د.ھێرش رەسوڵ/ پسپۆڕ لەئێتیک و یاسای راگەیاندن
بۆ قسەکردن لەسەر (رێکلام) لەنێو ھاوکێشەی ئێتیک و یاسای راگەیاندندا، بەجۆرێک "رون و ئاسان" بێت (کە ئەمە لەڕوی زانستییەوە داوایەکی ئێجگار قورس و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە) سەرەتا پێویستمان بەوە دەبێت کەمێک لەسەر ھەر سێ چەمکەکە (رێکلام، ئێتیک، یاسا) ھەڵوەستەبکەین بەپشتبەستن بەسەرچاوە زانستیەکان بەکورتی بیانناسێنین، دواتر لەو سۆنگەیەوە وەڵامێکی گونجاو بۆ پرسەکە بخەینەڕو. رێکلام (الإعلان- Advertising): چالاکییەکی کەمیونیکەیشنە، فرۆشیار لەئەنجامی کاریگەریدانان لەسەر کڕیار لەرێگەی بەکارھێنانی شێوازو ئامرازە نا شەخسیەکان ئەنجامیدەدات، بەشێوەیەک رێکلامکار لەرێگەی بەکارھێنانی ئامرازەکانی ماس کەمیونیکەیشنەوە گوزارشت لەکەسێتیی خۆی دەکات. جۆرەکانی رێکلام: سیاسی، بازرگانی، ھونەری ، ئەدەبی...تاد. ئێتیکی کاری میدیایی (ڕخلاقیات العمل الإعلامی- Press Professional Ethics): کۆمەڵێ چوارچێوەو رێسایە، کە دەبێت رۆژنامەنوسء میدیاکاران خۆویستانە لەسەر بنەمای ویژدانیی خۆیان، لەکاتی پیادەکردنی پیشەکەیاندا لەبەرچاوی بگرن، بەبێ ئەوەی ناچارکرابن، یان فشارێکی دەرەکییان لەسەر بێت، یاخود لەکاتی رەچاونەکردنی، یان سەرپێچیکردن لێی، توشی سزای یاسایی بن.
یاسای راگەیاندن (قانون الإعلام- Law Media): کۆمەڵێ چوارچێوەو رێسایە، دەسەڵاتی یاسادانان لەپێناو رێکخستنی پیشەی میدیاو دەستنیشانکردنی ئەرک و مافی میدیاکاران دایاندەنێت، بەسەر میدیاکارانیشی دەسەپێنێت پێیەوە پابەندبن، لەکاتی سەرپێچیکردنیش سزای مادی دانراوە.
ھەروەھا، رێکلامکار، ئەو کەسەیە کە سەرپەرشتیی کاری رێکلام لەدامەزراوەیەکی دیاریکراوی میدیایی دەکات، واتە ئەو خاڵی پەیوەندیی نێوان ئەو کۆمپانیاو دەزگایەیە، کە دەیەوێت رێکلام بۆ کاڵا، خواردن، یان شوێنی کارەکەی بکات، لەگەڵ دەزگا میدیاییەکەدا، بۆیە پێویستە رەچاوی لایەنی ئێتیکی بکات، دەزگاکەی، لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی بەکارنەھێنێت، دوچاری ھەڵەی ئێتیکی نەکات، ھەروەھا رێگە بەبڵاوکردنەوەی ئەو رێکلامانەیش نەدات، کە لەروەکانی یاسایی، پەروەردەیی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی... زیانیان ھەیە، رێگەپێدراونین، بۆنمونە رێکلامکردن بۆ جگەرەو دەرمان و مادە ھۆشبەرەکانء...تاد.
کەواتە، لەو دەسپێکەی سەرەوەوە، دەگەینە ئەوەی، میدیاو کەمیونیکەیشن ھۆکارێکی گرنگن بۆ گەیاندنی پەیامەکان لەنێرەرەوە بۆ وەرگر، بەڵام میدیا تەنھا لەسەر گەیاندنی پەیام ناوەستێت، بەڵکو جەخت لەسەر کاریگەریی ئەو پەیامەء فیدباکی لەسەر وەرگریش دەکاتەوە. بۆیە لەو نێوانەدا ئێتیک و یاسا-یش قوتدەبنەوە، ئەمەیش لەو پێناوەی پەیامەکان بەدروستی و بێشێواندن بگەنەجێی مەبەست، چونکە نابێ ھەرگیز ئەو راستیە بەڵگەنەویستەمان بیربچێت، راگەیاندن لەگەوھەردا پیشەیەکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی تاکەکان، نەک بۆ چەواشەکاری و خەڵەتاندن و دەستخستنی ھەندێ بەرژەوەندیی کەسی. راگەیاندن خاوەنی کۆمەڵێ ئەرکی گرنگە، لەوانە: ھەواڵ و زانیاریگەیاندن، چاودێرکاری، دروستکردنی بۆچون و ئاراستەکان، پەروەردەو فێرکردن، رۆشنبیرکردن، کۆمەڵایەتی، رێکلام و بەبازاڕکردن، گەشەپێدانی مرۆیی... تاد. بۆیە وەکچۆن خۆی پێویستە چاودێرێکی بابەتیی سێ دەسەڵاتەکەی دیکە و کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بێت، ناشبێت چاودێریکردنی خۆی رەت بکاتەوە، ھەم چاودێریی ئێتیکی، ھەم چاودێریی یاسایی. چونکە زۆرجار لەغیابی ئەو چاودێریکردنانەی میدیاکار، میدیا لەراستەڕێی راستەقینەی خۆی لادەدرێت و دەکرێتە کێڵگەی ھێنانەدیی کۆمەڵێ ئامانجی نائێتیکی، ناویژدانی و نامرۆیی. ھەروا ئازادییەکانی رادەربڕینء بەدەستھێنانی زانیاری و بڵاوکردنەوە، کە پێویستیی حەتمیی کۆمەڵگەنء لەرێگەی میدیاوە پەیڕەودەکرێن، نابێت خراپ بەکاربھێنرێن و لەرێگەیانەوە ئازادیی تاکەکان پێشێل بکرێت، ئەمەیش ھاوسەنگکردنی دو تای تەرازوەکە (ئەرک، ماف) پیشاندەدات، کە بۆ ھەر بوارو پیشەیەک پێویستە.
وەک لەسەرەوە، بەکورتی ئاماژەمان پێدا، رێکلام جگەلەوەی چالاکییەکی کەمیونیکەیشن- ئابورییە، ئەرکێکی گرنگی میدیایشە، کەواتە لەو بازنەیە ناچێتە دەرەوە و ئەویش دەبێت لەئاست داخوازییەکانی میدیایەکی تەندروست و پیشەگەر (پرۆفێشناڵ)دا بێت.
زۆرجار، گوزارشتی "چەکی دو دەم" وەک چۆن بەرامبەر چەمکی راگەیاندن بەکاردەھێنرێت، ھەندێجار بۆ چەمکی رێکلام-یش دەوترێت، ئەمەیش لەوەوە ھاتوە، ئەگەر رێکلامسازیء بڵاوکردنەوەی رێکلام لەراستەڕێی خۆی دەربچێت، دەمی دوەمی چەکەکە دەکەوێتەکار، کە بێگومان زیانمەند دەبێت. کەواتە پێویستە ھەم لەڕوی ئێتیکی، ھەم لەڕوی یاساییەوە میدیاکار، بەتایبەت ئەوانەی لەبواری رێکڵامدا کاردەکەن، بەوریایی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن.
ئەگەرچی رێکلام رەھەندێکی ئابوری ھەیە و لەپانتایی نمایشە میدیاییەکەدا (چ بەنوسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی، یان تێکەڵ) دەردەکەوێت، کۆمەڵێ ئامرازی یاریدەدەری دەخرێتەوە خزمەتەوە، بەڵام لەپێش ئەمەیشەوە، لەروی ئێتیکی و یاساییەوە چەند رەھەندێکی تریشی ھەیە، کە نابێ راگەیاندنەکە فەرامۆشیان بکات:
یەکەم: رەھەندی ئێتیکی/ واتە ئەو پرەنسیپە ئێتیکییانەی پێویستە میدیاکار لەئەنجامدانی ھەر کارێکی پیشەییدا رەچاویان بکاتء نادیدەیان نەگرێت، لەوانە: بەرپرسیارێتی، وردی، راستی، بابەتیبون، بێلایەنی، رێزگرتنی ژیانی تایبەت... تاد.
دوەم: رەھەندی مرۆیی/ کە ھەندێ بەدرێژکراوەی رەھەندی یەکەمی دەزانن. ئەو بەھا مرۆییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ وەک سەرمایەیەکی گەورە و گرنگ تەماشادەکاتء دەیکاتە سەنتەری کۆمەڵگە.
سێیەم: رەھەندی پەروەردەیی/ مەبەست لەپێوەرە ھاوچەرخەکانی پەروەردەی تەندروستە، کە ھەمیشە جەخت لەسەر دروستکردنی کەسێتییەکی کامڵ و دەروندروستء خاوەن رەفتاری نۆرماڵء ئاییندەی گەش بۆ منداڵ و لاوان دەکاتەوە.
چوارەم: رەھەندی کۆمەڵایەتی/ کە ھەندێجار (رەھەندی کلتوری)یشی پێدەوترێت، مەبەست لێی پاراستنی بەھا کلتوریییەکانی کۆمەڵگەیە، ئەو بەھایانەی لانیکەم کۆعەقڵی کۆمەڵگە لەم قۆناغەدا لەسەر ی کۆکن، لادان لێیان زیانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.
پێنجەم: رەھەندی تەندروستی/ ئەو بنەما راستییانەن کە زانستی پزیشکی و تەندروستی چ لەڕوی جەستەیی و چ لەڕوی دەرونییەوە دیاریانکردونء جەختیان لەسەرکردۆتەوە.
سەرچاوە زانستییەکان ئەو ئاماژانە دەخەنەڕو، لەسەر ئاستی دنیادا بەگشتی، لەمڕۆی میدیادا، لەگرنگترین ئەو کێشانەی کاریگەرییان لەسەر رێکلام ھەیە، ئارەزوە بۆ بەکارھێنانی سیمبوڵ و ئیحاگەلی سێکسیء فراوان لەبەکارھێنانی ئافرەت لەرێکلامدا لەزۆربەی کاڵ و خزمەتگوزارییەکان کە بۆ وروژاندنی حەزەکانء ھاندانی بینەران پەیڕەودەکرێن، لەکاتێکدا ئەمە رەفتارێکە لەڕوی پێویستیی راستەقینەوە، لۆژیکی نیە.
لەدیارترین کێشەکان، بریتیە لەپیشاندانی منداڵان بەشێوەی زیانمەندانە، کاتێ لەرێکلامە تەلەفزیۆنیەکاندا وشە و گوزارشتە بازاڕییەکان بەکاردێنن، بەتایبەت کاتێ ئەو گۆرانییانە دەڵێنەوە کە ئاماژەی دور لەبەھا و پێوەری ئێتیکییان تێدایە.
ھەروا دەبینین، ھەندێجار رێکلام لایەنی پاراستنی بەکاربەر (حمایە المستھلک) رەچاوناکات، لەکاتێکدا پاراستنی بەکاربەر، بریتیە لەو رێوشوێنە پێویستانەی بۆ پاراستنی ھەمو کەسێک دەگیرێنەبەر، کە ھەوڵی بەدەستھێنانی کاڵا، یان خزمەتگوزاریی دەدەن، بەئامانجی تێرکردنی پێویستیە کەسی و خێزانییەکان. یان کۆمەڵێ بنەما و سیاسەتە، کە ئامانج لێی رێگرتنە لەزیانگەیاندن بەبەکاربەر، ھەروا گرەنتیی گەیشتنە بەمافەکانی.
چەمکی پاراستنی بەکاربەر لەسەر سێ تەوەر وەستاوە: چاودێریکردن، تەوەری تەشریعی، رۆشنبیرکردن و فێرکردن و رێنماییکردنی بەکاربەر.
واتە، پێویستە رێکڵام دوربێت لەرۆحی پۆپۆلیستی، ھاندانی توندوتیژی، وروژاندنی سێکسی، پڕوپاگەندە، بەکارھێنانی نادروستانەی منداڵ، بەکاڵاکردنی ژن، برەودان بەخواردنی ناتەندروست، بەکارھێنانی گوزارشتی بازاڕی... تاد.
بەداخەوە لەھەرێمی کوردستاندا، ھەڵەو کەموکوڕیی زۆر لەبڵاوکردنەوەی رێکلامدا ھەیە. وەکچۆن تاکو ئێستا شتێک بەناوی رێکلامسازیی دروست و شیاوەوە نیە، چونکە پرۆسەی دروستکردنی رێکلام یان رێکلامسازی پرۆسەیەکی ھونەری و زانستی و میدیایی گرنگە، لەھەمانکاتدا ھەندێجار ھەندێ رێکڵامی ھاوردەیش لەمیدیای کوردیدا پەخش و بڵاودەکرێنەوە کە لەگەڵ کلتوری کوردیدا گونجاونین.
رێکلام لەڕوی یاساییەوە بەیاسایەک رێکدەخرێت، ئەو یاسایەیش بەسەربەخۆ، یان لەگەڵ یاسای راگەیاندندا رێکدەخرێت. بەڵام تا ھەنوکە ئەمە لەھەرێمدا ئامادەگی نیە.
ھەروا لەڕوی ئێتیکییشەوە، وێڕای پابەندیی ویژدانی، پێویستە لەپەیماننامەی شەرەف جەخت لەسەر (خۆبەدورگرتنی میدیا لەرێکڵامی نادروست) بکرێتەوە. جێی نیگەرانییە تاکو ئێستا ئەمەیش لەھەرێمی کوردستاندا بونی نیە، میدیاکارانیش تائەندازەیەکی زۆر ئێتیکی رێکلامکردن (وەک زۆربەی ئێتیکەکانی تر و پرەنسپیەکانی ئێتیک) لەبەرچاوناگرن.