فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئاوات هاوار

لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٢ لە کاتێکدا کۆنگرەی جیهانیی حزبە سۆسیالیست – دیموکراتەکانی جیهان لە بەرلین لە ئەڵمانیا بەڕێووەدەچوو، لە سەروبەندی کارەکانی ئەو کۆنگرەیەدا، سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا.

لە شەوی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی بەرامبەر ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢ کاتێک شەرەفکەندی لەگەڵ پێنج لە هاوڕێکانی لەسەر مێزێک لە ریستورانتی میکۆنۆسی شاری بەرلین دانیشتبوون، هێرش کرایە سەریان و لە ئەنجامدا چوار لەو شەش کەسە شەهید بوون، ئەمڕۆ ٢٦ی خەرمانان ساڵیادی تیرۆری دڕندانەی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە ریستورانتی میکۆنۆسی بەرلینە.

دکتۆر شەرەفکەندی دوای دکتۆر قاسملۆ، دووەمین سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە لایەن تیرۆریستانی رژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا.

دکتۆر شەرەفکەندی و هاوڕێکانی کە بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی حزبەکانی ئوپۆزیسیۆنی رژێمی ئێران لە ریستۆرانتی میکۆنوس کۆببوونەوە، لە ناکاو کەسێکی ئێرانی و دوو کەسی لوبنانی بە چەکەوە دەچنە ناو ریستۆرانتەکەوە و هەموویان دەدەنە بەر دەسڕێژی گولە، کە لە سەر مێزەکەی دوکتۆر شەرەفکەندی دانیشتبوون.

فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان و نوری دهکوردی سێ لە هاوڕێیانی دوکتۆر شەرەفکەندی و هاوکات ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو رووداوەدا شەهید بوون، دەوترێت زیاتر لە ١٠ فیشەک بەر دوکتۆر شەرەفکەندی کەوتوە، دوو لەوان تەقەی راستەوخۆی لە سەری کردوە، واتا ئامانجی سەرەکی بۆ تیرۆرکردنی دەستبەجێ بووە.

بڕۆنۆ یۆست، داواکاری گشتی دۆسیەی میکۆنۆس دەڵێت: “ئێمە رۆژی ١٨ی ئەیلوول دەستمان بەکار کرد، هیچمان لەبەردەستدا نەبوو، هەموو بکوژەکان هەڵاتبوون، شەوی ١٨ی ئەیلوول جەلال تاڵەبانیم بینی کە لە بەرلین بوو، ئەو وتی بەدڵنیایەوە رژێمی ئێران ئەم کارەی کردوە، ئەو قسەیە بۆ ئێمە هەنگاوی یەکەم بوو”.

بڕۆنۆ یۆست باس لەوەش دەکات، کە هەندێک بەڵگە لە بەر دەست ئێمەدا بوو کە دەیانوت تیرۆری قاسملوو و شەرەفەکەندی لە زۆر بواردا هاوشێوە بوون، گرینگترینیان ئەوە بوو کە بۆ هەر دوو تیرۆرەکە یەک جۆر چەک بەکارهێنرابوو.

یەکەم جار بوو کە بۆ تیرۆرەکانی رژێمی ئێران لە دەرەوەی وڵات دادگایەکی نێودەوڵەتی پێکدەهات، لە کاتێکدا رژێمی ئێران لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بێ هیچ لێپرسینەوەیەک تیرۆری ئەنجامدابوو.

دکتۆر شاپور بەختیار، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێران لە ساڵی ١٩٩١ لە پاریس، فەرەیدون فەروخزاد، شاعر و هونەرمەند لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، عەبدوڕەحمان بوروومەند، سەرۆکی نیهزەتی موقاوەمەتی ملی ئێران لە ساڵی ١٩٩١ لە پاریس، دوکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەننا و چەند نموونەی دیکە هەموو لە تیرۆرەکانی رژێمی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپایی بوون کە هیچ بەدواداچوونێکی نێودەوڵەتیان بۆ نەکرابوو، بەڵام دادگای ئەڵمانیا لە بارەی تیرۆری دکتۆر شەرەفکەندی لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.

یەک ساڵ پاش تیرۆری میکۆنوس، پۆلیسی ئەڵمانیا ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی کازم دارابی و سێ کەسی لوبنانی دەستگیر کرد، دواتر ئاشکرا کرا کە، عەبدوڕەحمان بەنی هاشمی فەرماندەی ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە هەر ئەو کاتە لە ئەڵمانیا هەڵاتوە، دادگایی ئەو چەند کەسە دوو مانگ دواتر دەستیپێکرد و پێنج ساڵی خایاند، لە ئەنجامی دادگای دۆسیەی میکۆنوسدا کازم دارابی بە زیندانی تاهەتایی و دوو کەسی لوبنانی هەر یەکەیان بە ٥ ساڵ و ١١ ساڵ زیندان سزا دران.

کازمی دارابی کە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درابوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ ئێران، بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش بە گەرمی پێشوازیان لێکرد.

هەروەها ئەو دادگایە بڕیاریدا کە، ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکات، ئەکبەر ولایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەوکات و سەید عەلی خامەنەیی رێبەری رژێمی ئێران وەکوو ئامادەکارانی تیرۆری میکۆنوس بناسێنێت.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تیرۆربوونی دوو لە سکرتێرەکانی، دوو رێبەری کاریزمای مێژوویی خۆی لە دەستدا و پاش ئەو تیرۆرانە هیچ کات نەیتوانی هەستێتەوە سەر پێیەکانی.

عەبدوڕەحمان حاجی ئەحمەدی، هاوسەرۆکی پژاک لەم بارەیەدا بۆ رۆژنیوز دەڵێت: “ئەگەرچی ئەو دوو رێبەرەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران زۆر گەورە بوون، دکتۆر قاسملوو دبلۆمات و زانایەکی زۆر گەورەی مێژووی کورد بوو، دکتۆر شەرەفکەندی لە بواری رێکخستندا زۆر بەهێز بوو، بەڵام هەڵەی هەرە گەورەی ئەوان ئەوە بوو کە لە پاش خۆیان هیچ سیستمێکیان جێنەهێشت”.

١٧/٩/٢٠٢١

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان