د. محەمەد شوانی
له‌م رۆژگاره‌دا ،زاڵبونی بنه‌ما مادیه‌كان و هه‌لپه‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندخوازی كۆنترۆڵی ره‌فتاری به‌شێكی زۆری مرۆڤه‌كانی كردووه، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئاكارهجوانهكانی مرۆڤ ورده ورده كاڵ ده‌بنه‌وه و مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه توانای به‌خشین و قوربانیدانی له پێناو گشت‌دا كه‌م ده‌بێته‌وه، قازانجی مادی ده‌بێته بزوێنه‌ری ره‌فتاره‌كانی مرۆڤ، لایه‌نی رۆحی و باوه‌ڕبون به هه‌قیقه‌تی ژیانێكی دیكه و پاداشتی خوایی كز بووه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌قڵگه‌رایی و باوه‌ری مرۆڤدۆستی و مه‌ده‌نی پێنه‌گه‌یشتووه .
بۆیه له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێكاری و نا ئارامی ده‌رونی له كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا، رۆژ نیه گوێبیستی هه‌واڵێكی ناخۆش نه‌بین، شكاندن و بێ رێزی ، سته‌م و ده‌ستدرێژی ، په‌لامار و توندوتیژی، سوتاندن و خۆكوژی، نه‌خۆشی و مردن و گیان له‌ده‌ستدان و كوژرانی مرۆڤێك ! ئه‌و هه‌واڵانه‌ن رۆژانه ده‌یانبیستین و دووباره ده‌بنه‌وه، به جۆرێك خه‌م له جێگای خه‌نده، شین له جێی شادی، ناسۆری له‌شوێن ئاسوده‌یی رووبه‌رێكی فراوانی ژیانی هه‌مومانی گرتوه! ئه‌مانه‌ش به‌رهه‌می كار‌و ره‌فتارو كرده‌وه‌كانی خودی مرۆڤه‌كان خۆمانن.
كۆمه‌ڵێك یان گروپێک دڕنده‌ی دوو پێ له كه‌وڵی مرۆڤدا بوونه كه‌ڵه‌گا، چڵێسی جه‌سته و حه‌زه بایۆلۆژیهكانیان ئاراسته‌كه‌ری ره‌فتاریانه و بێگه‌ردی ئاكاری و روناكی رۆحیان به ته‌واوی كوژاوه‌ته‌وه، سیسته‌می ژیانی كۆمه‌ڵگا هه‌ڵده‌سوڕێنن.
ئاخر مرۆڤ كه ئاكاره مرۆییه‌كانی له ده‌ستدا و له جیهانی رۆح دابڕا و پیرۆزیه‌كانی له ماده‌دا كورتكرده‌وه، دڕنده‌یه‌كی زۆر ترسناكی لێ ده‌رده‌چێت.
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی سه‌یره، ته‌نیا زینده‌وه‌ره بیرده‌كاته‌وه ، ئامراز بۆ گرتن و كه‌ره‌سته بۆ ئازاردان و پلان بۆ به كۆیله‌كردن و كوشتنی هاوره‌گه‌زه‌كانی خۆی دروست ده‌كات.
مرۆڤ به‌پێی هه‌ڵوێسته‌كان ره‌فتارو باری ده‌رونی ده‌گۆڕێت، توڕه ده‌بێت و خه‌م و په‌ژاره دایده‌گرێت، عاشق ده‌بێت ، کڵپه و گڕێك له ناوه‌وه تارمایی رۆحی دهسوتێێت ، بێ ئه‌وه‌ی قه‌تماغه‌ی برینێك یان قرچه و قرمه‌ی سوتانێك به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه به‌جێ بێلێت، ده‌روونی وێران ده‌كات ، ده‌گریه‌ت، پێده‌كه‌نێت ، گۆرانی ده‌ڵێت، خه‌یاڵ ده‌كات، باڵی خه‌یاڵ هه‌ڵی ده‌گرێ و حاڵ ده‌یگرێت ، شیر نایبڕێت، تیر دیوهدهركونی ده‌كا جه‌سته‌ی ئازاری پێ ناگات، ئه‌مه چیه؟ سیحره یان بوونێكی پڕ نهێنی!.
جیهانی نا ئاگای مرۆڤ پڕه له راز ، خه‌و ده‌بینێت ! بێ به‌كار هێنانی چاو ، گوڵ وگوڵزار و ئه‌ستێره و تریفه‌ی مانگه‌شه‌و، یان وێرانه و كاولكاری و گۆرستان ده‌بینێت ، بێ به‌كارهێنانی گوێ ، ده‌نگی مۆسیقا و ئاهه‌نگ و چریكه‌ی په‌له‌وه‌ر و خوڕه‌ی ئاو، یان زڕه‌ی زنجیری زرێپۆش و بۆردومانی فرۆكه و شین و شهپۆری كۆڕی له ده‌ستدانی ئه‌زیزان ده‌بیستێت ، بێ ئه‌وه‌ی بجوڵێ قوڵایی زه‌وی و كه‌شكه‌ڵانی ئاسمان تهی ده‌كات و هه‌زاران میل ده‌بڕێت ، له هه‌ر شوێنێكی دونیا بێت زۆرجار شانۆی نمایشی خه‌ونه‌كانی ئه‌و گونده‌یه، یان ئه‌و كۆڵانه‌ی شاره‌كه‌یه‌تی كه تێیدا چاوی كردووه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی به‌كاربێنێ له‌گه‌ڵ دڵبهرو خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری ده‌ست له‌ملان و ئاوێزان ده‌بێ و ته‌زوویه‌كی گه‌رم جه‌سته ساردوسڕهكهی ده‌هه‌ژێنێت..
نه‌رمونیانی و رهوشتبهرزی وئاكاره جوانه‌كان سیمای چونه‌وه سه‌ر فریشته ده‌ده‌نه‌وه مرۆڤ و به‌دڕه‌وشتی و چاوچنۆكیهكانیش وێنه‌ی دڕنده‌یه‌كی دوو پێ ، بۆیه مرۆڤ له نێوان دوو جه‌مسه‌ری خاوێنی روح و بێ سنوری شه‌هوه‌تدا، له نێوان نمونه‌ی باڵای ئاكاری و بێ جڵه‌وی چڵێسیدا ، له نێوان پاكی و پیسیدا قه‌راری گرتوه، ره‌فتارێك بۆ جوانكردنی ژیان و پته‌وكردنی ئاكاری مرۆڤانه و له‌زه‌تبردنی روحی له‌كاری چاكه و خێری گشتی، رهفتارێكیش بۆ تێركردنی خۆزا (غه‌ریزه) ئاژه‌ڵیه‌كان و له‌زه‌تبردن له خۆپه‌رستی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و كوشتنی ئه‌ویتردا.
به زمانی ئاینی ، مرۆڤ له نێوان دوو هێزی (دین و دنیا)، نه‌فس و هه‌وا و ملكه‌چی بۆ خوادایه، ئایا جیاوازی له ره‌فتاردا بۆ جیاوازیه بونیادیهكانی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ مرۆڤ له نێوان بێگه‌ردی روح و چڵێسی جه‌سته‌ی ئاژهڵیانهدا ره‌فتار ده‌كات؟
ئایا دوو ره‌گه‌ز و توخمی جیاواز له پێكهێنانی ئه‌م كائینهدایه ؟ ئایا جه‌سته‌و روح ماده و نامادین؟ جه‌سته قاڵبه و روح تارمایی وزه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره ؟ ئایا رۆح بوونێكی هه‌قیقی هه‌یه و له قاڵبی جه‌سته‌دا دانراوه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ! رۆح چیه و نهێنییه‌كانی چین؟ ئه‌ی ده‌رون (نه‌فس) چیه؟ رۆح هه‌مان ده‌روونه یان جیاوازه؟ ئه‌گه‌ر جیاوازه، رۆح چ په‌یوه‌ندیه‌كی به ده‌روونه‌وه هه‌یه؟ هه‌ر به راستی رۆح و جه‌سته و ده‌روون له یه‌ك جودان؟ جه‌سته ئه‌و دژه‌یه ده‌بێ رۆح سه‌ركۆنه‌ی بكات؟ یان روح ته‌نزیم و هه‌ماهه‌نگی كاری پێكهاته جیاوازه‌كانی جه‌سته‌یه؟ ئایا ده‌رون به‌رهه‌می په‌یوه‌ندی نێوان رۆح و جه‌سته‌یه؟ یان به‌رهه‌می ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ ئایا ره‌فتار و كار و كرده‌وه‌كانی مرۆڤ جه‌سته یان رۆح یان ده‌رون دیاریان ده‌كات؟ مرۆڤی خراپ و به‌دكار و دز و درۆزن و جه‌رده و بكوژ وخوێنرێژ به زگماك و به‌جه‌سته و به سروشت له ئه‌نجامی خولقاندن و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی روحدا هه‌ڵگری ئه‌و سیفه‌ت و خه‌سڵه‌تانه‌یه؟ ئه‌ی پیاوچاك و میهره‌بان و مرۆڤدۆست و هه‌قبێژ و ده‌ست و داوێنپاك بۆ خۆی به‌و جۆره دروستكراوه یان له كۆمه‌ڵگاكه‌یدا فێربووه؟
ئه‌مانه پرسیاری من نین، من ئه‌م پرسیارانه‌م دانه‌هێناوه و یه‌كه‌مجار نیه پرسیاری له‌م جۆره بكرێن و به دوای وه‌ڵامه‌كانیاندا بگه‌ڕێین، به‌ڵكو به درێژایی مێژووی هزری كۆمه‌ڵایه‌تی كه مرۆڤ تێیدا وه‌كو بونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه به‌ده‌ركه‌وتووه و له خۆی روانیوه پرسیاری لا دروست بوه، له قۆناغی بیركردنه‌وه‌ی میتالۆژیای ئهفسانەییهوه بۆ هزری ئاینی و خواناسی و دواتر فه‌لسه‌فی و زانستی به دوای وه‌ڵامی به‌شێك له‌م پرسیارانه‌دا گه‌ڕاوه ، ورده ورده ئه‌مانه پرسیاری سه‌ره‌كی قۆناغه به‌راییه‌كانی گه‌شه‌كردنی هزری فه‌لسه‌فی و زانستی بوون، تا ئێستاش توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی خودی مرۆڤ خۆی به‌رده‌وامن ، وه‌ڵامی هه‌ندێك له‌و پرسیارانه شێوه‌ی ئاڵنگاری و ململانێی نێوان جۆره‌كانی هزری مرۆیی وه‌رگرتووه به تایبه‌ت هزری دینی و ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ی زانستی ، له‌م مێژوه‌دا به سه‌دان بیرمه‌ند و زانا‌و توێژه‌ر و فه‌یله‌سوف بونه قوربانی و گیانیان له‌ده‌ستدا كاتێك ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانیان پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ر و جیهانبینی و هزری باوی ئه‌و قۆناغه بووه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه قوڵایی مێژوو، سه‌رنجی سه‌ره‌تای دروستبوون و پێگه‌یشتنی كلتور و شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی بده‌ین، له شارستانیه‌تی سۆمه‌ریه‌كاندا له میسۆپۆتامیا (نێوان دوو زێ) كه كۆنترین شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تیه و میژوه‌كه‌ی بۆ زیاتر له پێنج هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه ، له‌و باوه‌ڕه‌دابوون كه مرۆڤ له دوو توخم و ره‌گه‌زی جیاواز پێكهاتووه كه بریتین له جه‌سته و رۆح ، جه‌سته له (ئاو و خۆڵ )واته له قوڕ دروستكراوه ، بۆیه دوای مردن كه ده‌نێژرێت ده‌بێته‌وه به خۆڵ ، به‌ڵام رۆح بریتیه له (فو)ی خودا ،نه‌مره و هه‌میشه به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه له دوای مردن بۆ جیهانی خواره‌وه ده‌نێردرێت و به‌ند ده‌كرێت ،ئیتر ئه‌گه‌ر مرۆڤ پاك و چاك بێت یان به‌د و خراپ كاریگه‌ری له ئاراسته‌كردنی رۆحدا نیه چونكه ته‌نیا رۆحی خوداكان بۆ سه‌ره‌وه ده‌روات ، به‌ڵكو چاكه و خراپه ته‌نیا بۆ چۆنیه‌تی مامه‌له‌كردن له‌گه‌ل رۆحدا هه‌یه، مرۆڤه باشه‌كانیش رۆحیان هه‌ر بۆ خواره‌وه ده‌ڕوات به‌ڵام مامه‌له‌ی باشیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن .
هاوكات و له نزیكه‌ی هه‌مان سه‌رده‌مدا له شارستانیه‌تی دۆڵی نیل، لای میسریه كۆنه‌كان (دڵ)یان به به‌شێك له رۆح و ناوه‌ندی بیركردنه‌وه و سۆز‌و عاتیفه وئیراده زانیوه، به رۆحیان گوتوه (با)، وابیریان كردوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ جه‌سته له یه‌ك جودان، رۆح به‌شێكه له خواوه‌ند و هه‌ڵگری هه‌موو سیفاته جوانهكانه، به مردنی مرۆڤ ئه‌و رۆحه جه‌سته به‌جێ دێڵێت و به‌رز ده‌بێته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌كاندا نیشته‌جێ ده‌بێت و ناو به ناو سه‌ردانی ئه‌و گۆڕه ده‌كات كه جه‌سته‌كه‌ی تێدا نێژراوه، تا راده‌یه‌ك ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی میسریه‌كان لهراڤه و شرۆڤه‌ی موسڵمانانه‌وه بۆ رۆح نزیكه ، سه‌ردانی گۆڕی ئه‌زیزان و پیاوچاكان له‌و تێگه‌یشتنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه.
ئه‌فلاتون له ئه‌بستمۆلۆژیا ، یان تیۆره مهعریفیهكهیدا چیه‌تی و ماهیه‌تی مرۆڤی به‌ستوه‌ته‌وه به رۆح، بونێكی سه‌ربه‌خۆییانه‌ی داوه‌ته رۆح و پێیوایه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تی و نه‌نگی و بێ ئابڕویی و ریسوابونێكی مرۆڤ له قاڵبدانی رۆحه له جه‌سته‌دا، چونكه جه‌سته رێگر و ئاسته‌نگه تا رۆح بگاته كه‌مالی مه‌عریفه و دووری ده‌خاته‌وه له چاكه و شكۆ و پیاوه‌تی و به‌خشنده‌یی كه بناغه و بنچینه‌ی ئه‌خلاقن.
لای ئه‌رستۆ ، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی ئاقڵ و هه‌ڵگری به‌رپرسیاریه‌تیه، ئه‌قڵانیه‌ت خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه و ناسینه‌وه‌ی مرۆڤه و به دوای مانادا ده‌گه‌ڕێت، له دوو ره‌گه‌ز پێكهاتوه ، ئه‌قل یان روح كه نامادیهو جه‌سته مادیه، رۆح پێش له دایكبونیش هه‌بوه و دوای مردنیش هه‌ر ده‌مێنێ ، رۆح سه‌رچاوه‌ی هه‌سته‌كانی مرۆڤه ، خۆشه‌ویستی له رۆحه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت هه‌روه‌كو رق و كینه و توڕه‌یی و چڵێسی و ترس و ئازایه‌تیش سه‌رچاوه‌كه‌یان رۆحه.
به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی نوێ به شێوه‌یه‌كی جیاواز پێناسه‌ی مرۆڤی كردووه ، تا راده‌یه‌ك خه‌سڵه‌تی ئه‌قڵانیه‌تی لێ داماڵێنراوه، فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (هۆسره‌ل) ده‌ڵێت مرۆڤ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه سروشتێكی رۆحی هه‌یه له پانتایی مێژوی جیهانیدا، (ماركس) پێناسه‌ی مرۆڤی گرێداوه به مێژووه‌وه، ده‌ڵیت (ته‌واوی مێژوی مرۆڤایه‌تی هیچ نیه جگه له گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی به‌رده‌وامی سروشتی مرۆیی)، له‌م پێناسانه‌دا مرۆڤ وه‌كو به‌رهه‌می مێژوی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یركراوه، مرۆڤ به‌رهه‌می كۆمهڵگاو ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌یه كه تیایدا ژیاوه.
له‌م مێژوه دور ودرێژه‌دا نه‌ك هه‌ر فه‌یله‌سوفان و زاناكان به‌ڵكو (خودا)ش له ئاینه‌كاندا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌داوه‌ته‌وه ، رۆح چیه؟ به‌ڵام رۆحیان وه‌كو هێمای پاكی مرۆڤ وێنا كردووه، ده‌ستهه‌ڵگرتن له نه‌فس وهه‌واو له‌زه‌ت و خۆشیه مادیه‌كان له ژیاندا، له هه‌موو ئاینه‌كان و رێبازه دینی و ته‌ریقه‌ت و تهسهوفهكاندا ئامانج مرۆڤی رۆحی بووه، له كتێبه پیرۆزه‌كانی وه‌كو ته‌ورات و ئینجیل و قورئاندا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌مه كراوه وه‌كو پرهنسپێكی ئه‌خلاقی سه‌یركراوه (و أما من خاف مقام ربه و نه‌ی النفس عن الهوی فان الجنه هی الماوی) و له بزوتنه‌وه‌یه‌كی خۆماڵی و ره‌سه‌نی وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی ههقهشدا بۆ پێگه‌یاندنی تاكی به ئه‌خلاق و چاكه‌كار جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه تا (چاوی دنیات نهنوقێنیت ،چاوی لای خوات قه‌ت هه‌ڵنایه) كه ئاكاری خودایی نمونه‌ی باڵای سه‌روه‌ری و ره‌وشته جوانه‌كانی مرۆڤه، كۆتاییه‌كه‌ی عیبادهت و چاكه و پێدانی قازانج و نه‌گه‌یاندنی زیانه .
٢١/٧/٢٠٢١