رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ۱۰/۳/۲۰۲۲ شاندێکی باڵای نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان پێکهاتوو لە بەرێزان ناهیدە ئەرمیش و حیکمەت حاتیپ سەردانی بارەگای بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن وەڤدێک بە سەرپەرشتی ئازاد محەممەدزادە بەرپرسی نوێنەرایەتی و قانع کەریمی ئازەر ئەندامی شوورای هاوئاهەنگی و هاوکار لە بەشی پەیوندییەکان و هەروەها ئارمان پوور حوسێنی چالاکوانی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەشی مێدیا بە گەرمی پێشوازیان لێ کرا.
لە دەستپێک دا وەڤدی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان لەو سەردانەی شاندی هەدەپە دەربڕی و وێرای بەخێرهاتنیان، دوو لایەن نزیکی گوفتمانی و مەخرەجی هاوبەشی نێوان کۆماریخوازان و هەدەپەیان لە پەیوەندی بە ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیانی گەلان و چارەسەری ئاشتیانە دۆزی کورد، بەشداری سیاسی، و خۆبەرێوەبەری خۆجێیی لە رۆژھەڵات و باکووری کوردستان بە خاڵێکی گرنگ و ئیجابی نرخاند.
هەروەها لە لایەن شاندی خانەخوێ باسی دۆخ و رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و لەو پەیوەندییەدا شێوازی خەباتی جەماوەری و مەدەنی و دوور لە گرژی و رادیکالیزمی کرداری و گۆفتمانی وەک گونجاوترین میتۆدی تێکۆشان کە دەتوانێ بنیاتنەر و دەرفەت خوڵقین و بەستێن ساز بێت بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە ئیجابی نرخێندرا.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا هەر دوولایەنی کۆماریخوازان و هەدەپە جەختیان لە سەر یەکریزی و هاوپەیوەندی نەتەوەیی گەلی کورد و سەرجەم پارت و ڕێکخراوەکان لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە دا کردەوە و پاشان کۆمەڵی باس و مژاری گرنگی رۆژی کوردستان و ناوچەکەRead Moreتاوتوێ کران، دوو لایەن پێداگیر بوون لەسەر ئەوەی کە وێڕای پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەرینی باشووری کوردستان و شۆرشی رۆژئاوای کوردستان، پێویستە هەوڵەکان بۆ یەکانگیری و یەکگووتاری نەتەوەیی و تێکۆشانی کاری تیمی و مەیدانی چڕتر و گشتگیرتر بکرێن، تا لە ئەنجام دا دەستکەوتی گەورەتر بۆ کورد لە چواربەشی کوردستان دا دەستەبەر و مسۆگەر بکرێن.
جێگای ئاماژەیە کە لەلایان پارتی دێموکراتی گەلان هەدەپەوە دەعوەت نامە فەرمی بۆ بەشداری بزووتنەوەی کۆمارخوازان لە کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئامەد پێتەختی باکووری کوردستان رادەستی شاندی خانەخوێ کرا. هەر لەم پەیوەندییەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازان وێرای پیرۆزبایی و دەربڕینی خۆشحاڵی بە بۆنەی بەرێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆزی ۲۷۲۲ی کوردی، کە لەم بارودۆخە پڕ هەستیارەی تورکیە و باکووری کوردستان دا بەم ئەرکە گرینگەوە هەستاوون، وەک پێشاندانی ئیرادەی بەرزی نەتەوەیی کورد لە دژی سیاسەتی سەرەرۆیی رێژیمی تورکیە ناوبرد و هیوای خواست نەورۆزی ئەمساڵ بکرێت بە دەستپێکردنەوەی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دا،و ئازادی سەرجەم گیراوانی هەدەپە و بەرێز دەمیرتاش، بە تایبەتیش ئازادبوونی رێزدار ئۆجەلان.
لە کۆتایی دوو لایەنی کۆماریخوازان و هەدەپە سوور و پێداگر بوون لەسەر بەردەوامبوون پرسی دۆستایەتی و هاوکاری و چالاکی هاوبەش و پتەوتر کردنی هەرچی زیاتر پەیوەندییەکانیان.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان
۱۰/۳/۲۰۲۲