ئیبراهیم سادق مەلازادە (کوردفۆبیا و مایەپوچی ئایدۆلۆژیای تورکۆسەنتریزم)، ناونیشانی بابەتێکی پێشووترمە، کە لە ئاوێنەدا بڵاوبوویەوە. دوای ئەوەی کە بابەتەکەم نوسی؛ لەگۆگڵدا بەدوای ئەو دوو چەمکەی کوردۆفۆبیا و تورکۆسەنتریزمدا گەڕام، داخۆ تاچەند لە زمان و فەرهەنگی ئینگلیزی و عەرەب و تەنانەت کوردیشدا ئامادەییان هەیە. تەنانەت لە وەرگێڕانی گوگڵیشدا ئەو دوو چەمکە سەرەکییە بەرچاو ناکەون. ئەمەش بۆمن ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە کورد لەو بوارەدا، وەکو لەزۆر بواری دیکەشدا هێشتا لەدەست بۆشاییەکی فیکری و فەلسەفی گەورەدا دەناڵێنێت، لەپێناو شکۆمەندی و سەروەری خۆی، لەسەر ئاستی تاك و گروپدا.
کوردۆفۆبیا (Kurdophobia)، لە وەرگێڕانیدا بۆ زمانی ئینگلیزی دەیکاتە کاردیۆفۆبیا (Cardiophobia) بەمانای ترسی دڵ، بە نەخۆشییەکی دڵەڕاوکێی کەسەکان پێناسە دەکرێت. ئەمەش مانای وایە کوردۆفۆبیا لە فەرهەنگی ئینگلیزی و ئەوانی دیکەشدا، جێگای نەگرتووە، چونکە هێشتا نەبووە بە چەمکێك لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا، ئەوە چش لە ئەدەبییاتی دونیادا. کوردۆفۆبیا، دەکرێت بکرێتە یەکێک لەچەمکە هەر جیدییەکانی ئەو سەردەمەی ژیانی سیاسی و کولتوری کورد، وەکو وەسفێکی دەروونی بۆ داگیرکەرانی کوردستان، لە ترسێکی بێ پاساو لە کوردبوون و کردن بە پاساو بۆ نکوڵیلێکردن و سەرکوتکردنی کورد. بەڵام نەبوونی ئەو چەمکە لەناو ئەدەبییاتدا بەگشتی، مانای وایە هێشتا کورد نەیتوانیوە شەڕی فیکری و کولتوری دژ بە داگیرکەر دەست پێ بکات. هێشتا کورد نەیتوانیوە خۆی بناسێت و متمانەی بەخۆی و بەو کولتورە هەبێت کە نوێنەرایەتی دەکات، لەبەرامبەر کولتوری داگیرکەردا. دیارە لەو درز و کەلێنە گەورانەی کولتوری کوردییش بەئاگام و قسەکردن و پێداچوونەوەیەکی تێروتەسەلی دەوێت.
دووەمیش؛ چەمکی تورکۆسەنتریزم بەمانای (ناوەندگیری یا مەرکەزییەتی تورکی)، بەهەمان ئاست لەوەرگێڕاندا دەیکاتە ناوەندگیری ئەوڕوپی (یۆڕۆسەنتریزم)، کە بەتەواوی دوورە لە مەبەستی ئێمە و یۆرۆسەنتریزمیش پرسێکی دیکەی تەواو جیاوازە. ئەمەش مانای وایە کە هێشتا چەمکەکانی تورکۆسەنتریزم، عەرەبسەنتریزم و سەنتریزمی فارسی، لە ئەدەبییاتی کورد و ناوچەکەدا هیچ بنەچەیەکی نیە و وەسف نەکراوە. کە شتێکیش نەبێت، وەسفکردنیش نابێت. کە وەسفکردنیش نەبوو، تێگەیشتن بۆی ئەستەم دەبێت. لەو ڕوانگەیەشەوە، سەنتریزمی داگیرکەر بەهەموو فۆڕمەکانیەوە، لەدەرەوەی بیرلێکردنەوە بووە. نەبۆتە پرسی ڕۆژەڤ و هەوڵی لێتێگەیشتنی بدەن. بۆیەشە، مانای ئەو سەنتریزمەش، هەر بە شاردراوەیی ماوەتەوە و لەئاکامیشدا نەتواندراوە ڕووبەڕووی ببنەوە.
ناوەندگیری یا سەنتڕالیزمی تورك و عەرەب و فارس، بەشێوەیەکی کردەیی ترسناك، لە ڕابردوو و ئێستاشدا کاری لەسەر پەراوێزخستنی کورد کردووە. پەراوێزخستن، بەمانای فیکری و فەلسەفییەکەشی. لەئاکامیشدا کورد بەشێوەیەکی نەستیی قوڵەوە بەتایبەتیش بەهۆی ئایینەوە، باوەڕی بەوە کردووە کە عەرەب، یا تورك یا فارس سەردەستن، لەکاتێدا بەکارهێنانی ئەو چەمکە هەڵەیەکی کوشندەیە، کە لە ڕابردوودا بۆخۆشم بەکارم هێناوە. کاتێك کوردێك لە باشوور عەرەبی بەلاوە سەردەستن، بەو مانایەی ئەو ژێردەستەیە، ئەگەر ئازادیش بێت. ئەگەر سەرکردەیەکی سیاسیش بێت، یا پەرلەمانتار و لە پەرلەمانی پێتەختی داگیرکەریش بێت. لەکاتێکدا شیاوترین چەمک؛ داگیرکەر و داگیرکراوە. مرۆڤ دەکرێت داگیرکراو بێت، واتە ئازادی لێ زەوتکراو بێت، بەڵام ژێردەستە نەبێت، دەکرێت دیل بێت لە زیندانەکاندا، بەڵام ژێردەستە نەبێت و لەناخ و فیکر و دونیابینی خۆیدا ئازاد و ڕزگاریخواز بێت. دەکرێت بەقەد پوشکەیەك باوەڕی بە سەردەستەیی هچ مرۆڤێك بەسەر هیچ مرۆڤێکی دیکەدا نەبێت.
لەسەر ئەو بنەمایەش، کورد هێندەی پەرەی بە وتاری مەزڵومییەت داوە، هێندە پەرەی بە وتارێکی فیکری فەلسەفی نەداوە، بۆ ئەوەی لە سەنگەری فیکرەوە شەڕی داگیرکەر بکات، بەر لەوەی دابەزێتە سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری. لەئاکامیشدا نەیتوانیوە شەڕێکی فیکری/ مەعریفی و کولتوریی دژ بە داگیرکەر ساز بکات، وەکو بەرپەرچدانەوەیەك بۆ ئەو ئایدیۆلۆژیا ناوەندگیرییەی فکری و ئایینی و کولتوریی داگیرکەر و ئەو شەڕە کولتورییەش کە سەدەیەکە دژ بە کورد گڵپەی سەندووە.
ئەگەر کەمێك خۆمان ماندوو بکەین و لە مێژووی ئەو ملاملانێیەی نێوان کورد و داگیرکەرانیدا وردبینەوە، بەبێ دوودڵی دەتوانین بڵێین کورد لەشەڕی فیکریدا دواکەوتووە. کورد نەیتوانیوە شەڕی خۆی بباتە ئاستێکی فیکری/ مەعریفی و کولتوریی و بەئاگاییەوە ڕووبەڕووی سیاسەتی نکوڵیکردن ببێتەوە. لەڕێگای شەڕێکی فەلسەفی و کولتورییەوە نەیتوانیوە بەرگەی ئایدیۆلۆجییای دەوڵەت و هەژموونی نەتەوەی داگیرکەر بگرێت. بۆیەشە ئەوان هەمیشە لەو شەڕەدا براوە بوون. لێرەشەوەیە بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لەو شەڕەدا لەدەست هەژاریی فیکری و فەلسەفیدا ناڵاندوویەتی. شەڕەکەیان لەگەڵ داگیرکەر نەگەیشتۆتە ئاستی شۆڕشێکی کولتوری مەعریفی سەرتاسەر. هێندەی شەرەکەیان سادە و ڕواڵەتی بووە، شەڕی چیاو و سەنگەرگرتن و کاردانەوە و هێرشی سەربازی بوون، هێندە نەچۆتە خوارەوە و نەبۆتە ئایدیۆلۆژیایەك، کە مرۆڤی کورد هەستیار بکات بە ڕەدکردنەوەی دەستەڵاتی کولتوریی عەرەب و تورك و فارس. ئەو هەستیارییە لەکوێوە دەست پێدەکات و چۆن کۆتایی دێت؟!
ئالێرەوەیە چەمکی (کوردایەتی) کە سەدەیەکە ئاشی بەڕەنگاربوونەوەی کورد دژ بە داگیرکەر دەگێڕێت، لەڕووی فیزیکییەوە، توانی ڕووبەڕووی نکوڵیکردن لە کوردبوون ببێتەوە، کە سیاسەتێکی دوژمنکارانەی تورك و عەرەب و فارس بوو و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. کوردایەتی بۆ ماوەی سەدەیەك توانی کورد بپارێزێت. شەڕێکی بەرگری و دەروونی لەگەڵ داگیرکەردا بکات. بەڵام ئایا توانی کورد بە ئامانج بگەیەنێت؟ وەڵامەکەی ڕوونە، کە نەیتوانی کورد بەئامانج بگەیەنێت، بێجگە لە مانەوە، مانەوە بەمانا فیزیکیەکەی، مانەوە بەمانای ئەوەی خاك و خەڵكی کوردستان پارێزران لە توانەوە، بەڵام نەیتوانی لە پەراوێزدا دەری بکات بۆ سەروەری و سەربەخۆیی. سەربەخۆیی شان بەشانی نەتەوەکانی ناوچەکە، نەك هەر لە ئاستی فیزیکی، بەڵکو لەسەر ئاستی فیکری و مەعریفی و کولتوریشەوە..
ئالێرەدا، کوردایەتی، نەیتوانی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوە، بباتە ئاستێکی فەلسەفی، مەعریفی، کولتوری و ئایدیۆلۆجی. لەئاکامدا لە تخوبەکانی گفتوگۆکردن و دانوستاندا وەستا و نەیتوانی خۆی پێش بخات. بۆیەشە، هەر لەسەرەتاوە مۆدێلێکی دابەشکار و سادە و بێدونیابینی بوو، زیاتر لەسەر کاردانەوەی ناسیۆنالیزمی عروبە و تورکیزم و پانفارسیدا بیناکراوە. بۆیە، هەمیشە لە یەکەم دانوستاندا، وەستاوە، چونکە لەخودی چەمکی سەربەخۆیی تێنەگەیشتوون. دونیابینییەکی ڕۆشنی بۆ سەربەخۆیی و سەروەری مرۆڤی کورد پێنەبوو. بۆیە، کوردایەتی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان چەقیی، لەسەر شانۆی حکومەتداری و پەرلەمان و پڕۆسەی خۆبەڕێوەبەریدا، وەکو قۆناغێک کۆتایی دێت و نەیتوانی تەنانەت بەری شەڕی ناوخۆش بگرێت و حەڕامی بکات. کۆتایی هات چونکە قۆناغی پێش ڕاپەرین، قۆناغی شۆڕشگێڕی بوو. لەو قۆناغەشدا کەم تا زۆر ئەرکی خۆی بەجێهێنا، بەڵام لەمانای ڕاپەڕین بەئاگا نەبوو. لەوە بە ئاگا نەبوو کە لە ڕاپەڕیندا، سەرەتای شۆڕشێکی ڕاستەقینەی مەعریفی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەست پێدەکات، کە قۆناغی بیناکردنی نەتەوەیە. لە پارچەکانی دیکەشدا لەو ڕووەوە، کێشە لە وشیاری و ئاگایی گروپە ساسییە کوردییەکاندا هەیە.
ئەم قۆناغە نوێیەش، بەدونیابینییەکی تازەوە، لەدوو بەرەوە خۆی لەشەڕدا دەبینێتەوە. شەڕی یەکەم و چارەنوسساز، شەڕی خۆبیناکردنە، بەمانای گۆڕینی دونیابینی مرۆڤی کورد. دونیابینییەک بەمانای ڕەدکردنەوەی ژیان لە پەراوێزدا. ڕازینەبوون بە ژیانێك هیچی کەمتر نەبێت لە مرۆڤەکانی دیکە. مرۆڤێك، بەچاوپۆشین لە نەتەوە و ئایین و خێڵ و خێزان، باوەڕ بەوە بێنێت کە خۆی وەکو مرۆڤ بەهادارە. وەکو تاکێك شکۆدارە، نەك وەکو بەشێك لە خێڵ، یا خێزان، یا هەڵگری ئایینێکی دیاریکراو. ئالێرەدا، ئەو جۆرە تاکە، ئامادە نیە فێڵی لێبکرێت. ئامادە نیە خۆی بفرۆشێت. ئامادەنابێت بچێتە بەرەی داگیرکەرەوە. ئامادە نیە لەژێر هیچ پاساوێك بەکەمتر لەمافەکانی خۆی ڕازی بێت. هەروەها ئامادەش نیە، ئەگەر سەرۆک خێڵەکەی، یا ئەندامێکی خێزانەکەی لەو بنەمایە لابدات، ئەویش بەچاوبەستوویی لەو بنەمایە لابدات.
شەڕی دووەمیش، شانبەشانی شەری خۆبیناکردن، شەڕی داگیرکەر دەبێت. داگیرکەر نەك وەکو برا. داگیرکەر نەك وەکو سەردەست، بەڵکو وەکو داگیرکەر (کۆلۆنیالیست). تاکی کورد لەو شەڕەدا داگیرکەر بە سەردەست نابینێ، خۆشی بە ژێردەست. بەڵکو ئەگەر لە زیندانی داگیرکەریشدا بێت، وەکو (دیل) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەك وەکو گیراوی سیاسی. لێرەدا خۆی بە ئازاد و شکۆدار دەبینێت، دوژمنیش بە داگیرکەر، نەك بە سەردەست. ئاخر لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا جیاوازییەکی زۆر هەیە. جیاوازییەك بەقەد جیاوازی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو. ئالێرەدا، کورد دەتوانێت لەڕوانەگەیەکی فیکری و فەلسەفی جیاوازدا، وتارێکی جیاواز، لە وتاری کوردایەتی بئافرێنێت.
٣٠/٥/٢٠٢٢