بەهرۆز عزەت
مێژووی مرۆڤایەتی بە جەنگ دەستی پێ كرد،دوای ئەوە جەنگی بەردەوامی مرۆڤایەتی دەستپێدەكات!
جەنگ بە یەكێك لە دێرینترین چالاكی مرۆڤ دادەنرێت جەنگ وەك بابەتیكی گرنگ وتێكەل بە سیاسەت بووتە بە شێك لە زانستی سیاسەت.(كلاوزڤێتز) وادەڕوانێتە جەنگ كە درێژەپێدەری سیاسەتە، بەڵام بە شێوەیەكی ترو و بەكەرەستەی تر.لەرووی سیاسیەوە حاڵەتی جەنگ لە نێوان دوو وڵات یان زیاتر دێتە ئاراوە كە ئەو وڵاتانە بەشێوەیەكی فەرمی جەنگ لە نێوان خۆیاندا ڕادەگەیەنن.ئاست وجۆر وشێواز و ئامانج و هوكار و پالنەرەكانی هەر جەنگێكیش جیاوازن، هەورەها جەنگ وەك دیاردەیەك چەندین دیوی ئاشكراو نەهێنی هەیە وئاڵۆزە، لە چەندلایەكی جیاوازەوە خراوەتە بەر لێكۆڵینەوە، جەنگ وەك بەشیك لە زانستی سیاسی گرنگی زۆری پێ دەدریت لە چوارچێوەی زانستی سیاسەتدا.
هۆ و هۆكارو زەمینەوە پانتایی و دواهاتەكانی جەنگ، گرنگترین بابەتەكانی ئەو مەسەلەیە پێك دەهێنن.لە مەسەلەی هۆ هۆكارەكاندا هۆكاری سیاسی وەك ململانی لەسەر سەرچاوەكان و بەرژەوەندییەكان و هۆكاری ئایدلۆژی و هزری وهۆكاری ئابوریانەی جەنگ دەخرینە بەر تۆیژینەوە. لە ڵیكۆڵینەوەش لە سەر پێشهاتەكانی جەنگدا مەسەلەی تاكتیكەكان و ستراتیجیەكان و ئامانجەكان …لییان دەكۆڵرێتەوە، هەورەها مەسەلەی توێژینەوە لە دەرەئەنجامە سیاسی و نێودەوڵەتی و كۆمەڵایەتی وئابووری جەنگەكانیش گرنگی خۆیان لە تۆژینەوەكاندا هەیە.هەروەها جەنگەكانیش لەرووی یاسایی و كۆمەڵ زانی و مێژوویی و هەواڵگری وسەربازیەوە توێژینەوەیان لەبارەوەدەكرێت.
كەواتە لە بواری زانستی سیاسی دا، جەنگ گرنگی زۆری پی دەدریت وەك بەشیك لە زانستی سیاسەت لە هەموو ڕوویەكەوە دەخرێتە بە ر توێژینەوە یاخۆد وەك ئامرازیك بۆ پەرەپێدانی زانستی سیاسی، لە لایەكی تریشەوەلە رووی پراكتیكیشدا جەنگ شتیك نییە هەر وا ئەنجام بدری یاخود مەسەلەیەك نییە كە هەروا رووبدات و بتوانری هەروا بەرێوەببردری.بەڵكو هەموو شتێكی جەنگ لە چوارچێوەی دوورترین لێكدانەوە دا حسابی بۆ دەكرێت.جەنگ بە پیێ پلان و ستراتیج و رێوشۆینی خۆی بەرێوەئەچیت.
(كلاوزڤیتز) وەك لێكولەر و هەڵسەنگینەری تیوری و پراكتیكی و تەواوی لایەنەكانی جەنگ دەناسرێتەوە، بە گرنگترین و كاریگەرترین بیریاری بواری جەنگ و ستراتیجی و سەربازیی دادەنرێت.
(كلاوزڤیتز) دەڵی ئامانجی كۆتایی هەموو جەنگیك "هەر چییەك بێ مەسەلەیەكی سیاسییە". هەورەها(كلاوزڤیتز) پێ وایە كە جەنگە كان رەنگدانەوەی سیاسەتن، نابێ سیاسەت بكرێتە پێرەو كەری جەنگ، چونكە هۆكاری سیاسی جەنگی هەڵگیرساندوە، جەنگ تەنیا ئامرازی سیاسەتە كەوابوو تەنیا ڕیگا ئەمەیە كە روانگەی سەربازی پیڕەوی ڕوانگەی سیاسی بكات.سوپا ئامرازی سیاسەتە.
كەواتە بۆ ئەوەی بتوانرێت جەنگ كۆنترۆڵبكرێت، دەبێت لەژێر بڕیاری سیاسەتدا بێت.هەر كاتێك جەنگ درێژكراوەی سیاسەت بوو، ئەوا مانای ئەوەیە كە ئامانجێكی سیاسی دیاریكراوە هەیە،سەرەتایەك بۆ دەستپیكردنی جەنگ و كۆتایەك هەیە!!
كەواتە لەژیر روشنایی هزرەكانی (ماوتسی تونگ) دەتوانین بڵین كاتێك سیاسەت دەگاتە قۆناغێك كە چێتر ناتوانێت بچێتە پێش بەڕیگاكانی تری، ئەوا حەتمی بوون و زەروورەتی جەنگ دێتە پێشەوە،جەنگ دەبێتە ناچارێك كە دەبێت ئەنجام بەدرێت لە پێناو پراكتیزەكردنی سیاسەت و گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەكان.
كەواتە ئەوە سیاسەتە كە ڕەوایەتی بە جەنگ دەدات دەست پێك و دوماهێكی بۆ دیاری دەكات. هەربۆیە لەگەڵ فراوان بوونی سنورەكانی سیاسەت و زۆربوون و جۆراوجۆر بوونی ئامانجە سیاسیەكان، بە جۆرێك كە سیاسەت وای لیهاتووە كە سنوری هاوبەش و هەندیك جاریش نادیاری لەگەل بوارەكانی تردا هەیە، ئەمەش وای كردووە بەهەمان شیۆە جەنگیش وەك بەشێك لە سیاسەت ودرێژەپێدەری سیاسەت مەوداكانی فراوان وئاڵۆز بێت و جەنگەكانیش جۆراوجۆربن و هۆكارو شێۆازو پالنەرو ئامانجەكانیش جۆراوجۆربن گرنگی و بایەخی زۆرتری پێ بەدرێت و ئامراز و میكانیزمەكانی رۆژ بە رۆژ پەرەی پێ بەدرێت، هەروەها ساڵ بە ساڵ بودجەی زیاتری بۆ خەرج بكرێت وە هەوڵی بە دەستهێنانی چەكی پێشكەوتووتر و ویرانكەرترو و مەترسیدارتر بەدرێت.
جەنگ چەندین ئامانج و هۆكار و پالنەر ویاسا و شێوازی جۆراو جۆری هەیە هەر لە جەنگی كلاسیەكیەكانەوە تا جەنگە سیاسی و ئابووری و مادە هۆشبەرەكان و جەنگی تیرۆر تا گەیشتووتە جەنگی بایولوجی و كیمیا و ئەتۆمی وجەنگە جیهانییەکان كەلە مەترسیدارتیرن جەنگەكانن لە میژووی مرۆڤایەتی!.
هەروەها جەنگ جۆرەها شیۆازی لە خۆگرتەوە لە ئیستادا.هەر جەنگێك ئامانجی مادی و مەعنەوی هەیە كە ئامانجی سەرەتایی و تایبەت و سنوردار و گشتگیری لە بواری سیاسی و سەربازی وهەواڵگری و ئابووری ودبلوماسی و بازرگانی… لەخۆگرتووە.
هەروەها ئەو ئامانجانەی كە جێبەجێكردنیان بە یەكەكانی سەر بە سوپا دەسپێردرێت. وەك داگێركردنی ناوچەیك یان دەست بەسەرداگرتنی پردیك یان كۆنترولكردنی سەرچاوە سەربازییەكان و تیكشكاندنی توانا بەرگرییەكانی سوپای دوژمن... یان پەكخستنی یەكەیەكی دوژمن یان ئامانجیكی سنوردار وەك ئەوەی لە ریگەی جەنگەوە هێڵێكی سنوری بگۆڕێت...هەموو ئەو ئامانجە سەربازییانەش لە پیناو ئامانجە سیاسییەكانن.
هەروەها (كلاوزڤیتز) ڕای وایە ئامانجی سیاسی جەنگ دوو شتە، یان نابودكردنی دوژمن و كۆتایی هێنان بە مانەوەی وەك دەوڵەتێك. یان سەپاندنی مەرجەكانی ئاشتییە. بەڵام خاڵی یەكەمی (كلاوزڤیتز) لە سەردەمی ئیستادا تاڕادەیەك ئەگەرێكی زەحمەتە كە باس لە كۆتایی هێنان بە دەوڵەتێك دەكات، جەنگێك كە ئامانجێكی لەو شێوەیە هەڵبگرێت ئەگەرێكی زەحمەتە،بەڵام مەحال نیە.بەڵام دەكرێت ئامانجە لێ گۆڕێنی سیستەمی حوكمرانی وڵاتەكە بێ یاخود ئامانج لێ كۆنترولكردنی حكومەتەكەبێت یان مەبەست لێ دابەش بوونی وڵاتكە بێ.
خالێ دووەمیش كە (كلاوزڤیتز) مەبەست لێ سەپاندنی مەرجەكانیەتی یاخود سەپاندنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر دەوڵەتەكە وە یان رازیكردنی دەوڵەتەكە و سەپاندنی مەرجەكانی خۆی بەڕیگەی جەنگ. هەروەها ئامانجی گشتگیری جەنگیش مەبەست لێ پاراستن و گەشپیدانی ئاسایشی نەتەوەییە و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانە.
لەم بارەییەوە (كلاوزڤیتز) ئامانجی سیاسی جەنگ دەخاتە ڕوو بەوەی كە" جەنگ هیچ نییە جگە لە درێژە پێدانی سیاسەت بە ڕەوشێكی تر ".هەندێك جار ئامانجی سیاسی جەنگ مەبەست لێ شاردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانە یان دوورخستنەوەی جەنگە لە وڵاتەكەی. كەواتە هەندی جار ئامانجەكە سنوردارە هەندی جاریش زۆربەی شیۆاز و جۆر ئامانجەكان لە یەك جەنگەدا كۆدەبنەوە.
هەرچەند دیاركردنی هۆكار (فاكتەر) ێكی دیاری كراو بۆ راڤە و شیكردنەوەی ئەم چالاكیە كارێكی ئاسان نییە. هۆی ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو لایەنە ئالۆزانەی كە جەنگ لە خۆی دەگرێت، چونكە جەنگ وەك كردەیەكی مرۆڤی هۆكاری سیاسی ونێودەوڵەتی و سەربازی و دەروونی و كەلتوری وسایكۆلۆژییكی و ئابوری و ئایدولۆژی و تائیفی و ئینتیمای نیشتیمانی وسەپاندنی سەروەری..ڕۆلێ تێدا دەگێڕن، وێڕای ئەو فاكتەرانەی كە پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیەوە،هەروەها(فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان وژینگەی نێودەولەتی و ناوچەیی، فاكتەری دەروونی، فاكتەری ئایدولۆژی... جیاوازی هێز لە نێوان وڵاتان لەسەر ئاستی نێودەولەتی و كەمی سەرچاوەكان، فاكتەری سۆسیولۆجی … كەواتە فاكتەرەكانی جەنگ جیاواز و جۆراوجۆرن و پێكەوە كارلێك دەكەن).
هەندیك كات زۆربەی فاكتەرەكان لە یەك جەنگ دا كۆدەبنەوە بە واتایەكی تر جەنگ هەیە زۆربەی فاكتەرەكانی لە خۆ هەڵگرتووە.بەڵام دواجار هەموو فاكتەرەكان لە خزمەتی سیاسەتن بەواتایەكی تر فاكتەرەكە هەر چی بێت لە خزمەتی سیاسەتە!!
لە دوای جەنگی ساردەوە و مشتومڕ هەیە لە نێوان تۆیژەران سەبارەت بەو گۆڕانكاریانەی كەلە فۆرمی جەنگدا رویانداوە.تویژەران دابەش بوون بەسەر دوو ئاراستەدا: ئاراستەی یەكەم جەنگ بە مانا (كلاوزڤێتزیكە) ئەبینن، بەڵام ئاڕاستەی دووەم جەنگی بە ستووە بە كاتەوە بە واتای زیادكردنی تایبە تمەندێتی كۆن و نوێ بە واتای جیاكردنەوەی ئەو جەنگانەی كەلەم سەردەمەدا رویانداوە ڕووئەدەن لەوانەی پێشتر.
لەگەڵ هەموو ئەو مشتومرانەدا سەبارەت بە جەنگ و پۆلینكردنی جەنگ لە دەرئەنجام دا جۆرو شێوازی جەنگەكان جیاوازن لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو. كە ئەمانەن (جەنگی ناوخۆیی، جەنگی سنووردار، جەنگی سەرتاپاگیر، جەنگی بەرگری، جەنگی پێشگیری، جەنگی ناوشارەكان، جەنگی شۆرشگیری، جەنگی پارتیزانی، جەنگی ڕەوا، جەنگی بەوەكالەت، جەنگی ئابووری، جەنگی ئەتومی و كیمیایی، جەنگی هەواڵگری،جەنگی جیهانی... ).
هەروەها جەنگیش یاسای خۆی هەیە !یاساكانی جەنگ واتە ئەو بنەمایانەی كە پێویستە پێودانگی هەڵسوكەوتەكانی بەشەڕ هاتووەكان بێت و دادەوریان بێت. هەروەها بەمەبەستی دانانی سنورێك بۆ جەنگەكان و ئەوانەی كە ڕولیان نییە لە جەنگەكان. لەسەرەتادا شێوەو نەریتی باوی خۆی هەبوو،لە سەدەی پانزەوە خراوەتە چوارچێوەی دەقەكانی پەیماننامەو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتیەكان، هەر بۆیە پێشتر، دابونەریت جەنگەكانی ڕێك خستبوو.
لەکۆتایدا وەک ئیمانوێل (كانت) دەلێت "دابینكردن و دامەزراندنی ئاشتیی هەمیشەیی ئیمكانی نییە، بەڵام دەكرێ تا دوا ڕادە لێ نزیك ببینەوە ".
12/4/2022