سالم سلیم بڵباس
برایان میکجیل دەڵێت : خۆشەویستی بێ لێبوردەیی بوونی نییە و لێبووردەییش بەبێ خۆشەویستی بوونی نابێت …
لێبوردن یەکێکە لەجوانترین سیفەتەکان لەھەر مرۆڤێکدا ھەبێت جوانی دەکات و لەھەر مرۆڤێکیشدا نەبێت ئەوا ئەو مرۆڤە توشی کێشە و گرفتی گەورە دەکات ، بۆیە زۆرێکمان ڕۆژانە بێ بەزەییانە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەین ، لەبەرامبەر هەڵەیەکی بەرانبەرمان قورسایی شاخێک لە ڕق و کینە دەخەینە سەر پەڕەی دڵمان و پلانی درێژخایەن دادەڕێژین بۆ تۆڵەسەندنەوە و لاوازکردنی کەس و لایەنی بەرانبەرمان و بەمەش بەئاگری تۆڵە گڕ لە پاوانی دڵ و دەروونی خۆمان بەردەدەین و سیفاتە جوانەکانی مرۆڤدۆستی لە دەست دەدەین بۆیە ئیمام عەلی خوا لێی ڕازی بێت ئەفەرموێت :
مرۆڤی لاواز هەرگیز ناتوانێت لەکەس ببورێت چونکە لێبوردەیی تایبەتمەندی کەسە بەهێزەکانە ..
ئەگەر سەیرێکی قورئان وسونەتە جوانەکەی پێغەمبەرمان ( محمد ــ د.خ ) بکەین لەوەیە کەم دێڕو وشەمان دەست بکەوێت کە وابەستەنەبێت بەلێبوردنەوە و هانمان نەدات لەبری تۆڵە سەندنەوە، لێبوردەبین ، خوای گەورە دەفەرمووێت (وأن تعفوا أقرب للتقوى ولا تنسوا الفضل بينكم). ،دەبا هەموومان لەپێناوی خوادا لێبوردەبین و چاوپۆشی لەھەڵەکانی یەکتری بکەین، لەو سۆنگەیەوە شاعیرێکی عەرەب پێیوایە ئەگەر لەدەورو بەری خۆمان نەبوورین ئەوا لەئاکامی گەشتەکەمان لە ژیاندا بە تەنها دەمێنینەوە ، لەو بارەیەوە دەڵێت :
متى أقطعُ الإِخوانَ في كُلِّ عثرة بقيتُ وحيدا ليس لي من أواصلُ
زانایانی سایكۆلۆژیش زۆرباسی باشەو چاكە دەروونییەكانی لێبووردەییان كردووە بۆ تاك، لەو بڕوایەدان تاك چەند لێبوردە بێت لەپەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی و بەدوور بێت لەدەمارگیریی و بوغزو كینە، تەندروستی دەروونی هێندە باشتر دەبێت.
٦/١٠/٢٠٢١