A short estimation between two dialects of centeral kurdish and south kurdish.
برآوردسازی زبانی کوتاە بین دو گویش کردی مرکزی و کردی جنوبی
ئامادە کردن: نیان فواد ئەحمەد بەرزنجی
خوێندکاری کارناسیی زمان و وێژەی کوردی، زانکۆی کوردستان.
پوختەی باسەکان:
زمانی کوردی لە بواری زمانناسییەوە سەلماوە کە یەکێک لە زمان گەلی ئێرانی نوێیە و پێکهاتووە لە چەند زار و دیالێکتی سەرەکی کە هەر کامەیان چەندین بنزاری تریشی لێ دەبێتەوه.
زمانی کوردی بە گشتی دوای سەدەی بیستەمی زایینی واتە دوای جەنگی جیهانی دووهەم دەکەوێتە ناو چەرخێکی نوێ و تووشی چەندین گۆڕانکاری ئەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییانەی زمان جاری وا هەیە تەنیا هۆکاری ڕەوتی زمانەکەیە کە لە هەر زمانێکی تری ئێرانی دا هەیە، جاری وایش هەیە لەبەر جودا نەبوونی زمان لەکۆمەڵگا بەهۆی 1) بارودۆخی ڕامیاری (واتا ژێر دەستەیی) گەورەترین فاکتەر و پێوەرە بۆ گۆڕانی زمانێک 2) دابەش بوونی نەتەوەیەک لە چەندین ناوچەی جوغرافیایی جیاواز 3)نەبوونی دەرفەتی فێر بوونی زمان و چەقینی لە بیر و هزری تاکی ئەو کۆمەڵگایە 4) بڵاو بوونەوە و تێکەڵ بوونی لەگەڵ زمانێکی تردا 5) کارتێکردنی زمانی نەتەوەی دراوسێ 6) جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی لە نێوان زارەکانی زمانێکدا.
سەرەڕای هەبوونی تایبەتمەندی گەلی گرنگی زمانیی زمانی کوردی بە شێوەیەکی گشتی و یەکدەست ئاوڕ لە هەموو شێوەزارەکان نەدراوەتەوە و هەندێکیان وەکوو دیالێکتەکانی کوردی خوارین پەراوێز خراون. لەبەر ئەوەی کە تا ئێستا کەمتر لەسەر شێوەزاری کوردی باشوور(کەلهوڕی) کار کراوە، یان کەسانێک لەسەر ئەو شێوەزارە کاریان کردووە ئاگاداری و زانیاری و سەرچاوە و دەیتای زمانی باش و دڵنیایان لەبەر دەست نەبووە و زۆرێکیان تووشی هەڵە بوونە.
ئەم لێکۆڵینەوە هەوڵێکە بۆ زیاتر ناسین و ورد بوونەوە لە تایبەتمەندییە زمانییەکانی نێوان دوو شێوەزاری سەرەکی کوردی واتە کوردی ناوین(سۆرانی) و کوردی خوارین(کەلهوڕی، فەیلی و ...)، لە بەشە جیا جیاکانی زمانناسییەوە وەکوو وشەسازی، ڕستەسازی و دەنگناسی و ... هتد.
لێکۆڵینەوەی ڕێزمان لەسەر دوو بنەمای ڕستە و وشە دامەزراوە. بەو پێیە دوو بەشی سەرەکی وشەسازی(مۆرفۆلۆژی) و ڕستەسازی(سینتاکس) جیا دەکرێتەوە. ئەگەرچی هەر یەکەیان خاوەنی بابەت و کەرەستە و مەبەستی خۆیەتی، بەڵام پەیوەندیی هەمە جۆرێش لە نێوانیاندا هەیە.
پێشەکی
هەروەک پێشتر باسمان کرد زمانی کوردی، یەکێک لە زمان گەلی ئێرانی نوێیە و سەر بە بنەماڵەی هند و ئورووپاییە.
