پێداچوونه‌وه: ئاکۆ جه‌لیلیان
فولکلۆر وه‌کوو به‌شی نادیاریی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کان تم ودایم جێگه‌ی باس و لێدوانه بووه و کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که بنه‌مای فه‌رهه‌نگ و زانستی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌که و چ له‌بواری ئه‌ده‌بی و مێژوویی و چ له‌بواری ئائینی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌رکی خۆی جێبه‌جێ کردووه و بهڵگهنامهیکه بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست و شارستانیه‌تی وڵاته‌که‌یان و به‌شێوه‌یه‌کی زانستی و ئاکادمیک ده‌چنه سه‌ری و ده‌یان بابه‌تی ره‌نگاوڕه‌نگ و جوان؛ له‌سه‌ر کاریگه‌ریی فه‌رهه‌نگی فولکلۆر پێشکه‌ش کراوه نمونه‌ی ئه‌م کتیبگهله - شاخه‌ی زرین -ی (فریزر)ه که لێکدانه‌وه‌یه‌کی زانستی و ئهوسانهییه له‌سه‌ر وڵاتی ئه‌مریکای باشووری کراوه یان کتیبه‌کانی مامۆستا(مێهرادیبههار) له‌سه‌ر ئوستووره‌ناسیی ئێران یان کۆپڵه‌ی – تاریخ ایران - (ئێحسان یارشاتر)ه که له‌سه‌ر ئهوسانهکانی ئێرانی کۆن کراوه. به‌داخه‌وه له‌نێو وڵاتانی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و وڵاتانه‌ی که روویان کردۆته سیاسه‌تی – ده‌وڵه‌ت/میلله‌ت - به‌ناوی باوه‌ڕ و خورافه پێناسه ده‌کرێت که نه‌ته‌نیا هه‌ڵه‌یه؛ به‌ڵکوو سیاسه‌تێکه بۆ پووچه‌ڵکردنی ژیار و شارستانیه‌تی نه‌ته‌وه‌کان. له‌کورده‌واری خۆماندا بابه‌تێکی ئه‌وتۆ و جێمتمانا له‌سه‌ر بابه‌تی فولکلۆر نه‌کراوه و هه‌ر به‌شێوه‌ی نه‌ریتی له‌نێو خه‌ڵکدا ماوه‌ته‌وه و سنگبهسنگ گه‌یشتۆته ئێمه و له‌دریژه‌ی مێژووی ناڵهبارمان کۆمه‌ڵێک لێ تێکچووه و ئه‌وه‌ی که له‌به‌ر ده‌ستماندایه سه‌قه‌ت و ناته‌واوه به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌وه بنه‌مای زانستی و ئوستووره‌یی و ئائینییان دیارده‌یه. هه‌وڵمداوه بێلایه‌نه و ته‌نیا بۆ روونکردنه‌وه له‌هه‌ر بابه‌تێک ئاماژه به‌چه‌ند خاڵی سه‌ره‌کی بکه‌م که له کتیبه‌کانی دیکه‌شدا بوونیان هه‌یه. جێئاماژەیه که فولکلۆری بەشێک لێ هەڵئەگەڕێتەوە سەر راستیەکان و باوەڕەکانی ئایینی کە لەپێشوودا برەویان هەبووە.
نمونه‌ی ئوستووره‌یی
چیرۆکی مهڵگجهمشێر
به‌پێ مه‌ته‌ڵی مهڵگجهمشێر(که پوخته‌که‌ی ئه‌گێڕمه‌وه) کهیوانوویهک بوو که دوو کوڕ به‌ناوگه‌لی مهڵگجهمشێر و مهڵگمامهی بووه که مهڵگجهمشێر گه‌وره‌تره و له‌شوێنێکی نادیاری دیل بووه که برای گچکه‌تر؛ واته مهڵگمامهی له‌دایکی ده‌پرسێت: ئایا ئه‌من برام هه‌یه؟ که‌یوانوو چیرۆکێک بۆ ده‌گێڕێته‌وه که مهڵگمامهی هه‌ست به‌بوونی براده‌رێک ده‌کا.
تێبێنین:
له‌کتیبی -پژوهشی در اساطیر ایران - زه‌رده‌شت لههورمهزد ده‌پرسێت: ئه‌ی هورمه‌زد؛ ئه‌ی مینۆی فراوانی به‌خش؛ ئه‌ی داداری جیهانی مادی؛ ئه‌ی پارێزگار؛ جگه له‌من که زه‌رده‌شتم، یه‌که‌م را له‌گه‌ڵ کامین که‌س وه‌تووێژ کردی که ئه‌تۆ هورمهزدی؟....
وه‌ڵام داوه‌ته‌وه: ئه‌ی زه‌رده‌شتی خۆپارێز له‌گوناح؛ به"جه‌می" خۆشدیمهن و خاوه‌ن رانگهلی زۆر ئیبرازم کرد؛ یه‌که‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ودا له‌خه‌ڵکان وه‌توومه که ئه‌من هورمهزدم.
له‌دریژه‌ی مه‌ته‌ڵه‌که روون ده‌بێته‌وه که دایکی مهڵگجهمشێر له‌گه‌ڵ دێوێک په‌یوه‌ندیی هه‌یه که له‌مه‌ر مه‌ترسی له مهڵگجهمشێر ناتوانێت به‌ئاشکرا ببێته ژنێ و له‌لاێکی دیکه‌دا مهڵگجهمشێر به زۆره‌ملی قه‌بوڵ ده‌کا دایکی خۆی بخوازێت بۆیه ده‌له‌سه‌یه‌ک ده‌که‌ن و دایکی مهڵگجهمشێر شه‌وێک لێده‌پرسێ: رازی قودره‌ت و زانایی تۆ چیه؟ و مهڵگجهمشێر ده‌ڵێت: تاره موویهکه که له‌نێو پشتمدایه و دێ‌و و ئه‌هریمه‌ن پێی ده‌به‌ستمه‌وه. جا که‌یوانوو له‌خه‌ودا به‌هاریکاریی دێوه‌که و هه‌ر به‌مووی خۆدی مهڵگ جه‌مشێر ده‌ست و پێی ده‌به‌ستنه‌وه و له‌چاڵێکدا ده‌خه‌ن. له‌کوتایی مه‌ته‌ڵه‌که هه‌ر ئه‌م مهڵگمامهیه که له‌زه‌ماوه‌ندی که‌یوانوو و دێوه‌که به‌دی هاتووه مهڵگجهمشێر له‌و چاڵه رزگار ده‌کا و مهڵگجهمشێر سه‌ر له‌نوو ده‌بێته گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی چیرۆکی "یه‌مه" یان جه‌مشید لهئهساتیری کۆنی ئێرانی بکه‌ین؛ رێک هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه‌یه و جه‌مشید دوای ئه‌وه‌یکه فهڕههی ئیزه‌دی لێ‌دوور ده‌بێته‌وه ماوه‌ی 13 زستان له به‌ندیخانه‌یه‌که و وه‌کوو دێ‌و و جن ژیان به‌سه‌ر ده‌با.
نمونه‌ی ئوستووره‌یی و رهوانناسیانه
ئاگرمهلؤچ agirmelüç
جۆره رهشۆڵهیهكه به‌ڕه‌نگی بوور و به‌له‌کی بریقهونی؛ كه‌سك و ئه‌رخه‌وانیش هه‌یه و به قه‌د سیروو ده‌بێ و ده‌مه‌لاسكه‌ی مهلانیتر ده‌كاته‌وه و په‌ل و پۆی له زستاندا پڕ له خاڵی سپی ده‌بێت، جووچكی گچك و باڵی نووك تیژ و ده‌ندووكی درێژ و تیژه و به‌كۆمه‌ڵ و له پۆلی گه‌وره‌دا هه‌ڵده‌فڕن وجۆری نێرینه‌ی قه‌ڵه‌وتره و كولله ده‌خوات . له زاراوه‌کانی دیکه‌ی کوردی کۆمه‌ڵێک ناوی جۆراوجۆری هه‌یه وه‌کوو: ئاگرمهلؤچ؛ ئاگرمه‌لووچ؛ ئاگرمهلیچ؛ ئاگرهمهلووچ؛ ئاگرهمهلیچ؛ ئایرهمهل؛ ئایلهمهن؛ ئودرمهلیچ؛ ئهیرهمهل؛ تؤخوهرگه؛ تهیتۆك؛ تیتك؛ تیتڵ؛ تیتی؛ خه‌زایی؛ ره‌شۆڵه؛ ره‌شۆڵی؛ رێشۆڵ؛ رێشۆڵه؛ ریشۆڵه؛ رێشۆڵی؛ رهشیله؛ رهشێڵه؛ سوێروو؛ سیاكهرك؛ سێروو؛ سیروو؛ سیهكهرك؛ شاروور؛ شالوور؛ شالوول؛ شاوو؛ شالوویل؛ شالیل؛ عالهمهن؛ عاینه‌مه‌ل؛ عه‌ینه‌مه‌ل؛ غه‌زایی؛ قازڵاخ؛ قازڵاخی؛ قازه‌ڵاخ؛ کهشوشکه؛ کهشۆیله؛ گاوانی؛ مرچۆڵه؛ مرچیله و له فارسی‌دا سار sar پێ ده‌ڵێن ئه‌م مه‌له دۆژمنی كولهيه. له فه‌رهه‌نگی كورد ئه‌فسانه‌یه‌ك بۆ دروست بووه كه ده‌ڵێن:
له وه‌رزی كه‌م بارانی و به‌تایبه‌ت له كوتائی مانگی گوڵان كوله زۆرتره و به گه‌له‌وه هێرش ئه‌بنه سه‌ر كشتوكاڵ و دار و ده‌وه‌ن و گژوگیا رووت ئه‌كه‌نه‌وه بۆیه خه‌ڵك یه‌ك كه‌س كه زاتدار و پڕتاقه‌ت و هه‌روه‌ها دهسودهم پاك بێت و چاوی هێز نه‌بێت و دروو نه‌كا هه‌ڵده‌بژێرن و پێ ئه‌ڵێن كه:
ئه‌بێ وشیار بوویت و كه‌س نه‌زانێت بۆكوێ و بۆچێ ده‌چیت، ئه‌بێ بێ وچانه‌وه بچیت و سه‌ر جه‌م له ماوه‌ی سێ رۆژ و تاقێك بچیت و سێ رۆژ و تاقێكیش بێته‌وه كه ئه‌بێته هه‌فت رۆژ و كاتی هاوردنی ئاوی ئاگرمهلؤچ؛ نابێ ئه‌م گۆزه‌یه كه ئاوی تێدایه به‌زه‌وی دابنیت و ناشێ به‌ره‌و دوای خۆت بنواڕیت. كه گه‌یشته ئاوایی خۆی؛ له چیایه‌ك رووتی ئه‌كه‌ن و به توولی هه‌نار یان هه‌نجیر لێ ده‌ده‌ن و ئه‌ویش له ئاوی گۆزه‌كه مشتێ پڕ ده‌كا و به‌ره‌و ئاسمان فڕی ئه‌دات و هاوار ده‌كا:
ئاگرمهلؤچ هاوار... تا ئاگرمهلؤچ به گه‌له‌و بێت و كوله‌كان بخوات . ئه‌وه‌ی كه شایانه ئاماژه‌ی پێ بكه‌م ئه‌مه‌یه كه باڵنده‌ی ئاگرمهلؤچ له قه‌راخی چۆم و رووباره‌كاندا ده‌ژێت و له پارێزگای كرماشان و مه‌ڵبه‌ندی - سراو سه‌حنه- ئه‌م مه‌له زۆره.
ئه‌م رهوایهتهی خووارووه له ده‌می باوكم كه له‌ته‌مه‌نی نه‌وه‌دوسێ ساڵان فه‌وتاوه وهرگرتوومه كه باسی ئه‌م رووداوه له گوندی - قه‌ڵاێ هه‌ره‌سه‌م - ده‌كات. ئاواكه ئه‌و بۆم ده‌رخست ئه‌و كاته كه منداڵ بووه كوله به فراوانی هێرش كردووته سه‌ر كشتوكاڵێ ئه‌م ناوچه‌یه و پیاوێك به ناوی "بوزرگ" هه‌ڵبژێردراو بۆ هێنانی ئاو ئاگرمهلؤچ له‌وكاته كه بوزرگ له‌ڕێ بووه كوله ته‌نانه‌ت چیخ و ده‌واره‌كان و رهشماڵهكانیانیش خواردبوو. له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بوزرگ بۆ قهڵایههرهسهم ئه‌ویان برده سه‌ر قه‌ڵاكه و رووتیان كرد و توولی لێ ده‌دان به‌مجۆره كه خوێن له سه‌روپشتی به‌ڕێ كه‌وت و ئه‌ویش له ئاوی گۆزه‌كه مشتی پڕ ئه‌كرد و به‌ره‌و ئاسمان فڕی ئه‌دا و هاواری ده‌كرد: ئاگرمهلؤچ هاوار. دوای چه‌ند خۆلێك ئاسمانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده له به‌ر ئاگرمهلؤچ تاریك بوو و كولهیان تێكدان. زۆربه‌ێ خه‌ڵكی قه‌ڵای هه‌ره‌سه‌م ئه‌م رووداوه له بیریانه.
تێبێنین:
یه‌ك بابه‌ت له‌م باوه‌ڕه زه‌قتره له ناوهڕۆكهكهیه ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌بێ له هه‌فت رۆژ كوتائی بێت و ژماره‌ی هه‌فت له لای كوردان ژماره‌یكی موقه‌ده‌سه وه هه‌روه‌ها به پێ زانیاریه‌كان تۆخمی كوله دوای هه‌فت رۆژ ئهگهییت و كوله‌ی بچووكێ لێ ده‌ر ئه‌كه‌وێت بۆیه كوله له هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێك بدات زۆرتر و زۆرتر ئه‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌شێ به توولی هه‌نار یان هه‌نجیر توولی بده‌ن كه سه‌رنج راكیشه ئه‌م دوو میوه‌یه له فه‌رهه‌نگی كورده‌واریدا تهقهدۆسیان هه‌یه به تایبه‌ت له نێو یارستان. هه‌روه‌ها خوێنه‌ر و بێسه‌ری ئه‌م رێوایهته ده‌که‌وێته یادی سه‌فه‌ری سیاوه‌خش بۆوڵاتی ئهپاختهر بۆ په‌یداکردنی که‌یخه‌سره‌و که ئه‌وێ بنێرێته‌وه ئێران بۆ ئه‌وه‌یکه ببێته پاشا و قڕان و په‌تای وڵات بچهڵکهن بکا، له‌م سه‌فه‌ره‌دا کۆمه‌ڵێک باڵنده رێنوێنی سیاوه‌خش ده‌که‌ن یان که‌ڵک وه‌رگرتنی رۆسته‌م له‌کاتی ته‌نگانه و ناچاری که په‌ڕێک له باڵی سیمورغ ده‌سووتێنێ و سیمورغ به‌فریای ده‌گا. راسته‌كه‌ی وایه كه ئاوی ئاگرمهلؤچ هیچ حكمهتیكی نییه و ئه‌م هه‌موو دابونه‌ریت و ده‌ستووره هیچ په‌یوه‌ندییكی به چۆنییه‌تی كاره‌كه‌وه نييه و هۆكاری زانستيی هه‌یه كه به‌كورتی ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ین.
ئاگرمهلؤچ له راستیدا خولیاوی ده‌نگی ئاوه و بۆیه له هه‌ر شوێنێك ئاوی به خوڕ بێت له‌وێدا ده‌ژێت و من له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م كه ئه‌م مه‌له به دریژائی مێژوو فێری ئه‌م كاره بووه.
هه‌روا كه ده‌زانین له هه‌ر كوێ ئێنسانی وه‌رزێر و دامپهروهر ده‌ژێت مهلوموور و جانهوهریش زۆر ئه‌بێت و كاتێك كه مرۆڤ بۆ ئاو هێنان له‌ماڵ ده‌رچووه و چووه‌ته سه‌ر كانی و ئاوی له گۆزه یا كونهی كردووه و به‌ره‌و ماڵ هاتووه، ئاوی سه‌ر شانی ئه‌م كه‌سه شڵقه شڵقی كردووه و ده‌نگیكی مۆسیقائيی هه‌بووه كه ئه‌م ده‌نگه ئاگرمهلؤچ خولیاوی خۆی كردووه و له پێ ئه‌م مووزیكه هاتۆته نێو گونده‌كه‌ی و دیوه كه له‌م ده‌ڤه‌ره په‌خشه و مهلوموور زۆره و له‌وێ خۆراكی زۆری ده‌ست كه‌وتووه و دوائیش گه‌ڕاوه‌ته نێو هێلانه‌ی خۆی كه له ئاوائی دوور بووه و ورده ورده گه‌يشتووته ئه‌م قۆناخه كه به ئێمه‌ی گه‌ێشتووه.
نموونه‌یكی تر باڵندهیكه كه له شاخی ئافریقا ده‌ژێت و به - ههسهڵخۆر- به‌ناوبانگه و ته‌نانه‌ت كورته فیلمێك له‌سه‌ری دروست بووه. ئه‌م مه‌له ههسهڵی پێخۆشه و چۆنكه خۆی ته‌وانی به گژداچوونه‌وه‌ی مێشهنگوێنی نییه له هه‌ركوێ ئینسانێك بينينێ به زیته‌زیت و باڵهوازی بۆ خۆی راێدهكیشێت وبه وردی ده‌یباته سه‌ر كه‌ندووی ههسهڵ و خۆی له دوورا راده‌وه‌ستی و دوای ئه‌وه‌یكه ئێنسان كاری ته‌واو بوو و مێشهنگوێنهكانی ههڵترازان ده‌چێته سه‌ر كهندووهكان و به‌شی خۆی لێ وه‌رده‌گرێ. هه‌م ئینسان بۆ ئه‌م باڵنده ناسراوه‌یه و هه‌م ئه‌م مه‌له بۆ ئینسان. نازانم له ئافریقا دابونه‌ریت سه‌باره‌ت به‌م مه‌له چۆنه به‌ڵام ئه‌وه‌ێ كه دیارده‌یه ئه‌مه‌یه كه مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی ناوێن به‌گشتی هه‌مووشتێك له دهڵاقهێ ئائینی خۆیه‌وه سه‌یر ده‌كا بۆیه ده‌ستوور و قانوونی بۆ هه‌موو شتێكی سرۆشتی داناوه كه‌جی سه‌رسوڕمانه.
له دایكبوونی منداڵ
له باشووری رۆژهه‌ڵات هه‌ندیك بیر و باوه‌ڕی باش و خه‌راپ هه‌یه كه به‌نیسبه‌تی كچ و كوڕ ئهگوڕدرێت به‌ڵام به‌گشتی له‌سه‌ر یه‌ك رێبازن. له‌وانه‌یه كه كاتێك منداڵ له‌دایك ئه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له ره‌شماڵ بێت؛ چێخێك له چووار ده‌وری ژنی پابهمانگ دهكیشن و منداڵه‌كه له تۆتۆی كۆڵپێچك kolpêçik ده‌پێچن و بهخهڵۆز هه‌نی منداڵه‌كه ره‌ش ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها به‌هه‌ویر سه‌ر لووت وگوێچكهی هه‌ویری ده‌كه‌ن و باوه‌ڕیان له‌م كاره وایه كه منداڵه‌كه تووشی رووڕه‌شی و ناكووكی نابێت و بۆ ئه‌وه هه‌ویر له لووت و گوێچكه‌ی ئه‌ده‌ن كه له‌م دوو شوێنه مۆی شین نه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و ژووره كه منداڵ و دایك تێدا ده‌خه‌ون به خه‌ڵۆز خه‌تی چووار دیواره‌كه دهكیشن و له سه‌ر ئه‌م باوه‌ره‌ن كه - چاوی به‌د - لێیان كاریگه‌ر نه‌بێت. په‌ندێك هه‌یه كه ئه‌ڵێ:
- كوڕ ره‌شێ خاسه - كه‌وا دیاره ئه‌م نه‌ریته ئاماژه به‌م په‌نده ده‌كا. هه‌روه‌ها بهسورمه چاو و برۆی منداڵه‌كه دهڕهژن و دوای یه‌ك هه‌وته كه نهینووكی منداڵه‌كه به‌رز ئه‌بێت به ددان ئه‌قرتێنن و باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌م منداڵه ئاوه‌ها دڕنده و زاتدار ئه‌بێت. دوای ئه‌مه ئاشێك دروست ئه‌كرێت كه دانهكوڵانه danekwilaneی پێ ده‌ڵێن و بریتیه له گه‌نم و جوێ و ماش و كه‌شك كه ئهیكۆڵێنن و ئه‌یده‌ن به خزم و ده‌راوسێ.
