د. نەوشیروان حوسێن سەعید
پێشەکی
بوونی ئاشتی و ئارامی لە کۆمەڵگەدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی تاک بە تاکی خەڵک هەیە. هەربۆیە چۆنێتی بەدیهێنانی ئاشتی، بەردەوام جێی بایەخی گەورەی توێژەران و سکٶلەران بووە لە جیهاندا. لەم توێژینەوە کورتەدا، هەوڵەدەم چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ چۆنێتی بونیادنان و بەدیهێنانی ئاشتی بخەمە ڕوو. بەشێوەیەکی گشتی پێنج قوتابخانەی فیکریی هەیە لەم بوارەدا کە بریتین لەقوتابخانەکانی'بەڕێوەبردنی ململانێ' و 'چارەسەری ململانێ' و 'گۆڕینی ململانێ' و'قوتابخانەی تەواوکاریی' و 'قوتابخانەی خیتابی بەدیل'.بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، کاراکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان (جا تاکە کەس بن، یان ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان بن) بەزۆری سوود لە یەکێک لەم قوتابخانانە وەردەگرن. لە خوارەوە بە کورتی باس لە هەریەکێک لەو قوتابخانە فیکرییانە دەکەم.
قوتابخانەی بەڕێوەبردنی ململانێ
ئەم قوتابخانەلە ڕێگەی چەندین دەستپێشخەریی دیبلۆماسی جیاوازەوە هەوڵی کۆتای هێنان بە شەڕ دەدات. بەڕێوەبردنی ململانێ کۆنترین قوتابخانەی پەیوست بە بەدیهێنانی ئاشتیە کە زیاتر پەیوەندی بە دامەزراوەییکردنی ئاشتییەوە هەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا. ئەم قوتابخانە زیاتر تەرکیزی لەسەر دەستەبژێری سیاسی و سەرکردەکانە و دەیەوێت سەرکردەیی لایەنە بەشەڕهاتووەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە. بەمانایەکی دیکە، هەوڵی بەڕێوەبردنی پێکدادانە چەکدارییەکان دەدات لە کورت مەودادا. ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە ئیرلەندای باکور و سودان دوو نموونەی دیارن لەمڕووەوە.
فۆکەسی سەرەکی ئەم قوتابخانەیە لەسەر ئەو سەرکردە و دەسەڵاتدارانەیە کە دەتوان لە ڕێگەی گفتوگۆوە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بەرفران بێنن. بەهۆی تەرکیزی زۆری لەسەر ڕۆڵی لوتکەی دەسەڵات و سەرکردە سیاسییەکانی لایەنە بەشەڕهاتووەکان، هەندێ لە توێژەران ڕەخنە لەم قوتابخانەیە دەگرن. ئەوان پێیان وایە ئەم قوتابخانە ناتوانێت پەنجە لەسەر ڕەگی کێشە و ململانێکان دابنێت و تەنها بۆ قۆناغی ڕاگوزەریی و بۆ ماویەەکی کاتی دەگونجێت، نەک بۆ هەمیشە.(١)
مەبەست لە بەڕێوەبردنی ململانێ بەپێی تێڕوانینی یاکینپۆوو وڵف ، بریتییە لە پرۆسەیەک کە ئامانج تیایدا بریتییە لە گۆڕینی دەرهاویشتە توندوتیژییەکانی ناکۆکی نێوان دوو لایەن یان زیاتر (کە بەهۆی نەگونجانی ئامانجەکانیانەوە دروستبووە) بۆ پرۆسەیەکی سیاسی کە بتوانرێت لە رێگەی هۆکاری ناتوندوتیژەوە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکان بکرێت. (٢) شەڕ و ململانێ توندوتیژەکان بە زۆری بەهۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و ململانێ لەسەر دەسەڵات و سەرچاوە دەگمەنەکانی وەکو سامانی سروشتیەوە دروستدەبن. بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و توندوتیژیی، ئەم قوتابخانەیە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە 'حکومڕانی هاوبەش' دەبەستێت تا لایەنە ناکۆکەکان لە ناو حکومەتێکی بنکەفراواندا کۆبکاتەوە و مافی کلتورییش بۆ کەمایەتییەکان دەستەبەربکرێت لە کۆمەڵگە پەرتبووەکاندا.
قوتابخانەی چارەسەری ململانێ
ئەم قوتابخانەیە دەیەوێت هۆکارەکانی پشت ململانێ چارەسەر بکات و جارێکی دیکە پەیوەندییە ڕووخاوەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان بونیادبنێتەوە. ئەم قوتابخانەیە تەنها تەرکیزی لەسەر لوتکە و دەستەبژێری سیاسی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا گرنگی بە بنکە جەماوەرییەکە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش دەدات وەکو بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی ململانێ.سیما دیارەکانی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە کە ئەکتەرە ناحکومییەکان یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ئەم قوتابخانە تیشکدەخاتە سەر تێگەیشتن لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت شەڕ و توندوتیژییەکان و هەوڵدەدات لەو ڕێگەیەوە بگاتە چارەسەرێکی درێژخایەن. (٣) بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان زۆرجار بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییە نیشتمانی و لۆکاڵییەکان کاردەکەن. کارو چالاکی سەرەکی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە بریتییە لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان گرووپ و پێکهاتە جیاوازەکاندا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی گرنگی ئاشتی و پێکەوەژیان و مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییەکان بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا.
ئەم قوتابخانە لەلایەن قوتابخانەی 'بەرێوەبردنی ململانێ'وە ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەتەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە مەرج نیە باشترکردنی گفتوگۆ و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی لێبکەوێتەوە و ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە شەڕ. یەکێکی دیکە لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە ئەم قوتابخانە فیکرییە پشت بەو گریمانایە دەبەستێت کە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی لە خوارەوە، مانای چارەسەرکردنی ململانێکان ناگەیەنێت لەسەرەوە و لەسەر ئاستی دەوڵەت. (٤)
قوتابخانەی تەواوکاریی
ئەم قوتابخانە هەوڵدەدات هەماهەنگی لە نێوان هەردوو قوتابخانەی 'بەڕێوەبردنی ململانێ' و 'چارەسەری ململانێ'دابدۆزێتەوە و پێکەوە گرێیاندا. ئارگیومێنتی سەرەکی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە کە هەریەکە لەو دوو قوتابخانەیەی سەرەوە بە تەنها بەس نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان و بونیادنانی ئاشتی. هەنگاوی لۆجیکی لای داکۆکیکارانی ئەم قوتابخانەیە، بریتییە لە کارکردن لەسەر دەستەبژێری سیاسی و حیزبەکان لەسەر ئاستی سەرەوە لەگەڵ کارکردن لەسەر خەڵکی ئاسایی لە خوارەوە. بە مانایەکی دیکە، بۆ ئەوەی ململانێ لە نێوان گرووپ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیەکدا چارەسەر بکرێت، دەبێت هەم لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسییەکان و هەم لەسەر ئاستی خەڵکیش بە گشتی کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بکرێت.
لەسەر ئاستی سیاسی، دەکرێت چارەسەرەکە بریتی بێت لەوەی کە دەستور بە شێوەیەک بنووسرێتەوە ڕێگە بە هەموو پێکهاتە و گرووپ و حیزبە جۆراوجۆرەکانیکۆمەڵگە بدات کە بتوانن بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن و مافە کلتورییەکانی پێکهاتە ئیتنی و دینییەکانیش پارێزراو بێت بەتایبەتی لە بواری دینی و پەروەردەیی و زماندا. لەسەر ئاستی تاکیش، دەکرێت چارەسەرەکە بریتی بێت لە زیاتر نزیککردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە یەکتر، بە جیاوازی باکگراوندی ئاینیی و ئیتنی و نەتەوەیی و ڕەنگ و ڕەگەز و ئینتیمای سیاسییانەوە. دەکرێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەم کارە هەستن و لە ڕێی کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکی جۆراوجۆرەوە تاکەکان لە یەکتر نزیکبکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش، شوێنە گشتییەکانی وەکو گەڕەک و خوێندنگا و مزگەوت و بازاڕ، دەتوانن لەمڕووەوە ڕۆڵێکی کارا و گرنگ بگێڕن. گریمانەکە لێرەدا ئەوەیە کاتێک کە تاکەکانی سەر بە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان لە یەکتر نزیک بن، ئەگەری دروستبوونی مامەڵە و ناسیاوی و دواتریش هاوڕێیەتی زۆرە. کاتێکیش هاوڕێیەتی دروستبوو، ئەگەری دروستبوونی متمانە زۆرە. لەگەڵ بوونی متمانەشدا، ئەگەری شەڕ و توندوتیژیی کەمدەبێتەوە. (٥)
بەکورتی، ئەم قوتانخانە پێی وایە کاتێک کە سەرکردە سیاسییەکان لەسەرەوە هاوکاری یەکتریان کرد و متمانە لە نێوانیاندا هەبوو، ئەواسەقامگیریی سیاسی بەدیدێت. کاتێکیش پەیوەندی و هاوکاری و هاوڕێیەتی لەسەر ئاستی تاکەکانی کۆمەڵگەش هەبوو، ئەوا سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەدیدێت. سەقامگیری سیاسی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیش، ئاشتییەکی ڕاستەقینەی لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە دەبێت لە هەردوو ئاستەکەدا کاربکرێت، چونکە گرنگیدان بە یەکێکیان و فەرامۆشکردنی ئەوی دیکەیان ناتوانێت ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەدا بەدیبێنێت.