بەهۆی هەندێک هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ئاخێوەرانی ئەم زمانە لەسەر یەک سەرزەمین و وڵاتێکی دیاریکراودا ناژین و دابەش بوونەتە سەر چەندین وڵات و تێکەڵ بە نەتەوەکانی تر بوون. لە ڕووی جوغرافیاییەوە درێژایی و بەرینی زمانی کوردی لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی ئێرانەوە تاکوو باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی تورکیا و وڵاتانی عێراق و سووریا و هەروەها بەشێک لە وڵاتانی ئەرمینیا و جۆرجیا و بەگشتی قەفقاز ئەگرێتەوە. هەر لە دێر زەمانەوە بە هۆکار گەلی جیاواز هەندێک لە خێڵ یان عەشیرەت یان بەشێک لە خەڵکی کورد زمانی ناوچەیەک بەرەو شوێنە جیاوازەکان کۆچییان کردووە و هەنووکەش لەوێ نیشتەجێن (وەکوو کوردانی خوراسان و لەکەکانی کلاردەشت لە باکووری وڵاتی ئێران) و دوورگەی زمانییان درووست کردووە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاوڕێکی کورت لەسەر ڕێزمان (ڕێزمان وەکوو مادەیەکی زانستی بەشە پێکهێنەرەکانی زمانناسی بریتییە لە کۆمەلێک یاسا و ڕێسا لە بارەی گۆڕینی وشە و چوونە پاڵ یەکدی وشە لە ڕستەدا)، هەروەها بەشەکانی تر وەکوو دەنگسازی و دیاردە و تایبەتمەندییەکانی دوو شێوەزاری زمانی کوردی دەدەینەوە.
بەشەکانی ئاخاوتن بریتین لە: ناو، ئاوەڵناو، جێناو، کردار، ئاوەڵکردار، پرۆپۆزێشن، ئامرازەکانی سەرسووڕمان و ...هتد. کە بە پێکەوە بوونیان ڕستە ساز ئەکەن.
کورتە باسێک لەسەر کوردی ناوین(سۆرانی):
ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە لە کوردستانی باشوور لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، شەقڵاوە، کۆیە، ڕواندوز، سۆران، چەمچەماڵ، کەلار و ... ، و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە شارەکانی سنە، مهاباد، بۆکان، سەقز، بانە، پیرانشار، شنۆ، دیواندەرە، قوروە، بەشێک لە مەریوان و کامیاران.
دابەش دەبێتە سەر چەندین بنزاری: سۆرانی، موکریانی، بابانی، هەولێری، پشتدەری، جافی، ئەردەڵانی(سنەیی).
کورتە باسێک لەسەر کوردی خوارین(کەلهوڕی):
پێویستە سەرەتا بوترێت کە هەندێک گۆڕان لە سیستم گەلی زمانی ڕوودەدات واتا تووشی ناڕێکی دەبێتەوە بەم دۆخە دەڵێن ئانترۆپی زمانی. هەندێک جار ئەم ئانترۆپی زمانییە لەوانەیە بە هۆکاری ناوەکی بێت، کە لەم دۆخە گۆڕانی سروشتی زمانێک یان شێوەزارێک بە پێی سەردەم و کات و ساتی جیاواز ڕوو دەدات و تا ڕادەیەک ئەم گۆڕانی سروشتیی زمانە ئاساییە کە دەست و ڕۆڵی مرۆڤەکان تێیدا بەشدار نەبووە. بەڵام کاتێک کە ئانترۆپی زمانی بە هۆی هۆکارێکی دەرەکی بێت، وەکوو ئاسمیلاسیۆن، و کێشەی فەرهەنگی و هەوڵەکانی سەر تواندنەوەی زمانێک و... کە لەم دۆخە ئانترۆپی و ناڕێکی زمان نائاساییە و پێویستە بەرەنگاری ئەو دۆخە ببنەوە تا لە ژێر گوشارە فەرهەنگییەکان دەربچن.
