شۆڕش عەزیز سورمێ
رۆژی یەکشەممەی رابردوو تاڵیبان میرنشینێکی نوێی ئیسلامیان لەئەفغانستان راگەیاند، هەروەک پێشبینی دەکرا دوای کۆنترۆڵکردنی کابولی پایتەخت و هەڵاتنی سەرۆک ئەشرەف غەنی. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە ئایا ئاییندەی قاعیدە و گرووپە توندڕەوەکانی تر کە کابولیان وەکو بنکەی ئۆپەراسیۆنە جیهادییەکانیان دادەنا چی دەبێت؟
تا ئیستا دیار نییە کە تاڵیبان چ رێگایەک دەگرێتەبەر بەرامبەر بە قاعیدە و رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکانی تر کە پابەندن بە نانەوەی ئاژاوە و کردەوە توندڕەوەکانیان لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئەوەش روون نییە کە قاعیدە چ کاردانەوەیەکی دەبێت بەرامبەر رووداوەکانی ئەم دواییە. گومان لەوەدا نییە خێرایی سەرکەوتنی تاڵیبان دەبێت پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئیسلامیە توندڕەوەکان جا چ قاعیدە بێت یاخود دەوڵەتی ئیسلامی.
هەفتەی رابردوو (بین واڵاس)ی وەزیری بەرگری بەریتانیا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تۆڕی سکای نیوز، سەبارەت بە ئەفغانستان گوتی: "زۆر نیگەرانین لەوەی ئەفغانستان ببێتە زەمینەیەکی بە پیت بۆ ئەو جۆرە رێکخراوە توندڕەوانە و رەنگە قاعیدە بگەڕێتەوە".
بە پێی ئەو راپۆرتەی کە مانگی رابردوو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووهکان دوای پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە، رێکخراوی ئەلقاعیدە لە ژێر پاراستنی تاڵیبان بە لایەنی کەم لە 15 ناوچەی ئەفغانستان ههن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی قاعیدە لە ئێرانن، بەڵام دوای گرتنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان بریاریانداوە بگەڕێنەوە کابول.
جێگەی ئاماژەیە لە مانگی شوباتی 2020 سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا (ئالیکس یونگ) هۆشداری دابوو سەبارەت به گەڕانەوەی قاعیدە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردبۆوە کە سەرکردەکانی تاڵیبان بەڵێنیان داوە پەیوەندییان لەگەڵ قاعیدە دەپچڕێنن، کەچی ئەوەی ئێستا دەیبینین پێچەوانەیە، چونکە نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە تاڵیبان میوانداری سەدان ئەندامی قاعیدە دەکات لە ناوچەکانی کیشوەری هیندی وەکو ناوچەی قەندەهار و هیلمند و نمروز، لە راستیشدا رێکخراوی قاعیدە بەشێکە لە تاڵیبان مەحاڵە لێک جیابکرێنەوە.
20/8/2021