی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان تەبلیغ و توسییە دەکرد،
هەربۆیەشە بزووتنەوەی کۆماریخوازان بەردەوام پێداگربوو کە کورد و حیزبەکان دەبێ هەولبدەن لەژێر تیشکی"ئەندیشەی ئیستراتیژیکی مۆدێرن"، کە دیالۆگ و دانووستاندنی ئاشتەوایی دەگەل لایەنی بەرامبەر، وەک مکانیزمی هەرە کارا و گوونجاو لەم سەردەمەدا، بۆ حەللی کیشە و گرفتەکان دەستنیشان دەکات، سیاسەتگووزاری بکەن،و بەرپرسانە ئاجێندە و بەرنامەی کاری سیاسیان لەسەر ئاستی ” ئەندیشەی ئیستراتێژیكی مۆدێرن” ئامادە و گەلالە بکەن، تابەڵکوو بتوانرێت بە هاریکاری و هەرەوەزێکی گشت لایەنی،و لەچوارچێوەی عەقلانییەتی سیاسی و رێئال پۆلیتیک دا، بەسوودوەرگرتن لە هوونەری سیاسەت و تەعاموولی پراگماتیستانە، "ناموومکینات، موومکین" بکردرێت و بەکردەوە ئازموونەکانی گەلانی جیهان لە پێناو دەستپێکی دیالۆگ، و لەئەنجامدا دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئازادی و چێکردنی مافی خۆبەریوەبەری خۆجەیی، بە رۆژهەلاتی بکردرێن،و بەجێگای شەری پر تێچوو، حکومەتی دیفاکتۆ و خۆمالی رابگەیەندرێت،و ئەو حکومەتە بۆ دیژۆر و یاسامەندبوونی دەگەل لایەنەکانی دەخیل لە پرس و چارەنووسی کوردی رۆژهەلاتدا، واریدی دیالۆگ و دانووستاندنی ئاشتەوایی بێت.
کارێک کە بزووتنەوەی کۆماریخوازان بەهۆی بایەخ پێنەدانی حیزبەکان، سەرئەنجام بە کەڵکوەرگرتن لە کەش و هەوا و ئاکامە سەلبی و ئیجابیەکانی شۆرشی ژینا لەلایەک، و و هەروەها تووشهاتنی کورد و حیزبەکان بە چەشنێک قەیرانی شووناسخوازی و گۆفتمانی لە بەرامبەر سەلتەنەتخوازەکان و ئوپۆزیسیۆنی تەواوییەتخوازی سەرانسەری لەلایەکیترەوە، بێ سەبرانە بەلام پراگماتیستانە، هەستا بەئەنحامدان و راگەیاندنی شورای بەرێوەبەری کاتی حکومەتی دیفاکتۆ و خۆمالی کوردستان، شورایەکی بەرێوەبەری کاتی کە هەلدەگرێت لەئێستادا گشت لایەک و حیزبەکان بەهی خۆی بزانن و عەمەلەن خاوەندارییەتی لێبکەن.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، دەگەل پیرۆزبایی دووبارە لەگشت لایەك، ساڵی نوێ، وەک "سالی دیالۆگ و دانووستاندن لە پێناو ئاشتی و گەیشتن بە ئازادی،و چیبوونی حکومەتی خۆمالی" ناودێر دەکات، و هەر لەو راستایەشدا روو لە گشت ئەکتەرگەلی ناو گۆرەپانی خەباتی مەدەنی و رزگاریخوازی کوردستان عاجزانە داواکارە، کە بۆ سەرخستنی پرۆژەی بەئاشتیکردنی کەیسی کورد،و لەو بەینەدا راگواستنی حکومەتی دیفاکتۆ بۆ ناخۆ و دیژۆر و یاسامەندکردنی لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی ئێراندا، کە بزووتنەوەمان پێهەستاوە، شورای بەرێوەبەری کاتی حکومەتی دیفاکتۆ و خۆمالی کوردستان، هاوکاری سەمیمانە و کارسازانە بکەن. تابەلکوو بتوانرێت بەمچەشنە و لەئەنجامی هاریکاری سەمیمانە و پر لە دیالۆگی گشتگیرانە و بەشدارانە، سالی نوێ بە سالی دیالۆگ و دانوستاندن دەگەل تاران و لەئەنجامدا جێژنی داهاتوو، بە جێژنی چیبوونی حکومەتی خۆمالی کوردستانی ئێران،و وەدیهاتنی ئامانجە لەمێژینەکانی نەتەوەکەمان لەم بەشە لە کوردستاندا، تەبدیل بکردرێت.
سەرکەوێ ئیرادەی مافخوازانەی گەلی کورد،
بەڵێ بۆ ئاشتی، ئازادی،و هاوژینی بە ئاشتی،و حکومەتی خۆمالی
نەورۆزتان پیرۆز و هەموو رۆژتان نەورۆز
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان
٢٩ی رەشەممەی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٠ی مارسی ٢٠٢٣ی زایینی