کوردی باشوور(خوارین)، وەکوو زارەکانی تری کوردی تووشی گۆڕان بووە، بەڵام خێرایی گۆڕان لەم شێوەزارە بە نسبەت زۆرترە. واتا پرۆسەی ئاسمیلاسیۆن لە بواری فەرهەنگی و زمانییەوە لەم بەشە زیاترە.
کوردی باشوور(خوارین)، وەکوو زارەکانی تری کوردی تووشی گۆڕان بووە، بەڵام خێرایی گۆڕان لەم شێوەزارە بە نسبەت زۆرترە. واتا پرۆسەی ئاسمیلاسیۆن لە بواری فەرهەنگی و زمانییەوە لەم بەشە زیاترە.
ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەونە شارەکانی کرماشان. ئیلام، بیجاڕ، ئیسلامئاباد، گێڵانغەرب، قەسرشیرین، سەرپێڵزەهاو، سنقور و کولیایی، کرن، گاوارە، کەنگاوەر، سەحنە، شیروان، چەرداوڕ(چەرداوڵ)، مێهران، بەدرە، دلۆڕان، مەڵکشای، بەشێک لە شارەکانی قوروە و کامیاران و هەروەها لە باشووری کوردستانیش دەکەونە شارەکانی خانەقین، مەندەلی، بەدرە، جەسان، جەلەولا(گوڵاڵە)، زوڕباتییە و فەیلییەکانی بەغدا کە زۆرتر لە 50هەزار کەس ئەبن و لە چەندین دوورگەی تر لە پارێزگای شێراز و قەزوێن لە سەردەمی سەفەوییە و زەندییە بڵاو بوونەتەوە.
بنزار و چەشنە جیاوازەکانی کوردی باشوور(خوارین)، لە ڕووی پێکهاتەی زمانی، جیاوازییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نییە و تەنها لەوەانەیە لە چەندین خاڵی ورد لە ئاستی وشە یان چەند دەڕبڕینێکی جیاواز ببینینەوە. کە ئەمەش بە پێچەوانەی بنزارەکانی کوردی ناوین(بۆ نموونە: ئەردەڵانی و موکری) جیاوازی زاق و بەرچاو ببیبین.
پۆلێنکاری لە نێوان شێوە ئاخافتنەکانی کوردیی باشووری، تەنیا بە پێی شوێن و جوغرافیایە کە چەند چەشنێک ئەتوانین پێناسە بکەین.
دەستەی یەکەم: چەشنەی کەلهوڕی، کرماشانی، زەنگنە، سەنجاوی
دەستەی دووهەم: گەڕووسی، کولیایی، قوروەیی، چارداوڵی
دەستەی سێهەم: ئیلامی و خانەقینی
جودا لەمانە دەکارین ناوی لەکیش بهێنین.
بەم پۆلێنکارییە ئەبیبین کەمترین فرە چەشنەیی زاری لە کوردی باشوور(خوارین) هەیە.
بەراورد کردنی هەر دوو شێوەزار لە ڕووی وشەسازییەوە.
سەرەتا دەڵێن وشەسازی، زانستێکە کە لە چۆنێتی درووست بوونی وشە دەکۆڵێتەوە و وشەیش بچووکترین بەشی ئاخاوتنە کە بە تێکەڵ کردنی وشەکان ڕستەی واتادار درووست ئەبێت.
لە ڕووی زانستی وشەسازییەوە، جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان باشوور و ناوەڕاست نابینین و هەر دوو شێوەزار، هاوشێوەی یەکن(تەنیا هەندێک جیاوازی لە ئاستی وشە لە دیالێکتێکەوە بۆ دیالێکتێکی تر ئەبینرێت بەڵام بنەڕەتی نییە).
چەشنەکاری درووست بوونی ناو لە هەر دوو شێوەزاری ناوین و خوارین (وشەڕۆنان):
ناو + پاشگر= ناو. وەکوو: ڕووژانە، برایەتی
پێشگر + ناو + پاشگر= ناو
ئاوەڵناو + پاشگر . وەکوو: چەرمینە، گەرمی
پێشگر + ئاوەڵناو. وەکوو: ناخوەشی، ناکۆکی
کرداری ڕابردوو + پاشگر. وەکوو: کوشتار، نیشتمان(مان لێرە چاوگیشە)
ڕەگی کردار + پاشگر. وەکوو: خوەنەوار، لەقە
پێشگر + ڕەگی کردار + پاشگر. وەکوو: نەمری، نەبوونی
ئاوەڵکردار + پاشگر. وەکوو: پارین، تەرزین
ناوی لێکدراو:
ناو + ناو. وەکوو : گوڵاو، مارماسی
ناو + ئاوەڵناو.
ناو + ڕەگی کردار. وەکوو: پاپووش
ئاوەڵناو + ناو. وەکوو: سیەماڵ
ئاوڵکردار + ناو. وەکوو: باندەم، ژێردەست
ئاوەڵکردار+ ڕەگی کردار. وەکوو: لاکیش، ژێرخان
ڕەگی کردار + ڕەگی کردار. وەکوو: کەندڕ
ناوی ئاوێتە:
ناو + ناوبەند + ناو
ئاوەڵناو + ناوبەند + ناو
ناو + ناوبەند + پاشبەند
ناو + ناوبەند + ڕەگی کردار + پاشگر
ئاوەڵناو + ناوبەند + ئاوەڵناو
ناو + ناو + پاشگر
ناو + ڕەگ + پاشگر
ئاوەڵناو + ناو + پاشگر
ژمار + ناو + پاشگر
ئاوەڵکردار + ناو + پاشبەند
ناو + ناو + ناو.
یەکێکی تر لە شتە لێکچووەکانی نێوان خوارین و ناوین لە ئاستە وشە، بوونی ئامراز یان وشەی دووبارەیە واتە تکراری وشە لە چەند ئاستی جیاواز. وەکوو: کەم کەم، دەم دەم، پەیتا پەیتا، هەنگاو بە هەنگاو و هتد. ئەم تایبەتمەندییە لە زۆربەی شێوەزارەکانی تریشدا بوونی هەیە.
بەراوردی هەر دوو شێوەزار لە ئاستی کردار:
لێرە پێویستە بە هێنانەوەی چەندین وێنە، سەرنجی خاڵەکانی لێکچوون و لێک جودابوونی شێوەی ڕستەسازی لە هەر دوو شێوەزاری کوردی ناوین و کوردی خوارین بدەین.
ناوین: من کارەکەم دەکەم/ ئەکەم.
خوارین: من/ مە کارەگەم کەم.
لەم ڕستە کارای هەر دوو ڕستە وەک یەکە و کار بەرکارە کەواتە ڕستەکە تێپەڕە و کاتەکەیشی کاتی ئێستایە و بە پێی کارا و شێوەی کردارەکە دەردەکەوێت کارێکی ناسراوە و نیشانەی ناسراوسازی (ـەکە/ ـەگە) ئاشکرایە کە کارێکی ناسراوە و تایبەت بە یەکەم کەسی تاک واتا من ـە.
لە کرداری ڕستەی سۆرانی/ دە/نیشانەی بەردەوام سازییە بەڵام لە کەلهوڕی نیشانەی بەردەوام ساز نابینین.
زاقترین و بەرچاوترین ئایسۆگلاس یان جیاوازییەک کە لە نێوان کوردی ناوین و خوارین دەبینین نەبوونی نموودی بەردەوام سازە لە خوارین کە تەنیا لە دەستەی دووهەمی شێوەزارەکانی کوردی دەبینرێت ئەویش بەهۆی نزیکی لە کوردی ناوینە.
وەکوو:
چەشنەی دووهەم: مە وە گرد ئەو ئەچم.
چەشنەکانی کوردی خوارین جگە لە دەستەی دووهەم: مە وە گرد ئەو چم.
