محەمەد مێرگەسۆری
دوای چل و دوو ساڵ لە سستمی ولائی فەقیھی، بۆ جاری یەکەم لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، کەسایەتیەکی نەریتخوازی وەک رەئیسی، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی خودی ڕابەر وکۆی دەزگا ئەمنی وسەربازییەکان و چەندین ڕێی جیاواز، ھاتەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئێران. بردنەوەی ڕەئیسی و ئەو قۆناغەی ئێرانی پێیدا تێپەر دەبێ، جێی ھەڵوێستە و ووردبوونەوەی زیاترە، بەھۆی ئەوەی ئەم کەسایەتیە لە چەندین وێستگە و دەرەتانی جیاوازدا، وەک سەرکردەیەکی دیاری شۆڕشی ئیسلامی سەیرکراوە و ڕۆڵی ھەبووە، لە بەھێزکردنی ھەژموونی باڵی نەریتخواز و توندڕەوی نێو ئەو بەرەیەی، کە ئەمڕۆ بۆتە جێگرەوەی ڕۆحوڵڵا خومەینی، کە ئەویش بەرە یان ئاڕاستەی خامەنییە، کە لە ڕووی سەربازی وئابووری و ئەمنی و جەماوەری، خاوەن پێگەیەکی بەھێزە. دەیانەوێ لە ڕێی ھەڵبژاردنی ئاغای ڕەئیسی، ھەم وەک دەستەبژێرێکی سیاسی ونەوەی یەکەمی شۆڕشی ئیسلامی و ھەم وەک شارەزایەکی یاسایی و قەزائی، کە لە شوێن وپێگە وپۆستدا، توانیوەتی شوێن پێی خۆی نیشان بدات، کۆمەڵێک ھەنگاوی تازە لە بوارە جیاوازەکاندا بنێ. لەگەڵ ئەوەی ناوبراو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆمەڵێک دۆسێی پێشلکردنی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ و ڕادەربڕین و کەمینە ئایینی و ئەتنیکیەکانی ھەیە.
نەریتخوازەکان لە دوای شۆڕشی مەخمەری لە ساڵی ٢٠٠٩ و دوورخستنەوەی سەرکردە وڕابەرانی وەک ( کەرووبی وموسەوی)، گۆرەپانی سیاسی و ململانێی سیاسی نێوان ھەر دووبەرەکە و میانڕەوەکان، لە بەرژەوەندی بەرەی دووەم و نەریتخواز وتوندئاژوو زیاتر یەکلابوویەوە ودەرفەتی زیاتری پێدان ، کە لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی ودەرەکی ڕۆڵی خۆیان زێدە بگێرن و ببنە تاکە بەرەی دەستەڵاتدار وبڕیارسازی سستمی ولائی فەقھی و ئاغای ڕەئیسیش، دەبێتە بناغەدارێژەری چەسپاندنی ھەژموونی بەرەکەی بەسەر کۆی ناوەندەکانی حکمڕانی و ئیتر ھەر ئەوان خاوەن سەرەتا ودوا بڕیاری ئێران بن. بۆیە پێشبینی دەکەین ، لە سایەی نەریتخوازان کرانەوەیەک بەڕووی جیھانی دەرەوە بکرێتەوە. بەڵام لەوانەیە لە گۆشە و چێوەیەکی دیاریکراودا بێت. چونکە لە سەرەتایی شۆڕشی ئیسلامی، بۆ نزیکەی دوو دەیەش زیاتر، ڕەوتی میانڕەوی و ڕیفۆرمحوازی زیاتر باڵاتر بوو، لە بەرەی بەرامبەر؟. بەڵام دۆخ و سەردەمی ئێستا، لە بەرژەوەندیو،خواستی ڕیفۆرمخوازان نیە، لەگەڵ ئەوەی جەماوەر وبەشێکی زۆری چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، لە دۆخەکە و ئەو فۆڕمە لە حکومڕانیدا نارازین و لە ھەموو پرۆسەکانی پێشتووتری ھەڵبژاردن، خەڵکی نارەزایەتیان دەربڕی و ئەوەندە بە حەماس بەپیر پرۆسەکەوە نەچوون، کە بەشێکیشیان پێیانوابوو، پێشتر کاندیدی براوە یەکلاکراوەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە زۆرینەی خەڵکی ئێرانیش، گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، کە ئیتر ئەو ڕێگە و ئامرازەشیان بە کەڵکی گۆڕانکاری نایەت و ناتوانن خواست وئامانجەکانیان لەسایەی پرۆسەی ھەڵبژاردنیشدا بەدی بھێنن.
زۆربەی ووڵاتانی جیھان و ناوەندەکانی توێژینەوە، زۆر بە ووردی چاودێری دۆخەکەیان دەکرد و چاوەڕێی زۆر ڕووداوی تازەن، چ لە ناوخۆیی ئێران یان ووڵاتانی ئیقلیم و نێودوڵەتی بە تایبەت. جیاوازی دەنگەکانی ڕەئیسی و کاندیدەکانی دیکە، زۆر زەق و دیارە، کە ئەم دەنگانەش یارەمەتیدەر دەبن بۆ پایە وپێگەی سەرۆکایەتی ڕەئیسی لەدوای ڕیکەوتنی ئێران و ٥+١.
پێشبینی دەکەین کۆمەڵێک لێکەوت و کارلێکی و کۆنتاکی سیاسی و گریمانەیی لە سایەی ڕەئیسی بێنە ئاراوە، کە گرنگترینیان درێژەدانە بە گفتوگۆیەکانی ژنێڤ و ئاساییمبوونەوەی پەیوەندیەکانە لەگەڵ ئەمریکا و ووڵاتانی ٥+١ . چونکە ھیچ ڕێگەیەک لەبەردەم ئێران نیە،،جگە لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و چارەسەرکردنی ھەموو مەلەفەکان. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەھێزبوونەوەی تاڵیبیان ، مەترسیە بۆ سەر بەرژەوەندیە ئیقلیمیەکانی ئێران وئاسایی بوونەوە یان لێکتێگیشتنی نێوان پۆتن و،بایدنیش، بەھەمانشێوە ھەواڵی خێر بە ئێران نادەن. بە تایبەت لەسەر پرسی سوریا و ناوچەکانی دیکەی نفوزی ئێرانی.
بۆیە دەبێ ئاغای رەئیسی، ڕۆڵی ڕەئیسی بگێرێ یان دەتوانێ بیگێرێ؟، تاکو ئێران لەو گۆشەگیریە و قەیرانانە دەرباز بکات. بێگومانین بە پاڵپشتی و دەستکراوەیی کردنی لەلایەن رەھبەرەوە، دەتوانێ و دەبێ کۆمەڵێک ھەنگاو وکردەیی خێرا بھاێژێ و ئەنجام بدات.
27/6/2021