هەمزە عەبدوڵڵا
قەیران=کریز؛ تهنگهژه؛ تهنگوچهڵهمه؛ تهنگهزاری؛ ئهزمه؛ ئاڵۆزی
هەر تەنگەژە و ئاڵۆزی و شێواویەک کە ببێتە هۆی کێشەیەکی گەورە و بێ چارەسەر، یا ناچارەسەر و بەو هۆیەوە هەموو کۆمەڵگە، بەشێک یا چەند چین و توێژێک بکەونە نیگەرانی و کوێرەوەری و بێ داهاتی و دوور بکەونەوە لە ئەو شتانەی کە مافی خۆیانە بۆ بژیو و حەسانەوە و حەوانەوە و ئازادی و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و ... پێی دەڵێن: "قەیران"
قەیرانی ئابووری و ڕامیاری و فەرهەنگی و نەبوونی و کەمبوونی پێداویستیەکانی ژیان، وەکوو: وشکەساڵی و نەبوون یا کەمبوونی ئاو، لە هەمووان گرینگتر، قەیرانی نەبوونی سەربەستی و بوونی سیستێمی چەوسانەوە، دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانگەلێک، کە قەرەبوو ناکرێنەوە و دەستەویەخەی هەموو توێژەکانی گەل، بە تایبەت بەرەی لاو و نەوەی نوێ دەبێتەوە، قەیرانی مرۆیی یا قەیرانی کەمبوونەوەی بەرەی لاوەکانە، کە ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆچی ناچاری بۆ هەندەران و بۆ ئەو وەڵاتانەی کە لەوێ دەبنە کرێکار و خزمەتکار و ژیانی هاوبەش پێک ناهێنن، یا ئەگەر ژیانی هاوبەشیان پێکهێنا، سیستەمی پەروەدەی ئەوێندەرێ لە نیشتمانی دایکیان دادەبڕێ....!؟
نزیک بە نەوەت و نۆ لە سەتی کۆچەران بۆ هەندەران، ڕەگەزی نێر و کوڕە مێرمنداڵ و لاوەکانن. ڕێژەی کۆچەرانی ژن زۆر کەمن، چونکە لە کوردستان دەستەڵاتی دارایی و هێزی کار، پیاوەکانن؛ ژنەکانیش لە بەر ئەوەی مافی کارکردنیان کەمە و میراتی باوانیان کەمتر دەدرێتێ، واتا... دەستەڵاتی ئابووری و داراییان کەمە و ئەگەر هەیانبێ، مافی خەرجکردن یا مافی بڕیاردانیان نیە، کەمتر دەتوانن وەک پیاوان تەمای دەرچوون لە وەڵات و دوور کەوتنەوە لە خانەوادەیان بگرن!
پیاوانیش یا کار و پیشەی شایانیان بۆ پەیداکردنی بژیو دەست ناکەوێ، یا ئەو کار و پیشەی پێشوویان وەک بازرگانی سەرسنوور و کۆڵبەریان لە دەست داوە، یا بە هۆکاری ڕامیاری و لە هەمووان گرینگتر، چاولێکەری و لاسایی، ماڵ و خزم و کەس و نیشتمان بەرەو چارەنووسێکی نادیار جێ دێڵن...!
بەو پێودانە، هەموو چرکە و خولەک و کات و ڕۆژێک لە حەشیمەتی ڕەگەزی نێر، کە زۆرتریان ئەو لاوانەن هەڕەتی ژنهێنان و پێکهێنانی ژینی هاوبەشیانە، کەم دەبێتەوە و ڕەگەزی مێ، لە نێرەکان، لە کۆمەڵگە، لە نیوەی کۆمەڵ تێدەپەڕێ و پیاوان ئەوەندە کەم دەبن کە قەیرانی بێ پیاوی دێتە ئاراوە و ئیدی، ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێو چینی ژنان سەرهەڵدەدا و لە هەموو ماڵێک، بێجگە لەو ژنە بەمێردانەی کە پیاوەکانیان لێ دوور کەوتوونەوە، کچانی قەیرە و بوخچەنەکراوە، زۆر دەبن و خەمۆکی و خۆکوژی و کێشەی نامووسی ئەوەندە زۆر دەبن کە کۆچی پیاوان دەکەوێتە ژێر پرسیار و دەبێ پێیان بڵێین:ئەرێ....؟ لە بێکاری و لە برسان لە وەڵاتی خۆت بمری و نیازی ڕەگەزی و پێداویستیە نەمر نەژیەکانی هاوژین و خانەوادەکەت پێک بێنی، باشترە؟ یا.... لە دوورەوە، بە کار و تێکۆشان و خۆماندوو کردنێکی زۆر، نیاز مادیەکانی کەس و کارت، کەم تا کورتێک چارەسەر بکەی و لێرەش هەزاران کێشەی بێ چارەسەر و دڵتەزێن و بێ قەرەبوو، بۆ کەسەکانت ڕوو بدات...!؟
قەیرانەکانی هەژاری و بێکاری و ڕامیاری و ئابووری و وشکەساڵی... بە تێپەڕینی کات و هزر و بە مشوور و چالاکی و تێکۆشان، چارەسەر دەبن؛ بەڵام قــــــەیرانی بێ پیاوی و قەیرانی قەیرەیی ئافرەتان، بە پارە و دارایی چارەسەر نابێ!
کۆچ مەکەن! بیر لەو ژن ودایک و خوشکانە بکەنەوە کە، تووشی چ بارودۆخێک دەبن...!
قەیرە: بەومرۆڤە دەڵێن کە لە تەمەنی یاسایی و سرووشتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی تێپەڕیوە و گەیوەتە تەمەنی بێ هیوایی و دوودڵی و ڕاڕایی بۆ پێکهێنانی ژنانی هاوبەش.
سرنج:
ڕەنگە بە هۆی ئەو نووسراوە، تخوونی ڕەخنەی زۆر ببمەوە!
بەڵام، چاوەڕێی تێبینی و ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەموو خوێنەرانم.
10/9/2022