فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ماوەی (76) ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد هاتە کایەوە و ماوەی نزیکەی ساڵێک حوکمڕانی چەند ناوچەیەکی کوردستانی کرد و مەهابادی کردە پایتەختی خۆی.

بە هۆی ئەو ململانێیەی لەنێوان ئەمەریکا سۆڤیەتدا هەبو کە دواتر جەنگی ساردی لێکەوتەوە، ساڵی (1941)دا راپەڕینێکی جەماوەری لەناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رویدا و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان لە حکومەتی ناوەندی ئێران سەندەوە و گرتیانە دەست، دواتریش پارتێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچونی ناوچەکە بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرا، قازی محەمەدیش کە سەرۆکی بنەماڵەی قازییەکان بو پەیوەندی بەو پارتەوە کرد.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی (1945)دا قازی محەمەد و چەند سەرکردەیەکی تری کورد سەردانی تەبرێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت کەوت بەو نیەتەی پشتگیری پێکهێنانی کۆمارێکی نوێی کوردی وەرگرن، دواتریش رەوانەی باکۆ کران و لەوێ ئاگاداری ئەوە بونەوە کە پارتێکی ئازربایجانی هەیە بە ناوی پارتی دیموکراتی ئازربایجان و دەیەوێت دەست بە سەر ئازربایجانی ئێراندا بگرێت، دواتریش ئەنجامەکە بەوشێوەیە کەوتەوەو پارتی دیموکراتی ئازربایجان لە (10)ی کانونی یەکەمی ساڵی (1945)دا دەستی بە سەر ئازربایجانی ئێراند گرت کە پێشتر بە دەست سوپای ئێرانەوە بو، پێشەوا قازی محەمەدیش بۆ دوبارەکردنەوەی ئەو ئەزمونە و دامەزراندنی کۆمارێکی کوردی، بە پەلە گەڕایەوە کوردستانی رۆژهەڵات و لە (15)ی هەمان مانگدا کۆمارێکی کوردی دامەزراند، بەڵام هێشتا کۆمارە رەسمییەکەی مەهاباد نەبو.

لە (22)ی کانونی دوەمی ساڵی (1946)دا قازی محەمەد قازی عەلی لە بنەماڵەی قازییەکانی شاری مەهاباد و لە تەمەنی (46) ساڵیدا، یەکەم کۆماری کوردی بە ناوی کۆماری کوردستان، لەسەر روبەری (265) هەزار کیلۆمەتر دامەزراند و زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی کۆمار دیاریکرد و خۆی وەک سەرۆک کۆمار دیاریکرا و دەزگای چاپ دامەزراو گۆڤارو رۆژنامە بڵاوکرایەوە و شانۆی کوردی دامەزراو سوپایەکی (15) هەزار سەربازی لە ژێر ناوی (پێشمەرگە) دامەزرا.

لەبەیاننامەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیشدا ئامانجی کۆمار راگەیەندرا کە بریتی بون لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی هەمو ئێران و زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بە مەبەستی چاودێری دەوڵەت، هاوکات هەمو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە هەڵبژێردرێن و یاسایەک هەبێت بە یەک شێوە مامەڵە لە گەڵ کرێکار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.


پاش (21) رۆژ لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و لە (11)ی شوباتی ساڵی (1946) پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، یەکەم کابینەی حکومەتی کوردی بە سەرۆکایەتی حاجی بابا شێخ پێکهێنا کە چەند وەزارەتێکی لەخۆی گرتبو.

لە کابینەی حکومەتەکەی حاجی بابا شێخ، محەمەدی حسێنی خانی سەیفی قازی بە وەزیری پێشمەرگە و محەمەد ئەمینی مەعینی بە وەزیری دەوڵەت و ئەحمەدی ئیلاهی بە وەزیری دارایی و کەریمی ئەحمەدی بە وەزیری پۆستە و گەیاندن و مەنامی کەریمی بە وەزیری رۆشنبیری و سدیقی حەیدەری بە وەزیری راگەیاندن و خەلیلی خەسرەوی بە وەزیری کار و حاجی مستەفا داودی بە وەزیری بازرگانی و مەحمود وەلی زادە بە وەزیری کشتوکاڵ و ئیسماعیلی ئێلخانی زادە بە وەزیری رێگاوبان و سەید ئەحمەد ئەیوبییان بە وەزیری بەهرەداری و عەبدولڕەحمانی ئێلخانی زادە بە وەزیری موشاویر دیاریکران، هاوکات مەلا حسێنی مەجدی وەک سەرۆکی دادگای باڵا دانرا.