لانكۆڵهی منداڵه‌كه له هه‌ندێك شوێن جیاوازه به‌ڵام به‌گشتی له‌سه‌ر یه‌ك رێبازه و ئه‌وه‌ش بۆ لاواندنی منداڵه و به‌س. به‌ڵام له زۆربه‌ی گونده‌كان جۆره بافهمهنییك كه پانائیی ئهگهئێته دوو ئه‌نگۆست به ره‌نگی ره‌ش وسپێ دەچێنن ومۆرهیكی به‌ره‌نگی كه‌و كه كوژه‌ك kwijekی پێ ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ چووی داری بادام یان تاوی tawî ئاڵقه ده‌كه‌ن و له سه‌ر ڵانكۆڵهێ منداڵه‌كه ئاوێزان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ێ كه چاوی به‌د له منداڵه‌كه كاریگه‌ر نه‌بێت. منداڵ كه ته‌مه‌نی گه‌یشته شه‌ش مانگ مۆی ده‌تاشن و به قه‌د وه‌زنی ئه‌م مۆوه پاره‌ێ سه‌رفی خواردهمهنییك ده‌كرێت و ئه‌ده‌ن به خه‌ڵكان. ته‌مه‌نی منداڵ گه‌یشته یه‌ك ساڵ و منداڵ پاپا كرد واته له سه‌ر پێ راوستا؛ و ورده‌ورده فێری رێ كردن بوو، ده‌رزیله‌یه‌ك له به‌ر پێی منداڵه‌كه ده‌شكێنن و له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئاوه‌ها چاوی به‌د ده‌رزیله‌ی لێ بچێت وئاشێك دروست ئه‌كرێت كه پاڕووكانهparûkane ی پێ ئه‌ڵێن و به خزم و دراوسێ ئه‌ده‌ن.
تێبێنین:
پاڕووكانهش وه‌ك دێیانڕووكانه بریتیه له نۆك و نێسك و رشته و كه‌شك و سه‌وزی . ئه‌وه‌ێ كه شیاوه ئاماژه‌ێ پێ بكه‌م ئه‌مه‌یه كه ئه‌م مه‌راسیمه ته‌نیا بۆ منداڵی كوڕ به‌ڕێوه ده‌چێت و بۆ كچ ئاوا كارگه‌لی ناكه‌ن و هه‌روه‌ها که ده‌زانین که‌ره‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م خۆراکه له سرۆشت وه‌رده‌گرێت که سه‌رجه‌م به خۆراکی میترایی به‌ناوبانگه و بێگومان پێشنه‌ی ده‌گاته سه‌رده‌می میترائیسم.
ئه‌و كاته كه منداڵ به‌باشی فێری رێ كردن بوو كه لانیكه‌م دوو یان سێ ساڵانه له‌پاڵ كێف و داری ئه‌نێن و خۆیان لێ دوور ئه‌كه‌نه‌وه و بانگی ده‌كه‌ن كه بێته ماڵ. ئه‌م كاته هیچ كه‌سێك یارمه‌تی منداڵه‌كه نادێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بكه‌وێت و له‌شی زامار بێت. پێویسته كه منداڵ خۆی له‌سه‌ر پێی خۆی له كێف بێته‌خوار و بێته لای ئه‌وان كه نیشانه‌ی زاتداری و ته‌وانایی منداڵه‌كه‌یه. به‌ڕێز كاك هاشم كاكهئی له كتێبی - كورد و چه‌ند بابه‌تێكی مێژوویی - كه كتێبیكی زۆر به نرخه له لاپه‌ڕه‌ی 174 ئه‌م كتیبه ده‌قیكی له كتێبی - العراق قدیما و حدیث، نفس لمصدر - لاپه‌ره‌ی 210 وا ئه‌گێڕێته‌وه:
مامۆستای مێژوونووس(عبدالرزاق الحسنی) ده‌باره‌ی قه‌زای (علیغربی) كه ئه‌كه‌وێته نێوان عماره و كوت نووسیویه: له عهلیغهربی دابونهریتێك هه‌یه له هیچ كام شارۆچكه‌كانی عێراقدا نییه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:
منداڵی ساوایان ده‌نێرنه شاخه‌كانی ئێران –كوردستان- ناسراو به پشتكۆ؛ بۆ لای دایان، پاش ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی گه‌وره بوو ئه‌یگێڕنه‌وه بۆ لای كه‌سوكاری و شوێنی له دایك بوونی.
ناوچه‌ی پشتكۆ بریتیه له‌مه‌ڵبه‌نده شاخاوییه‌كانی ئیلام و لوڕستان و كورده‌كانی نیشته‌جی له عهلیغهربی و عهلیشهرقی له بنه‌ڕه‌ته‌وه خه‌ڵكی پارێزگای ئیلام و لوڕستانن.
بابهتیكیتر له په‌روه‌رده كردنی منداڵ چلهوڕçilewir یان چله‌بڕ çilebir كه ئاوه‌هایه:
خه‌ڵك به‌عام له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌گه‌ر دوو منداڵی دراوسێ كه هێشتا ته‌مه‌نیان به چل رۆژ نه‌گه‌یشتووه ده‌نگی گریانی یهكتران ببیستن یان قسه‌ی ناحه‌ز له لایه‌نی دایكان ببیستن؛ ئه‌وه‌ێ كه زووتر ته‌مه‌نی ئه‌گه‌یته چل رۆژ ئه‌مرێت بۆیه باوگ و دایك ئه‌چنه لای دوعانووس و دوعای«چله‌بڕ» ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر منداڵ له‌م قه‌یرانه ده‌رچوو ئاشێگ دروست ئه‌كه‌ن كه «چلهبڕانه»ی پێ ئه‌ڵێن و به خه‌ڵكان ئه‌ده‌ن.
تێبێنین:
سه‌باره‌ت به چله‌بڕ ده‌توانین ئاماژه به‌وه بکه‌ین كه ئه‌ڵێن چله كاریگه‌ریی له سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتیش هه‌یه هه‌روه‌ها له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه نابێ هه‌تا چل رۆژ زارۆكه‌كه به ته‌نیا جێبهێڵێن چۆنكه دێ‌و زارۆكه‌كه ئه‌دزێت و منداڵی خۆی له لانكۆڵه دائه‌نێت. ره‌نگه ئه‌م منداڵانه كه ئێسته به ناوی مۆنگۆل له جیهاندا به‌ناوبانگن؛ له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بێت چۆنكه هه‌مووی ئه‌م مۆنگۆلانه یه‌ك سرۆشت و یه‌ك رۆمهتیان هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر منداڵێك - نهوهكام - یان كه‌م ئه‌ندام بێت به باوه‌ڕی خه‌ڵك، دێ‌و جێبه‌جیان كردووه. هه‌روه‌ها منداڵی - كه‌زاڵ - واته ئه‌و منداڵه كه مۆی سپێی هه‌یه له ره‌گه‌زه‌وه تۆخمارهی دێوه. ئه‌ژماری چل له‌نێو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی دونیاشدا ئه‌ژمارێکی موقه‌ده‌سه به‌تایبه‌ت که رۆژهه‌ڵاتناسانیش ئاماژه‌یان به‌م ئه‌ژماره کردنه: چله‌نشینی؛ عێڵمی ریازه‌ت؛ سووفیگه‌ری... هتد. بۆ نمونه ده‌رباره‌ی نه‌خۆشی هاری و ئاته‌شه به‌پێ زانستی سه‌رده‌م ڤایرۆسی ئه‌م نه‌خۆشیه دوای چل رۆژ کاریگه‌ریی خۆی جێبه‌جێ ده‌کات.
سه‌باره‌ت به نه‌خۆشیه‌كانی منداڵانی بچووك به‌رچاوترینیان بووبڵێنی bû bilênîیه كه جۆره به‌له‌فیڕه‌ی كاریگه‌ره. ئه‌م نه‌خۆشی له حه‌قیقه‌تدا له‌به‌ر بۆنی جۆره دارێكه كه سرێنجگ sirêncigی پێ ئه‌ڵێن. ئه‌م داره له وه‌رزه‌كانی ساڵ و له‌نێو زستانیش بۆنیكی تۆندی لێ هه‌ڵده‌ستی و ئه‌گه‌ر له‌م ده‌ڤه‌ره زارۆكێك هه‌بێ؛ نه‌خۆشی ده‌كا به‌ڵام خه‌ڵك به عام ئه‌وه نازانن. شێوه‌ی ده‌رمانی ئه‌م نه‌خۆشیه وایه كه ئه‌چنه لای مه‌لای دوعانووس و كه‌ڵه‌شێرێك ئه‌ده‌نه مه‌لا و مه‌لا سه‌ری كه‌ڵه‌شێر ئه‌بڕێت و به خۆێنی كه‌له‌شێره‌كه له سه‌ر قاغه‌ز دوعا ده‌نووسێ و ئه‌بێ ئه‌م دوعایه له قه‌برستانێك دوور له زێد و ماوای منداڵه‌كه چاڵ بكرێت.
تێبێنین:
ئه‌وه‌یکه دیاریه که‌ڵه‌شێر نومادی ئائینی میترائیسمه و هه‌ڵاتن و ئاوابوونی خۆر مزگانی داوه و له ئائینی مێهری؛ خۆر له‌کاتی هه‌ڵاتن هه‌موو نه‌خۆشی و ئافه‌تێک تێکداوه و که‌ڵه‌شێر وه‌کوو مزگێنی ده‌ری ئه‌م رووداوه پێگه‌یه‌کی هه‌ره مه‌زنی هه‌یه و هه‌ر ئه‌و (سرۆش) بووه که له فارسی‌دا بووه‌ته: خورووس. بۆیه که‌ڵه‌شێر له‌فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا جێگه و پێگهئیکی تایبه‌تی هه‌یه و ته‌نانه‌ت لهئائینی یارسان بۆ سازکردنی خۆراکی نه‌واڵه که به خۆراکی میتراییش به‌ناوبانگه که‌ڵه‌شێر قوربانی ده‌کرێت و دارۆچکه‌ی سرێنجگ و ئهرجن له ئائینی مێهری دژی ئههوهره یان هۆر یان خۆره. ره‌نگه ئه‌م نه‌ریته و چۆنیه‌تیی ئه‌نجامی ده‌رمانه‌که ئاماژه به‌م بابه‌ته ئائینیه بکات. نه‌ته‌نیا بۆ ده‌رمانی بووبڵێنی که بۆ ده‌رمانی چه‌ند نه‌خۆشی دیکه‌شدا که په‌یوه‌ندیی به دارۆچکه و ده‌وه‌نه‌وه هه‌یه گۆشت و خوێنی که‌ڵه‌شێر که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کیه وه‌کوو ده‌رمانی چهویشی؛ قڕنقاز؛ شیربردێ. که سه‌یری نه‌خۆشیه‌کان ده‌که‌ین هه‌موویان په‌یوه‌ندیان به سرۆشت و دار و ده‌وه‌نه‌وه هه‌یه که ئه‌م دار و دارۆچکانه له ئائینی مێهری دژی ئههوهر و له‌ڕێزی ئه‌هریمه‌نان.
نمونه‌ی مێژوویی-ئه‌ده‌بی
سووسـْگ sûsig
ئه‌م باڵنده‌یه له كهوك ده‌چێ به‌ڵام ره‌نگی له كهوك كاڵتره و جهسهیشی گه‌وره‌تره و ده‌نووك و پای ئه‌م باڵنده‌یه وه‌ك كهوك سوور نییه و قاسپهقاسپ ناكا و له فارسی‌دا "تهیهوو"ی پێ ئه‌ڵێن. له‌ڕاستیدا سووسگ و كهوك هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك ره‌گه‌زن به‌ڵام به پێ كه‌شوهه‌وا و ئهردوژینگه، ره‌نگیان گۆڕاوه. ده‌توانین بڵێن سووسگ؛ كهوكی گه‌رمیان و خۆره‌تاوه و لهجیایی قاسپه، سووسوو ئه‌خوێنی.
باوه‌ڕێك سه‌باره‌ت به ده‌نگ و ره‌نگ و ده‌ندووك و پێ ئه‌م باڵنده‌یه هه‌یه كه ئه‌ڵێ :
یه‌كێ له شازایهكان -ئیمامه‌كان - به‌ده‌ستی دۆژمن بریندار ئه‌بێ و له بنی داری كهیكمkeykim خۆی هه‌شار ده‌كا. قهراوڵهكانی دۆژمن له‌قه‌راخی لێڕهوارهكه له دۆی ئه‌ودا ده‌گه‌ڕن و ئه‌ویان ده‌ست ناكه‌وی. له‌م كاته كهوكێك دێت و ده‌ندووك و پێی خۆی به‌خوێنی ئه‌م شازایه ره‌نگین ده‌كا و ئه‌چێته سه‌ر داره‌كه و گاره‌گار ده‌كا. هاوكات سووسگێ دێت و به‌رزتر له كهوكهكه سووسوو ده‌كا و ئهگێنێ كه سو‌و -به‌یانی- بێنه‌وه.
بۆیه خه‌ڵك كوشتن و كه‌باب كردنی كهوك به كاری باش ده‌زانین و له كورته به‌یتێك ئه‌ڵێن :
- كهوك بگر كه‌واو كه سووسـْگ وڵ كه سوواو كه -
تێبێنین:
له‌چیرۆکه کۆنه‌کانی ناوچه‌ی زه‌نگنه کورته چیرۆکێک به‌نێوی – موختارۆ - هه‌یه که ره‌نگه هه‌ر ئه‌و ( موختاری سه‌قه‌فی)ه بێت که بهلایهنداریی ئیمام حوسه‌ین(د.خ) سه‌ری هه‌ڵدا و زۆرینه‌ی له‌شکه‌ری موختار له مه‌والیه‌کان(ئه‌و کوردانه‌ی که له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه لهئێڵی زه‌نگنه‌ی که‌رکووکی بوون و به "به‌نی ئه‌سعه‌د" به‌ناوبانگ بوونه که به‌شێک لێیان له‌شۆڕشی ئیمام حوسه‌ینیش به‌شدار بوونه) بوونه. له به‌شێک له چیرۆکه‌که ئاماژه به شه‌ڕێک ده‌کرێت که له‌وێدا موختارۆ بریندار ده‌بێت و له بنی دارێک خۆی هه‌شار ده‌کا و رۆژانه سووسکێگ دێت و خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دا و موختارۆ که‌بابی ده‌کا و ئاوایه که نامرێت.
باوهڕێكتر بۆ ده‌رمانی به‌ردی گورچیله «سنگ كلیه» و به‌ردی مێزڵدانه «سنگ مثانه»یه. سهنگدانی سووسگ یان كهوك دێنن و پێسته‌كه‌ی ناوی كه وشك و به ره‌نگی زه‌رده ده‌ردێنن و وشكێ ده‌كه‌ن و دوای ئه‌مه یان له ئاودا ئهیكۆڵێنن یان هه‌ر وا ئه‌یخۆن و كاریگه‌ری هه‌ره زۆریكی هه‌یه بۆ ده‌رمانی ئه‌م ده‌رده. به‌و مه‌رجه كه له ماوه‌ێ سێ رۆژ؛ ئه‌ویش به‌یانان به‌ر له‌وه‌ێ نانی به‌یانی بخوردرێت؛ بێخۆن .
تێبێنین:
هۆكاری زانستی ئه‌مجۆره ده‌رمانه وایه كه پێستی سهنگدانی ئه‌م باڵنده‌یه زۆرتاڵه و ئاوه‌كه‌ش تاڵ و زه‌رد ئهكاتهو. كاتی به‌یانی، به‌ده‌ن هێشتا خۆڕاگر نییه و به واتای زانستی «باڵانس» نییه، بۆیه كاتی خواردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رمانه؛ بۆ ئه‌وه‌ێ كه كاریگه‌ری خه‌راپه‌ی له سه‌ر له‌ش نه‌بێت وهۆرمونهكانی به‌ده‌ن لێك نه‌داته‌وه، زوو به زوو له گورچیله و مێزڵداندا ئه‌ڕوات وئه‌بێته هۆی رۆخاندنی به‌ردی گورچیله و مێزڵدان. پێستی ناوێنی سه‌نگدان كاری سه‌فرا ده‌كات و كاتێك كه له به‌یانی بخۆردرێت، له گورچیله و مێزڵداندا ئه‌ڕوات و به‌ردی گورچیله ومێزڵدان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای قڵس یان ئاهه‌ك بێت؛ ئه‌م خۆراكه وه‌كوو تێزاوه و بۆنیانی لێك ئهداتهو ورده ورده له ئه‌م ئه‌ندامانه ده‌ر ئه‌چێت.
- ئه‌بووعه‌لی سینا - پزیشك وفهیلهسووفی ئێرانی له كتێبی(طب) جۆره ده‌رمانێك بۆ به‌ردی گورچیله نووسیوه كه له رووی رهواڵهتهوه له باسه‌كه‌ی ئیمه ده‌چێ. ده‌ستووری ده‌رمانی ئه‌بووعه‌لی سینا به ناو ئاوی ئاسن داخ - آب آهن دا‌غ - به ناوبانگه و ئه‌ڵێ:
- ئاردی بادامی تاڵ ئامێته‌ی یه‌ك په‌رداخ ئاوی سارد بكه و شیشی ئاسنی له سه‌ر ئاگر سوور بكه و هه‌فت تا دوانزه جار له ئامێتهكه داینه تابوونی سووته‌مه‌نی لێ هه‌ڵده‌ستێ و خه‌ست بێته‌وه كه ئامێتهكه حازر بوو پێویسته یه‌ك رۆژ پێش، دوای نانی نێوه‌ڕۆ چشتێك نه‌خۆی هه‌تا به‌یانی ئه‌مڕۆ و ئه‌م به‌رنامه‌یه بۆ سێ رۆژه و ئه‌شێ به‌رده‌وام بێت. دوای رۆژی سێهه‌م، ته‌ندروستی ده‌ست كه‌وتووه - .
بابهتهایی فولکلۆر به‌شێک له زانست دووپات ده‌که‌نه‌وه که به‌داخه‌وه هێشتایش وه‌کوو باوه‌ڕ و خورافه چاوی لێده‌که‌نه‌وه لهحاڵێکهوه ئه‌گه‌ر سرنجیان بده‌ین رێک له‌سه‌ر رێبازی زانستیه بۆ نمونه ئاماژه به چه‌ند بابه‌ت له‌سه‌ر گیانله‌به‌ران ده‌که‌ین که جگه له‌وه‌یکه زانستیه؛ بابه‌تی ئه‌ده‌بی و مێژوویی و ئائینیش ده‌گرێته‌وه:
سه‌گ seg
گیانله‌به‌رێكی ماڵییه و له مێژه‌وه یاریده‌ری مرۆڤ بووه. میینه‌ی سه‌گ ده‌ڵ deĺ و نێرینه‌ی گه‌ماڵ gemalی پێ ئه‌ڵێن. به پێ زانیاریه‌كان؛ سه‌گ به ئه‌مه‌گ ترین حه‌یوانه. سه‌باره‌ت به سه‌گ باوه‌ڕێك هه‌یه كه ئه‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ نه‌خۆش بكه‌وی و سه‌گی ماڵ چه‌ن سه‌گی تر له ده‌وری خۆی كوو بكاته‌وه و پێكه‌وه پاس بكه‌ن، خاوه‌ن ماڵ ئه‌مرێت.
تێبێنین:
راستییه‌كه‌ی وایهكه حه‌یوانه‌كان -هه‌ستی شهشمیان- هه‌یه و زووتر له ئینسان هه‌ست به خه‌ته‌ر ده‌كه‌ن و ره‌نگه ئه‌م باوه‌ڕه ئاماژه به‌م تایبه‌تمه‌ندیه بكا.
باوه‌ڕێك تر هه‌یه كه ئه‌ڵێ: ئه‌گه‌ر سه‌گ هار ببێت، هه‌ندێك خوێ له سه‌ر نان ده‌كه‌ن و له به‌ری دائه‌نێن و پێ ئه‌ڵێن: به حه‌قی ئه‌م نان و نمه‌كه ئه‌گه‌ر هار بوویته گه‌رده‌نمان ئازا كه و بڕۆ. ئه‌گه‌ر سه‌گه‌كه هار بێت ئه‌چێت.
ئه‌م بابه‌ته له زاری خوالێخۆشبوو قودره‌ت دارابی ئه‌گێڕمه‌وه:
- گهماڵێكمان هه‌بوو كه ساڵه‌های ساڵ له ماڵی ئێمه بوو، رۆژێك بیستم كه وه‌تیان هار بووه خوالێخۆشبوو دایكم؛ هه‌ندێك خوێ له سه‌ر نانی كرد و پێ وه‌تی به حه‌قی ئه‌م نان و نمه‌كه ئه‌گه‌ر هار بوویته بڕۆ. دوای چه‌ند خولێك گهماڵهكه به رێ كه‌وت و چوو. چه‌ند رۆژ پێ چوو كه بیستمان له گوندی خوارووی ئێمه خه‌ڵكان ئه‌ویان كوشتووه.-
تێبێنین:
راستیه‌كه‌ی وایه كه خۆدی سه‌گ وه هه‌روه‌ها گورگ بۆ ئه‌وه‌ی كه هار نه‌بن، چه‌ند رۆژێك له وه‌رزی به‌هار گژوگیا ده‌خۆن و ئه‌وه‌م به چاوی خۆم دیوه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه ئه‌گه‌ر نانی داخ بده‌یته سه‌گ هار ده‌بێت. خه‌ڵک به‌عام له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که نه‌خۆشی هاری جۆرێک هارووژاندنی شێتانه‌یه که دێ‌و و جن له رێگه‌ی سه‌گه‌وه به مرۆڤ جێبه‌جێ ده‌که‌ن به‌و مه‌رجه که سه‌گ له گۆشتی مردار خواردبوو بێت و دێوه‌کان ده‌بنه مێشۆڵهیهک و ئه‌م خسڵه‌ته له رێ گه‌زتنی له‌شی مرۆف جێبه‌جێ ده‌بێت و مێشۆڵهی سه‌گ ده‌توانێت نه‌خۆشی هاری یان هه‌ر ئه‌و هارووژاندنه جێبه‌جێ بکات به‌ڵام تووشی که‌سانێک ده‌بێت که فرتوفێڵ ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک به‌ناڕاستی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.
ئه‌م باوه‌ڕه‌ش له‌به‌شێک له ئهڤیستادا ئاماژه‌ی پێکراوه. سه‌گ له ئائینی زه‌رده‌شت بۆخۆی خاوه‌نی هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندییه. له به‌شی سێنزه‌هه‌م و چوواردهههم و پانزه‌هه‌می كتیبی وه‌ندیداد نووسراوه كه:
- سه‌گ حهیوانیكی مۆقهدهسه و ئازاری ئه‌م حه‌یوانه شایانی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یه. ئه‌هوورامه‌زدا ئه‌م گیانله‌به‌ره به دژی گورگ و ئفریته ودێو خۆڵقاند تا شه‌وانه چاودێریكه‌ری ماڵ ومنداڵی مرۆڤ بێت.
(دروج ناسوو) له به‌شی هه‌فتمی وه‌ندیداد ئفریتیكی غه‌یبی و مه‌ترسیداره كه له جنازه‌ی مردووه‌كان ده‌چێت و ئه‌وانه ناپاك ده‌كا بۆ دوور كردنی ئه‌م ئفریته ئه‌بێ سهگیكی سپی به گوێ زه‌رده‌وه له نزیكی جنازهكه بێت، هه‌ركات كه چاوی سه‌گ به مردووه‌كه بكه‌وێت؛ دروج ناسوو ئه‌بێته مێشۆڵهیك و له جنازهكه دوور ئه‌بێت و به‌ره‌و باكوور ده‌ڕوات. ئه‌م رووداوه به سهگدید به‌ناوبانگه -.
یان خه‌ڵك به‌گشتی له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕن كه سه‌گ هه‌فت گیانی هه‌یه. له راستیدا وانییه به‌ڵكوو سه‌گ بۆ خۆی هه‌فت خسڵه‌تی هه‌یه كه له فه‌سڵی سێنزهههمی ئه‌م كتیبه -وه‌ندیداد - به‌نده‌كانی چل و چووار وچل وههفت ئه‌ڵێ:
- سه‌گ هه‌فت خسڵه‌تی هه‌یه یه‌كه‌م؛ وه‌ك پێشه‌وای ئائینی بنه‌مای سفره ئه‌خوات، دووهه‌م؛ وه‌ك پیاوی جهنگكهر له به‌ری هه‌موانه، سێهه‌م؛ وه‌ك وه‌رزێر ژێر و وریایه چوارم؛ وه‌ك هۆزانڤان ئاواز ده‌خوێنێت، پێنجم وه‌ك دز هۆگری تاریكیه، شه‌شم وه‌ك منداڵ به نه‌ینۆكی خۆی زه‌مین ئه‌دڕێت و ههوتم وه‌ك شه‌وگه‌رد شه‌وانه ده‌گه‌ڕێت -.
گورگ gwirg
گیانله‌به‌رێكی گۆشتخۆره وماڵی نابێت و له ره‌گه‌زه‌و له سه‌گ ده‌چێ یان باشتر بڵێم سه‌گ گیانله‌به‌رێكه له ره‌گه‌زی گورگ كه ماڵی بووه‌ته‌وه. ژێنگه‌ی گورگ كێف وده‌ر وده‌شت به‌تایبه‌ت قه‌راخی گونده‌كانه. سه‌باره‌ت به گورگ؛ بیر و باوه‌ڕ زۆره له‌وانه‌یه كه:
خه‌ڵكی باشووری رۆژهه‌ڵات به هێچ شێوه‌یه‌ك گورگی مێینه ئازار ناده‌ن ونایكوژن چۆنكه ئه‌م كاره به گوناح ده‌زانن. هه‌روه‌ها گورگ لای ئێمه حهیوانیكی تهماكار و دڕنده ومزێڕه و مه‌ترسیان له تاكه گورگ زۆرتره تاكوو گه‌له‌گورگ، چۆنكه گورگ حهیوانیكی تهماكاره و له ئه‌نجامی كاری خۆی دڵسه‌رد نابێت و به‌رده‌وامه، ئه‌گه‌ر به گه‌له‌و بێن هیچ كارێك ناكه‌ن له به‌ر ئه‌وه‌ێ كه به ته‌مای یهكتران ئه‌مێنن و خۆیان ناده‌نه به‌ر خه‌ته‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاكه گورگێك بێته سه‌ر رانێك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شووان و چه‌ند سه‌گیش چاودێری رانه‌كه بكه‌ن، هێرش ئه‌باته سه‌ریان و به ناچار هه‌ر چهندهكه له په‌ز وئاژه‌ڵ بكه‌وێته به‌ر ددانی ئه‌دڕێ و زامی كاری ئه‌خاته پێیان و دڵنیایه كه لانی كه‌م دوو یان سێ له‌وانه ئهتووپن و لاشه‌كه‌یان ئهیخهن دووری ئاوائی و دوائی ئه‌توانێ لێیان بخوات. له نێو خه‌ڵكان باوهڕگهلیك هه‌یه كه ئه‌ڵێ :
ئه‌گه‌ر سیپه‌لاكی گورگ به‌و مه‌رجه كه له كاتی ده‌ر هێنانی ئاو لێ نه‌خواته‌وه، یان به ئاو شۆتۆشوی نه‌ده‌ن به ئافره‌تان بخوردرێت ئه‌م ئافره‌ته ئاوهشوو ده‌بێت. بۆیه له‌شیعرێکی فولکلۆردا ده‌ڵێن:
-کافر ههێ کافر؛ بێ‌دین ههێ بێ‌دین شهرتوو به‌مه پێد سؤیهێ گورگ له قین-.
جگه له‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سێك كه سیپه‌لاكی گورگی هه‌بێت و گمێزی خۆی ئامێته‌ی بكا وبداته ژنێك؛ ئه‌م ژنه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه په‌یوه‌ندی و ده‌س له‌ملان ده‌كا. هه‌روه‌ها خه‌ڵك زؤیهڵهzüyele ی گورگ بۆ كاری ده‌رمان به باش ده‌زانن و ئه‌مه‌یش ئاوه‌هایه كه زؤیهڵهی گورگ وشكێ ده‌كه‌ن ودوائی به ده‌سهاڕ ئارد ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ وه‌سمه ئامێته‌ی ئه‌كه‌ن و له‌سه‌ر سه‌ری ده‌گرن و سه‌رئێشه و سهرانسیه باش ئه‌كاته‌وه و هه‌روه‌ها بۆ بڕشت و سوومای چاو به باشێ ده‌زانن. ئه‌گه‌ر سرنجی جووتبوونه‌وه‌ی گورگ و سه‌گ بده‌ین؛ سه‌گ له‌کاتی ده‌سان هاوکات له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌ماڵ جووت ده‌بێت به‌ڵام گورگ ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌ک نێرینه جووت ده‌بێت.
جگه له‌وانه؛ خه‌ڵك به‌عام له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه قاپی گورگ بۆ شه‌ونه‌خونی و وریایكهری باشه.
هه‌ر بۆیه شووانهكان و ئه‌وانه‌ی كه چاودێری مه‌ڕوماڵات ده‌كه‌ن بایخی هه‌ره زۆرێك ئه‌ده‌نه ئه‌م بابه‌ته و قاپی گورگ له تۆتۆی ساقوهنهکهیان ده‌به‌ستن.
تێبێنین:
شوانه‌کان و کۆمه‌ڵێک له‌خه‌ڵک به‌عام كڵاش وگیوه له پێستی گورگ دروست ئه‌كه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌گه‌ر پێلاوێك له پێستی گورگ له پێ بكه‌ن و له دۆی كارێك بچن، تا نهگهیننه ئاكامیكی باش؛ دهسههڵگیر نیین، بۆ ئه‌وه‌یكه گورگ له ئه‌نجامی كاری خۆی زۆر تاقه‌تی هه‌یه و پشت سه‌رد نابێت، ره‌نگه ئه‌م به‌یتی فولکلۆره ئاماژه به‌م تایبه‌تمه‌ندیه بکات که ده‌ڵیت:
كڵاشێ له پووسْ گورگ كه‌م وه گیوه شار وه شار گه‌ردم له شوونْ بیوه
یان بیستوومه كه هه‌ركه‌س مۆی گورگی له لا بێت، بچێته هه‌ر كۆرێك دابنیشی ئه‌و كۆڕه تهفراو توونا ئه‌بێت. ره‌نگه ئه‌م شێعره فولکلۆره ئاماژه به‌م باوه‌ره بکا که ده‌ڵێت:
(ئی به‌خت منه چؤ به‌خت گورگه وه هه‌ر لاێگ مهچم هه‌ر برنگاێبرنگه ) -
مانگاmanĝa
ئاژه‌ڵێكی شیری و قه‌ڵه‌وه و خه‌ڵكان جگه له كه‌ڵك وه‌رگرتن له شیر و گۆشتی، بۆكاری جۆتیاری و كیشه وكوتهی خه‌رمان به‌كاری دێنن.
جگه له‌وانه سپڵی مانگا بۆ ده‌رمانی كه‌م خوێنی و به‌رگیری له گمێزكردنی منداڵی ساوا كه‌بابی ده‌كه‌ن و پێ ئه‌ده‌ن.
تێبێنین:
له سپڵی مانگا و هه‌ر ئاژهڵێكیتر - گۆلۆكوز و هۆرمونی دیۆرتیك - به‌رفراوانه و ئه‌بێته هۆی به‌رگیری له گمێز كردن و خه‌ست بوونی خوێن. هه‌روه‌ها باوه‌ڕێك تر ئه‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی«زووه» له ئهنگۆستی ده‌ست روو بدات؛ له كونی لووتی مانگا یان گووری بكه‌یت باش ئه‌بێته‌وه.
تێبێنین:
ره‌نگه له كونی لووتی مانگا و گوور و له چڵمهكهیدا جۆره ئانزیمێك بێت كه ئه‌بێته هۆی تێكچوونی میكرۆبی ساز كه‌ری نه‌خۆشی «زووه».
بابه‌تیتر سه‌باره‌ت به مانگا ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر مانگا له كاتی كه‌ڵ گرتنی بچێت وجۆتخواز نه‌بێت؛ خه‌ڵك له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌گه‌ر گیای «مانگاوه‌كه‌ڵ» له میینه‌ی مانگا دابنێن، مانگا كه‌ڵ ئه‌گرێت. هه‌ر وه‌ها كڵك وه‌رگرتن له «گؤئهساره» كه له فارسی‌دا «كرمی شهبتاب»ی پێ ئه‌ڵێن و له لای خه‌ڵكان كاریكی زۆر بابه و باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌له له مێینه‌ی مانگا دابنێن، مانگا كه‌ڵ ئه‌گرێت. گیای مانگاوه‌كه‌ڵ وه‌ك گیای چهویڕه و ره‌نگی سووری تۆزكاڵه.
تێبێنین:
راستیه‌كه‌ی وایه كه ئه‌م كارگه‌له هیچ په‌یوه‌ندییكی به گیای (مانگاوه‌كه‌ڵ) یان مه‌لی (گؤئهساره)وه نییه به‌ڵكوو ته‌نیا ره‌وڵی هانده‌رییان هه‌یه. ره‌نگه له گیای مانگاوه‌كه‌ڵ جۆره ماده‌یه‌ك ببێت كه ئه‌بێته هۆی خوریكی مێینه‌ی مانگا وهان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه جۆتخواز ببێت. هه‌روه‌ها مه‌لی گـ̈وئهساره كه ئه‌ویش به بۆنه‌ی جم وجولی خۆی ئه‌بێته هانده‌ری مانگا كه جۆتخواز ببێت.
بابه‌تیتر كڵك وه‌رگرتن له گمێزی مانگا بۆكاری رهنگڕهزی و رهنگكاریه به‌تایبه‌ت بۆ مافۆره ومهوج. شێوه‌ی كاره‌كه ئاوه‌هایه كه ئاو له سه‌ر قهزانیكی گه‌وره ئهكۆڵێنن وئه‌م ره‌نگانه كه له سرۆشتدا هه‌یه وه‌كوو روونیاس، تێكهڵاوێ ده‌كه‌ن ورهنگڕهزی ده‌ست پێ ئه‌كرێت. ئه‌گه‌ر گمێزی مانگا به ته‌نی ته‌نیا بكۆڵێنن ره‌نگی پرته‌قاڵی یان نارنجی ده‌ست ئه‌كه‌وێ و ئه‌گه‌ر ئاو تێا بكه‌ن ره‌نگی زه‌ردی كاڵ ده‌ست ئه‌كه‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی كه ره‌نگه‌كه كاڵتر و روونتر ببێته‌وه«سیازاخ» كه به جهوههرلیموویش به ناوبانگه و به‌رگی داری وه‌ن تێكهڵاوێ ئه‌كه‌ن وره‌نگی كه‌سك به ده‌ست دینن.
تێبێنین:
راستیه‌كه‌ی وایه كه له گمێزی هه‌ر ئاژهڵێگ رهنگدانهیك هه‌یه و له گمێزی مانگا له‌به‌ر فراوانی گمێزهكهی ئه‌م رهنگدانهیهش زۆره و كاتی كۆڵاندن و خه‌ست بوونه‌وه ره‌نگی له زه‌رد و نارنجی ده‌چێت. هه‌روه‌ها له به‌ر هه‌بوونی «ئاموونیاك» له گمێز، ره‌نگه كه هه‌مگیر نه‌بێت بۆیه «سیازاخ» تێكه‌ڵاوی ده‌كه‌ن كه جۆره تێزاویكی كاڵه و ئه‌سه‌ری ئاموونیاك كه «بازێك»ه تێك ئه‌دات و ره‌نگه كه واڵتر و شینتر ئه‌بێت و ئه‌م ره‌نگه قه‌ت به شۆشتن ناگۆڕدرێت و به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌ر هه‌ندێك گه‌ڵای داری «وه‌ن» كه بهنیشك لێ ده‌گرن تێكه‌ڵاوی ئه‌م ره‌نگه بێت؛ ره‌نگه‌كه ئه‌گۆڕێته سه‌ر ره‌نگی شین و ئه‌گه‌ر روونیاسی تێدا بكه‌ن ئه‌بێته ره‌نگی سووری شین.
ئه‌وه‌ی كه شایانه باسی بكه‌م ئه‌مه‌یه كه ئه‌م مافۆر و مهوجانه كه به‌م شێوه‌یه کفتکاری ده‌بێت؛ جگه له‌وه‌ی كه ره‌نگه‌كه‌یان قه‌ت ناگۆڕدرێت، پووتاریش نابێت چۆنكه له گمێزی مانگا ئاموونیاك زۆره و هه‌ر مه‌ل و موورێك ناتوانێت له ناوی ئه‌م مه‌وج و مافۆرهدا بژێت و ئه‌بێته هۆی تێكچوونی ئه‌سپێ و موور كه له ژیانی كۆچه‌ری، به‌رفراوانه. ئاواكه كۆنینه‌ناسان ئه‌ڵێن؛ كۆنتهرین مافۆری جێهان مافۆری «هه‌رسین»ه كه زیاتر له 2000 ساڵ پێشنه‌ی هه‌یه و هێشتا به ساقی ماوه‌ته‌وه.
ره‌نگه هه‌موو ئه‌وانه په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ بابه‌ته مێژووئیهكانی سه‌رده‌می زه‌رده‌شته‌وه بێت. (ڤیلیام جۆنز) سه‌باره‌ت به به‌ندی یه‌كه‌م هه‌تا چل وشهشمی كتیبی «وه‌ندیداد» ئه‌ڵێ:
(زه‌رده‌شت له ئه‌هوورا مه‌زدا ئه‌پرسێت: ئه‌گه‌ر مرۆڤێك ده‌ستی بخواته جنازه‌ی مرۆڤێ مردوو و ناپاك بێت، چۆن ئه‌توانێت خۆی خاوێن بكا؟
وه‌ڵام ئه‌درێته پێ كه: ئه‌م مرۆڤه ئه‌بێ له‌شوێنیكی تایبه‌ت و دوور لهمهزداپهرهستان بمینێت و ناتوانێت به ئاگر و ئاو و خاك و مانگا و دار و پیاوی خواپه‌ره‌ست نزیك ببێته‌وه هه‌تا نوو شه‌و له سه‌رێ تێپه‌ڕ ببێت. دوای نوو شه‌و؛ ئه‌بێ له‌شی خۆی بهگمێزی مانگا بشوورێت.)
یان له‌به‌ندی ههوتمی ئه‌م كتیبه سه‌باره‌ت به ژنێك كه زارۆكی مردووی هێناوه‌ته سه‌ر دونیا ده‌نووسێت:
(مه‌زدا په‌ره‌ستان ئه‌بێ ههوشهیهک له نێو خانووه‌كه ساز بده‌ن و ژنه‌كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خوارده‌مه‌نی تێدا دابنه‌ن. یه‌كه‌م خۆراكی ئه‌م ژنه گمێزی مانگا تێكه‌ڵ به خۆڵه‌مێشه، ئه‌م ژنه دوای سێ شه‌و ئه‌بێ له‌شی خۆی له گمێزی مانگا بگرێت و دوایی به ئاوخۆی بشوورێت.)
له به‌شێكتر له‌م كتیبه سه‌باره‌ت به پاقژكهرهكان «مۆتهههرات» ئه‌ڵێ:
(له‌ش به چووار شت پاك ئه‌بێته‌وه، یه‌كه‌م؛ شۆشتنی له‌ش به گمێزی مانگا و په‌ز دووهه‌م؛ شۆشتن به ئاو و گمێزی مانگا سێهه‌م؛ خوه‌ندنی كهڵامی ئیزه‌د، چووارم؛ لێدان به شه‌لاخ)
سه‌باره‌ت به مانگا وگمێزی مانگا له ئهڤیستا باس زۆره و هه‌ر ئه‌وه‌نده بێژم كه به پێ كتیبی وه‌ندیداد هه‌شتا له سه‌دی بوونه‌وه‌ره‌كان له ره‌گه‌زی مانگایه.
ئاڵ aĺ
ئاڵ یان – هاڵ - له نێو فه‌رهه‌نگی كوردهواری باوه‌ڕێكی زۆر به‌قه‌وه‌ته. خه‌ڵك به‌گشتی ئه‌ڵێن:
ئاڵ بوونه‌وه‌رێكی نادیارییه كه دۆژمنی ژنی زاورانه و له كاتی زایمان دێته سه‌ر زاوران و دڵ و جه‌گه‌ری ژنه‌كه ئه‌خوات وئه‌بێته هۆی تێكچوونه‌وه‌ی ژنه‌كه. خه‌ڵك به‌عام له سه‌رئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ژنی پابهمانگ دوودڵ و جه‌گه‌ری هه‌یه و له هه‌ر زایمانێك ئه‌وه‌ی كه پێس بووه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه دێته ده‌ر.
تێبێنین:
ئاڵ له راستیدا بوونه‌وه‌ریكی خه‌یاڵییه و هه‌ر وجوودی نییه. ئه‌وه‌ی كه شایانی باسه ئه‌مه‌یه كه ئه‌ڵێن «ئاڵ» كچی پهیغهمبهرێك بووه كه تووشی غه‌زه‌بی باوكێ بووه و له بنه‌ماڵه ده‌ریان كردووه و هه‌ر ئێسته‌ش به كچی ماوه‌ته‌وه و سوێندی خواردووه كه تۆڵه‌ی خۆی له ژنی پابهمانگ و زارۆكه‌كه‌ی بكێشێت. بۆیه له ئاسمانه‌وه خول ئه‌خوات و له هه‌ر كوێ كه ژنێك پابهمانگ بێت و كاتی زایمانییه، دێته ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی و رائه‌وه‌ستێ وكاتێك كه منداڵه‌كه هاته سه‌ر دۆنیا به جارێك دڵ و جه‌گه‌ری ژنه‌كه ئه‌یباته ئاسمان وئهخوات. بۆیه ئه‌وانه‌ی كه چاودێری زاورانهكه ده‌كه‌ن، خنجۆكێك له ژێری جلوبه‌رگی خۆیان هه‌شار ده‌كه‌ن و دوای په‌یدا بوونی منداڵه‌كه زووبه‌زوو دڵ و جه‌گه‌ری پێس بووی ژنه‌كه له ژێری خاك هه‌شار ده‌كه‌ن و له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئاڵ نه‌یتوانیوه دڵ وجهگهری زاورانهكه بباته ئاسمان. راستیه‌كه‌ی وایه كه ئه‌وه‌ی كه ئه‌ڵێن دڵ و جه‌گه‌ری پێس بووه؛ «جۆت» یان«كیسه‌ی ئامینۆن»ه كه پێزه له تۆی ئه‌م كیسه‌یه په‌روه‌رده ئه‌بێت وهیچ په‌یوه‌ندییكی به دڵ و جه‌گه‌ری زاورانهوه نییه و هیچ گیانله‌به‌رێك دوودڵ و جه‌گه‌ری نییه.
له نێو لوڕهكاندا باوه‌ڕێك هه‌یه كه ئه‌ڵێ:
بۆ ئه‌وه‌ی كه ئاڵ سه‌ر لێ شێواوه بێت و نه‌توانێ دڵ و جه‌گه‌ری زاورانهكه بیبات؛ بزنێك به ره‌نگی سوور و زه‌رد كه مڵهوی milewîی پێ ئه‌ڵێن سه‌ر ببڕن و‌دڵ وجهگهره كه‌ی له سهرستۆنی ره‌شماڵێك و لاشه‌كه‌ی له بهرزاییك دابنه‌ن تا ئاڵ به راستی تێنه‌گه‌ی كه كام دڵ وجهگهری زاورانه.
باوهڕیك تر ئه‌ڵێ كه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئاڵ به زاوران و زارۆك نزیك نه‌بێت؛ یه‌ك بست چووی داری تاوی و یه‌ک كه‌وچكه خوێ و دانهیك پێوازی سوور له كیسه‌یه‌ك بكه‌ن وله به‌ر ده‌رگای ره‌شماڵ بۆ ماوه‌ی چل رۆژ ئاوێزان بكه‌ن تا ئاڵ په‌لاماری زاوران و زارۆك نه‌با.
باوهڕیكیتر ئه‌ڵێ: بۆ ئه‌وه‌ێ ئاڵ له زاوران دوور ببێته‌وه، رهسهنێك كه ره‌نگی ره‌ش و سپێ تێدا بێت و چاكڵی له سه‌ر بێت یان كه‌شی كه جۆره رهسهنیكی پانه له چووار ده‌وری زاوراندا ببه‌ستن و سۆژنێك له سه‌ر سهروێنهكهی زاوران بده‌ن و باوه‌ڕیان وایه كه ئاڵ له‌وه ده‌ترسێت.
هه‌روه‌ها له كاتی زایمان كه‌سه‌ك كه به‌شی ئاڵی هه‌یه دێت و له‌چكه‌كه‌ی خۆی ئهبهستێته سه‌ری زاوران و باوه‌ڕیان وایه كه دی ئاڵ دوور ئه‌بێته‌وه.
نمونه‌ی باری رهوانناسی-ئه‌ده‌بی
چه‌مه‌ری دره‌و çemerîdirew
چه‌مه‌ری دره‌و یه‌كێك له نه‌ریته‌كانی سرنج راكیشی كورده‌وارییه كه به‌داخه‌وه نه‌ناسیار ماوه‌ته‌وه. ئه‌م نه‌ریته بریتی له‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر وه‌رزێرێك زاروزهوی فراوانێك بكاڵێت و دوایی نه‌توانێت دره‌وێ بكا تووشی داڵغه ئه‌بێت و نه‌خۆش ئه‌كه‌وێت. خه‌ڵكان بۆچاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م نه‌خۆشییه به گه‌له‌وه ئه‌چنه سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ی و بۆی دروێنه‌ی ده‌كه‌ن و دوایی نه‌خۆشه‌كه له ناو زه‌ویه‌كه‌یه‌وه ئهچهرخێنن و نه‌خۆش به چاوی خۆی ئه‌بینێت كه مه‌زراكه‌ی دره‌و بووه و باش ئه‌بێته‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ دروێنه كردن ده‌هۆڵ و زۆڕنای لێ ئه‌ده‌ن وبهیت ئه‌خوێنن به‌ڵام شێوه‌ی به‌یته‌كان قه‌ت له چه‌مه‌ری ناچێت و خه‌ڵكان خۆیان له قۆڕ ناگرن.
زڵف ziĺf
به‌گشتی مۆی سه‌ری نهچینراوه زڵفی پێ ئه‌ڵێن و ئه‌وه‌ی كه چینراوهیه گیس پێ ئه‌ڵێن. ئه‌وه‌ی كه ئه‌كه‌وێته به‌ری سه‌روێن یان له‌چكه؛ قاوی پێ ئه‌ڵێن و ئه‌وه‌یكه چینراوه و ئه‌كه‌وێته پشتی سه‌روێن؛ پهلگی پێ ئه‌ڵێن. له فه‌رهه‌نگی كوردهواری گیس؛ به‌تایبه‌ت گیسی دایك پیرۆزە و سوێندی پێ ئه‌خۆن. خه‌ڵك به‌عام له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌گه‌ر كچی ئازهو له كاتی سه‌ر شانه‌كردن زڵفی بكه‌وێته گرێ؛ دهزگیرانێ بۆ دێت. هه‌ر بۆیه له دێڕه شێعرێك ده‌ڵێن:
-تاڵێ له زڵفت كهفتێیهسه گریه وه گوڵاو بشوورهێ، بگرهێ له خنیه-
گووش زڕیان gûş ziŕyan
خه‌ڵك به‌گشتی له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌گه‌ر گوێ كه‌سێك بزرنگێت، ناوی ئه‌به‌ن. ئه‌گه‌ر گوێ راست بێت؛ ناوی به‌باشی ئه‌به‌ن و ئه‌گه‌ر گوێ چه‌پ بێت؛ به‌خه‌راپه ناوی ئه‌به‌ن. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه، پهندیكی پێشنان ئه‌ڵێت:
-خه‌یر ئـ̈وش خه‌یر وه رێید باێد - واته ئهگهرناوم به‌باشی ئه‌به‌یت، تووشی خێروخۆشی ببوویت.
مانگ گیریان manĝ gîryan
خه‌ڵك به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌و كاته كه مانگ ئه‌كه‌وێته تاریكی؛ دژمنان مانگیان گه‌مارۆ داوه، بۆیه له تهنكهكوت و ده‌هۆڵ ئه‌ده‌ن تا دژمنان ببیستن و مانگ به‌ربده‌ن. ئه‌گه‌ر مانگ دێر ئازاد بكرێت، حاكمێك ئه‌مرێت.
تێبێنین:
راستیه‌كه‌ی وایه كه ئه‌مه رووداویكی سرۆشتییه و كۆسووف و خۆسووفی ناوه و هیچ په‌یوه‌ندیكی به دژمنه‌وه نییه. ره‌نگه ئه‌م باوه‌ڕه له سه‌رده‌می -ئه‌بووڕه‌یحانی بیروونی- ده‌ست پێكرابێت. زانای بلیمه‌ت «ئه‌بووڕه‌یحانی بیروونی» ئه‌ستێره‌ناس و حیساب زانی سه‌رده‌می سهلجۆقیهكان بووه و پێشبینیی كردووه كه مانگ ئه‌چێته خۆسووف و وایش ده‌بێت. شای سه‌لجۆقی كه ئه‌م رووداوه‌ی نه‌دیووه تووڕه ئه‌بێت كه بۆچی منتان ئاگادار نه‌كردووه؟
ئه‌بووڕه‌یحان ئه‌ڵێ: به‌ڵێنت پێ ئه‌ده‌م كه به چاوی خۆت ئه‌م رووداوه ببینی. چه‌ند ساڵێك پێ ئه‌چێت و كوڕی شا ئه‌مرێت و شا ئازیه‌تباری كوڕه‌كه‌یه كه سه‌ر له نوو خۆسووفه و شا له شیرین خه‌و دایه و كه‌س ناپرمێت له خه‌و ههڵێدهستێنێت. بۆیه ئه‌بووڕه‌یحان ده‌ستوور ئه‌دا به خه‌ڵكان كه له ساز و ده‌هۆڵ بده‌ن تاکوو شا له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ. كاتێك كه شا به تووڕه‌یی له خه‌و هه‌ڵده‌ستێ و پرسیار ده‌كا كه چ لێقهومانێكه؟ پێ ئه‌ڵێن كه دژمنان مانگیان گه‌مارۆ دانه و ئه‌مانه ویستیانه كه مانگ ئازاد كه‌ن.
وه‌فر wefr
وه‌فر یان به‌فر لای كوردان باێخی زۆره. هه‌ر وا كه ده‌زانین یه‌كه‌م به‌فر ناخوردرێت چۆنكه ئه‌بێته هۆی نه‌خۆشی – قڕنقاز - به‌ڵام به‌فری ئێڵاخان لای كوردان به‌قیمه‌ته و له زۆرینه‌ی شێعری فولكلۆر ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ن. راستییه‌كه‌ی وایه به‌فری ئێڵاخان ئستعارهیه.
خه‌ڵك به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه به‌فر خاڵۆی سه‌گه بۆیه له كاتی به‌فر بارین خۆراكی گه‌رم به سه‌گه‌كان ئه‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه دواین به‌فر؛ به‌فری دهرمانگهره. له دێڕیكی شێعری فولكلۆردا ئه‌ڵێن:
سهونزه، سهونزێگه له سه‌ر نساران سفێد وهفرێگه شهفاێ بیماران
یان:
هه‌م خوداڕهیشته، هه‌م شویهڵهێ نؤری هه‌م وهفرْ كاوان له بیمار دؤری
یان:
باڵاد له وێنه‌ێ چنارْ باخان ناو مهمانهگهد، وهفرْ ئێڵاخان
ئاغووڵ ax̀ûĺ
جۆره دڕكێكه كه له چه‌مه‌نزاره‌كان شین ئه‌بێت و به –شترخار-یش به‌ناوبانگه. خه‌ڵك به‌گشتی ئاغووڵ به باشی ئهیكۆڵێنن و وه‌ك ئاره‌ق له شوشه ئه‌كه‌ن و بۆ ده‌رمانی به‌ردی مێزڵدان كه‌ڵكی لێ وه‌رئه‌گرن. هه‌روه‌ها ئاغووڵ له‌گه‌ڵ خیاتهی گه‌نمه‌شامی تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ن بۆ ده‌رمانی به‌ردی گورچیله. خه‌ڵكی شاره‌زوور بۆده‌رمانی ئازاری گورچیله، ئازاری مێزڵدان، بۆرییهكانیمێز، له گیاكانی به‌ڕه‌زا، قه‌یته‌ران، ریشاڵی گه‌نمه‌شامی، به‌شێوه‌ی چالێنان كڵك وه‌ر ده‌گرن.
پزێ pizê
نهخۆشیكه كه تووشی ران ومێگهل و به‌تایبه‌ت په‌ز ده‌بێت. په‌ز بۆ ئه‌وه‌ێ كه له كاتی رێ كردن و مڵۆچه كردن سه‌ری له زه‌وییه و قچی خوێ له سه‌ر زه‌وی ئهگێڕێنێت و تووز و خاكی زه‌وی ئه‌چێته قۆڕگێ؛ تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ئه‌بێت و به‌باشی ناتوانێت نه‌فه‌س بكیشێت و تووشی خنكان ده‌بێت و ده‌ماده‌م قفه ده‌كا.
خه‌ڵك به‌گشتی بۆده‌رمانی ئه‌م نه‌خۆشییه تیكه چێوێك كه - چوو پزێ - پێ ئه‌ڵێن و له راستیدا ساقه‌ی وشك بووی گیای پاقازهیه له ملیان ده‌كه‌ن وباش ئه‌بنه‌وه.
تێبێنین:
هۆكاری زانستی ئه‌م ده‌رمانه ئه‌وه‌یه كه گیای پاقازه گازی ئتیلین و بۆتانی هه‌یه و وه‌ك ئاموونیاك تۆنده و ده‌بێته هۆێ ئه‌وه‌یكه خڵت و خاك له سێپهلاكی په‌ز بێته ده‌ره‌وه.
پهركام perkam
پهركام یان«صرع» له‌به‌ر نه‌بوون یان كه‌مبوونی كانزای سۆدیۆم و پۆتاسیۆم له مێشك روو ئه‌دات و چۆنكه ئه‌م دوو كانزایه خۆراكی سه‌ره‌كی مێشكه، مێشك تووشی هه‌لومه‌رج ده‌بێت و مرۆڤ ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌رد و كهف له ده‌مێدا به‌خۆڕ دێته‌خوار. خه‌ڵك به‌عام له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه پهركامدار تووشی جن و مهڵاكهت بووه بۆیه به چه‌قۆ له چووار دهورێدا كڕێك دهكیشن و وا ئه‌ڵێن كه جن و مهڵاكهت لێ دوور ئه‌بێته‌وه.
شێوهیهكآتر بۆ ده‌رمانی پهركامدار هه‌یه كه ده‌قاوده‌ق له‌سه‌ر رێبازی زانستییه. ئه‌وه‌ش بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی كه تووشی پهركام بووه رووت ئه‌كه‌ن و له خۆڵه‌مێشی به‌ڕۆ دائه‌نێن.
تێبێنین:
خه‌ڵك به‌عام وا بیر ده‌كه‌ن كه جن و مهڵاكهت له ئاگر ده‌ترسن و به‌ری ده‌ده‌ن به‌ڵام له راستیدا وا نییه و ئه‌م كاره بۆ خۆی دهرمانیكی زانستییه. هه‌روا كه وه‌تمان نه‌خۆشی – صرع- له‌مه‌ر نه‌بوون یان كه‌مبوونی كانزای سۆدیۆم و پۆتاسیۆم له مێشك ررو ئه‌دا و خۆڵه‌مێشی به‌ڕۆ یان هه‌ر سووتهمهنییكیتر كه له چێو بێت؛ پۆتاسیۆمی بێخه‌وشه و له‌شی پهركامدار له‌به‌ر ئاره‌قێك كه له كۆنی پێستی دێته ده‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م كانزایه ئامێته ده‌بێت و سه‌ر له‌نوو جه‌زبی له‌ش ده‌بێت و نۆقسانی ئه‌م كانزایه له له‌ش جۆبران ده‌بێت و پهركامدار وه‌ك پێشوو باش ئه‌بێته‌وه.
کتیبناسی
1- زهڕینهوسیمینه/به‌رگی یه‌که‌م ئاکۆجهلیلیان/ ئه‌نستیتیوتی که‌له‌پووری کوردی، سلێمانی 2009
٢- زهڕینهوسیمینه/به‌رگی دووهه‌م ئاکۆجهلیلیان/ ئه‌نستیتیوتی که‌له‌پووری کوردی، سلێمانی 2009
٣- زهڕینهوسیمینه/به‌رگی سێهه‌م ئاکۆجهلیلیان/ ئه‌نستیتیوتی که‌له‌پووری کوردی، سلێمانی 2009
٤- زهڕینهوسیمینه/به‌رگی چوارم ئاکۆجهلیلیان/ ئه‌نستیتیوتی که‌له‌پووری کوردی، سلێمانی 2009
٥- ههگبهوههوارگه ئه‌یوب رۆسته‌م/ چاپی یه‌كه‌م. سلێمانی 2003
٦- تفسیر اوستا ج. د.دارمستتر، ترجمه د.موساجوان.چاپ دوم.انتشارات دنیای کتاب
٧- کورد وچه‌ند بابه‌تێکی مێژوویی هاشم عاسیکاکهیی/چاپخانه‌ی ئارابخا، كه‌ركوك 2006
٨- تاریخ ایران/جلدسوم، قسمت اول احسان یارشاتر/ ترجمه حسن انوشه. انتشارات امیرکبیر 1389
٩- پژوهشی در اساتیر ایران مهردادبهار/چاپ پنجم. انتشارات آگاه 1384