فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

عەبدولحکیم زراری

ده‌ستپێكی بابه‌ته‌كه‌م به‌ وته‌یه‌كی پسپۆڕى سه‌ربازی و فه‌یله‌سوفی چینی (سون تزو Sun Tzu) ده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت: ستراتیژى بێ تاكتیك خاوترین رێگه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن،و تاكتیكی بێ ستراتیژیش ژاوه‌ ژاوى پێش شكسته‌.گه‌مه‌ى سیاسیی كه‌ره‌سته‌و پێداویستى خۆى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت به‌ جوانترین شێوه‌ ئیداره‌ى ئه‌و تاكتیك و ستراتیژه‌یه‌ بدرێت كه‌ داڕێژراوه‌ به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ باڵاكان، یه‌كێكیش له‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌كییانه‌ بوونى روئیایه‌كى قووڵی ستراتیژییه‌، بۆیه‌ ناكرێ حزب خۆى بخزێنێته‌ نێو گه‌مه‌ و ململانێیه‌كى توندی سیاسییه‌وه‌ كه‌ میكانیزم و كه‌ره‌سته‌ى ئه‌م گه‌مه‌ سیاسییه‌ى نه‌بێت، ستراتیژیش له‌ ساده‌ترین پێناسیدا داڕشتنى پلان و نه‌خشه‌یه‌كى درێژخایه‌نه‌ بۆ مه‌ودایه‌كى دوور، و تاكتیكیش فۆڕمێكى كرده‌ییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى ئه‌و ستراتیژه‌ى كارى بۆ ده‌كرێت. ستراتیژ ئه‌و چه‌مكه‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كه‌لێنێكى ژیانى گرتۆته‌وه‌ و په‌لی هاوێشتووه‌ بۆ كایه‌كانى ده‌وڵه‌ت و حیزب و رێكخراو و كۆمپانیاكانه‌وه‌. ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه‌ له‌ روئیاى ستراتیژى نێو گه‌مه‌ى سیاسیی باسی لێ وه‌بكه‌م، په‌یوه‌سته‌ به‌و حزبه‌ سیاسییانه‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى نه‌بوونى روئیایه‌كى روونی ستراتیژى و نه‌ خوێندنه‌وه‌ى بابه‌تیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى چه‌ندین پلانی تاكتیكى سیستماتیككراو بۆ ئه‌و هه‌ڵ و مه‌رجه‌ى له‌ واقیعدا بوونى هه‌یه‌ و بازدان به‌سه‌ریاندا، له‌ ئه‌نجامدا تووشی غلۆربوونه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و به‌ زیان به‌سه‌ریاندا شكاوه‌ته‌وه‌ و شكستیان خواردووه‌.هه‌روه‌ك وتمان ستراتیژ و ئامانج هیوایه‌كى دوور مه‌ودایه‌ و گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ تاكتیكی عه‌قڵانی و هه‌نگاوى ژیرانه‌ى ده‌وێ، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ حزب رووبه‌ڕووى چه‌قبه‌ستوویی سیاسیی و سستى و خاوى ئیداریی ده‌كاته‌وه‌ جا له‌سه‌ر ئاستى ستراتیژى بێ یان تاكتیكی، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ره‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى نه‌مانى كاریگه‌رى سیاسیی و تواناى ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌م حزبه‌ و دواجار له‌ هه‌موو ئااسته‌كاندا به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ و لاوازى پێگه‌ى سیاسیی ده‌چێت.
ئاشكرایه‌ دروشم و كاریگه‌رى رێبازێك په‌یوه‌ندى نییه‌ به‌وه‌ى كه‌ تا چه‌ند به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وى ناوخۆكه‌ى له‌ رووى داڕشتن و نووسینه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و دروشمی جۆراوجۆرى تێدایه‌ و دروشمه‌كان له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكدان، به‌ڵكو عبیره‌ت له‌وه‌دایه‌ كه‌ میكانیزمی كاركردن و زه‌مینه‌سازى و به‌ پراكتیك كردنى ئه‌و دروشمانه‌ مه‌یسه‌ر بكرێن. كه‌واته‌ ئه‌و حزبانه‌ى ته‌نها له‌سه‌ر لافیته‌ و دروشمه‌كان پاڵده‌كه‌ون بێ ئه‌وه‌ى تواناى هاتنه‌دیان هه‌بێت، تواناى گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. هه‌وره‌ها تێكه‌ڵكردنى مه‌نهه‌جییه‌تی نێوان ستراتیژ و تاكتیك هه‌مدیس سه‌رده‌كێشێت بۆ به‌هه‌ده‌ردانى تواناى ته‌واوكارى، به‌مه‌ش كرده‌ى سیاسیی بێ توانا ده‌بێت له‌ ڕێكخستنى سه‌رجه‌م چالاكییه‌كان بۆ ده‌ستكه‌وتنى هه‌ر ئه‌نجامێكى پێشبیینى كراو، ئه‌مه‌ش خاڵی بنه‌ڕه‌تى جیاكردنه‌وه‌ى نێوان حزبی گه‌شه‌سه‌ندوو و حزبی پووكاوه‌یه‌. حزبی زیندوو و تواناى موماره‌سه‌كردنى سیاسه‌تى هه‌یه‌ جا له‌ ره‌هه‌ندی ستراتیژییه‌وه‌ بێت یان تاكتیكی، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كان به‌ كردوكۆششێكى كه‌م چنگی ده‌كه‌وێت، كه‌چی حزبی چه‌قبه‌ستوو له‌به‌ر نه‌بوونى تواناى جیاكارى نێوان كرده‌ى سیاسیی ستراتیژى و تاكتیكی، ره‌نجێكى زۆر به‌ خه‌رج ده‌ده‌ات بێ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێكى دڵخۆشكه‌ر به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ له‌ ئاست خه‌بات و تێكۆشانه‌كه‌ى بێت.جا ده‌ربازبوون له‌م بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ پێویستى به‌ گرنگیدانى روئیاى ستراتیژیی و تێفكرینی قووڵ له‌ پێناو هێنانه‌دى ئه‌م روئیایه‌ هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى چاوپۆشی له‌ كرده‌ى سیاسیی رۆژانه‌ بكات كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ تاكتیكی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بێگومان روئیایه‌كى ستراتیژی روون و راشكاو،و تاكتیكێكى سیاسی كارا و توانا به‌سه‌ر موكه‌به‌كردنى كاروبارى رۆژانه‌ى گه‌ره‌كه‌، بێ ئه‌وه‌ى تیایدا ماندوو و شه‌كه‌ت بیت.له‌ كۆتاییشدا هه‌رئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ له‌ نێو گه‌مه‌ى سیاسیی و ململانێی نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌كاندا و له‌ دواى هه‌ر شكست و دۆڕانێك، جارێكى تر هه‌ڵسانه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ مه‌به‌ست، له‌ گله‌یی و گازانده‌ و ڕه‌خنه‌ و بۆڵه‌ بۆڵی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت چنگ ناكه‌وێت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕینى روئیاى ستراتیژ و شێوازى تاكتیكى رۆژانه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ ته‌ركیز بخه‌ینه‌ سه‌رخۆمان و چاوی پێدابگێڕینه‌وه‌ و به‌ خۆماندا شۆڕبینه‌وه‌، ورد به‌ نه‌خشه‌كانى خۆماندا بچینه‌وه‌، له‌ پلانه‌كانمان وردبینه‌وه‌، له‌ نیازه‌كانمان ئاگاداربینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ناو خه‌یاڵدان و مێشكى خۆشمان بخوێنینه‌وه‌، له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و ڕسته‌ و په‌ڕه‌گراف و كتێبه‌كانمان به‌ بارێكى تردا ده‌ربڕینه‌كانمان بنووسینه‌وه‌، به‌ دیوێكى تردا به‌رهه‌م و نووسینى ئه‌وانى تر داڕێژینه‌وه‌ و بخوێنینه‌وه‌، تا بتوانین ستراتیژى هه‌نووكه‌یی خۆمان به‌ ستراتیژیه‌تێكى تر بگۆڕینه‌وه‌، تا چاره‌نووسی خۆمان بۆ خۆمان، به‌ ده‌ستى خۆمان دیارى بكه‌ینه‌وه‌،و گه‌رمتر له‌ جاران هه‌ڵسینه‌وه‌ و رووه‌ و ئاراسته‌ى ئامانجی ڕه‌سمكراو هه‌نگاوی خێرای سیاسیی بهاوێژین.

4/11/2021

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان