عەبدوڵا مەحمود
راپەڕین و خرۆشانی جەماوەری لە ئێران درێژەی هەیە و تادێت بەرینتر و سەراسەری تر دەبێتەوە. پایەی سەرەکی ئەم راپەرین و خرۆشانە جەماوەرییە، نابەرابەریەکی قوڵی ئابوری و بەرین بوونەوەی قڵشتی چینایەتییە لە ئاستێکی یەکجار بەرزدا. بێکاری و گرانی و هەژاری، نەبوونی سەرەتاییترین مافە جهانداگرەکانی ئینسان، نەبوونی سەرەتایی مافی ژنان و لاوان... داسەپاندی یاسا پرتوکاو و کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان بەسەر کۆمەڵگە و لە پێشیانەوە بەسەر ژناندا، لەوانە حجاب وەکو یەکێک لە رەمزەکانی کۆیلەتیی.
دیارە ئەم خۆپێشاندان و راپەرینەی ئێستا، درێژکراوەی نارەزایەتی و خرۆشان و راپەرینەکانی پێشووی کۆمەڵگەی ئیرانە، درێژکراوەی بزوتنەوەی رۆژ لەرۆژ لە پیشی بزوتنەوەی کرێکارییە، دریژکراوەی نارەزایەتی ژنان بە حجاب و سەرکوت و بێمافییە، دریژکراوەی بزوتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینانە، دریژکراوەی بزوتنەوەی دژی بیکاریی و نەفرەتی خویندکاران و لاوانی هیوا خنکێنراوە، درێژ کراوەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستانە...تاد. ئەم بزوتنەوە و راپەرینەی ئێستای ئیران و کوردستان، لێکگرێدراوی و هاوئاهەنگی هەموو ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانەیانەیە کە لەپێشرەوی خۆیدا، چوارچێوەیەکی سەراسەری تر و هاوئاهەنگتری بەخۆیەوە گرتووە.
ڕاپەڕینی ئێستای جەماوەری ئیران، لەسەر پایەی پێشرەوی و خاراوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی پیشوویدا پێی گرتووە و بەئێرە گەیشتووە. مەرگی مەهسا ئەمینی، لەناو دڵی ئەو نارەزایەتییە فراوان و بەرین و کۆمەڵایەتیەدا، بووە هۆی کڵپەسەندنی دوبارەی ئەو پشکۆ و ئاگری ژێر خۆڵەمیشەی دەیان ساڵە لە کۆمەڵگەی ئیراندا ئامادەیی هەیە.
لەناو دڵی راپەرینی ئێستادا، کە بەرهەمی ئاوێزان بوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە لەگەڵ یەکتری و بۆ ئامانجێکی هاوبەش کە روخاندنی دەسەڵاتی ئاخوندەکانە، هاوکات بزوتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان لەناویدا بەجیا جیاش باڵادەکەن و پێدەگرن. بزوتنەوەی کرێکاریی بە کریکارانی لەسەر کار و بێکارەوە خاراوتر دەبێت و ئەزموونەکانی باڵاتر و ئاستی رێکخراوبوونی زۆرتر و لەوەلانانی گرفتەکانی بەردەمیدا کاراتر دەبێت... بزوتنەوەی ژنان، کە لەهەموو جموجۆڵەکان و نارەزایەتیەکانی ئیراندا ئامادەیی بووە و لە راپەرینی ئەمجارەشدا پرسی ژن و حجابی ئیسلامی داینەمۆی گڕدانی نارەزایەتیەکان و قوربانیەکەی ژن بوو، دەتوانێت بەشێوەیەکی زۆر کارا بەرەوپیش بچێت و ئامادەیەکانی بۆ یەکلایی کردنەوەی نەبەردەکانی داهاتوو تەنانەت بۆ مۆردان لە دەسەڵاتی داهاتوو، بنەخشێنێ. بزوتنەوەی خویندکاران و لاوان و مامۆستایان و خانەنشینان، وەکو چەند بزوتنەوەیەکی هەمیشە ئامادە دەبنە هیزی یەکلاییکەرەوە لەنێوان بزوتنەوە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە لەسەر ئەڵتەرناییفی داهاتووی دوای دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی. بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، ئاسۆی سیاسی داهاتووی رۆشنتر دەبێت و رێگاکانی کۆتاییهینان بەستەمی نەتەوایەتی لەچورچیوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی تێدەپەڕێنێت و توانای ئەوە دەبێت، رێگاچارەی خۆی لەچوارچیوەی بزوتنەوەی سەراسەری و کریکارییدا بخاتە ڕوو. بەکورتی ئەم راپەرینەی ئیستا لەگەڵ ئەوەدا مۆرکی ناوچەیی و جغرافی پێوەنییە بۆتە سەکۆیەک بۆ هاوئاهەنگی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە شۆرشگێر و ئینسانیەکان، لەسەراسەری ئیراندا، بەڵام هاوکات هەر کام لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەجیاش، بەرەو خاراوتر بوون دەبات و ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی ئەم بزوتنەوەی ئیستا بەخۆوە دەگرن. لەناو جەرگەی خرۆشان و راپەرینی ئیستای سەراسەری ئیران و کوردستاندا، لەناو دڵی هاتنەمەیدانی فراوان و جەماوەریدا، بزوتنەوەی کریکاری و بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی دژە ئیسلامی، سێ باڵادەسترین رەوتی نارەزایەتییەکانی ئیرانن و هەر ئەوەش ناوەرۆکی شۆرشگێرانەو و ئاینندەی جیگا ئومیدی بەسەراسەری خەڵکی ئیران و کوردستان، لە ناوخۆی ئیران و دنیای دەرەوە بەخشیوە. بێگومان هەموو بزوتنەوە و خرۆشان راپەرینێکی شۆرشگێرانە، بەسودی بزوتنەوەی شۆرشگێر و ئینسان دۆست و ئازادیخوازەکان و جەماوەری بێبەشە و هاوکات پاشەکشە بە بزوتنەوە دواکەتوو کۆنەپەرست و گریگرتەکان... دەکات. ئەوەی وای کردووە دروشم و بانگەوازی شۆرشگێرانە سایەی بکاتە سەر خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەکان، ریشەی لە شۆرشگێر بوون و پیشکەوتنخواز بوونی، راپەرینی ئیراندایە.
خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی رەشی جمهوری و ئاخوندەکانی ئیران، بۆتە خواست و داواکارییەکی هەمەگیر و سەراسەری لە ئیران و تەنانەت ئازادیخوازەکانی ناوچەکەش. دەسەڵاتی رەشی ئاخوندەکان تەنها مۆتەکەیەکی رەش بەسەر سەری جەماوەری کریکار و بیبەشی ئیرانەوە نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵگەی ئیرانی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ دیلکردنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، هاوکات وەکو دەسەڵاتێکی ئەختەبووتی چنگی لە دەیان وڵاتی ناوچەکە گیرکردووە و بۆتە سەرچاوەی بەهیزکردنی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان، نائارام کردنی ئەو وڵاتانەو پیشیلکردنی ئیرادەی سیاسییان. بۆیە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی، هەر کۆمەڵگەی ئیران لەدەستی ئاخوندەکان رزگار ناکات، بەڵکو دەستی ئەو رژێمە لەسەر ژیان و گوزەرانی دەیان وڵاتی ناوچەکە کورت دەکاتەوە و بەکرەوە کۆسپێکی گەورە لەسەر ڕێ خەبات و تیکۆشانی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئەو وڵاتانە لادەبات. جیا لەوانە لەگۆڕنانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی دەبێتە هۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و پشت چۆڵ بوونی دەیان و سەدان دەسەڵاتی دیکتاتۆرو شێوە مەزهەبی و دەوڵەتی و گروپی و پاشەکشەکردن بە تیرۆریزم و رەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، ئەمەش دەروازە بەرووی کرانەوە و ئازادییەکان و پیشکەوتنخوازی و ئینسان دۆستی و پیشرەوی لەهەموو زەمینەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەدوای خۆیدا دێنێت.
هەر بۆیە چۆن جەماوەری دیلی دەستی کۆنەپەرستی، بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئاسۆی ژیانی ئازادانەو مافەکانیان و ئیرادەیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش هیز و رەوتە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی لە قەومیەکانەوە بۆ دینییەکان و رەوتە تیرۆریست و دەوڵەتەکانیان، توشی پاشەکشەو و داڕمان دێن و ئاسۆی داکوژانیان، دەست پێدەکات. هەر بۆیەشە بەهەموو شیوەیەک هەوڵ دەدەن ئەم بزوتنەوە شۆرشگێرانەیەی ئیستا بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی، پارچە پارچە بکەن، دابڕ دابڕی بکەن، ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبی بە باڵا ببڕن، لەنیوەی رێگادا رایبگرن و خەڵک بنێرنەوە بۆ ماڵەوە. جیا لەوانە ئەو حزب و هێزە بۆرژوازیانەی ئومێدیان خۆیان بە ئەمریکا و غەرب بەستۆتەوە تا دەگاتە خودی ئەمریکا و غەرب، نیگەرانن لەوەی دەسەڵایی جمهوری ئیسلامی بە ئیرادەی شۆرشگێرانەی جەماوەری و بە ئاسۆی شۆرشگێرانەوە، بە سەرئەنجام بگات، بۆیە ئەوانە هەموویان وەکو هیزی دژە شۆرشی جمهوری ئیسلامی لە مەیداندان و ئامادەی هەموو هاوکاری و پلان و مانۆرێکن تا ریزەکانی بۆرژوزی ئامادەی دوای روخاندنی رژیمی ئیران بکەن و سواری شۆرشی سەرکەوتووی جەماوەری ببن و شۆرش بدزن. ئەوان دەیانەوێت دەسەڵاتی دوبارەی سەرمایە، بەڵام ئەمجارەیان لە بەرگێکی تردا، دابسەپێنن. ئەمە مەترسیەکی گەورەیە لەبەردەم ڕاپەرین و شۆرشدا، کە پیویستە لە ئیستاوە، بەشیوەی جدی بۆ بەشکست کیشانی ئامادەیەکان ببرێتە سەرەوە.
بزوتنەوە و خرۆشان و راپەرینی ئێستای ئیران، پیویستە لەگەڵ پیشرەوی رۆژ بەرۆژ و تەنانەت سات بەساتی خۆیدا، بۆ روخاندنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان، ئامادەیی بۆ رووبەرووبوونەوەی پلان و نەخشەکانی بۆرژوازی و لەناوخۆ و دەرەوەدا هەبێت... بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیستای لەخوارەوەی جەماوەری لەگەڵ ئەوەدا لە پیشرەوی خۆیدا دەتوانێت و دەبێ دەسەڵاتی نەنگینی ئیستای سەرمایە لە ئیراندا رابماڵێت، هاوکات دەبێ ئەوە رۆشن بیت، بۆرژوازی بەهەموو رەوت و باڵ و لاباڵەکانیەوە چ لەناوخۆی ئیران و چ لەدەرەوی ئیران، هەراسان و نیگەرانی شۆرشی ئیستای جەماوەری ئیرانن. خەریکی خۆسازدان و هاوپەیمانیەتی بەستن و بەرە دروستکرنن. هەنگاوی کارا بۆ ئێستا و داهاتووی دوای روخاندنی جمهوری ئیسلامی، لە ئێستاوەو لەناو دڵی راپەرینی ئێستادا بە گرتنە بەری نەریت و شێوازی نوێ و تەبا لەگەڵ شۆرش و راپەڕینی ئیستا دەست پیدەکات. ئیستا کاتی پیکهێنانی ریکخراوە کریکاری و جەماوەری و پیشەیەکانە، کاتی ئەوەیە لەهەر شار و شارۆچکەو ناوەند و کارگەو و گەرەکێک، کە دەسەڵاتی ئاخوندەکان هەڵپێچرا، یان هاوسەنگی هیز رێگا دەدات، دەسەڵاتی جەماوەری لە رێگای دەخالەتی راستەوخۆی خەڵکەوە، لەو جێگایانە دابمەزرێت... ئەمە چ بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات و چ بۆ بیناکردنی هیزی بەرگری لەبەرامبەر پەلەقاژەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکان، هاوکاتیش بۆ ئاشنابوونی جەماوەری بە توانایی و ئەلگۆ دەسەڵاتدارێتی خۆیان، لەبەرامبەر بەهەوڵی هیزە بۆرژوازییەکان، کە ئەوانیش دەیانەوێت ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی خۆیان و بەدیاریکراوی و لەباشترین حاڵەتدا بەرگری لە ئەلگۆی دیموکراسی بۆرژوایی، بەدەستەوە دەگرن. ئەلگۆیەک کە لەهەموو گۆشەو کەنارێکی دنیادا شکستی خۆی نیشانداوە رووبەڕووە لەگەڵ نارەزایەتی جەماوەری.
بنیاتنانی دەسەڵاتی لەخوارەوەی جەماوەری لەهەر جێگا و شار و ناوەند و کارگەو گەرەکێک، و بەکورتی دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەری، چ لە ئاستی ناوخۆدا ئیرادەی جەماوەری نوێنەرایەتی دەکات و لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەشدا، دەتوانێت پشتیوانی و هاوکاری بۆخۆی دەستەبەر بکات.
گومان لەوەدا نییە دەستبردن بۆ کۆنترۆڵی محەلات و شارەکان، بۆ جگیرکردنی دەسەڵات لەجێگای دەسەڵاتی راماڵراو و بەدەستەوە گرتنی ئەلگۆی نەریتی کۆبونەوە گشتیەکان و بنیاتنانی شوراکان بۆ پرکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات و راگەیاندنی ماف و سەنەدی دەسەڵاتدارێتی و خستنەڕووی چۆنیەتی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە و بەرگری لە دەستکەوتەکانی شۆرش و راپەرین و سەنگەر لێدانی پتەو لەبەرامبەر بە هەوڵی و مانۆر و پلانی هیزە بۆرژوازییەکان، کە لە پشتیوانی مادی و وڵاتانی دژە شۆرشی بۆرژوازی بەهرەمەندن، کاری هوشیارانەو ریکخراو ئامانجدارانەی حزب و ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانە.
بزوتنەوەی راماڵین و روخاندنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان، پایە چینایەتیەکەی و خواست و داواکارییەکانی، تا دەگاتە نەریت و شیوازی خەباتەکەی، ئاسۆی زاڵ بەسەریدا... چەپی و هیزە کاراکەی چینی کریکار و جەماوەری بیبەشە، ئەمەش ماتریالی شیاو و گونجاوە بۆ زاڵکردنی ئاسۆی سۆشیالیستی بەسەر شۆرشی ئیستاو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادی سۆشیالسیتی و هاوکات مەلزوماتی دەخالەتگەری چەپ و کۆمۆنیزمە. ئەگەر کۆمۆنیزمی پراکتیکی، ئامادەی ئەم نەبەردە نەبێت و لە ئیستاوە بەشیکی کارای نەبێت، بۆ رابەریکردن و ریکخستن و سازدان و وەڵامدانەوە بە رێگریەکانی، بەکردەوە مەیدانی نەبەردی بەردەوامی ئێستا دەسپێرێت، بە بۆرژوازی و هیزەکانی، تا شۆرش بەئاقاری بەرژەوەندی خۆیان و دامەزاراندنی دەسەڵاتیان بدزن...
٢٥/١٠/٢٠٢٥