گەلی خۆراگری کورد!
هێز و لایەنە ئازادیخوازەکان!
لەکاتێک دا کە کۆمەڵگای ئێران لەئەنجامی دابڕانی خەڵک لە حکومەت تووشی قەیرانگەلێکی گشت رەهەندی و گشتگیر و قووڵ بۆتەوە، و لەئەنجامدا رەوشی ئێران بەهۆی خۆپێشاندانی گەنجان و بەرنگاربوونەوەیان لەئاست هێزەکانی داپلۆسێنەر دا لەوپەڕی خەراپی خۆی دایە، و هەنووکە هەروەکی دەبینرێت زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، بەدوای بە ناحەق کوشتنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی ۲۲ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، نارەزایەتی لەهەمبەر سیاسەتی دژە ئازادی کۆماری ئیسلامی سەراسەری ئێرانی تەنیوەتەوە، مەخابن لەم دۆخەدا، کۆماری ئیسلامی لە جیاتی دۆزینەوەی رێگاچارەی مومکین بۆ ئەم رەوشە نالەبارەی ناوخۆی ئێران، ئەمرۆ هێزەکانی سپای کۆماری ئیسلامی، بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان و قەندیل داوەتە بەر هێرش و پەلاماری موشەکی و درۆنی خۆتەقێنەر، کە بەداخەوە لەئەنجامدا چەندین کەس شەهید و برینداری لێکەوتۆتەوە. بۆیە
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەم هێرشە،و شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە قیزەوەنەی کۆماری ئیسلامی کە شەهید و برینداربوونی چەندین کەسی لێکەوتوتەوە، سەرەخۆشی و هاودەردی ئاراستەی سەرجەم حیزبەکان و بنەمالەی شەهیدان و بەگشتی خەلکی کوردستان دەکات، و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت،و هیوای شیفا و چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ برینداران دەخوازێ،.
هەر لەم پەیوەندییەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازان داوا لە تاران دەکات کە لە جیاتی زمانی هەرەشە، هێرش و سەرکوت، هەوڵ بدات کە لە زمانی دیالۆگ، تەفاهوم و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان سوود وەربگرێت، تا بەلکوو جارێک بۆ هەمیشە کۆتایی بە زۆڵم و ستەم بەرامبەر کورد و گەلانی دیکەی ئێران بهێندرێت.
یادی شەهیدانی هەرمان
سەرکەوێ یەکگوتاری ناوماڵی کورد
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
چوارشەممە رێکەوتی ۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ی کوردی
بەرامبەر بە ۲۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۲