قوتابخانەی گۆڕینی ململانێ
فۆکەسی سەرەکی ئەم قوتابخانەبریتییە لە گۆڕینی ململانێ توندوتیژ و پێکدادانە چەکدارییەکان بۆ ململانێی ئاشتییانە، ئەمەش لە ڕێگەی هەندێ میکانیزمی پەیوەست بە بونیادنانی ئاشتییەوە. ئەم قوتابخانە زیاتر پەیوەستە بە تێڕوانینەکانی 'جۆن پۆل لێدەراک' و باس لەوە دەکەن کە دەبێت لەجیاتی زاراوەی 'چارەسەری ململانێ' زاراوەی 'گۆڕینی ململانێ' بەکاربهێنرێت. (٦) بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا، لێدەراک پێی وایە کە دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان بەڕێوەبردنی ململانێ لە ماوەی کورت مەودادا لەگەڵ بونیادنانی ئاشتی لە ماوەی درێژ مەودا. هەروەها پێی وایە کە دەبێت دەستبخەینە سەر ڕەگی کێشەکان و هۆکاری ڕاستەقینەی پشت دروستبوونی ململانێکان چارەسەربکەین. ئەم قوتابخانە فیکرییە لەوەدا لەگەڵ قوتابخانەی 'چارەسەری ململانێ' تەبایە کە بۆ بونیادنانی ئاشتی، دەبێت برینەکانی ڕابردوو ساڕێژبکرێن و پەیوەندییە تێکچووەکان چاکبکرێنەوە و ئاشتەوایی لەناو کۆمەڵگەدابێتەکایەوە.
وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، قوتابخانەی 'بەڕێوەبردنی ململانێ'فۆکەسی سەرەکی لەسەر سەرکردە سیاسییەکان و بڕیار بەدەستانە. فۆکەسی سەرەکی قوتابخانەی 'چارەسەرکردنی ململانێ'ش لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاستی خوارەوەیە. ئامانجی سەرەکی قوتابخانەی 'تەواوکاریی'ش بریتییە لە پێکەوەگرێدانی فۆکەسی ئەو دوو قوتابخانەیەی سەرەوە و کارکردن هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەم لەسەر ئاستی تاکەکانی کۆمەڵگەش. بەڵام فۆکەسی قوتابخانەی 'گۆڕینی ململانێ' لەسەر ئەو تاک و گرووپانەن کە لەو نێوەندەدان. یانی نە ئەوەیە سەرکردە و بڕیار بەدەست بن، نە ئەوەشە هاوڵاتییەکی سادە بن. ئەمانە دەتوانن لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و ۆرکشۆپەوە کاریگەریی گرنگی ئەرێنییان هەبێت لە گۆڕینی ئاراستەی ململانێکان و دۆزینەوەی ڕێگەی چارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیان و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیریی لە کۆمەڵگەدا.
هەروەها ئەم قوتابخانە هەوڵدەدات لە ڕێگەی میکانیزمی ناوخۆیی و دەستپێشخەریی نێودەڵەتی، ئاشتی بەدیبێنێت. بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە کۆمەڵگەیەکدا،ئەم قوتابخانەیە ئێستا زیاتر فۆکەسی لەسەر کاراکتەرە نێوخۆییەکانە تا کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان. هەر لەبەرئەوە ئێستا ئەم قوتابخانە لە قوتابخانەی 'چارەسەرکردنی ململانێ' زیاتر جەخت لەسەر کاریگەریی ڕۆڵی تاک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکاتەوە. (٧)
قوتابخانەی 'خیتابی بەدیل'
چەند ساڵێکە قوتابخانەیەکی نوێ لە دروستبوون و خۆبەهێزکردندایە کە دەیەوێت تێگەیشتن و شرۆڤەیەکی جیاواز بۆ چۆنێتی چارەسەری ململانێ و بەدیهێنانی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا بخاتەڕوو. ئەم قوتابخانە شیکار و تێگەیشتنی قوتابخانەکانی سەرەوە بەر نەشتەری ڕەخنە دەدات و خیاتبێکی هەڵوەشێنەرانە پەیڕەو دەکات و پێیوایە خیتابی چالاکانی بواری هێنانەدی ئاشتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەسەر چووە و خیتابەکەیان لە واقیع دابڕاوە و لە پێویستییەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە.
قوتابخانەی 'خیتابی بەدیل' تیۆرییەکی ڕێکوپێک ناخاتەڕوو، لەجیاتی ئەوە جەخت لەسەر پێویستی تیشکخستنە سەر ئاشتی ڕۆژانەی خەڵکی سادە دەکاتەوە. (٨)داکۆکیکارانی ئەم قوتابخانەیە باس لەوە دەکەن کە 'بونیادنانی ئاشتی' لە بنەڕەتدا چەمکێکی ڕۆژئاواییە و هەڵقوڵاوی ڕۆژئاواییە و بە عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی مامەڵە لەگەڵ چۆنێتی ماڵەکردن لەگەڵ شەڕ و ململانێکان دەکات، ئەمەش زۆرجار ڕێگرە لە بەردەم تێگەیشتن لە ململانێی وڵاتانی غەیرە ڕۆژئاوایی، بەمەش دۆزینەوەی چارەسەر و هێنانەدیی ئاشتی ڕاستەقینە زەحمەت دەبێت. هەروەهائەم قوتابخانەیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت دەنگی خەڵکە چەوساوەکان ببیسترێن و ڕێزیان لێبگیررێت. بەشداریی سەرەکی ئەم قوتابخانە لە بونیادنانی ئاشتیدا، بریتییە لە فۆکەسکردنە سەر خەڵکی ئاسایی و دەنگی ستەمدیدەکان و پێداچوونەوەی رەخنەگرانەی چۆنێتی دابەشبوونی هێز لە کۆمەڵگە و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی هۆکاری ململانێکان و چۆنێتی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای واقیع نەک لەسەر گریمانەی نۆرمەتیڤانە.
ئەنجام
لەگەڵ ئەوەی چەند قوتابخانەیەکی جیاواز هەن بۆ چۆنێتی هێنانەدی و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا، هێشتا شارەزایان و توێژەرانی بواری ململانێ، لە هەوڵدان بۆ تیۆریزەکردنی زیاتر لەم بوارەدا. هەموو ئەو هەوڵانەی کە لە جیهاندا دەدرێن بۆ هێنانەدیی ئاشتی، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتان، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە یەکێک لەو تیۆرانەی سەرەوە هەیە. ئەو تیۆرانە لە واقیعدا کاریگەریی گەورەیان هەبووە لە کۆتایی هێنان بە چەندین شەڕی خوێناویی و ئیمزاکردنی ڕێکەوتن لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان و هێنانەدیی سەقامگیریی و ئاشتی لەو کۆمەڵگانەیە کە سەردەمانێک بە دەست شەڕ و توندوتیژییەوە دەیانناڵاند. لێرەوە گرنگە کە خوێنەر و توێژەری کورد لە گرنگی تیۆر و کاریگەریی لەسەر واقیع تێبگات، بەتایبەتی کاتێک باس دێتەسەر باسی چۆنێتی بەدیهێنانی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا.
(1)Roeder, P. G. and Rothchild, D. S. (2005) Sustainable peace: power and democracy after civil wars. New York: Cornell University Press.
(2)Yakinthou, C.and Wolff, S. (2012). Introduction. Conflict management in divided societies: theories and practice. S. Wolff and C. Yakinthou (eds.), New York, Routledge: 1-20.
(3)Paffenholz, T. (2009) understanding peacebuilding theory:Management, resolution and transformation.Journal ofpeace researchand action (14), pp. 3-7.
(4)Richmond, O. )2001( Rethinking conflict resolution: The linkage problematic etween ‘Track I and ‘Track II. The Journal of Conflict Studies (01).
(5)Putnam, R. D. (2000) Bowling alone: the collapse and revival of American community. New York: Simon and Schuster.
(6)Lederach, J. P. )1997( Building peace. sustainable reconciliation in divided societies. Washington, D.C.: United States Institute of Peace Press.
(7)هەمان سەرچاوەی سێیەم
(8)MacGinty, R. (2006) No war, no peace:The rejuvenation of stalled peace processes and peace accords. Basingstoke:Palgrave
2/2/2022