فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئەبوبەکر کاروانی

پێدەچێت بۆ یەکەم جار ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فۆرمی ویلایەتی فقیھدا، دووچاری ئاڵنگاری وجودیی بووبێتەوە. بۆیە ئاڵنگاری و تەحەداکەش بە وجودی وەسف دەکەین چونکە ئاڕستەی بناغەی نیزام و سەرچاوەکانی ڕەوایەتیەکەی کراوەو پرسیار خراوەتە سەر کۆی سیستم نەك بەشێ یاخود ڕەھەندێ لە ڕەھەندەکانی. ھەڵسەنگاندنێکی لەو جۆرەش، ناڕەزایەتیەکان لە ڕووی پێناسەکددنەوە لە سنورەکانی شۆڕش نزیك دەکاتەوە، لانی کەم بۆن و بەرامەی شۆڕشگێڕیان پێدەبەخشێت. ئەوەش وا دەکات، شێوازە باوەکانی ڕابردوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و ناڕەزایەتیەکان، کارایی جارانیان لەدەست بدەن و نەتوانن سنورێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییپێھێنانیان دیاری یاخود پێشبینی بکەن.

نارەزایەتیەکانی ئەمجارە لە ڕووی: قەبارە، قەڵەمڕەوی جوگرافی، دەستپێك و پاساو، ناسنامەی جوڵێنەرو بەشداران، داخوازی، مەوداو کاتبەندی جیاوازن. وا پێدەچێت ڕژێم لە سەرەتادا، توانای پێشبینیکردنی سروشتێکی نوێی لەم جۆرەو جۆری پەرەسەندنەکانی نەکردبێت، نەیتوانیوە وێنای ئەو ئاڵوگۆرە کەڵەکە بووە مێژووییەی نێو بیرکردنەوەی نەوەی نوێ و جیاوازی دۆخەکە لەگەڵ ڕابردوو بکات، ڕەنگە ئێستاش بەشێ لە کادری ڕێبەری و دام و دەزگاکانی نیزام ھێشتا ئامادە نەبن دان بەو جیاوازی و گۆڕانکاریانەدا بنێن کە ناڕەزایەتیەکان ھێناویاننەتەدی؟! ھەربۆیە، لەسەر وەسف و پۆڵێنکردن و جۆری مامەڵەو چارەسەرە تەقلیدییەکان پێدادەگرن و گرەو لەسەر کات دەکەن و پێیان وایە بەشێکە لە چارەسەر، چونکە لە دیدی ئەمانەوە ڕژێم بۆ ئەوە نەھاتووە بڕوا، ڕەگی قوڵی مانەوەشی لە ئایدۆلۆژیاو پەیامەکەیدایە، ڕژێمێکی لەم جۆرەش تەنھا ڕێسا کۆمەڵایەتی و مێژوویی و شارستانی و ماددییەکان چارەنوسی دیاری ناکەن، لەبەرئەوەی ڕێسا مەعنەوییەکانیش لەم ڕووەوە چارەنووسسازە.


بیرۆکەی پێشەوای چاوەڕوانکراویش لەم ڕووەوە لە زیاد لە ئاستێك و بەشێوەی جۆراوجوور کاریگەری خۆی ھەیە.

خوێندنەوەو چارەسەرە تەقلیدییەکان:


وەك ڕوونە لە چواردە ساڵی ڕابردوودا، لە بۆنەو کاتی جۆراوجۆردا ئێران ناڕەزایەتی بەخۆوە بینیوە، کە ڕەنگە لە سۆنگەی قەوارەو مۆرکە سیاسییەکەیەوە ناڕەزایەتیەکانی ٢٠٠٩ گەورەترین بووبن، کە ئاماژەی بە خۆخواردنەوەو کەرتبوونێك لە دڵی نیزامدا دەکرد. خۆپیشاندانەکانی تر گەر ھەناسەی سیاسیشیان لەگەڵدا بووبێت، مەتڵەبی بوون، واتە خواستبوون بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییەکان. تەنانەت داخوازی سەوزەکانیش لە ساڵی ٢٠٠٩دا داواکاری بوو بۆ ڕیفۆرم و خۆنوێکردنەوەی نیزام لە ناوخۆیداو کەمکردنەوەی ڕەقییەکانی و باشترکردنی توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و توانای خوێندنەوەو کاراییان لە ئاییندەدا. بە واتایەکی تر، ڕەخنەکان بە پلەی یەکەم لەسەر بەھا بونیاد نەرەکانی نیزام نەبوو، ھێندەی ڕەخنەبوو لە بەھاو شێوازەکانی پییادەکردن، ئەگەر ڕەخنەیەك ئاراستەی بەھا بونیادنەرەکان کرابێتیش، بۆ دووبارە خوێندنەوەیان بووە، نەك پوکاندنەوەو لاوازکردنی پایەکانی نیزام بۆ ئاستی ھەرەسھێنان. بەڵام، ڕژێم لەم پەیامەی ڕیفۆرمخوازەکان باش تێنەگەیشت و بە ھەندی وەرنەگرت. لە جیاتی ئەوەی بوونی ڕیفۆرمخوازەکان وەك دەرفەت ببینێت بۆ نوێکردنەوەی نیزام و توانای بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەو ئاڵنگارییەکاندا، وەك ھەڕەشەو ھەڵگەڕاوەو بەدنمەك وێنای کردن. ڕەنگە ئەوەش لەو بۆچوونەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە ڕژێمێك لەسەر لۆژیکی شۆڕشی بەردەوام و درێژمەودا بونیاتنرابێت و سروشتێکی شۆڕشگێڕانەی ھەبێت، ملدان بە ڕیفۆرمککرد تیایدا، یەکسانە بە نابووتکردن و کۆتایی پێھێنانی، چونکە دەستکاری سروشتە شۆڕشگێڕییەکەی دەکات، کە جەوھەرەکەی پێکدەھێنێت.


گۆڕانکاری لە جەوھەریشدا یەکسانە بە چوونە دەرەوەی ئەو دۆخ و وجودەی ئەو جەوھەرە پێناسەی پێداون. بە واتایەکی تر، عەقیدەیبوونی ڕژێم، لانی کەم لای بەشێ لە نوخبە کاریگەرەکانی، جۆری مامەڵە لەگەڵکردنی، لە ڕێی وردکردنەوەی بۆ ڕەگەزە پێکھێنەرەکانی و دەستکاریکردنی شێوازی کارکددنی ھەندێکیان و دووبارە پێکەوە بەستنەوەیان بە مەبەستی کارکردنە سەر توانای وەرگرتن و دانەوەی، دەچێتە دەرەوەی سیاسەتەوە. بەو واتایەی، ڕژێم قابیلی دابەشکاری و خوێندنەوەی نوێ و سات و سەودای سیاسی لەسەر سروشتە پاکیزە ئایدۆلۆژی و شۆڕشگێڕیەکەی نییە، بۆیە ھاوشێوەی عەقیدە یان دەبێت ھەمووی وەك خۆی وەربگریت و قبووڵت بێت، یان ڕەتیبکەیتەوە. بەو واتایەی، ھەموو گۆرانکارییەك لە بەھاو شێوازی پیادەکردنی دەسەڵات و سازشێك لەم ڕووەوە، یەکسانە بە گۆڕانکاری لە بەھا بنچینەییەکانی.


ئەم بیرکردنەوە زاڵەی ناو نوخبەی فەرمانڕەواش، بژاردەکانی بەردەمی سنوردار کرد، مرونەتیشی لەسەر ئاستی ناوخۆدا لێساند، لە دۆخێکی لەو جۆرەشدا، لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا دەبرێتە بەر ئیدارەکردنیان بە ئامانجی نەتەقینەوەیان و لەژێر کۆنتڕۆڵ مانەوەیان.

ئەوەی لە نیزامێکی ئایدۆلۆژی ھاوشێوەی نیزامی ئێستای ئێرانیشدا، پرسەکە ھێندەی تر ئاڵۆزدەکات، جێگۆڕکێی ئامانج و ئامرازەکانە، یاخود بڵێین بە ئامانجکردنی مانەوەی نیزامە بەھەر نرخ و تێچوویەك بووە! واتە ئاستی ڕۆیشتن لەگەڵ چارەسەری کێشەکان و وەڵامدانەوە بە خواستی شەقامی ناڕازی، پەیوەستە بە سەقفی مانەوەی نیزام بە سروشتە مێژوویی و ئایدۆلۆژیی و شۆڕشگێڕییەکەی خۆیەوە!


بۆیە، ئەگەر چارەسەری ڕاستەقینەی ڕووداوەکان ڕیفۆرم لە نیزامدا بخوازێت، لە پێناو مانەوەو درێژەدان بە نیزام قوربانییان پێدەدرێت و لەم دیدەوە چارەسەریان بۆ دەخرێتەڕوو. ئەوەش ڕێگە لەوە دەگرێت چارەسەر بەرھەمی گفتووگۆو ڕێکەوتنی نێوان نیزام و نوێنەرانی شەقام بێت، بەتایبەتیش لەو کێشانەی مۆرکێکی سیاسیان ھەیەو پێویستیان بە گفتوگۆو سازش و ڕێکەوتن و بیرکردنەوەی داھێنەرانەیە. ئەوەی باری سەرشانی ڕێبەرانی نیزام لە تارانیش قورس کردووە، پێکەوە گرێدانی پرسە مەتڵەبی و داوا خزمەتگوزاری و سیاسییەکانە،

بەحوکمی ئەوەی ڕژێم لە سۆنگەی پێداگرتنی لەسەر سیاسەتێکی دەرەکی دوژمنساز و سنورداریی توانا داراییەکانی بەھۆی ئەو ئابڵۆقە ئابورییە درێژماوەی خراوەتە سەری، توانای وەڵامدانەوەیەکی ڕازیکەرانەی بونیادیی و درێژمەودای بە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و پەیداکردنی ھەلی کار نییە.


ئەو کەم تواناییەش کە ڕەگی لە سیاسەتی نیزامدایە، نەك تواناکانی ئێران وەك وڵات و دەوڵەت، بەرەنجامی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە لەوانەش:


*لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لە توێژە ڕەش و.ڕووتەکەی کۆمەڵ، کە لە ڕووی مێژووییەوە نیزام لافی نوێنەرایەتیکردنییان لێدەدات و بۆ مانەوەی پشتیان پێدەبەستێت.

*بە ئاسان وەرگەڕانی داخوازییە سنوردارە خزمەتگوزاری و داواکارییە پیشەییەکان بۆ ناڕەزایەتی سیاسی، بەتایبەتیش دوای دووبارەبوونەوەو وەك خۆی مانەوەی دۆخەکەو ئەو بنبەستەی لەو ڕووەوە لەئارادایە.


درێژەدان بە نەریتی ڕابردوو:

ناڕەزایەتیەکانی ڕابردوو، لەو ئاستەدا نەبوون، مەترسی ڕاستەقینە لەسەر بوونی نیزام دروست بکەن، گەرچی کۆمەڵێ شەپۆل بوون، بەشی خۆی بێھێزیان کردوو و بووشن بە پێشینەی چاولێکراو و، بەڵگەی ئەوەی نیزام، توانای وەڵامدانەوەی بە داخوازییەکان سنوردارەو ئامادەی سازش نییە.


ستراتیژی پێشووی نیزام بەرامبەر ناڕەزایەتیەکان لەسەر ھەردوو ئاستی وەسفکردن و مامەڵە لەگەڵ کردن، لە سەرەتای ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارەشدا درێژەیان کێشا، کە ئەویش خۆی لەم خاڵانەدا دەبینیەوە:


١-وێناکردنی ناڕەزایەتیەکان بە تێکدان و ئاژاوەگێڕی.

٢-تۆمەتبارکردنیان بەوەی داخوازی ڕەوای خەڵك تێکەڵ بە ئەجێندای دوژمنکارانە بوو.

٣-تۆمەتبارکردنیان بەوەی دەستی دەرەکی چەند وڵاتێکیان لە پشتەو ئامانج لاوازکردنی ئێران و بەدیھێنانی خواستی دوژمنانە.

٤-سەرکوت و زیندانی کردنی ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوز کە مۆرکێکی سیاسی ھەبوو، گەرچی سەقفی نیزامیشی تێنەدەپەڕاند.

٥-ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە ڕێی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێی گرتنەپێشی لەخۆگرتن و سنوربۆدانان و کۆتاییپێھێنان بە کەمترین کوژراو و بریندار و زیندانی کراو.

٥-ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی نوێنەری خۆیشاندان و گفتووگۆو رێکەوتن.

٦-بە گشتی ھیچ سازش نەکردنێکی ڕاستەقینە جگە لە ھەندێ وردە وەڵام بەو ئەندازەی نیزام دەیخوازێت. بۆئەوەی بە ناڕازیان و ئەو ھێزانەش گرەویان لەسەر دەکەن بڵێن: چاوەڕێی ئەوە نەکەن لە ڕێی ناڕەزایەتی و فشارەوە ئامانجەکانیان بێتە دی، ھەروەھا لە سۆنگەی ئەو بیرکردنەوەی پێی وایە ھەر سازشێ بۆ بەرامبەری ناڕازی سازش و بەرزکردنەوەی سەقفی داخوازی تری بەدوادا دێت، ئەوەش سەری لە کاڵکردنەوەی مۆرکی نیزام و تەنانەت مەترسی گۆڕینیشیەوە دەردەچێت.


چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرەتای ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارەش زۆر جیاوازی نەبوو، ھەندێکیشیان تاکو ئێستا بەردەوامن! بێئاگا لەوەی ناڕەزایەتیە نوێکانی ئەمجارە لە ھەندێ ڕووەوە، شەپۆلێکی جیاواز پێکدەھێنن. بە واتای ئەوەی، زۆرتر بەسیاسیکراون و داخوازی سیاسیان ھەیەو دەخوازن ڕەمزییەتی ڕەمزەکانی نیزام و دیواری ترس بشکێنن، پشوودرێژتر و دوورمەوداتر بن، لە بارودۆخێکی نوێی جیھانی و ناوچەیشدا بەڕێوەدەچن کە جەنگی ئۆکرانیا ھێناویەتە کایەوە.


درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان، وێنای ئەوانی بەرەو بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاو و جۆرێك لە ڕاپەڕینی سەراسەری برد. ڕاستە لە مردنی کچە کوردێکەوەو لە کوردستان دەستی پێکرد و باڵاپۆشی زۆرە ملێ ھێماکەی بوو، بەڵام زۆری پێنەچوو کە ئەو سنورانەی بڕی و گۆڕا بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کۆی نیزام بە ئایدۆلۆژیاو ناسنامەو وەزیفەو بوونیادەوە.

بەربڵاوبوون و تا ڕاددەیەك سەراسەریبوونی ناڕەزایەتیەکان، کارێکیان کرد، پاساودانی ڕەتکردنەوەو سەرکوتکردنیان بە دەستێوەردانی دەرەکی و جیاخوازی و ھاوشێوەکانیان ئاسان نەبێت. فشار بۆسەر ھەرێم و بۆمباران و پەلاماردانی بنکەو بارەگای ھێزەکانی ڕۆژھەڵات، بەشێکی زۆری بۆ ئەوە بوو، وێنایەکی ناوچەیی و کوردیانە بە خۆپیشاندانەکان بدات و بە ئێرانییەکان بڵێت ئەوەی دەگوزەرێت پەیوەندی بە ئێوەوە نییە، ئەمە جگە لەوەی لە فەزایەکی بەسەربازیکراوو چەڕوو دووکەڵی جەنگدا سەرکوت پاساودارترو ئاسانترەو دەتوانرێت پرسەکە لەدەست ھێزی ئاسایش دەربھێنرێت و نیمچە مامەڵەیەکی شەڕی ناوخۆی لەگەڵدا بکرێت!


ستراتیژی نیزام لەئێستادا:

بەگوێرەی لێدوانی ھەندێ لە بەرپرسانی نیزام و لەوانەش سەرۆک کۆمار، دوای بێئاکامبوونی شێوازە کۆن و تەقلیدییە پەیڕەوکراوەکان لە ڕابردوودا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان و تاڕاددەیەک بەجیھانیبوونی پرسی سەرکوتەکە، کە ھاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی ئاژانسی نێو دەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆسەر بەرنامە ناوکییەکەو ھەڕەشەکردنی بە داخستنی دەرگای گفتوگۆو، ھەستکردن بە جۆرێك لە زەمینەسازکردن بۆ مامەڵەیەکی توندتر لەگەڵ ئێران لە سۆنگەی، تێکدانی ئاسایش و پشتیوانی تیرۆرو ھەوڵدان بۆ دەستخستنی چەکی ناوکی و بوون بە ھاوپەیمانی ڕوسیا لە جەنگ دژ بە ئۆکرانیا، دەخوازن، ھاوشان لەگەڵ ھەڕەشەی سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بەشێ لە چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکە، نیزام جۆرێ لە پاشەکشەی تاکتیکی لە خۆی نیشاندا، دەیەوێت لە ڕێی ھەندێ دانپیانان و دووبارە ھەڵسەنگاندنی وەك داننان بە خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەکان و تاووتوێکردنەوەی پرسی باڵاپۆشی زۆرەملێ و ھەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاق، جگە لەوەی سنورێك بۆ ناڕەزایەتیەکان دابنێت، ھەوڵدەدات لە ناوەڕۆکە سیاسییەکەی خۆی بەتاڵی کاتەوەو دووبارە داخوازییەکانی بخزێنێتەوە ناو چوارچێوەکانی ڕەوایەتی نیزامەوە. واتە، بە گوتەی سەرۆک کۆمار ڕەئیسی، قەیرانەکە وا بخرێتەڕوو کە قەیرانی ڕەوایەتی سیاسیی نییە. واتە، ڕووناکاتە کۆی نیزام بەو جۆرەی لە دەستووردا پایەکانی چەپێنراوە، بەڵکو پەیوەندی بە ئەدای دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان و ئامراز و شێوازەکانی پیادەکردنی دەستوور و پێوەرەکانی نیزامەوە ھەیە، کە ھەر وەك ئەو دەڵێت پێویستە لە جاران نەرمتر بێت. ئەم دیدەش قەیران لە سروشتی نیزامدا نابینێت و دەیسپێرێت بە وردەکاری پیادەکردنی بە ھاوپێوەرەکانی.

ھەڵبەت لە دیوە ئایدۆلۆژی و مەزھەبییە ڕادیکاڵەکەوە، مادام ئیمامی زەمان دەرنەکەوتووە، بۆ پێکھێنانی حکومەتی عەدلی جیھانی، مانەوەی نیزام پێویستیەکی کەلامی و عەقیدیی و ڕەگە قوڵەکانی ڕەوایەتیشی لێرەدایە، مەردومسالاریی دینیش سنوردارە بەم ڕەھەندە میتافیزییکەوە!

لێرەشدا پرسیار ئەوەیە، ئایە بەم پاشەکشە تاکتیکییە سنور بۆ قەیران و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکە دادەنرێت؟ ئایە دوای ئەو ماوە دوورودرێژەی ناڕەزایەتیەکان و ئەو خوێنەی ڕژاو ئەو بەربەستە دەرونیەی شکاوە، بواری ئەوە ھەیە پرسەکە لە خراپی خزمەتگوزاییەکان و سەرپۆشی زۆرەملێدا قەتیس بکرێت و ناڕازیان ڕازیبکرێن؟ ئایە ئەم جۆرە دانپیاننان و پێشنیارانە درەنگوەخت نین؟ لە سایەی دۆخی خراپی ئابووری و توندتربوونی گوشارەکانی دەرەوە بۆسەر نیزام و فراوانتربوونی کەلێنی کۆمەڵ و بەتایبەتیش نەوەی نوێ لەگەڵ ڕێبەران و نوخبەی حوکمڕان، دەتوانرێت شتێکی شایستە پێشکەش بکرێت و گوزەرانی خەڵك باشتر بکرێت؟ لەڕاستیدا زەحمەتە! بۆیە چاوەڕێ ناکرێت بەم جۆرە پێشنیارانە قەیرانی ئێستای ئەم وڵاتە چارەسەر بکرێت، بەتایبەتیش کە ناڕەزایەتیەکان لە ناوچە سووننە نشینەکان لەوانەش کوردستان و بەلوجستان، توێژی جۆراوجۆر و لەوانەش زانایانی ئایینی بە ئاستێکی بەربڵاویان تێکەڵ بووەو باس لە دووبارە ڕاپرسی لەسەر نیزام سزادانی ئەوانەی تاوانبارن بە کوشتن و بریندارکردن و ئازاردانی ناڕازیان، کۆتاییھێنانی ھەرسێ جۆر ستەمی نەتەوەیی و مەزھەبی چینایەتی و ئابووری دەکەن، بەوەش مەسەلەکەیان لە بازنەی داواکاریە سنوردارەکان دەرکردووە.کەچی سەرەڕای ئەوە نیزام لەسەر زمانی سەرۆکەکەی ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا ئامادەیی تێدا نیە باس لە ھەمووارکردن یاخود دووبارە داڕشتنەوەی دەستوور بکات، کە پەیوەستە بە سروشتی نیزام، بێ ئەوەش باسکردن لەھەر چاکسازی و گۆڕانکارییەکی سیاسی بێمانا دەبێت.

لەبەردەم دۆخێکی نیمچە بنبەستی سیاسی و دامەزراوەیی لەم جۆرەدا، دۆخی ئەو وڵاتە لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردا کراوە دەبێت.

١٠/١٢/٢٠٢٢

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان