مۆحسێن ئەڵاوەیسی
بەشی یەکەم
"بێڵن دانا" وه‌کوو یەکێک لە که‌وناراترین جێژن و کۆنەئایینه‌کانی گەلی کوردە
له ڕاستیدا "بێڵن دانا" چه‌شنی زۆربه‌ی جێژن و ئایینه که‌وناراکان، میراتی باب و باپیرانه. له‌و نێوه‌دا "بێڵن دانا" یه‌کێکه لەو داب‌ونه‌ریته کەو‌نارایانه که لانی‌که‌م مێژووی دەگه‌ڕێته‌وه بۆ سێ هەزار ساڵ به‌ر له ئێستا و تایبەتمەندییه‌کانی ئەو جێژنه زۆر گرینگ، زیندوو و به ڕێژه‌ی ئه‌و سه‌رده‌می، پێشکەوتووانە بووه. بێڵن دانا لە چاو زۆربه‌ی جێژنه نەتەوەیی و مەزهەبییه‌کانی تر ڕه‌گاژۆی کردووه‌ته نێو هه‌ناوی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی میللی کورده‌وه. ئەو جێژنه ئێوارەی سێسەد و بیست و یەکەمین ڕۆژی ساڵ یان چل و پێنجەمین ڕۆژی وه‌رزی زستان (١٥ی ڕێبەندان) بەڕێوه دەچێ.
✍️ به‌م تێبینییانه‌وه و به ڕوانینێکی نوێ بۆ "بێڵن دانا" به‌ش به حاڵی خۆم هه‌موو هه‌وڵم ئه‌وه‌یه ئەو جێژنە جوانه دیسان بەو شێوەی که له ڕابردوودا له‌م ناوچە و هه‌رێمه‌دا باو بووه و بە ڕێوە چووه، زیندوو بێته‌وه و له‌و ڕێیه‌وه به‌شێکی دیار و به‌رچاوی که‌لتوور و داب‌ونه‌ریته ڕه‌سه‌نه‌کانمان مه‌ترسیی فه‌وتانی له‌سه‌ر بڕه‌وێته‌وه. دیاره سامانی سه‌ره‌کیی هه‌ر نەتەوه‌یەک که‌لتوور و ڕه‌سه‌نایه‌تی و هه‌موو ئه‌و داب‌ونه‌ریت و ڕێوڕه‌سمانه‌ن که له هه‌ناوی مێژوو هه‌ڵقوڵیون و له ڕاستیدا و به پێی ژیانی هاوبه‌شی و به‌کۆمه‌ڵی مرۆڤ، فه‌وتانی هه‌ر به‌شێکی، به‌گشتی فه‌وتان و تێداچوونی به‌شێک له که‌لتووری مرۆڤ و هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی ئینسانییه؛ که وابوو له بنه‌ڕه‌ته‌وه، پاراستنی هه‌ر به‌شێکی، پارێزگارییه له که‌لتووری جیهانی.
جێی ئاماژه‌یه که مرۆڤ لە ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌چوونی "بێڵن دانا" ڕاسته‌وخۆ پێوەندی به خوداوه ده‌گرێ و ئه‌و خاڵه ده‌کرێ وه‌کوو جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی "بێڵن دانا" بێته ئه‌ژمار. له ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌بردنی "بێڵن دانا"، وه‌کوو بیر و باوەڕێکی که‌ونارا که ئاوێته‌ی ئەوین، شادومانی، خێر و بەرەکەت و ...، له خوای مەزن داوا ده‌کرێ جه‌ماوه‌ره‌که له پاڵ یەکتر و وێکڕا به خۆشی و شادی بژین. سه‌رده‌مێک ئەم ڕۆژه لە ڕوانگه‌ی خه‌ڵکه‌وه گه‌لێک پیرۆز بووە و زۆر جار که نیازی هه‌وڵێکی خێرخوازانه‌یان هه‌بووه، تێکۆشاون تا ئه‌و هه‌وڵه خێرخوازانه‌یان ڕاست له‌و ڕۆژه تایبه‌ته‌دا به‌ڕێوه بچێ. بە واتایه‌ک ئه‌و ڕۆژه بۆ خه‌ڵکه‌که بە ڕۆژی هات و پێگه‌یشتن هاتووه‌ته ئه‌ژمار.
"بێڵن دانا" سه‌روبه‌ندی ئه‌و ڕۆژانه‌ی وه‌رزی زستان به ڕێوه ده‌چێ که زەخت و گوشاری سه‌رما‌وسۆڵ خه‌ریکه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه و بەرەو کزی دەڕوا. "بێڵن دانا" دوو وشه له خۆ ده‌گرێ: بێڵ + دانا=(دانان) و ئه‌و کاته و سه‌رده‌مه به‌ڕێوه ده‌چێ که به ڕواڵه‌ت وه‌کوو کورد ده‌ڵێ: "شه‌خته و سه‌رمای زستان ته‌شقی شکاوه یان گەلاوێژی زستان ئه‌نگوتووه و زەوی بەرەو گەرمبوون چووه؛ هه‌ر چه‌ندی بەفر ببارێ تازە خۆ ناگرێ و پێویست به ماشتن ناکا. بێڵ و وه‌روه‌ره‌ی به‌فر ماڵێن ده‌بێ بچنه‌وه که‌لێن و سووچ و قوژبنان و تاقه‌ت بکرێن هه‌تا ساڵی داهاتوو نه‌یه‌نه‌وه ده‌رێ".
"بێڵن دانا" به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ناوی گۆڕاوه و تووشی ئاڵ‌وگۆڕ بووه. لە موکریان ناوی "بێڵن دانا"ی به سه‌ردا بڕاوه، لە باشوری کوردستان لای گۆران و کەڵهورەکان لە کرماشان ناوی بۆته "وەهاری کورد" و لە شوێنه‌کانی تری کوردستان وه‌کوو بۆکان و سەقز به "سۆرانەی سەتەی مەڕی" ناودێر کراوه یان لە هه‌ندێک شوێنی تر ناوی بووه‌ته "سەتانە سەتانە" واتە سەدەی کوردی یان به "سوورە سەتەی کوردی" دەناسرێ.
مامۆستا هێمن لە کتێبی “چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگیز"دا دەڵێ:
(... بەڵام زۆر دوور نییە هەر بە بیری من، مەڕدار لە ئاخر و ئۆخری مانگی "مێهر" بەرانیان دە مەڕ کردووە و جێژنی مێهرەگانیان بۆ کردووە. دیارە ئەو جێژنە ئەوەندە گەورە بووە کە عەرەب وەریانگرتووە. بە زمانی خۆیان پێی دەڵێن میهرەجان و بە هەموو ڕۆژی خۆش دەڵێن "میهرەجان".
مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ، پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وە بەر دێ و مەترسیی بەرئاویشتن کەم دەبێتەوە. جێژنی "سەدە" کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن "بێڵندانە" پێوەندیی دەگەڵ ئەم باسە هەیە .
دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان، دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەوەڵی بەهاردا زەوی مەڕدێ و جێژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.
پێم وا نییە پێویستیی بە ڕوونکردنەوە بێ، بەرخی مەستەشیر پاشی سێزدە ڕۆژ دەبێ لە کۆز دەرکرێ و بە زاوەماک بیبەیە لەوەڕ، ئەوەش سێزدەبەدەرەکەمان)
1/3/2022