د. سامان سۆرانی
زمانی دایك بەڵگەی ناسنامە و ڕووەکی ژیان و شادەماری فەرهەنگ و شکۆی شارستانیەت و ئاوێنەی ڕابوون و لانەی میرات و یادەوەری نەتەوەیی و مێژووی مرۆڤە.
بوونی هەر میللەتێ بە زمانەکەیەوە بەندە و هەر کاتێ زمانەکەی لەناوچوو، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو میللەتە بە لەناوچوو ئەژمار دەکرێت. بێ گومان ناکرێ باس لە نەتەوە بکرێت، ئەگەر خەڵکەکەی دەستبەرداری زمانەکەیان بوون.
زمان ئەو ئامارازەیە، کە بە مرۆڤ بەخشراوە و بەهۆیەوە مرۆڤ خۆی لە بوونەوەرەکانی تر جیادەکاتەوە.
مناڵ هەر لەسەرەتای ژیانییەوە لەگەڵ گەشەی خانەکانی زمانەکەی لە ڕێگەی دەنگی دایکەوە گەشە دەکات، بۆیە بەو زمانە دەوترێ زمانی دایك، واتە ئەو زمانەی کە مرۆڤ بە زگماکی و لە سروشتەوە فێری دەبێت.
فێربوونی زمان وەکو فێربوونی خواردنەوە و خواردن و ڕێكردن وایە، لەوانەیە پێویستی بە هەوڵدان و ویست نەبێت، بەڵام لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی سروشتی و بە هۆکاری ویستی مانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە فێری دەبێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین، زمانی دایك بەشێکی دانەبڕاوە لە کەسایەتی خاوەندەکەی و بەو شێوەش دەمێنێتەوە، ئەگەر چی پاشان زمانی تر هەوڵی جێلەقکردنی زمانی دایك بدات.
زمانی دایك ئەو زمانەیە، کە زۆر نزیکە لە دەربڕینەکانی ناخی مرۆڤ و بە شێوەیەكی وورد هەستی دەروون نمایش دەکات بۆ بەرامبەر.
ئاشکرایە، کەوا زمان کاسەی هزرە و پێوەرێکی گرینگی ناسنامە و ئینتمایە و ئەو هەنبانەیەیە، کە سەرجەم میراتی گەل کۆدەکاتەوە و هەموو توخمەکانی هزر و کەلتوورەکانی مێژووش لەخۆ دەگرێ.
زمان ئامرازێکە بۆ دەربڕین و گەیاندن و کەرەستەیەکە بۆ تۆمارکردنی هزری هەر نەتەوەیەك بەمەبەستی مانەوەی و نەمریی.
گرینگیدان بە زمانی نەتەوەیی، هێمایەكە لە هێماکانی گرینگیدان بە خودی نەتەوە، چونکە زمان دەربڕی هەستی بە کۆمەڵی نەتەوەیە و بە چڕی گرێدراوە بە ناسنامەی نەوەکان و یەك هەڵویستی و یەکبوونی ئامانج و یەکبوونی هزریان وێنا دەکات.
زمان دیارترین تایبەتمەندی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە و هیچ شارستانیەتێك نەیتوانیوە بێ ڕابوونی زمان لە مەیداندا سەوڵی خۆی لێ بدات.
ململانێی مرۆیی بێ ململانێی زمانەوانی نابێت، واتە زمان ئەو چاویلکەیەیە، کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە درك بە جیهانی خۆی دەکات. زمان فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەی پێکهێنانی ناسنامەی مرۆڤە و مۆركیكی تایبەت بە کۆمەڵگە دەدات.
ناسنامەش بەرهەمی ئەو مانایانەیە، کە تاکەکان لە ڕێگەی زمانەوە ئاماژەی پێ دەکەن، و مۆركی تایبەتیش زادەی کارلێكی ناوخۆی وتارە زمانەوانییەکانی کۆمەلگەیە و پشت بە گۆڕاوە مێژووییەکان دەبەستێت. زمان ئاوێنەیەكە، سەرجەم تەبایی و ناتەباییەکانی سیستەمی کۆمەڵگەیی دەخاتە ڕوو.
بۆیە شتێکی سروشتیە، گرینگی بە زمان بدرێت، لە ڕێگەی ئەو کەسانەی، کە قسەی پێ دەکەن، چونکە زمان پڕبەهاترین موڵك و دیارترین هێمای ناسنامەیە.
پێویستە بەردەوام بەخۆماندا بچینەوە و بزانین گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتوو چین و چی چاوەڕوانمان دەکات، تا بتوانین ئامادەبین بۆ پاراستنی مانەوەمان، لە سایەی ئەم کێبڕگێیەی لەسەر ئاستی شارستانیەت ئەنجام دەدرێ، بۆ ئەوەی پێکهاتەی کەلتووریمان تۆکمە و بەهێز بمێنێتەوە و پاك بکرێتەوە لەو گەرد و تۆزەی، کە هەوڵی کاڵ کردن و لاوازکردنمان دەدات. لێرەدا مەبەستمانە چەند ڕەهەنکێ زمان بخەینە ڕوو:
1- زمان وەکو ئامرازێك بۆ پاراستنی ناسنامە:
گرینگە ئاماژە بە سێ ئەزموون بکەین لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، کە پشت بە زمان بەستراوە بۆ ڕزگارکردنی ناسنامە و پاراستنی لە لێکەوتەکانی. ئەو ئەزموونانە بریتین لە زمانی عیبری و ژاپۆنی و کۆری.
زمانی عیبری بە زمانێکی مردوو ئەژمار دەکرا، بەڵام ئەو کەسانەی قسەیان پێ دەکرد، مەبەستیان بوو ئەو زمانە لە مردن ڕزگار بکەن و زیندووی بکەنەوە و بیپارێزن لە پەرتەوازەیی و دابڕان.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم ژمارەیەك لاوی جوو لە ئەوروپا بزاڤێکیان بە ناوی بووژانەوەی زمانی عیبری دامەزراند. دیارترین کەس لە ناویاندا، ئەلیعازر بن یەهودا (1856-1922)، بوو، کە داوای کرد ئەو زمانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی لە ژیانی ڕۆژانە و دروشمێکی بەرزکردەوە، کە دەڵێ "بێ زمان هیچ نەتەوەیەك ناژی". ئەو زمانی عیبری کرد بە زمانی ئاخافتن لە ماڵەوە و جەختی کرد لەسەر ئەوەی تەنها بەو زمانە ئاخافتن بکرێت و پاشان ژمارەیەك ڕۆژنامەی بەو زمانە لە ئۆرشەلیم بڵاوکردەوە. دواتر کۆمەڵەی قسەکردن بە زمانی عیبری دامەزراند و لە تەمەنیدا 9 بەرگی فەرهەنگی زمانی عیبری بە چاپ گەیاند، کە دواتر قوتابییەکانی 7 بەرگی تریان بۆ زیاد کرد.
بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی بن یەهودا چەندین قوتابخانە دامەزرا، کە سەرجەم وانەکان سەبارەت بە مێژوو و جوگرافیا و ماتیماتیك بە زمانی عیبری دەوترانەوە.
ئەمڕۆ زمانی عیبری، وەکو زمانێکی زیندوو، زمانی زانستە نوێیەکانی وەکو کیمیا و فیزیا و پزشکی و ئەندازیاری و زانستە مرۆییەکانە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەو زمانە بەڕێوەچووە.
ژاپۆنییەکان پاش شکستخواردنیان لە جەنگی جیهانی دووەم، ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا بوون و دەبوو دەستور بگۆڕن و ئەرتەشی وڵاتەکەیان هەڵوەشێننەوە و چەك داماڵن، بەڵام ئەوا ڕەتیان کردەوە، کە دەستبەرداری زمانی نەتەوەییان بن و بەکاریان هێنا لە زانکۆ و پەیمانگەکانیان و ئەو زمانەیان خستەگەڕ لەناو ژیانی زانستی و پیشەسازی پێشکەوتوو. هەروەها ئەو کاتەی کۆرییەکان کەوتنە ژێر داگیرکاری ژاپۆنییەکان، زمانی ژاپۆنی بەسەریاندا سەپێدنرا و ڕێگری کرا لەوەی کۆرییەکان زمانی خۆیان فێربن. بەڵام پاش ڕزگاربوونی کۆرییەکان لە چنکی داگیرکاری ژاپۆنییەکان، پاش جەنگی جیهانی دووەم، کورییەکان پشتیان بە زمانی پاراوی خۆیان بەست و ئەو زمانەیان کرد بە بنەمایەك بۆ پەرەپێدانی مرۆیی لە وڵاتەکەیان. زمانی کۆری بوو بە زمانی خۆێندن لەسەرجەم قۆناغەکان و پسپۆڕمەندییە جیاجیاکان. سەرجەم درووشم و پۆستەری دوکان و بازاڕیان بە زمانی کۆری ڕازاندەوە و تەنها لە کاتی پێویست زمانی بیانی بەکاردەهێنرا، وەکو ناوی بالێۆزخانە و هۆتێلە گەورە و ناودارەکان، کە بە پیتی بچووك لە ژێرەوەی پیتە گەورەکانی زمانی کۆری دەنووسرانەوە.
2- زمانی کوردی و ناسنامە:
بێ گومان زمان هزر و ناسنامە و ڕابووردوو و ئێستا و ئایندەیە، بەڵام ئەمڕۆ زمانی کوردی ڕووبەڕووی ژمارەیەك کێشەی گەورە بۆتەوە، چ لەسەر ئاستی بەکارهێنانی بێت لە میدیاکان, یان لە بەکارهێنانی بێت لەلایەن توێژەران و بێژەرانی کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان و وانە بێژەکانەوە بێت.
ئەم کێشانە ناکرێت بە سانایی چارەسەر بکرێن، بۆیە پێویستە بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەڕێگەی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن و ئەنجامدانی کۆڕبەندی ڕۆشنبیری و وانە وتنەوەی تایبەت بە بەکارهێنانی زمانی پاراوی کوردی، کار بۆ چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت.
هەروەها داوا لە زانایان و توێژەرانی بەتوانای زمانی کوردی بکرێت، کار بۆ یەکخستنی زمان و سەردەست خستنی زمانێکی ستانداری پاراوی کوردی بکەن و لە ڕێگەی میدیاکانەوە جەماوەری کوردستانی پێ ئاشنا و هۆشیار بکەنەوە.
زمانی ستاندار دەتوانێ کوردستانیان کۆ بکاتەوە و یەکگرتووییەکی زمانەوانی درووست بکات بۆ ئاسانکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان نەوەکانی کوردستان و ئاگادارکردنەوەیان لەوەی، کەوا یەکبوونی سیاسی کاتێ دەستەبەر دەکرێت، ئەگەر زمانێکی یەکگرتوومان هەبێت.
ئەو کاتە دەکرێ بە شانازییەوە باس لە ئینتمامان بۆ خاکی کوردستان بکەین و بە ئاگایانەوە زمانی کوردی بەکاربهێنین لە سەرجەم بوارەکان و بەردەوام یادی گەورە زانا و فەیلەسوف و شاعیرانی وەکو بابا تاهیری هەمەدانی و خانای قوبادی و مەلای پەرێشان و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و بێسارانی و مەحوی و مەلا مەحمودی بایەزیدی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی و میرجەلادەت بەدرخان و بێکەس و قانع و پیرەمێرد وهتد... بکەینەوە.
پێویستە لەسەر بەرپرسانی سیاسی کوردستان لەکاتی ئەنجامدانی دیدار و چاوپێکەوتنە فەرمییەکانیان مکوڕبن لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی ناو یەك خانەوادە.
ئەگەر چی زمانی فەرەنسی بە زمانێکی زیندووی ئەم جیهانە ناودەبرێ، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە توڕەبوونی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، جاك شیراك، دەکرێ، کە چۆن هۆڵی کۆنگرەیەکی بزنسمانەکانی ئەوروپایی جێهێشت، کاتێ بزنسمانێکی فەرەنسی وتارەکەی خۆی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد، لە بری زمانی فەرەنسی. ئەمە بەڵگەیە لەسەر هەوڵی فەرەنسییەکان بۆ پاراستنی زمانی نەتەوەیی خۆیان.
پێویستە لە ئێستادا و بۆ ئایندە پێکەوە کار لەسەر ئەوە بکەین، کەوا زمانی کوردی بە فەرمی لە یونسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێ بنرێت و دەرفەت بە نوێنەری کورد بدرێت، بەزمانی کوردی وتاری خۆی پێشکەش بکات.
لە ناوخۆی هەرێمدا، بەکارهێنانی زمانی بیانی لە بۆنە فەرمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە خۆ بەکەم زانین، پێویستە لە ڕێگەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی چارەسەرێ بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و تاکەکانمان لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کەوا ئەو نەتەوەیەی دەستبەرداری زمانی خۆی بێت و تەنها زمانی تر بەکاربهێنێ، شایانی مانەوە نیە.
بەکارهێنانی زمانی بیانی، بەتایبەتی ئینگلیزی، تەنها لە تاکی کۆمەڵگا قەتیس نەبووە، بەڵکو ئەوانەی تێپەڕاندووە و سەرجەم تابلۆکانی شوێنە بازرگانییەکان و هۆتێل و چێشتخانەکان و هێماکانی شەقامەکانی شارە جوانەکانی هەرێمی کوردستانی داپۆشیوە، وەك ئەوەی وا دابنرێ، کە سەرکەوتنی بازاڕەکان تەنها بە بەکارهێنانی زمانی بیانی ڕوودەدات.
لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی قوتابخانەکان، لە پۆلی یەکەمی ئامادەییەوە ،خوێندن بە زمانی بیانی پێشکەش بکەن، دەبینین لە ئیسرائیلدا یەك قوتابخانەی نیە بێجگە لە زمانی عیبری زمانێکی تر بەکار بهێنێ بۆ خوێندن.
لەو وڵاتە خوێندن بە زمانی بیانی تەنها بۆ دەستەی دیبلۆماسی لە ناو پاڵیۆزخانە بیانییەکان پێشکەش دەکرێت، چونکە زمانی عیبری تەنها ئامرازێك نیە بۆ پەیوەندی کردن، بەڵکو ئامرازێکی گرینگە بۆ بونیادنانی نەتەوە.
بۆ هاوڵاتییەکی ژاپۆنی، فەرەنسی، ئەڵمانی یان ئیسرائیلی ئەستەمە لەوە تێبگات، کەوا مناڵی پەروەردەبێت و نەتوانێ بە زمانی دایکیی لە قوتابخانە و ماڵەوە ئاخافتن بکات.
خۆدوورخستنەوە لە زمانی دایك، خۆدوورخستنەوەیە لە بەشداریکردن لە داهێنان لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری و زانستنی شارستانیەتی ئەم سەردەمەی ئێمە.
3- زمان و ئینتیما:
وەکو دەزانین مرۆڤ هەر لە سروشتەوەی بوونەوەرێکی خاوەند ئینتمایە، ناتوانێ بە هۆی شێوازی بوونی بە تەنها و دوور لە کەسانی تر بژی. هەروەها مرۆڤ ناتوانێ زمانێکی تایبەت بەخۆی بەرهەم بهێنێ، کە ئەو لە مرۆڤەکانی تری هاوبەشی دابڕێنێ، مەبەستمان ئەو کەسانەیە، کە هاوبەشن لەگەڵی لە ڕووی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕوشنبیری.
واقیعی هاوبەش ناسنامەیەکی هاوبەش دەسەپێنێ، هەمان ئەو واقیعە ئینتیما بۆ ناسنامەی ئاینی و زمانەوانی و نیشتمانی دەسەپێنێ، ئاشکرایە کەوا ناسنامە بە شەو وڕۆژێك درووست نابێ.
ئینتما پوختەی پێکەوەژیانی کۆمەڵە کەسانێکە، کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە شوێنێکی جوگرافی دیاریکراو هەڵگیرساون و بەو شێوەیەش تایبەتمەندی زمانەکەیان و ڕێزمان و خواست و خەونەکانیان دیاری دەکرێت و بە هۆکاری ئەو درووستبوونە، ئەوان وەکو زەروورەتێ ئینتیمایان بۆ ئەو شوێن و زمانە دەبێت.
بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی زمان و ژیانەوەی ناسنامە و پتەوکردنی ئینتیما و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو، پێویستە ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:
- ڕەهاکردنی ئەو توانایانەی، کە لە ناو زمانی کوردی بوونیان هەیە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی قووڵ بەمەبەستی دۆزینەوەی توانا و نەریتەکانی، کە پشکداردەبن لە ئاسانکردنی ڕێساکانی ئەو زمانە.
- سوودوەرگرتن لەو شۆڕشە زانستییەی، کە زمانەوانی نوی بەخۆیەوە دەیبینێ و بەهۆیەوە ڕێبازی زانستیی پەیدابووە، کە دەتوانێت ئەو کێشانەی، کە زمانی کوردی لە ڕابووردوو هەیبووە چارەسەر بکات.
- سوودوەرگرتن لەو پێشکەوتنە تەکنیکییە مەزنەی، کە لە بواری ئەندازیاری زمانەوە ڕوویداوە و تۆڕەکانی زانیاری جیهانی (ئینتەرنێت) تەنیوە و لە ڕێگەی ماڵپەرە جیاجیاکانەوە دەکرێت گەشە بە زمان بدرێت و ئەو ماڵپەڕانە لە خزمەتی زمان بەکاربهێنرێت.
- هاندانی توێژەران لە بواری تیۆرییەکانی ئەدەب و زانستی دەقی نوێ و فەرهەنگسازی، کە بەسوودن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مۆرفۆلۆژی و ڕێزمان.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، زمانی کوردی کەشتی نەتەوەیە، بیر و کەرەستە و ئەنباری بەها کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکانە.
ڕێزنەگرتن لە زمان و لاوازکردنی و گرینگیدان بە زمانێکی تر، وەکو جێگرەوە بۆ زمانی کوردی، دەبێتە مایەی ئاڵۆزبوونی بیری نەوەکانمان و لەناوبردنی بەها دێرینەکانمان.
ئەگەر مرۆڤ دەستبەرداری زمانی خۆی بوو، ئەوا بیر و بیرکردنەوەی دەگۆڕدرێ بۆ کەرەستەی زمانێکی تر و هێدی هێدی ئینتمای بەرەو کەلتوور و فەرهەنگی ئەو زمانە دەچێ.
ئەو کاتە مرۆڤ ناتوانی هەست و سۆزی خۆی بە زمانی دایكی دەربڕێ و دەستەواژە و چەکمی ئەو زمانە بەکار دەهێنێت، کە نامۆیە.
پاراستنی زمانی کوردی ئەرکێکی نیشتمانییە، کە بە هۆیەوە دەکرێ میرات و شارستانییەتی ئەم میللەتە بپارێزرێ.
شاعیری ناوداری سیسیلیا، Ignazio Buttitta (1899-1997)، لە شیعرێکی لەژێر ناونیشانی "زمانی دیالۆگ" دەڵێ:
"گەلێ کۆت و بەند بکە
بێ جل و بەرگی بکە
دەمی داخە، بەڵام ئەو گەلە هێشتا هەر ئازادە
کار و پاسپۆرتی لێ وەرگرەوە
سفرەی خواردن و نوێنی نووستی لێ داگیر بکە
بەڵام ئەو گەلە هێشتا دەوڵەمەندە
گەل کاتێ هەژار و کۆیلە دەبێ
کە زمانی باو باپیرانی لێ زەوت بکرێ...
ئەو کاتە گەل بۆ هەمیشە لەناو دەچێ."
دکتۆر سامان سۆرانی
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا
٣٠/١٢/٢٠٢٢