فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

دكتۆر صەباحی غالیب

ئەم كورتە وتارە پێشكەشە بەهەموو ئەوانەی باوەڕیان بە بەڵگەنامەو حەقیقەت نییە،
بۆیە لەمێژوو هەڵدێن، یا توڕە دەبن و جنێو دەدەن.
مێژووی هەر كۆمەڵگە و نەتەوەیەك، ئاوێتە ناكرێ‌ بە بەرژەوەندی سەركردە و حزب و ناوچەیەكی بەرتەسكی جوگرافیاوە، بەڵكو پێویستە ببەسترێتەوە بە چوارچێوە و بەرژەوەندی كۆی نەتەوەكەوە، واتا مێژووی نەتەوە، موڵكی ئەم لایەن و بنەماڵە یا ئەو حزب و سەركردە نییە، لەو روانگەیەوە، مێژوو كۆكردنەوەی جیهانی ڕۆحی و جیهانی هزری و چالاكی ڕۆژانەیە بە لەبەرچاوگرتنی كەڵكی ئێستاو دواڕۆژی ئەو نەتەوەیەی لەپێناویدا كاری بۆ دەكرێ‌. خۆبەستنەوە بەپیرۆزی كەسایەتییەكانی مێژووی كورد و مێژووی گشتی، بێ‌ ڕەخنەگرتن و لێكدانەوە، بێ‌ دەرخستنی حەقیقەت و نەپێكان، هەر دواكەوتوویی لێبەرهەم دێ‌. لەو ڕوانگەیەوە، من وا كورد و مێژووەكەمان، بە دەستی خۆمان و بە عەقڵی خۆمان خراونەتە زیندانەوە، دەبێ‌ ئازاد بكرێن. یەكێك لەو هۆكارانەی كە یارمەتیمان دەدا بۆ ئەوەی چاكتر لەمێژووی خۆمان تێبگەین، بەراوردكردنی مێژووی كوردە بەمێژووی دراوسێكانمان، ئەگەر كرا لەگەڵ مێژووی نەتەوە پێشكەوتووەكان بەراورد بكرێ‌، ئەوا چاكتر.
شێخ مەحمودی حەفید یەكێك بووە لەسەرداران و كەسایەتییەكانی كورد لەباشووری كوردستان، لەقۆناغێكی ناسك و یەكجار ستراتیژی بۆ كوردو ناوچەكە و جیهان، لەسەرەتادا، بەكاریگەری ئینگلیز تێكەڵاوكرا بەمێژووی كورد، دواتر خۆشی بەشێوەیەك، شتێكی خستە سەر جۆرێك لە هەوڵدانی سیاسی و هەندێك داخوازی بەشێكی كورد. شێخ مەحمود بە بۆچوونی (لەو شوێنەی زەوی لێیە، ئاوی لێ‌ نییە، یا لەو شوێنەی ئاوی لێیە، زەوی لێنییە) مامەڵەی لەگەڵ سیاسەت، ماف، ئاوات و داخوازی و حكومەتدارێتیی كورد دەكرد. من بابەیەكم پێمخۆشە و وا دەزانم تازیاتر پیاوی گەورە و بەهەژموون هەبن، ئەوا كۆمەڵگە كەمتر كێشەی دەبێ‌، ژیانیش ئاسوودەتر و نەتەوەش پتر گەشە دەكا، بەهیوام ئەگەر كورد ئێستاش لەو دۆخەدا نەبێ‌، لەڕۆژگارێكی نزیكدا ئەو دەرفەتەمان بۆ پەیدابێ‌.
ئەم ڕۆژانە، رۆژی بێ‌ سەر و بەرییە، رۆژێكە دەبێ‌ لەحەق لادەی، منێك ئەگەر بۆم بكرێ‌ لە حەق لانەدەم، ئەوا دەبێ‌، خۆم لەوانە بپارێزم كە قەڵەم لەئێمە و مانا وەردەگرن و دیكەن بە چاوماندا، خەڵكی بێ‌ ویژدان ئەگەر ئەوەیان بۆ نەكرا، خۆ دەتوانن تۆمەت هەڵبەستن، رۆژگارێكە هەموو كەس، باس و لێكدانەوەیان بۆ هەموو بابەت و لایەنێك هەیە، فەیسبووك، تویتەر، وەتسئەپ، ئیستینگرام و هیدیكە لەو سەكۆیانەن، چەندەیان كارئاسانی بۆ مرۆڤایەتی، پێشكەوتن و شارستانییەت كردووە، زۆر لەوە زیاتر لای خۆنەناسیو، زیانیان بە بەشەریەت گەیاندووە، لەجیاتی ئەوەی پێداهەڵدان و نزای خێر بۆ ئەو بلیمەتە داهێنەرانەی ئەو داهێنانە بكەم، لە كەشوهەوای كوردەواریدا دەبێ‌ بڵێم: ماڵی ئەو كەسانە كاول بێ‌، ئەوانەیان داهێناوە، كەی ڕاگەیاندنی كۆمەڵایەتی (social media)، بۆ كۆمەڵگەی دواكەوتووی وەك كورد دەبێ‌، داهێنەری ڕاستەقینە ئەوە كەسە نییە ئەو شتە سەرسوڕهێنەرانەی داهێناوە، بەڵكو ئەوە بلیمەتە كە بتوانێ‌ كارێك بكا، كە هەر یەكێك لەو داهێنانە، ئەگەر پەنجەی هەندێك كوردی بەركەوت، كارنەكەن و پەكیان بكەوێ‌.
بەهەر حاڵ، با بادەمەوە بۆ مەبەستەكەم، جارێكی دیكە، لەپایزی 1922دا، بەریتانیا حكومەتی بۆ شێخ مەحمود دامەزراندەوە، ئەمەش هەر بەقەدەر حكومەتی یەكەمی بۆ ماوەی شەش مانگێك درێژەی هەبوو، بەهارێكی تەمەنی پیرنەكرد، لە 1923دا لەناواندا هەڵگیرا. بە دوای ئەوەدا شێخ مەحمود كەوتە شاخ و دۆڵەكانی جاسەن، شارباژێر و پێنجوین، دوو سێ‌ ساڵی سەختی بەڕێكرد، حكومەتی عێراقیش ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبوو، بەریتانیاش زیاتر پشتیوانی لێدەكرد، بەو شێوە ساڵ گەیشتە 1926، كە ساڵێكی بێ‌ بەختی و بێ‌ پشتیوانی بوو بۆ شێخ مەحمود، شوێنێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نەما، بۆیە لە 19ی كانوونی یەكەمی 1927دا، دوای گفتوگۆكردن لەنێوان ئەدمونس، ڕاوێژكاری وەزیری ناوخۆی عێراق و سەیید ئەحمەدی بەرزنجەیی، نوێنەری شێخ مەحمود، گەیشتنە رێككەوتنێك، كە لە 11 بڕگە پێكهاتبوو، (1) 9 بڕگەی یەكەم، هەموویان تایبەت بوون بە كاروباری شێخەوە، لەوانە: دیاریكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی شێخ مەحمودو دوو ژنەكەی، سێ‌ كوڕەكانی و فاتمە خانی خوشكی، لەو لەژێر لەڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بۆ دیاریكرا، ئەوانی دیكە پەیوەستبوون بەوەی كە نابێ‌ هێ كەسێك لەوانەی سەرەوە بێنەوە بەباشووردا، هەروەها پێویست بوو، بێ‌ رەزامەندی عێراق هیچ جوڵەیەك نەكەن، نەخۆی و نە لایەنگرانی دەستنەخەنە كاروباری حكومەتی عێراقەوە، دەبوایە شێخ مەحمود وەك نییەت پاكی، شێخ بابە عەلی كوڕی، بنێرێ‌ بۆ بەغدا بۆ خوێندن، مەرج بوو ئەویش بەبێ‌ ڕەزامەندی حكومەتی عێراق بەغدا بەجێ‌ نەهێڵێ‌، بڕگەكانی دیكە پەیوەستبوون بەماڵ و موڵكەكانیانەوە، بەڵام لە هەموو بڕگەكان، گرنگتر ئەوە بوو: «مەعلوومی عالەمە كە بە تەتبیقی ئەو سیاسەتەی دەرحەق بە كوردەكانی عێراق لەتەرەف عوسبەتولئومەمەوە دانراوە، حكومەتی بەریتانیا و عێراق بەرامبەر بە عوسبەتولئومەم لەژێر تەعەهودێكی موقەددەسدان. لەبەر ئەمەی لەم خوسووسەوە ئەم دوو حكومەتە مەسئولن، ئەم مەسئەلەیە ناخرێتە مەوادی موزاكەرەمانەوە.»(2) سەد مخابن، بەوە كۆتایی بەپەیوەندی دۆزی كورد و شێخ مەحمود هات.
لەسەرەتادا، شێخ مەحمود ئەو رێككەوتنەی سەرەوەی قەبوڵنەكرد، لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا، حكومەتی عێراق بەهاوكاری لێڤی هێرشیان كردە سەر پێنجوین كە قەڵای سەختی شێخ بوو.(3) لە 23ی نیسانی 1927، داگیریان كرد.(4) لە 14ی مایسی 1927دا، سێر هێنری دوبس، نوێنەری باڵای بەریتانیا لە بەغدا چۆتە سلێمانی، لەوێ‌ داوای كردووە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كەسایەتییەكان و دەسەڵاتدارانی شار و دەوروبەردا بكا، ئەوانەی لێی كۆبوونەوە بەشێكی بەرچاوی خەڵكە هەرە گەورەكان و بەدەسەڵاتدارەكان بوون، كە ئەمانە بوون: شێخ قادر ئەفەندی حەفیدزادە، حاجی شێخ عارفی سەرگەڵو، هەباسی سەلیم ئاغا، حامید بەگی قایمقامی هەڵەبجە، ئەمین بەگی قایمقامی شارباژێڕ، حەسەنی عەلی بەگی یاریدەری سەرۆكی جاف، حسێن بەگی مەحمود پاشا، ئەحمەد بەگی ریشێن، فەقێ‌ محەمەد ئاغای مودیری بازیان، عارف ئاغای عەزیزی كاك ئەوڵای هەمەوەند، شێخ یوسف ئەفەندی مودیری سورداش، سەیید ئەحمەدی حاجی مامەندی مودیری سرۆچك و حەسەن ئاغای مودیری ماوەت.(5) ئەوانەی سەرەوە لەپێشدا لە پشتیوانە بەهێزەكانی شێخ بوون و ماوەیەك بوو هاوكارییان لەگەڵ شێخدا پساندبوو.
لەدەربەدەری و لەشاخیش، هێزەكانی شێخ مەحمود، زۆریان بۆ دێ‌ و گەلێك كەسایەتییە سەرەكییەكانی خاوەنی چەكداران، وەك شێخ سەعیدی باخ، شێخ عەبدولعەزیزی شێخ عەلی دەرەمیانە، عەبدوڵڵا عادلی یۆزباشی كوڕی شێخ قادری شێخ سەلام و زۆری دیكە پشت لە شێخ مەحمود دەكەن و دەچنەوە لای حكومەت.(6) چ لەشارو چ لە شاخ، خەڵكانی وا نەمابوون لە هاوكاری شێخدا بن. لەو روانگەیەوە دەبێ‌ ئەوە بزانرێ‌ كە شێخ مەحمود یا هەر كاربەدەست و سەردارێك، بە قەدەر ئەوە سەردار و پێشەوایە كە پیاوی حیسابی لەدەور بن. دووركەوتنەوەی ئەوانەی سەرەوە و دەیان و سەدانی دیكە، خۆی لەخۆیدا نیشانەی بێ‌ پشتیوانی و لەقبوونی جێگاوڕێگای شێخ مەحمود بوون لەناو كۆمەڵگە و لە كۆڕی سیاسەتدا، شێخ چاك لەوە تێگەیشت، كە ئیدی بەردەوامی لە كاری چەكداری كەڵكێك ناگەیەنێ‌، بەناچاری رێككەوتنەكەی سەرەوە ڕازی بوو، لە دەوروبەری مەریوان دانیشت.
دوای ئەوە لە چەندان بۆنە و دەرفەتدا شێخ مەحمود نامەی بۆ نوێنەری باڵای بەریتانیا لەبەغدا و گەلێك لەكاربەدەستانی دیكەی ئینگلیز لەبەغدا، سلێمانی، هەولێر و كەركوك نووسیوە، ئەو نامانە بەگشتی جگە لەهاوار بۆ بردن، تكاكردن، ئاگاداری و وەبیرهێنانەوە، نامەكان توانای سیاسی، جەماوەری و كارگێڕییان نەبووە. لە سیاسەتدا هەروەها لەزۆر بواری دیكەی ژیاندا وایە، هەر چەندە حەقت بەدەست بێ‌، لە بەرامبەر واقیع و توانای حكومەتی داگیركەری خاوەن سوپاو هێزی دیكە، نامە ناردن لە لاوازییەوە، بۆ كەسێكی بەدەسەڵات و كاربەدەست، كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەگەمەی سیاسییدا بۆ بەرژەوەندی لاواز و كەم هێز نانەخشێنێ‌، جیهانی سیاسەت، بەتایبەت لەنێوانی دوو لایەندا كە تەرازووەكەی نێوانیان لایەك زۆر قورس بێ‌ و لایەكیش زۆر بێ‌ وەزن بەجۆرێك كە تەرازووەكە لاسەنگ بكا، ئەستەمە بگەنە ئەنجام و شتێكی لێ‌ سەوز بێ‌، لەكۆن و لە ئێستاشدا، هیچ سیاسەتێك، هیچ داخوازییەك، هیچ ماف و حەقیقەتێك، بێ‌ پشتگیری هێزی سەربازی و ئامادەیی و توانای جەماوەری، شارەزایی و پێشكەوتنی بوارەكانی حكومەتداری لە پێشیانەوە ئابوورییەكی بەتوانا، هاوكات بوونی پێشەوایەكی كارامەو دڵسۆز و لێزان، نەهاتوونە دی و هەرگیزیش بەرهەمیان نابێ‌، بەر لەهەموو شتێك، ئەوە ئیرادەی خەڵك و هێزی سەربازییە خۆی دەسەپێنێ‌، ئەوەی ئەو مەرجانەی هەبێ‌ بەقەدەر تواناكەی، ئامانجەكان و داواكارییەكانی دێنەدی، بەدەر لەوە، ناڵە ناڵ و هات و هاوار، قانوون و دەستوور، یا حەق و ناحەق هیچ دادێك نادەن.
شێخ مەحمود ئەگەر ئەو هێزانەی سەرەوەی هەبوایە، ئاوا بێ‌ دەسەڵاتانە بەدەست و خەتی خۆی، لە 11ی ئابی 1945دا، لە نامەیەكیدا بۆ سەفیری بەریتانیا لەبەغدا داوای مۆڵەتی نەدەكرد كە رێگای بدا لەكاتی بەروبووم هەڵگرتنی كشتوكاڵی ساڵانەدا، سەردانی شارباژێر بكا! هەزار حەیف. لەو نامەیەدا، شێخ مەحمود گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە ئەوەی لەوە پێش بۆی دەكرا، ئەوكات بۆی نەدەچووە سەر، هەر بۆیە زۆر چاكترو سیاسیانەتر و شكۆمەندانەتر بوو كە لەبەر بەروبووم كۆكردنەوە، نە ئەوەی نامەی بنووسیایە نە خۆشی بچوایەتە شارباژێڕ، لەجیاتی ئەوە، دوو سەركار و پیاوی خۆی بناردایە.
لەمایسی 1919دا، نوێنەری باڵای بەریتانیا لە بەغدا لەشێخ دەپاڕایەوە كە بچێ‌ بۆ لای و گفتوگۆی لەگەڵ بكا، ئەو، نازی شێخ مەحمودی دەكێشاو تكای لێ‌ دەكرد كە با نێوانی بەریتانیا و كورد تێكنەچێ‌ و پێكەوە دانیشن و گفتوگۆ بكەن، شێخ بەهیچی نەدەزانی و هەر ئاوڕی لێ‌ نەدەدایەوە، دیسان هەزار حەیف، رۆژگار وای هێنایە پێشەوە و دۆخەكە بەپێچەوانە كەوتەوە. ئەم جارەش هەزار حەیف. وەك دەبینرێ‌ لەنامەكەدا، جگە لەنووسین و شتی ئاشكرا راسپاردەی نهێنی و زارەكیشی تێدایە، شێخ چی بەشێخ جەعفەر وتووە بەباڵوێز بڵێ‌؟! ئاسان نییە بزانرێ‌، بەڵام دەبێ‌ داواكاری تایبەت بووبێ‌ بۆ خۆی، باس كردن و نووسینی راسپاردەكان زۆر چاكتر بوون، وەك لەشاردنەوەیان. چونكە لێكدانەوەكان لەبەرژەوەندی شێخ دەرناچن. خودا دەزانێ‌.
لەوەڵامی نامەكەی سەفارەتی بەریتانیادا بۆ شێخ مەحمود، دەركەوتووە كە لەو كاتەدا شێخ مەحمود بۆتە هۆكارێك كە كاریگەری خۆی لەناو خەڵكدا بەكاربێنێ‌ تا دابنیشن و سەرپێچی لەكاروباری حكومەتدا نەكەن، چونكە بەو درەنگییە پێوابووە كە ئەوە تاكە رێگایەك بووە بۆ گەشەكردن و ئاشتی عێراق! تكایە تەماشای دەقی نامەكان بكەن كە لەخوارەوە پێشكەش كراون.

نامەی شێخ مەحمود بۆ باڵوێزی بریتانیا لەبەغدا
سلێمانی
11ی 8ی 945
بۆ حەزرەتی خاوەن بەرزێتی، سەفیری خاوەن شكۆی بەریتانیا
دوای سڵاو لەئێوەی كەرەمدار، بەبۆنەی سەركەوتنە تێكشكێنەرەكانی هاوپەیمانەكانەوە بەسەر یابانی دەوڵەتی فاشیستی دوژمندا، دڵسۆزانەترین پیرۆزبایتان پێشكەش دەكەم، لەخودا داواكارم كە ئاشتی لەژێر سایەی حكومەتە دیموكراتییەكاندا، لەهەموو جیهاندا بەرقەرار بێ‌.
بەبۆنەی نزیكبوونەوەی وەرزی بەرهەمهێنانەوە، بەپێویستی دەزانم سەروكارو سەردانی كاروباری كشتوكاڵییەكانی خۆم لەناوچەی شارباژێڕ بكەم، بۆ ئەو مەبەستە خاوەن بەرزێتیتان ئاگادار دەكەم بۆ ئەوەی هیچ گومانێك لەسەر گەشتەكەم نەكرێ‌ و لەو بارەوە جێگای متمانەو نیازپاكی ئێوە بم، من چاوەڕوانی فەرمانی باڵای ئێوەم.
شێخ جەعفەر باوەڕپێكراوی منەو ڕێگاپێدراوە كە هەندێك ڕاسپاردەی زارەكیتان عەرزبكا، ئەمەو سڵاوتان لێبێت.
دڵسۆزتان
مەحمود
وەڵام
باڵوێزخانەی بریتانیا،
بەغدا
20ی 8ی 1945
بۆ حەزرەتی كەسایەتی بەڕێز شێخ مەحمودی حەفیدزادەی زۆر كەرمدار
بەبۆنەی غیابی ڕێزدار جەنابی باڵوێز كە لەپشووە لە دەرەوەی عێراق، من وەڵامتان بۆ دەنووسمەوە، سوپاسێكی دڵسۆزانەتان پێشكەش دەكەم لە بەرامبەر پیرۆزباییە لوتفدارەكەتان كە بۆ جەنابی باڵوێزتان نووسیوە بە بۆنەوەی سەركەوتنی هاوپەیمانەكانەوە، هەڵبەت لە ڕێگای نامەی پیرۆزباییەكەتانەوە، ڕۆحێتی خاوێنی ئێوە دەردەكەوێ‌.
سەبارەت بەدەربڕینی گیانی دۆستایەتی ئێوە، من بەهەموو توانامەوە پێزانین و ڕێزم هەیە، ئێمە دەزانین كە دەبێ‌ باوەڕمان بە ئێوە هەبێت كە جیتان لە دەستبێ‌ دیكەن بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدەن بۆ گوێڕایەڵییان بەرامبەر بەحكومەت، هەروەك چۆن لەكۆبوونەوەی دوا جاردا ئەوەتان راگەیاند كەئەوە تاكە ڕێگایەكە كە بە هۆیەوە بەرژەوەندی خەڵكی دەپارێزرێ‌ و بەرهەمی دەبێ‌.
وەكو چۆن لەشەش ساڵی ڕابوردوودا دەركەوتووە كە لەكاری دوژمنانەوە كەهەندێك كەس بۆ مەرام و چاوچنۆكی خۆیان دەیكەن، جگە لەناحەزی و نائومێدی و كاولكاری نەبێ‌ هیچی دیكەی لێ‌ بەرهەم نایەت، ئەوانە چەندە خۆیان وا دەربخەن كەكارەكانیان لەپێناوی خەڵكدایە، ناتوانن راستگۆیی و دڵسۆزی خۆیان دەربخەن.
هیوادارم بەرهەمە كشتوكاڵییەكانتان بەرهەمدارو سەركەوتووبن، بەهیوام جارێكی دیكە چاوم بەئێوە بكەوێتەوە.
تكایە تەواوی سڵاوی ئێمە قەبوڵ بفەرمون.
ڕاوێژكاری كاروباری ڕۆژهەڵات


سەرچاوەكان
1. بۆ دقی بەڵگەنامەكە بڕوانە ڕۆژنامەی ژیان، سلێمانی ژمارە، 70، ساڵی 2، 21ی حوزەیرانی 1927.
2. سەرچاوەی پێشوو، بڕگەی 4.
3. Longrigg, Stephen H. Iraq, (1956). 1900-1950: A Political, Social, and Economic History, Oxford University Press, London New York Toronto, p. 193.
4. ڕۆژنامەی ژیان، سلێمانی، ژمارە، 63، ساڵی 2، 28ی نیسانی 1927.
5. ڕۆژنامەی ژیان، سلێمانی، ژمارە، 66، ساڵی 2، 17ی مایسی 1927.
6. ڕۆژنامەی ژیان، سلێمانی، ژمارە، 68، ساڵی 2، 31ی مایسی 1927.
سەرنج: لە ئێستادا وای بەجاك دەزانم كە هێما بۆ سەرچاوەی بەڵگەنامەكان نەكەم.a

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان