ئەرلینگ فۆلکڤۆر
و. لە نۆروێژییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە
کێ دەبێتە خاوەنی ڕووبارەکان؟ ئەمە گرنگترین پرسی سەدەی ٢١-ە کە کوردستان و زۆر شوێنی تر دەگرێتەوە. دەرھێنانی نەوت رووداوێکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. (بەڵام) ڕووبارەکان ھەمیشەیین. دەیان ھەزار ساڵ لەمەوبەر فورات و دیجلە خۆراک و شێوەی ھیلالی بەپیتیان داڕشت کە بە بێشکەی بەشێک لە کۆمەڵگەی مرۆڤە کەونارییەکان دادەنرێت. ڕووبارەکان میزۆپۆتامیایان پێکھێنا. ئاوی فورات ژیان لە تورکیا و سوریا و ئێراق مسۆگەر دەکات. دیجلە کە لە چیاکانی باکووری کوردستانەوە دێت، لە باشووری کوردستان تێکەڵاوی لقەکانی زێی گەورە و زێی بچووک دەبێتەوە و گەشە دەکات.
کوردستان تا بە ئێستا سەرچاوەی ئاوی باکووری ڕۆژھەڵاتی ناڤین بووە. کاتێک تورکیا بەنداوی ئاراراتی لە سەر فورات سازکرد، سوریا و ئێراق کە کەوتوونەتە خوار بەنداوەکە، تازە تێدەگەییشتن کە ئەوە شتێکی ئاسایی نییە.
ھەردوو دەوڵەتی عەرەبی و دەوڵەتی تازە سازبووی ئیسرائیل ئاویان نییە. پلاندانەرانی تورکیا و ئیسرائیل بیریان لە ھاوپەیمانییەک کردەوە لە سەر بنەمای ئاو. ئەم دوو دەوڵەتە بە پێی بەرژەوەندیی ھاوبەش لە چەند بوارێکدا ھاوکاریی بەھێزیان ھەبووە. (بۆ نموونە) ئەندامە بە بڕشتەکانی ڕێکخراوە زایۆنییەکان ھەوڵیان داوە کە ئەمریکا ژینوسایدکرانی ئەرمەنییەکان لە لایەن تورکیاوە پەسند نەکا٢..
پۆڵ سیمۆن، سیناتۆری پێشووی ویلایەتی ئیلینۆی (ئەمریکا) لە کتێبێکی تایبەت بە کێشەکانی دابینکردنی ئاو لە جیھاندا دەڵێت: "لە ٤٠ بۆ ٩٠ ساڵی داھاتوودا رێژەی ٥.٩ ملیارد کەسی جیھان بۆ دوو قات بەرز دەبێتەوە، کەچی دابینبوونی ئاو ھەر ئەوندەیە کە ھەبووە، سەرەڕای ئەمە، بەکارھێنانی ئاو بۆ ھەر تاکێک لە جیھاندا دوو ھێندە خێراتر بووە". مەرج نییە تۆ ئەنیشتاین بیت بۆ ئەوەی بزانی کە لەوانەیە ئێمە بەرەو کارەساتێک بڕۆین. ئەم پرسانە لە ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا قورسترن. لەوێ زیاتر لەو ١٠ ململانێیە دەبینین لە سەر ئاو کە "سی ئای ئەی” پێی وایە بۆنی شەڕیان لێدێت.
گرینگیی سیاسیی ئاوی شیرین
ئاراستەی سروشتیی رووبارەکان چیتر ناتوانن بۆ مرۆڤی دیاریی بکەن کە لە کوێ ئاو و وزە بەرفراوانەکەی بەکاربێنێت. بە بەکارھێنانی وزەی کەمتر، دەتوانرێت بە پێی پێویست وزەی کارەبا بگوازرێتەوە. ھەروەھا بە نوێترین تەکنۆلۆژیای بۆری (سازکردن)، دەکرێت ئاوی شیرین بۆ نموونە بە بنی دەریادا بۆ شوێنی دوور بگوازرێتەوە. ھەتا ئەو کاتەی تورکیا کۆنترۆڵی ڕووبارەکانی باکووری کوردستانی بەدەستەوە بێت، ئانکارا دەتوانێ لە ململانێکانی دەیەکانی داھاتوو لە رۆژھەڵاتی ناڤیندا خۆی بسەپێنێت.
ئیسحاق ئالاتۆن، سەرکردەی بازرگانیی کە خاوەنی کۆمپانیای ئالارکۆ ھۆڵدینگە، گرێبەستی دروستکردنی ھێڵی بۆریی بۆ ئەو بەشەی قوبرس پێبەخشراوە کە تورکیا داگیری کردووە. ئالاتۆن، لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٧ە لە شاری ئەستەنبوڵ، جولەکەیە و زۆربەی پڕۆژە بازرگانییەکانی لە ڕووسیا و ئاسیای ناڤیندا بەڕێوە دەبات. پڕۆژەی ھێڵی بۆریی قوبرس دەتوانێت گرینگیی سیاسیی ئاوی شیرین دەربخات. بۆریەکان دەتوانن ئاوی زۆر زیاتر لە پێویست لەسەر بەشە داگیرکراوەکەی دوورگە وشکەکە ھەڵبگرن و بیگوازنەوە. ئالاتۆن لە فێبریەی ساڵی ١٩٩٩دا ڕایگەیاند کە ھیوادارە ھێڵی بۆریی تورکیا ئاشتیی بەدواوە بێت. با بزانین وا دەبێت یان نا. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەستداگرتن بەسەر سەرچاوەی نوێی ئاوی شیرین تورکیا بەدەسەڵاتتر دەکات بەسەر قوبرسدا. باکووری قوبرس ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن تورکیاوە داگیر کرا و بوو بە دوو بەشەوە..
دەیان ساڵە ئەندازیارانی تورکیا چاویان بڕیوەتە فورات و دیجلە. ئەوان توانیویانە بیرۆکە و پلان گەڵاڵە بکەن بۆ داڕشتنی ماستەرپلانی پڕۆژەی باشووری ئەنادۆڵ. بە تورکی بە پڕۆژەکە دەکوترێ گاپ. ماستەرپلانەکە کە ساڵی ١٩٨٩ دەستپێکراوە بریتی بووە لە سازکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی کارەبا. دە ساڵ دواتر تێچووی ئەنجامی پڕۆژەکە بە ٣٢ ملیار دۆلار خەمڵێندرا، دەبێ زۆر ناوچە بە ھۆی سازکرانی بەنداوەوە بچنە بن ئاو.
بە گەشەکردن و بەھێزبوونی پشتیوانیی جەماوەریی و سەربازیی لە خەباتی رزگاریخوازیی کورد، پرۆژەی گاپ خێراتر کرا. بەنداو و ھێلی بۆری بوونە چەکی دەستی دەوڵەتی تورک لە دژی کورد. لە کاتێکدا ئەندازیاران بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەنداوی نوێیان ساز دەکرد و زەریاچەی دەستکردیان پڕ دەکرد، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا دروشمی فریوکارانەی نا بۆ "وشککردنی گۆماوەکان لە پێناو قڕکردنی ماسی"یان بەرز کردەوە. بۆ ئاستەنگکردنی مانەوەی گریلاکان ڕووبەرێکی بەرفراوانی دارستانیان سووتاند و بەشێکی زۆری لادێکانی باکووری کوردستانیان بە خەڵکی چۆڵ کرد.
زەریاچە دەستکردەکان "بۆ پێشگرتن لە گەڕانەوەی خەڵک"
نامەیەکی نھێنیی تورگوت ئۆزال کە ساڵی ١٩٩٢ نووسیویەتی، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەنداو و کۆچاندنی زۆرەملێ دوو دیوی دراوێکن و پەرەدان بە وێستگەکانی وزەی ئاوی بە بەشێک لە پلان و سیاسەتی ئاوارەکردنی کوردەکان وەسف کرد. نامەکە بۆ سولەیمان دەمیرێل سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا نووسراوە کە لە کتێبێکدا چاپ کرا و کتێبەکە حەوت ساڵ دواتر لە تورکیا بڵاوکرایەوە.
سەرۆک ئۆزال بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە دەریاچە دەستکردەکان بەشێکی گرنگن لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد. ئۆزاڵ ڕایگەیاند کە پ ک ک خەریکە بەخێرایی بە جەماوەریی دەبێتەوە و تەنانەت لە ھەندێک ناوچەدا دەستیان بە سەر ئەرکەکانی دەوڵەتدا گرتووە؛ وەک بەشی باج و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ھەر بۆیە ھێندێک رێوشوێنی لە توێی لیستێکدا خەستە بەر دەست:
ڕێوشوێنی کورتخایەن و مامناوەند:
ناوچە شاخاویە رژدەکان و گوندەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی پێویستە چۆڵ بکرێن و خەڵکەکەی بە زۆر (بە شێوەی سیستماتیک) بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا بۆ ئەوەی بناغەی لۆجستیکی ڕێکخراوەکە [ پ ک ک]دەربھێندرێت. بۆ پێشگرتن لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان و پشتیوانیکردنیان لە تێرۆر، پێویستە پلان دابنرێت بۆ سازکردنی زەریاچەی دەستکرد لەو ناوچانەدا .
بە کورتی: سەرەتا کۆچی زۆرەملی، پاشان گوند و کێڵگەکان دەخەینە بن ئاوی بەنداوەکان و مەزراکان دەکەینە لەوەڕگە. ئەوکات تەنانەت ئەگەر بشخوازن بگەڕێنەوە چی شک نابەن.
سەرۆک ئۆزال ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ئەرکێکی گرینگی لەسەر شانە لە ڕاگەیاندنی ئەو پلانەی وابڕیارە بەسەر جیھاندا بێت:
زۆر گرینگە ھەم ڕای نێودەوڵەتی و ھەم ڕای ناوخۆ ئاگادار بکرێنەوە. بۆ ئەمەش پێویستە گروپێکی شارەزا پێکبھێنرێت کە بە شێوەیەکی گونجاو و بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان زانیاریی بدات و تەنانەت ئەگەریش پێویست بوو زانیاری ھەڵە بڵاو بکاتەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە (٢٠٠٢)، ڕێژەی بێکاریی لەو پارێزگایانەی لە ژێر کاریگەریی پڕۆژەی گاپدا بوون لە سەدا ٣٦ بووە. پلانەکانی سەرۆک ئۆزال بۆ چۆڵکردنی تەواوی بەشە کوردییەکەی تورکیا نەبوو. ھەروەھا داوای پێشکەوتن و گەشەی ئابووریی کرد: "دەبێت لە ناوەندی ھێندێک لە ناوچەکاندا وەبەرھێنان بکرێت (وەک ئادیامان، دیاربەکر، ئورفا، ماردین، باتمان، سیرت، ئێلازیغ مەلاتیا و ھتد) بۆ ئەوەی تەماح وەبەر دانیشتوانی ناوچەکانی دیکە بنرێت بۆ ئەو ھەرێمانە کۆچ بکەن، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چۆڵکرانی گوندە شاخاوییەکان». بە خوێندنەوەیەکی خێرا دەبینین کە بەشی وەبەرھێنانی پلانەکانی ئۆزال زۆر کەم جێبەجێ کراوە.
لە ھاوینی ساڵی ١٩٩٩دا، بەڕێوەبەریی پڕۆژەی گاپ ڕایگەیاند: "لەو ماوەیەدا ھەرێم زیاتر لەوە گەشەی کردووە کە لە ساڵی ١٩٨٩دا پێشبینی یان گریمانەی بۆ کرا، ھەروەھا بەشێک لە پڕۆژەکان جێبەجێ نەکراون"بۆیە دەبێت پێشئەنجامی ماستەرپلانی سەرەکیی بگۆڕدرێت.
بابەتی «گەشەپێدانی ناوچەکە و ھتد» دەتوانێ ناوێکی تر بێت لەسەر شەڕی نێوان کوردەکان و تورکیا.
کارەبای ئاوی - ئەندازیارانی بەدەسەڵاتی سیاسی
ئەو ئەندازیارانەی لە ساڵی ١٩٩٩دا بە پلانەکانی گاپدا چوونەتەوە لەوانەیە ڕاستییەکان بڵێن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ڕەنگە ئەو دەسکەوتانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا پێی گەییشتن "لەوپەڕی پێشبینی و گریمانەکانی ساڵی ١٩٨٩ بووبێت. بەڵام ئەندازیارانی کارەبای ئاوی کە لە دەوڵەتدا باڵادەست بوون، ھەم تێڕوانینێکی گشتییان ھەبوو ھەم دەسەڵات. ئەو نامەیەی سەرۆک کۆمار کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە دەریدەخات کە پتەوکردنی دەسەڵات و زەریاچە دەستکردەکان و ئاوارەکردن لایەنە جیاوازەکانی یەک سیاسەت بوون.
سولەیمان دەمیرێل سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کە نامەکەی پێگەیشت، دوای مردنی تورگوت ئۆزال لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠ بوو سەرۆک کۆماری تورکیا. دەمیرێل و ئۆزال لە کاتی خوێندنی بەشی ئەندازیاریدا ھاوپۆل بوون. لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ئەوان وەک سیاسەتمەداری سەرەکی و پسپۆڕی بواری وزەی ئاو بوونە ھێزی بزوێنەری پڕۆژەی گاپ.
پەرەسەندنی شەڕی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کورد لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا، ھەموو بەڵێنەکانی گاپی خستە ژێر پێ کە بانگەشە دەکا بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن، مۆدێرنیزاسیۆن و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵات کە لە ھەژاریی دا چەقیون. گاپ لە ماوەی ١٠ ساڵی یەکەمیدا، دەورێکی نەریتی و کۆلۆنیالیزمی گێڕاوە. دەوڵەتی تورک دەتوانێت بێ ئەملاولا وزەی باکووری کوردستان ھەڵلوشێت. کەمالیستەکان کە لە ساڵی ١٩٢٣وە دەستیان کرد بە سەرکوتی کوردەکان، لە بنەڕەتدا سەرکوتی ڕەگەزپەرستانەیان کرد. ئێستا گاپ و تەکنۆلۆژیای نوێ بوونەتە ھۆکارێکی ئابووریی بەھێز بۆ ئاوارەکردنی کوردەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە. ڕووبارەکانی کوردستان لە سەدا ٦٠ی کارەبای تورکیا دابین دەکەن. ھەروەھا ئەو بەنداوانەی تورکیا دروستی کردوون و ئەوانەشی پلانیان بۆ دانراوە لە سەرەوەی فورات و دیجلە ساز بکرێن، ھەڕەشەن بۆ سەر ئێراق و سوریا. سەرۆک وەزیران دەمیرێل لە کاتی کردنەوەی بەنداوی ئەتاتورک لە ژوئیەی ١٩٩٢دا بەڕوونی ئەوەی راگەیاند:
ھەر وەکوو ئێمە ناتوانین داوای نەوتی ئێراق و سوریا بکەین، ئەوانیش ناتوان داوای رووبارەکانی ئێمە بکەن. ئەمە پرسی سەروەرییە. مافی ئێمەیە ھەرچی پێمان خۆش بێت بیکەین. سەرچاوە ئاوییەکان ھی تورکیان، سەرچاوە نەوتییەکانیش ھی ئەوانە. ئێمە داوای بەشە نەوت ناکەین و ئەوانیش ناتوانن داوای بەشە ئاو بکەن.
تورکیا بۆ پڕکردنەوەی زەریاچە نوێیەکە، ڕووباری خوار بەنداوەکەی بە تەواوی وشک کرد. بە تەواوبوونی گاپ، وا بڕیارە نیوەی ئاوی فوڕات بۆ سیستمی ئاودێریی تەرخان بکرێت. سوریا-ش پرۆژەی ئاودێریی ھاوشێوەی ھەیە، ئەگەرچی ئەوەندە گەورە نییە. بەشێک لە ئاوەکە ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و دێت بەڵام بە پیسی. جووتیارانی ئێراق، بەدرێژایی بەشی خوارەوەی فورات، زیاترین زیانیان پێدەگات. لێرەدا ھەندێک لەو ھۆکارانەش دەدۆزینەوە کە وایکردووە سوریا ھەڵوێستی دۆستانەی لە سەر پەکەکە ھەبووبێت، لە ھەمان کاتیشدا کوردەکانی ئەو وڵاتە خۆیان بێ ناسنامەن.
ئیسحاق ئالاتۆن دەڵێت: "ئاو وەک ئامرازی گوشار بەکارھاتووە، بۆ نموونە سوریا پشتیوانیی لە جیابوونەوەی کورد دەکات بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بەدەست بھێنێت". بناغەی ھاوپەیمانیی ئێستای نێوان ئیسرائیل و تورکیا، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا دانرا. دەمیرێل و ئۆزال پۆستی سەرەکییان لە حکومەتەکانی تورکیادا ھەبووە، ھەروەھا سیاسەتمەدارێکی دیکەی شارەزای بواری ئاو، (بەناوی) ئیسھاک رابین دەرچووی قوتابخانەی کشتوکاڵی، سەرۆکایەتیی حکومەتی ئیسرائیلی دەکرد. ئیسرائیل تینووی ئاوە و رابین کە ھەرگیز نەیتوانی توێژینەوەکانی لە بواری تەکنۆلۆژیای ئاودێریی لە ئەمریکا تەواو بکات، جارێکیان کوتی: "ئەگەر وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدۆزینەوە، بەڵام نەتوانین دڵخوازانە کێشەی ئاو چارەسەر بکەین، ھەرێمەکەمان ھەڵدەتەکێ”. نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی گشتیی ساڵی ١٩٩٧دا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو بە بێ شەڕ، پەیماننامەی سەبارەت بە بەکارھێنانی رووبارە نێودەوڵەتییەکانی پەسەند کرد. ئەمە یاسا گشتگیرەکانی یاریکردنی گرتەوە.
سولەیمان دەمیرێل سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕۆژی جیھانی ئاو لە ساڵی ٢٠٠٠دا، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەی لەو پەیماننامەیە گرت و لەو یاسا نێودەوڵەتییەدا بەشداریی نەکرد. پەیماننامەکە کە لەلایەن ئێراق و سوریا و ئوردۆنەوە پەسەند کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڕووبارانەی سنوورە نێودەڵەتییەکان دەبڕن دەبێت بە شێوەیەکی "دروست و دادپەروەرانە" لە نێوان دەوڵەتەکاندا دابەش بکرێن. دەمیرێل لەگەڵ ئاماژەکردن بە ناڕوونی و کێشەسازبوونی پەیماننامەکە، دەڵێت: "پرسیارەکە ئەوەیە کە چەند ئاومان پێویستە و چەندە ئاو بۆ دەوڵەتەکانی دیکە بەجێبێڵین". بەم لێدوانە دەمیرێل جارێکی دیکە لەسەر ئەوە پێداگریی کرد کە تورکیا تاکەخاوەنی ئاوەکانە و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوان ناگرێتەوە.
پەڕاوێزەکان :
١. ئەرلینگ فۆلکڤۆر، ساڵی ١٩٤٩ لە شاری لێڤانگەری نۆروێژ لەدایک بووە، سیاسەتڤانی ناسراو، نووسەر و توێژەری کۆمەڵایەتییە. لە ماوەی ١٩٩٣-١٩٩٧ پارلەمانتار بووە نۆروێژ، ھەروەھا ١٩ ساڵیش وەک ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆ کاری کردووە. ئەرلینگ یەکێک لەو دەگمەن کەسانەیە کە راستەوخۆ لە سەر پرسی کورد چالاکە و زۆر جاران سەفەری کردووە بۆ کوردستان . تا ئێستا ٣ کتێبی لە سەر کورد بڵاو کردۆتەوە بە ناوەکانی: ١. خەباتی کوردەکان بۆ داھاتوویەکی بێ ئەسەد، ئەردوگان و داعیش، ٢٠١٦. ٢. کوردستان؛ رابوردوو، گەل و داھاتوو، ٢٠٠٢. ٣. کوردستان لە ژێر نسێی شیڕی کەنداودا، ١٩٩٩ کە بە ھاوکاریی ئێسپن لۆکەلاند-ستەی و ئارنلیۆت ئاسک نووسراوە.
٢. کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ و سەرۆککۆماری ئەمریکا، جۆ بایدن لە ساڵی ٢٠٢١ ژینوسایدکرانی ئەرمەنییەکانیان بە فەرمی کرا.
ژێدەر:
Kurdistan – om fortid. Folk og framtid
Erling Folkvord
Tapir akademisk forlag. Trondheim ٢٠٠٢
Sider: ٢٩٠
18/6/2022