لە (26)ی ئازاری ساڵی (1947) پاش ئەوەی سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێراندا لە باکوری ئەو وڵاتە بکشێتەوە، لە مانگی حوزەیراندا ئێران دەستی بە سەر ئازربایجاندا گرتەوە، بەوەش کۆماری مەهاباد لە یەکێتی سۆڤیەت دابڕا، هاوکات ئەو خێڵانەی لە سەرەتاوە پشتگیری کۆمارەکەیان دەکرد لە روی ئابورییەوە لاواز بون، هەرچەندە لەپێنجی کانونی یەکەمدا ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند رێگە لە هەر پەلامارێکی ئێران دەگرن بۆ سەر کۆمارەکە، بەڵام پاش (10) رۆژ و لە (15)ی کانونی یەکەمی ساڵی (1947) سوپای ئێران هاتە ناوچەکە و دەستی بە سەر مەهابادا گرت، لە (31)ی ئازاری هەمان ساڵیشدا پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، بە تۆمەتی خیانەت کردن لە ئێران لە سێدارە درا.

قازی محەمەد قازی عەلی، بە پیشە قازی، لە ساڵی (1900) لە مەهاباد لە دایکبوە، قازی عەلی باوکی لە ساڵی (1930) رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزوتنەوەی محەمەد پێکدەهێنێت و قازی محەمەدیش لەو رێکخراوەدا دەبێت، پاش مردنی باوکیشی دەبێتە قازی مەهابادو لە سەردەمی ئەودا یەکەم خوێندنگای کچان لە مەهاباد دەکرێتەوە، پاش ئەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردیش دادەمەزرێت قازی محەمەد پەیوەندییان پێوەدەکات و دواتر کۆمەڵەکە دەگۆڕێت بۆ پارتی دیموکراتی ئێران و خۆی دەبێتە سەرۆکی پارتەکە، دواتریش هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە و کۆماری کوردستان لە (22)ی کانونی یەکەمی ساڵی (1946) دادەمەزرێنێت، پاش کەمتر لە ساڵێکیش کۆتایی بە کۆمارەکەی دێت و لە سێدارە دەدرێت.

بە چەند تۆمەتێک کە بریتین لە گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران و راگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان و بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی و سازکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیاو سوریاو هێنانەناوەی بێگانە و دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە ئاڕمی چەکوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت و لێدانی سکەی پوڵ بۆ کوردستان بە وێنەی روپیەی روسی، لە (31)ی ئازاری ساڵی (1947) پێشەوا قازی محەمەد لە سێدارەدرا.


قازی محەمەد لە هەمان مەیداندا کە مەیدانی چوارچرای مەهابادە و کۆماری کوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە گەڵ حەمە حسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای و ئەبولقاسم سەدری قازی برایدا لە سێدارەدران، وەک رۆژنامەنوسێکی سەردەمی شای ئێرانیش دەیگێڕێتەوە، پێشەوا قازی محەمەدی سەرۆک کۆماری کوردستان داوایکردوە، تیربارانی بکەن، چونکە لە سێدارەدان شەرعیی نیە، هاوکات رێگەیشی نەداوە چاوی ببەسترێت و وتویەتی: حەز دەکەم لە کۆتا چرکەی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتیمانی خۆشەویستم بڕوانم.

قازی، رودەکاتە سەربازانی مەیدانەکەش و دەڵێت: ئێوە قازی محەمەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنۆکە خوێنێکی من، قازی محەمەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. دواجار دەڵێت: "داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو رزگاریی کوردستاندا پەک نەخات.

٢٣/١/٢٠٢٢

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان