کۆرال نوری
لەپەراوێزی موشەكبارانەكەی هەولێر
پەیوەندیەكانی نێوان ئیسرائیلو ئێران مێژویەكی دێرینی هەیە كە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی رەزا پەهلەوی، ئەو دووەم سەركردە بوو پاش سەرۆكی توركیا بەئاشكرا دانی بەدەوڵەتی ئیسرائیلدا لەساڵی (1948) نا. پەیوەندیەكانی نێوان هەردولا تا ئەو ئاستە بەهێز بوو كە هاوكاری ئەمنی، سەربازیو بازرگانی لەنێوانیاندا هەبوو، هێزەكانی مۆسادی ئیسرائیلی مەشقیان بەهێزەكانی ساواكی ئێرانی دەكرد. هاوكات بازرگانی نەوتی ئێران لەرێگەی بۆریە هاوبەشەكانی (ئیلات – عەسقەلان)ەوە دەگەیشتە بازاڕەكانی ئەوروپا.
پاش روخانی دەوڵەتی پەهلەویو هاتنی شۆرشی ئیسلامی ساڵی 1979، پەیوەندیەكانی ئێرانو ئیسرائیل بۆ ماوەیەك پچراِ . خومەینی، یەكەم رابەری شۆرشی ئیسلامی، لەگەڵ دەسەڵات گرتنەدەست هەموو پەیوەندیە دپلۆماسیو بازرگانیەكانی نێوانیانی كۆتایی پێهێنا، هەروەها دانی نەنا بەبونی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. خومەینی لە میدیاكانیدا بەئاشكرا ئیسرائیلی بەئەهریمەنی بچوك (ئەمریكا ئەهەریمەنی گەورە) ناودەبردو بانگەوازی جیهادی دژ بە "داگیركاری زایونیزم" دەكرد بۆ رزگاركردنی خاكی فەلەستین، بەڵام زۆری نەخایاندو لەگەڵ سەرەتاكانی دەستپێكردنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێرانو عێراق (1980-1988) پەیوەندیەكان دوبارە بەڵام ئەمجارەیان بەنهێنیو بەپێی بەرژەوەندیەكان نەك پرنسیپەكانی ئیدیعایان دەكرد زیندوو كرانەوەو درێژەیان پێدرا.
خواستی ئیسرائیل بۆ زیندووكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانی شۆرشی ئیسلامی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە دژایەتی رژێمی عێراقی پێبكات، بەو پێیەی عێراق سەرسەخترین دوژمنی ئیسرائیل بوو لەپاڵپشتیكردنی فەلەستینیەكان لەلایەكو لەلایەكی دیكەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدا، كە هەردووكی بۆ ئیسرائیل هێڵی سوربونو جێگەی قبوڵكردن نەبوونو نابن.
بۆ ئیسرائیل گرنگ نەبوو ئێران دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعە مەزهەبە، یاخود دەوڵەتی عەمامە بەسەرە یان دەوڵەتێكی مۆدێرنە، گرنگ ئەوەبوو بەرژەوەندیەكانی ئیسرائیل بپارێزێت. ئێرانو ئیسرائیل یەك دوژمنی هاوبەشیان هەبوو ئەویش وڵاتانی عەرەبی بوو. كێشەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئەوەبوو، ئەوان تەلئەبیبیان بەدوژمنی سەرەكی خۆیان دەزانی لەپاش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل. بەهەمان شێوە وڵاتانی عەربی، ئێرانیان بەوڵاتێكی داگیركەرو شەڕخواز دەزانی، بەتایبەتی كە لەسەردەمی محەمەد رەزاشا لەساڵی 1971 سێ دورگەی لەكەنداوی عەرەبی (تەنبی گەورە، تەنبی بچوكو ئەبو موسا) كە لە بنەمادا هی دەوڵەتی ئیمارات بوو داگیركرد. بۆیە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو تا ئەمرۆش بەچاوی دوژمنو داگیركەر دەڕواننە ئێرانو فراوانخوازیەكانی لە كەنداوو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەم حاڵەتەش وای لەتەلئەبیب كرد دوژمنی دوژمنەكەی بكاتە دۆستی خۆی بۆ خۆپاراستن لەدژایەتی جیهانی عەرەبی.
بۆیە تەلئەبیب بریار دەدات بەشێوەیەكی نهێنی پاڵپشتی سەربازی ئێران بكات لەشەری دژ بە عێراق بەتایبەت كە ئێران لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕ لاوازبوو. پاش چەند رۆژێكی كەم لەشەڕ یاكوب نەمرود كە جولەكەیەكی عێراقی نەژادبوو، پەیوەندی دەكات بەئێرانەوە، نەمرود لەساڵانی (1975-1979) مولحەقی سەربازی ئیسرائیل بوو لە تارانو دۆستایەتیەكی باشی لەگەڵ سەركردە سەربازیەكانی سەردەمی پەهلەویدا هەبوو. نەمرود لەرێگەی یەكێك لەسەركردەكانی هێزی ئاسمانی پێشووەوە كە لەپۆستەكەیدا مابوەوە، نامەیەك بەفاكس دەنێرێت بۆ تاران كە تیایدا هاتوە: " ئێمە دەتوانین چی بكەین بۆ یارمەتیدانی ئیوە؟"، واتە ئیسرائیل دەتوانیت چی بۆ ئێران بكات لەشەڕی دژ بەعێراق.
لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا وەڵامەكە هاتەوە كە بریتی بوو لەلیستێكی دوردرێژی پێداویستی سەربازیو چەكی جۆراوجۆر. ئەوەش ناونرا ئۆپەراسیۆنی "شلفی" كە راستەوخۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی ئیسرائیل مەناحیم بێگن سەرپەرشتی دەكرد، تەنانەت سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن شەمعون پێرێزو ئیسحاق رابینی لێئاگاداركردبوەوەو ئەوانیش پشتگیریان لێكرد.
لەبەرامبەر هاوكاریكردنی ئێران، ئیسرائیل چەند دەستكەوتێكی گرنگی هەبو: یەكەم: كڕینی نەوت لە تاران بەنرخێكی هەرزان. دووەم: فرۆشتنی چەك بە ئێرانو بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆر كە بەپێی سەرچاوەكان بەهاكەی گەیشتە زیاتر لە ملیارێك دۆلار، بەتایبەتی لە ساڵانی دەسپێكی شەڕەكەدا ئێران ناچاربوو بە نرخێكی گرانتر چەك لە بازاری ڕەشدا بكڕێتەوە. سێیەم: ناردنەوەی 55 هەزار جولەكەی نیشتەجێی ئێران (لەكۆی 75 هەزار) بەبێ هیچ مەترسیەك بۆ ئیسرائیل، ئەمە جگە لەكۆمەلێك جولەكەی عێراقی كە لەرێگەی ئێرانەوە رەوانەی تەل ئەبیب كرانەوە.
لەهەموو ئەوانەش گرنگتر بۆ ئیسرائیل سەرقاڵكردنی وڵاتانی عەرەبی بوو بە شەڕەوەو لەبیركردنی پرسی فەلەستین بوو. هەروەها سەرقاڵكردنی ئێران بوو بەشەڕەوە تاوەكو داوای ئەو 500 ملیۆن دۆلارە نەكاتەوە كە ماوەیەك پێش روخانی رژێمی پەهلەوی درابوو بەئیسرائیل لەبەرامبەر كڕینی بڕێكی زۆر لەچەكی قورسو لەبیركردنی قەرزی كرینی نەوتو پارەی كومپانیاكان كە تاوەكو ئێستا لەنێوانیاندا یەكلانەبوەتەوە.
چەكە قورسەكانی ئیسرائیل لەرێگەی هێڵی ئاسمانی ئەرجەنتینەوە پاشان بەرێگەی ئاویدا دەگوازرایەوە بۆ ئێرانو هەندێكیشیان لەرێگەی قوبرسەوە ڕەوانەی شاری تەبرێز دەكران. جارێكیان یەكێك لەفڕۆكە بارهەڵگرەكان بەهۆی لادان لەئاراستەكەی خۆی، لەنزیگ سنوری سۆڤێت تەقەی لێدەكرێت و لە سنوری ئەرمینیا دەكەوێتە خوارەوە وسەرجەم سەرنشینانی فرۆكەكە گیان لەدەست دەدەن، كاتێك هەواڵەكە لەمیدیاكانی جیهاندا بڵاوبوەوە، ئەمریكاو ئیسرائیل بێدەنگیان هەڵبژاردو پەردەپۆشیان كرد.
ئیسرائیل بەهاوكاری موخابەراتی ئێران توانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی عێراق (ئۆزۆریك-تەموز) لەساڵی 1981بۆردومان بكاتو لەناوی ببات. ئەگەرچی پەیوەندیەكانی تاران-تەلئەبیب لەماوەی هەشت ساڵی شەڕدا لەمیدیاكاندا ناتەباو دوژمن بوون، بەڵام بەنهێنیو ژێربەژێر دۆستو هاوكاربوون، پرسی فەلەستینیش بەشێك بوو تا ئێستاش بەشێكە لەگەمەی سیاسی كە نەك بەتەنها تاران بەڵكو ئەنكەرەو بەشێك لەوڵاتانی عەرەبیش بازرگانی پێوە دەكەن.
ئێستاش پردی پەیوەندی نهێنی نێوان تارانو تەلئەبیب بەردەوامە، ئەگەرچی ناوبەناو گرژی تێدەكەوێت بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران لەلایەكو هەوڵی فراوانخوازی تاران لەناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست لەلایەكی دیكەوە. ئیسرائیل راشكاوانە بەهەموو لایەك دەڵێت كە هیچ كەس جگە لەخۆی سەرداری ناوچەكە نیە، ئەوەشی خۆی تاقیبكاتەوە ئەنجامەكەی وەردەگرێت. بۆیە ئیسرائیل دژ بەخواستی ئێرانە لەهەبونی چەكی ئەتۆمیو بەهەموو شێوەیەك هەوڵی لەناوبردنی دەدات، لەم بوارەشدا كاری زۆری كردوە.
لە ساڵی 2018 ئیسرائیل توانی ژمارەیەكی زۆری دۆسێو دۆكیومێنتو پلانە نهییەنیەكانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران بدزێت، لەدیارترین كارەكانی مۆساد لە 2ساڵی رابردودا: رۆڵی بەرچاوی تەلئەبیب لەتیرۆركردنی قاسم سلێمانی (3/1/2020) فەرماندەی هێزی قودس-ی سوپای پاسداران، كە گورزێكی كەمەرشكێن بوو بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، پاشان تیرۆركردنی زانا ئەتۆمیەكەیان موحسین فەخری زادە لەنۆڤەمبەری هەمان ساڵدا. هەروەها لەساڵی 2014 -2018 هێرشی كردە سەر 200 ئامانجی ئێران لەسوریاو لاوازكردنی ژێرخانی سەربازییو تیرۆركردنی چەندین سەركردەی باڵای سوپای قودس لەو ولاتە، هەر لەساڵی رابردودا تەلئەبیب 12 پاپۆری ئێرانی لە كاتی جیاوازدا كردە ئامانج، ئەمە جگە لەتەقاندنەوەی بنكە ئەتۆمیەكەی نەتەنز.
لەسەر ئاستیكی دیكە، ئیسرائیل لەمپەرە لەبەردەم گەرانەوەی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ رێكکەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێرانو پێوایە گەرانەوە بۆ "رێكەوتنە خراپەكە Bad Deal-" واتە هەڵگرتنی سزا ئابورییەكانی سەر ئێران كە رێگەخۆشكەرە بۆ كاركردن لەسەر پیتاندنی یورانیۆم و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، ئەمەش دەبیتە هۆی دروستكردنی مەترسی گەورە لەسەر ئیسرائیلو رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆیە تەلئەبیب بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات جگە لە خۆی هیچ وڵاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بأڵادەستبێت.
لێرەدا پرسیارە راستەقینەكە ئەوەیە: ئایا هەموو ئەمانە بۆ كاردانەوەی راستەوخۆی لەلای ئێران دروست نەكرد بۆ لێدانی ئیسرائیلو سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان؟ كەچی بەبیانوی بونی بنكەی مۆساد، پایتەختی هەرێمی كوردستان موشكباران دەكات؟! لەكاتێكدا هەر خۆی بوو لە شەڕی هەشت ساڵەی دژ بەعێراق بەموشەكی ئیسرائیلی بۆردومانی دەكردین. بەپێی وتەی ئەحمەد حیدەری (بەنەژاد ئێرانی) كە بارزگانێكی بەناوبەنگی چەك بوو لە 80% چەكی ئێران دروستكراوی ئیسرائیل بوون.. !!
ئەگەر ئێران راستدەكات، رێگاكان بەرەو ئیسرائیل دور نیە، دەتوانێت چ لەرێگەی میلیشیاكانیەوە لەسوریا یان میلیشیاكانی حیزبوڵا لەلوبنان بەموشەكە بالیستیەكانی ئیسرائیل خاپور بكات، وەك ئەحمەد كەریم پور راوێژكاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2017 رایگەیاند " ئێران دەتوانێت لەماوەی كەمتر لە 7 خولەكو 30 چركە ئیسرائیل خاپور بكاتو حەیفاو یافا لەگەڵ زەویدا یەكسان بكات". یاخود لێدوانەكانی دیكەی سەركردەكانی تاران: "ئیران دەتوانێت ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان بسڕێتەوە". كورد واتەنی ئەگەر راستدەكەن: فەرموون ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕنەوەو داخی شكستەكانتان بە كورد مەڕێژن.
بەشێك لەو سەرچاوانەی سودی لێوەرگیراوە بۆ نوسینی ئەم بابەتە :
- TREACHEROUS ALLIANCE the secret dealings of Israel, Iran, and the United States / Trita Parsi
- Iran, Israel, and the United States, Regime Security vs. Political Legitimacy / Jalil Roshandel with Nathan Chapman Lean.
- The Iran–Iraq War Antecedent and conflict Escalation / Jerome Donovan.
- The Iran-Iraq war: chaos in a vacuum / Stephen C. Pelletiere.
- The Iran-Iraq war / Razoux Pierre Elliott