ئەم نموودەی تایبەت بە کردار کە چۆنێتی کارکردن و حاڵەتی کردارەکە پیشان دەدات، جگە لە دەستەی دووهەم خۆی لە ڕستە نانوێنێت و پێویستە بە مەبەست و کاتی کردارەکە ئەو حاڵەتە ڕوون بێتەوە.
ناوین: زانا لە ماڵ هاتە دەر.
خوارین: زانا لە ماڵ هاتە دەر(دەرکفت).
ئەم ڕستە، ڕستەیەکی ڕابردووی تێنەپەڕە و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان خوارین و ناوین نابینین و بەیەک شێوە لەم کاتە دیاریکراوە دەوترێن.
ناوین: من لە دەرەوە نانم خوارد.
خوارین: من لە دەیشت نان خواردم.
ئەم ڕستە، ڕستەیەکی ڕابڕدووی تێپەڕە کە جیاوازی لە نێوان پێکەوەبوونی جێناو بە پێی کارا دەبینین.
ئەمە نیشانەی ئێرگێتیڤە کە لە کوردی خوارین نەماوە بەڵام لە کوردی ناوین، هەورامی، لەکی لە کاتی ڕابردووی تێپەڕ ئەو ئێرگێتیڤە ماوە.
بابەتێک کە لە کوردی باشوور ئەبینرێت، لە ڕستە گەلی ئێستا و ڕابردوو بە پێی ڕەفتاری O,S,A ئەتوانین بەم دەستکەوتە بگەین کە هەم لە کاتی ئێستا و هەم کاتی ڕابڕدوو سیستمی بنەڕەتی ڕستەسازی، سیستەمیکی بەرکارییە. (occuative) ـە.
O: بەرکاری ڕستەی تێپەڕ.
S: کارای رستەی تێنەپەڕ.
A: کارای ڕستەی تێپەڕ.
واتە ئەگەر S و A، ئاکارییان وەکوو یەک بێت لە ڕستەدا و لە O جیاواز بن ئەوا دەڵێین سیستەمی ڕستەسازی بەرکارییە(مفعولی، occusative).
ئەگەر S و O، ئاکار و ڕەوشتییان وەکوو یەک بێت و لە A، جیاواز بن، دەڵێین سیستمی ڕستەسازی ergative ـە.
یەکێک لە جیاوازیی گەلی بنەڕەتی کە هەموو چەشنەکانی کوردی باشوور لە کوردی ناوین جودا ئەکاتەوە، ئەوەیە کە کوردی باشوور لە هەر دوو کاتی ئێستە و ڕابردوو سیستمی ڕستە سازی Occusative ـە، .S=A=O
ئەگەر سیستمی ڕستەسازی بەرەو ساکارتر بوون بڕوات ئەوا کوردی ناوین ئەستەم ترە چونکە هەر دوو سیستمی ڕستە سازی ergative و occusative ـی هەیە بەڵام باشوور یەک سیستم پەیڕەو ئەکات کە ئەمەش ڕەوتی زمانی کوردییە و زۆر ئاساییە. زمان گەلی دوو سیستمە وردە وردە خۆیان ئەگەینن بە یەک سیستمە و لە کوردی باشوور ڕوویداوە. کاریگەری مێژنەیی بوونی شێوەزارێک و دەوڵەمەند بوون و دەسەڵاتدارێتی زمانێک ڕۆڵی هەیە لەسەر ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک خۆی بە یەک سیستمی زمانی نزیک بکاتەوە.
لە ڕووی زانستی دەنگسازییەوە:
دەنگسازی ئەو زانستەیە کە لە هەردوو لقە زانستییەکانی فۆنەتیک و فۆنۆڵۆژی دەکۆڵێتەوە. فۆنەتیکیش لقێکە لە زانستی دەنگ، کە لە پەیدابوونی دەنگ و چۆنێتی درووست بوونی دەنگەکان لە زمانە جیاوازەکان ئەکات و فۆنۆڵۆژیش لایەنی پراکتیکی دەنگ ئەگرێتە خۆ.
لە زمانی کوردیدا لە دەستەی ناوین و سەرین، دەنگی (m) دوو دەنگی بزوێنی (v) و (w) لە ناوەوەی خۆی هەڵدەگرێت، و هەروەها لە کوردی خوارین سەرەڕای نزیکی بە گۆرانی و لەکی بە پێی یاساکانی ئیشمیت و مەکنزی، ئەو دەنگە وەک خۆی ماوە و نەگۆڕە. بۆ نموونە وشەی Zama لە لەکی وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە بەڵام لە کوردی ناوین و خوارین ئەو وشە بووەتە Zawa یان Zava. هەڵبەت لە هەموو شێوەزارەکانی کوردی باشوور ناتوانین ئەوە ڕەچاو بکەین بە هۆی نزیکی جوغرافیایی له لەکەکان. هەروەها لە زۆر وشەی تر لە کوردی ناوین و کوردی خوارین دەنگی V و W ئەگرن وەکوو: کەوان، چاوان و ... بەڵام لە کوردی کورمانجی ئەو دەنگە بە شێوەی M ماوەتەوە و نەگۆڕاوە. ئەمە لێرە ئەوە ئیسپات ئەکات کە لەم ڕووەی دەنگەوە، دوو لقی کوردی خوارین و ناوین وەک یەکن و گۆڕانکارییەکانی ئەو دەنگەیان بەیەک شێوەیە.
لە هەموو زاراوەکانی کوردی پیتی /د/ پێش لە پیتی دەنگدار یان دەسڕێتەوە و نامێنێت یان دەبێتە دەنگی /یî/، /ێê/. بۆ نموونە لە سۆرانی: خوا، سنووق، فەنەک و ... . لە کوردی کەلهوڕی: زینێ، کریا، خوریان و ... .
دەنگێکی هاوبەشی تری نێوان زارەکانی ناوین و خوارین، هێشۆی نەبزوێنی ŝm ـە کە بە پێی شوێنی لە وشە تووشی گۆڕان ئەبێت. وەکوو: ĉeŝm دەبێتەĉew, ĉaw.
بەڵام یەک دەنگی تر لە نێوان کوردی ناوین و خوارین هاوبەش و وەک یەک نییە، ئەویش بەهۆی ئاسمیلە بوونی شێوەزارەکانی خوارین و نزیکییان بە فارسی. ئەویش لە وشەگەلێک کە ڕیشە و ڕەگەزی یەکسانیان هەیە و لە دەستپێکیاندا دەنگی( k ) بوونی هەیە، لە کوردی خوارین ئەو دەنگە ئەبێتە( x ). وەکوو kenin بە xenin.
زمانی کوردی لە ڕووی دەزگای دەنگسازی بڕگەییەوە تەقریبەن هەموو شێوەزارەکانی یەکسانن و تا ئێستەیش زۆرێک لە زمانناسان هاوکۆکن لەسەر ئەوەی کە تاکوو شەش بڕگە یان حەوت بڕگەی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە تەنیا لەنێو شێوەزارەکانی کوردی پارێزراوە(هەرچەند بەهۆی گۆڕانی شێوەزارەکان، بڕێک لە پیتە دەنگدارەکانیش دەگۆڕێن) بەڵام لە ئاستی بڕگە و شێوەی تێکەڵاوی دەنگەکان لەیەک چوارچێوەی تایبەت ئەگونجێن.
یەکێک لەو دەنگانەی کە کوردی ناوین بوونی نییە، بەڵام لە لاخوار هەیە دەنگی /ۊ û/ هەم وەکوو بزوێن و هەم وەک نەبزوێن کە هەمان بزوێنی /i/ ـە کە لە کاتی دەربڕینیدا لە لێوەکان شێوازی خرت یان خڕ ئەگرێت و بە شێوەی بەسراو لە بەشی پێشینی زماندا دەردەبڕێت. ئەم دەنگە لەوانەیە لە بڕێک لە بنزارەکانی ناوینیش هەبێت بەڵام ئەڵۆفۆنە و لە کوردی باشوور وەکوو فۆنیمێکی سەربەخۆ هەیە.
ئاوڕێک لەسەر لەکی:
باسی لەکی لەڕووی پێکهاتەکانی زمان، بە نسبەت هەندێک جیاوازی هەیە. لەبەر ئەوەی ناتوانین بە گشتی وەکوو چەشنەیەکی تری کوردی خوارین دایبنێین.
لە هەندێک لە زمانەکان دەتوانین بەردەوامیی زاری(پیوستار گویشی)، ببینین. واتا شێوەزارێک لە زمانیک کاتێک کە بە هۆی جوغرافیا لەگەڵ شێوەزارێکی تری ئەو زمانە ئەکەوێتە نێوانیان، هەندێک لە ئاخێوەرانی ئەو شێوەزارە نزیک بە شێوەزازی دراوسێ ئەبنەوە، وەکوو دۆخی هەنووکەیی لەکی.
لەکی لە بڕێک شوێن(کەنگاوەر، هەرسین و...) تا ئاستێکی بەرچاو خۆی نزیک بە شێوەزارەکانی تری باشووری وەکوو کەلهوڕی دەکات و لە سەرێکی ترەوە، بە هۆی نزیکی لە زاری لوڕی تێکەڵ بەوان ئەبێتەوە و تا ڕادەیەکیش خۆی بە لوڕی نزیک ئەکاتەوە.
شێوەزارەکانی لەکی بریتییە لە: کاکاوەندی(ناوەندی)، کوودەشتی، هەرسینی.
ئاخێوەرانی ئەم زمانە یان بەشە عەشیرەتی ئەژیەن و هەر تایەفە و عەشیرەتێک لە ناوچەیەکی دیاریکراو دا دەژین. لە شارەکانی دڵفان، کوودەشت، بەشێک لە خوڕەماوا، بەشێک لە برووجرد، بەشێک لە نەهاوەند، هلێران لە پارێزگای ئیلام، شاری هەرسین و بەشێک لە کەنگاوەر و سەحنە لە پارێزگای کرماشان ئاخێوەری هەیە.
ئەو ئیل و هۆزانەی کە لەکن بە گشتی، ڕستەسازییان ئێرگێتیڤە و لەکییەکەیان پەتی ترە. بنزارێکی تر لە لەکەکان واتە کوودەشتی یان ئەلشتری، نزیک بە پارێزگای لوڕستانن و لە ڕووی فۆنۆڵۆژییەوە زۆرتر بە لوڕی نزیکە بەڵام لە بواری ڕێزمانییەوە هەر بە لەکی ناوەندی نزیکە. بەڵام لەکەکانی پارێزگای کرماشان بەهۆی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ کەلهوڕەکان شێوە و سیستمی زمانییان پێیان نزیک بووەتەوە و شێوەزارێکی لاوەکی لە نێوان لەکی و کرماشانی دێتە ئەژمار.
لە لەکی هەرسینی هێشووی نەبزوێنی(xw) هەیە کە وەک زارەکانی تری کوردییە بەڵام لە زارەکانی تری لەکی هەر بە شێوەی (hw/huw) ماوەتەوە .
چەند نموونە لە ڕێزمانی سێ شێوەزارەکەی لەکی
ئیل و عەشیرەتی کاکاوەندی، جەڵاڵوەندی، هوزمانەوەنی : نانم هوارد، چەت کرد، پات شکانم.
کوودەشتی و ئەلشتر: نۆنم هوارد، چەت کەرد، پات شکۆنم.
هەرسینی لاوەکی: نان خواردم، چە کردی، پام شکانی.
لەم نموونە ڕستانە بۆمان دەرئەکەوێت کە دوو شێوەزاری سەرەتا زۆرتر زمانی لەکییان پاراستووە و هەرسینی شێوەی کەلهوڕی گرتووە.
هەبوونی نموودی بەردەوام سازی "مە" لە لەکی ئایسۆگڵاسێکە بۆ جیاوازی نێوان شێوەزارەکانی کوردی خوارین و لەکی.
وەکوو ڕستەی:
لەکی: ئاو مەهواردی.
کەلهوڕی: ئاو خوارد.
جگە لەو بەردەوامسازە کە لە لەکی دەبینرێت، ئەتوانین ئاماژە بە بەردەوامسازێکی دیکە بکەین. وەکوو:
لەکی: ئەنبارە مەکەم.
کەلهوڕی: ئەنبار کەم.
جگە لە "مە" لە سەرەتای ڕستەی کاتی ئێستەی تێپەڕ، بە لکاندنی " ـە" بە بەرکار، بەردەوامی و لەکاتی ئەنجامی کردارەکە پێشان دەدرێت. لە کاتێکدا کە شێوەزارەکانی تری کوردی ئەو بەردەوامسازە نابینرێت.
دەرەنجامی باسەکان:
ئەگەرچی ئێمە لە ڕێزمان و پێکهاتەکانی تری زمان وەکوو وشە و دەنگ، بڕێک جیاوازی ئەبینین بەڵام بوونی جیاوازییەکان لە نێوان چەشنەکانی هەر زمانێک، ئاماژەیە بە پیت بوون و دەوڵەمەندبوونی زمانیی ئەو زمانە.
لەم لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کە چەشنەی باشوور(خوارین) بە نسبەت چەشنەکانی تری کوردی زۆرتر لە ڕووی توانەوەی زمانی و فەرهەنگییەوە بەرچاو بووە و بە وردی کراوەتە ئامانج بۆ ئاسمیلاسیۆن کە لێرە ئەرکی ئاخێوەران و خوێنەوارانی ئەو شێوەزارەیە لەمەڕ ئەو کێشە جدییە بێنە دەنگ و بەرەنگاری ببنەوە.
هەر جیاوازییەک کە لە نێوان پێکهاتەکانی زمان(ڕستە، وشە، دەنگ) کە لە نێوان شێوەزارەکانی کوردی ئەبینین ئەمرێکی سروشتییە و پێویستە ئەو پێکهاتە تایبەتانەی خۆیان بپارێزن تا زمان و چەشنەکانی بەرەو یەک دەست بوونەوە نەڕوات و ڕەنگاو ڕەنگییەکانی پارێزراو بێت. جیاوازییەکانی نێوان شێوەزارەکان پەیوەست بە بوونی چەمێکێکە بەناوی ئایسۆگڵاس کە بە پێی ئەو ئایسۆگڵاسانە ئەتوانین سنووری زاری دەست نیشان بکەین لە نێوان پەیڤ و چەشنەکانی زمانی کوردی دا.
سەرچاوەکان:
ڕێزمانی کوردی زاری کەلهوڕی، نیعمەت عەلی سایە
زمانی کوردی و دیالێکتەکانی، فواد حەمە خۆرشید
بەرگی یەکەم/بەشی یەکەم: ناو : ئەوڕەحمانی حاجی مارف
بەرگی یەکەم/بەشی چوارەم: وشەسازی: ئەوڕەحمانی حاجی مارف
بەشی یەکەم/ بەشی پێنجەم: کردار: ئەوڕەحمانی حاجی مارف
دەنگناسی: د. نەریمان عەبدوڵا خۆشناو
ساختمان هجا در زبان کُردی: د. غلامحسین کریمی دوستان
Towards a dialectology of Southern Kurdish: Where to begin, Sara Belelli
Reduplication in Kalhori Dialect of Kurdish: An Optimality Theory Perspective: Nemat Jahanfar, Maryam Taffaroji Yegane
١٠/١/٢٠٢٢