ئیرشاد ڕەشیدی ڕۆستەمی
کۆڵبەری خۆی بۆ خۆی دیاردەیەکی ناخۆشە کە پیشاندەری جیاوازی (تبعیض) و سەختی ژیان، ماڵ وێرانی و نالەباری بارودۆخی ئابووری لە کوردستاندایە. یەکەم خوێندنەوەی ورد ئەوەیە کە کۆڵبەری نەک هێما و سێمبولێکی ڕاستەقینەی هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردی نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی نەخوازراوە کە سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەند زاڵی کردووە بە سەر کورددا و زیاتر لە سەدساڵە بە ناعیدالەتی ئابووری و ناهاوسەنگی لە سیاسەتی پەرەسەندنی پاڕێزگاکان بە سەر شار و ناوچە کوردییەکان دا سەلماندوویەتی.
هێما و سێمبولەکانی نەتەوەیەک لە سێمبولیزم (Symbolism) دا دەبێ هەڵقوڵاوی کۆمەڵگا، مێژوو، کەلتوور و خاڵەگرنگ و بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشەکانی گەل بێت، کە لە پێگەی سووژەبوون دا دەبن بە ڕەمزی یەکێتی ناوخۆ بۆ مانەوە لە سەر ئەرزی واقیعدا، هەروەها وەک ڤیترینە کە بۆ خۆ ناساندنێک بە بێگانە و دەڕەوەی کۆمەڵگای کوردی و بیانییەکان بەکارتێت.
دەسەڵاتی ناوەند کە دەسەڵاتێکی ئایدیۆلۆجیکی دینییە و شموولی عامی هەیە لە سەر هەموو ڕێکخراو و دەستە و تاقمە و تاکێکدا، وەک لۆژیک و ئەمری واقیع ئەم دەسەڵاتانە ئیزنی پێناسەکردن و خوێندنەوەیەکی جیاواز لە سۆنگەی سووژەبووندا بە کەس نادا و هەر هەمووی چەمککەکان دەبێ بە دنیابینی ئەو ئایدیۆلۆجیایە بێت کە تەواوی جوومەگەکانی هێز و دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. دەسەڵات بە باس کردن و پێدانەچوونەوە لە بابەتی بە هێما کردنی کۆڵبەری دوو شت دەپێکێ:
• یەکەم پیشاندانی کوردە وەک جەماعەتێکی هەژار و جێگای ڕەحم و بەزەیی، نەک وەک هاوڵاتییەکی هاوسەنگ لە مافەکاندا، بەڵکوو وەک کەسی پلە دوو و سێ سەیر دەکرێن کە پەک کەوتوو و دواکەوتوون، ئەم پێگە و جێگای ئێستاشیان لە سەریان زیادە و بە مەرحەمەت پێیان بەخشراوە نەک وەک ماف.
• دووهەم جیا لە برینداربوونی سۆز و هەستی گشتی کۆمەڵگا بەعام و بەتایبەت کۆمەڵگای کوردی لە هاوسۆزی و هاو خەمی دەربڕین، ئەگەر لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسی (ڕامیاری) سەیری کەین دەتوانین بڵێن دەسەڵات بە باشی دەیەوەێ لە ڕووانگەی سووژەگی خۆیدا پیشان بدات کە درووشم و چەمکی ئازادی و بەرابەری ماف و بەشداری ڕاستەقینە لە دەسەڵات و هاوسەنگی و عیدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و لە سەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین، هەر هەمووی قسە و باسی چەند کەس، حیزب و دەستە و تاقمەیەکن لە نوخبەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دابڕاو لە واقیعی کۆمەڵگای کوردی دا و تەنیا و تەنیا لە بەر بەرژەوەندی خۆیان ئەم شتانە باس دەکەن، ئەگەرنا دەسەڵات بە پڕۆپاگەنداو بە زمانێکی تر بە کورد تەڵقین دەکات، ئێوە خەڵکانێکی نەدارن کە لە نەهامەتی دەژین و ئەولەوییاتیان نان و مەعاش و کارە نەک داوخوازی و شتانی تر.
یەک شتی تر ئەوەیە، هەرچەند کورد لەم وڵاتە لە دۆخێکی سەختی ژیان دایە، بەڵام هێشتا تایبهتمهندیی خۆی هەیە و دەبی زۆرترین سەرنجی لە سەر بدەین، بەتایبەت کە خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و بە درێژای مێژووی هاوچەرخ خەباتی بۆ کردووە. ئەم دۆزە ڕەوایە بریتییە لە بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مڕۆڤ لە دنیای نوێدا کە بە مافی دیاری کردنی چارەنووس (Self-determination) لە جاڕنامەی مافی مڕۆڤ ناسراوە و ئێران و زۆربەی وڵاتان واژۆیان کردووە. ئەم مافە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی ئازادی مرۆڤ و مافی هەڵبژاردنی چۆنیەتی ژیان بۆ هەر تاکێک بۆ ئێستا و داهاتوو. بەداخەوە دەسەڵات بەو ئالییاتانەی کە لە بەردەستیدایە (میدیا؛ تی ڤی، ڕۆژنامە، گۆڤار و هتد ) ئەولەوییاتی گۆڕیوە و لە ناو کومەڵگای کوردیش زۆرجار یان بەتەواوی وەک بابەتێکی بڤە سەیەر دەکڕێ کە نزیک بوونەوە یان باس کردن لە سەری مەنع و قەدەغەدەکرێ یان هەر ئاوڕی لێ نادرێتەوە.
ئەگەر هاتوو کەسانێک خوێندنەوەی سەرەوە بەلاوە بنێن و بگەڕێنەوە بۆ پرسیارەکە، لە سەر ئەم مەفرووزە کە لەم زەمەنەدا (ئێستا) کۆڵبەری بووەتە هێما و پێناسەی کورد (بەڕاست یان ناڕاست) بە دروست بزانن و کۆڵبەری وەک هێما و پێناسەی کورد جاڕی لە سەربدەن، جا چەند پرسیار تێتە پێش کە زۆر بە وردی دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکەن وەڵامی ئەم چەند پرسیارە بدەنەوە:
یەکەم: ئایا ئێستا کۆڵبەری هێمایە؟دووهەم: هێماکان و ئەو ڕەمزانە کە کورد تا ئێستا خۆی پێ پێناسە دەکا یان کەسانی تر بە وە دەیناسنەوە چییە؟
سێهەم: چ ئاڵووگۆڕێک بەسەر ئەم هێمایانە هاتووە کە ئێستا کۆڵبەری وەک سێمبولی کوردناسین خوێندنەوەی بۆ دەکەن؟
چوارم: بەم گۆڕان کاریانە کە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ناچەکە لە ئارادایە، ئێمەی کورد لە ئێستا بۆ داهاتوو دەبێ چۆن سەیری ئەم هێما و سێمبولانەی کە کوردی پی دەناسرێتەوە بکەین و لە چ ڕوانگە و ڕەهەندێکا خوێندنەوەی بۆ کورد بوون وەک پێناسە و شوناس بکەین؟
پێنجەم: کورد وهکوو کۆڵبهر جێگای چ هێما و
پێناسهیهک له کوردبوون و ئەم گەلە دەگرێتەوە؟
بە سەیر کردنی بەشی یەکەمی ئەم نووسینە وەڵامی بەشێک لە ئەم پرسیارانە لای ئێمە روونە و دواتر بە تێر و تەسەر لە سەری دەنووسین، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی وبەتایبەت نووسەر، ڕۆشنبیر و شارەزاکان دەبێ وەک ڕۆژئاواییەکان دوای سەردەمی نوێخوازی (Modernism) لە ڕوانگەی زانستی و پێگەی سووژەگی ئەم پرسیارانە وەڵام بداتەوە تا تاکی کورد و گەلەکەی توانایی پێناسەکردنەوەیەکی تا ڕادەیەک دروستیان لە خۆبێت و لەو سۆنگەوە کردەوە و چالاکی، خەبات و تەعامول لە گەڵ ناوخۆی خۆیان یان دەسەڵات لە دەرەوە هەبێت.
لە کۆتایدا زۆر جێگای داخە کە هەست و بۆچوون دەڕبڕین لە کارەساتەکانی سەر کوڵبەران زۆربەی بوون بە درووشم و پرۆپاگاندا و بە داخەوە کەسانێک پێوە نان و پیاز دەخۆن. دروست وایە کە بێجگە لە هاودەردی و هاوسۆزی دەربڕین، دەبی لە کاتی روودانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنانە کە لە دەرەوی ئیرادەی ئێمە روودەدا هەموو ئەمانە وێڕای ڕیزنیانی شیاو لە یادکردنەوەیان، دەبێ بکەرێتە ئەمرازێک بۆ خۆئاگاداری لە پێگە و جێگەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد لەم وڵاتەدا و دەربڕینی نارازیەتی ڕەوا لە سیاسەتەکان و هەلوومەرجی نالەباری ئێستا و ئەو داهاتووی نادیارە کە لە سەر ئەم بنەما لارە تێتەپێشەوە.
ئەم بابەتە لە سەر پرسیاری برای بەڕێزم دۆکتور موحەممەد حهقمورادی: "بۆچی ئێستا کۆڵبەری بۆتە هێما و پێناسەی کورد بوونمان؟"
سەرچاوە: دەنگی کوردستان ـ ژماڕەی 100, ۷ ڕەشەمەی ۲۰۱۹ کوردی