فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ره‌زا شوان / نه‌رویجreza shwan  

له‌رۆژی ( 15 ی/ ئوکتۆبه‌ر) ی هه‌موو ساڵێکدا که‌( رۆژی جیهانی مامۆستا) یه‌  .. له‌هه‌موو وڵاتانی جیهاندا ، به‌م بۆنه‌مه‌زنه‌وه‌ئاهه‌نگی شایسته‌سازده‌کرێت .. وه‌کو پێزانین و رێزگرتن له‌و په‌یامه‌پیرۆزه‌ی که‌مامۆستا هه‌ڵی گرتووه‌ . ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی ( رۆژی جیهانی مامۆستا ) .. وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رۆڵی گرنگی مامۆستا و ، ئه‌و ئه‌رک و ماندووبوون و دڵسۆزییه‌یه‌ که‌له‌ئه‌ستۆی خۆی گرتووه‌.. بۆ هێنا‌نه‌دی ئامانجه‌کانی فێرکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌کادیمی و په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری .. ئه‌مانه‌ش راستین و له‌به‌ر چاون .. هه‌موومان ئه‌وه‌ده‌زانین که‌به‌بێ مامۆستایان نه‌قوتابیان هیچیان پێ ده‌کرێ و نه‌خوێندن به‌رێوه‌ده‌چێ و نه‌قوتابخانه‌ش بایه‌خی ده‌بێ .. نه‌گه‌لێکی تێ گه‌یشتوو پێ ده‌گات و ، نه‌نیشتمانێکی به‌رزیش بنیات ده‌نرێت . له‌ساڵی ( 1994) دا ، بۆ یه‌که‌مین جار ، به‌بۆنه‌ی ئه‌م رۆژه‌وه‌، له‌جیهاندا ئاهه‌نگ سازکرا . . که‌هاوکات بوو له‌گه‌ڵ یادی راسپارده‌هاوبه‌شه‌کانی نێوان رێکخراوی ( یۆنسکۆی) ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوی کاری نێوده‌وڵه‌تی .. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر راسپارده‌کانی یۆنسکۆ له‌ساڵی ( 1997) دا .. که‌مامۆستا به‌به‌ردی بناغه‌و به‌کۆڵه‌که‌ی کاری په‌روه‌رده‌یی و فێرکردن داده‌نرێت .. رۆڵێکی سه‌ره‌کیش له‌چاکسازی و له‌گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتندا ده‌گێڕێ .

له‌ساڵی ( 1994) به‌دواوه‌.. هه‌موو ساڵێک له‌م ڕۆژه‌دا ، له‌هه‌موو شوێنێکی جیهاندا .. رێزیان له‌مامۆستایان گرتووه‌.. له‌داهاتووشدا ساڵانه‌ئه‌م رێزگرتنه‌له‌م رۆژه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت .

ده‌ڵێن : " له‌دوای هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زنه‌وه‌.. په‌روه‌رده‌یه‌کی مه‌زن هه‌یه‌.. له‌دوای هه‌موو په‌روه‌رده‌یه‌کی مه‌زنیشه‌وه‌.. مامۆستایه‌کی مه‌زن هه‌یه‌.. "

مامۆستایان ، باڵیۆزی گه‌له‌کانیانن .. كه‌شتییه‌وانی گه‌شبین و وریا و زیره‌ک و دلێر و بوێرن .. ده‌توانن به‌دڵنیاییه‌وه‌ئه‌وانه‌ی که‌له‌که‌شتییه‌که‌دا له‌گه‌ڵیاندان ، بیان گه‌یه‌ننه‌ئه‌و رۆخه‌ی که‌ده‌یانه‌وێت .‌‌

مامۆستایان ، چرا و مۆمی داگیرساوی گه‌شن ، له‌ناخی شه‌وه‌زه‌نگی نه‌زانیندا .. ڕێ بۆ که‌سانی تر رووناک ده‌که‌نه‌وه‌و ، دڕ به‌تاریکی نه‌زانین ده‌ده‌ن .

مامۆستایان کانی و سه‌رچاوه‌ی هه‌میشه‌‏هه‌ڵقوڵاوی خوڕ و روونی وشکنه‌بووی زانست و زانیارین .. هه‌ر تینوویه‌کی فێربوونی زانست و زانیاری .. ده‌توانێت خۆی لێیان پاراو بکات .

مامۆستایان ، بڕبڕه‌پشتی کاری په‌روه‌رده‌یی و فێرکردنن .. که‌شوێن په‌نجه‌و کاریگه‌رییه‌کی قووڵیان له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گه‌له‌که‌یان هه‌یه‌.. چونکه‌مامۆستایانن که‌ده‌توان به‌زانست و زانیاری ( نه‌زانین ) بکه‌نه‌هێزێکی مه‌زن .
ئه‌وه‌مامۆستا بوو ، فێری کردین که‌چۆن پێنووس بگرین و پێی بنووسین .. هه‌ر ئه‌و بوو فێری کردین که‌ته‌لیسمی پیته‌کان بکه‌ینه‌وه‌و وشه‌و رسته‌دابڕێژین .. ئه‌و فێری کردین که‌هه‌رده‌م بڕوا به‌خۆ وگه‌شبین بین و .. له‌ناخی تاریکیدا رێی هیوا و ئومید و سه‌رکه‌وتن بکێشین .. هه‌ر مامۆستایانی دڵسۆزمان بوون که ‌.. فێری : برایه‌تی ، خۆشه‌ویستی ، هاوڕێتی ، کوردستان په‌روه‌ری ، دڵسۆزی ، نمه‌کداری ، ده‌ستپاکی ، راستگۆیی ، دادپه‌روه‌ری ، خێرخوازی ، ئاشتیخوازی ، لێبووردن ، یه‌کتری قبووڵکردن ، هاوکاری ، رێزگرتن ، خه‌بات و خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان و .. هه‌موو به‌ها جوان و به‌نرخه‌کانی مرۆڤایه‌تیشیان فێرکردین .

پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د ( دروودی خوای لێ بێ ) ده‌ڵێ : " إن الله‌وملائکته‌، وأهل السموات والأرض ، حتی النمل في جحرها ، وحتی الحوت في جوف البحر ، لیصلون علی معلم الناس الخیر )

میری شاعیرانیش ئه‌حمه‌د شه‌وقی ( که‌به‌ره‌چه‌ڵه‌ک کورده‌) ده‌ڵێ : " هه‌سته‌بۆ ماموستا و رێز لێ بگره‌، هێنده‌ی نه‌مابوو مامۆستا ببێت به‌پێغه‌مبه‌ر "

ئه‌دیبی کۆچ کردووش جوبران خه‌لیل جوبران ده‌ڵێ : " نيشتمان له‌سه‌ر شانی سێ که‌س بنیات ده‌نرێت : جووتیارێک خواردنی بداتێ ، سه‌ربازێکی پارێزگاری لێ بکات ، مامۆستایه‌کیش په‌روه‌رده‌ی بکات .."

مامۆستایان ، گوڵی گه‌ش و بۆنخۆشن ، تا سیس ده‌بنه‌وه‌و ده‌وه‌رێن .. جوانی و بۆن و به‌رامیان ، به‌جگه‌رگۆشه‌کانمان ده‌به‌خشن .

( خوشکان و برایانی به‌ڕێزم .. مامۆستا دڵسۆزه‌کانی کوردستانی شیرینمان )
شایانی باسه و به‌ویژدانه‌وه‌بڵێین ، ئێوه‌ی مامۆستایانی کوردستانمان نموونه‌ی قاره‌مانێتی و خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان بوون .. به‌هه‌ستێکی نه‌ته‌وایه‌تی پڕ له‌خۆشه‌ویستی و سۆزه‌وه‌.. به‌ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌چاکی خه‌باتان لێ هه‌ڵکرد و.. سه‌رتان بۆ داگیرکه‌ران نه‌نه‌واد و .. پیلانه‌گڵاوه‌کانیانتان شکست پێ هێنا .. ئێوه‌مامۆستابوون .. رابه‌ری وریا بوون .. پێشمه‌رگه‌و کادری شۆڕش بوون ..
ئێوه‌له‌رابردوو و ئێستادا ، رۆڵێکی گرنگ و به‌رچاو و کاریگه‌رتان هه‌بووه‌و هه‌یه‌، له‌په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردنی کوردیله‌چاو گه‌شه‌کانماندا ، که‌نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانن .. ئه‌وسا و ئێستاش ( پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆزی مه‌یدانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن) نن .. ئێوه‌له‌پاڵ شاخه‌کانمان و له‌نێو ئه‌شکه‌وته‌کانی کوردستاندا ، له‌رۆژه‌هه‌ره‌سه‌خته‌کانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و شاخدا .. به‌ده‌ستێکتان چه‌کتان هه‌ڵکرتبوو .. به‌ده‌سته‌که‌ی تریشتان پێنووس و ته‌باشیر و کتێبتان هه‌ڵگرتبوو .. منداڵانی کوردتان فێری خوێندن و نووسین و زانست و زانیاری ده‌کرد .. ماوه‌یه‌کی زۆریش ، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌مه‌نه‌زکه‌ی ساڵی (1991) له‌باشووری کوردستاندا .. ئێوه‌ی دڵسۆز ، به‌بێ مانگانه‌و پاره‌.. به‌ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌له‌قوتابخانه‌کانتان دانه‌بڕان و ، خۆبه‌خشانه‌ده‌وامتان ده‌کرد و .. وانه‌تان به‌قوتابییه‌کانمان ده‌وته‌وه‌.. به‌کورتی دڵسۆزی و خزمه‌تان بێ سنووره‌.. ئێوه‌به‌راستی هه‌ڵگری په‌یامی پیرۆزی مامۆستان .

پێویسته‌له‌سه‌ر حکوومه‌تی کوردستان ، ئه‌م دڵسۆزی و هه‌ڵوێسته‌جوامێرانه ‌و کوردستانپه‌روه‌رییانه‌تان له‌به‌ر چاو بگرن و ساڵانه‌له‌( رۆژی جیهانی مامۆستا) یا له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌کی تری کوردستاندا بێت .. وه‌کو پێزانین و رێزگرتن له‌خزمه‌تی پیرۆزتان .. هه‌ر جاره‌ی پاداشتی کۆمه‌ڵێک له‌ئێوه‌ی مامۆستایان بکه‌ن و ، خه‌ڵاتی شایسته‌تان پێ ببه‌خشن .. سه‌ره‌تاش به‌بێ جیاوازی با له‌مامۆستایانی سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی ( مامۆستایانی شۆڕش ) و ، مامۆستا زیندانی کراوه‌خۆڕاگره‌کانمانه‌وه‌ده‌ست پێ بکه‌ن .

با حکوومه‌تی کوردستانیش به‌فه‌رمی ، له‌رۆژی ( 15 ی / ئوکتۆبه‌ر) ی هه‌موو ساڵێکدا که‌ ( رۆژی جیهانی مامۆستا ) یه‌، له‌قوتابخانه‌کانی کوردستاندا ، بۆ مامۆستایانی کوردمان ئاهه‌نگ شایسته‌سازبکه‌ن .. پێش هه‌موو لایه‌نێکیش ئه‌مه‌ئه‌رکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ، سه‌ندیکای مامۆستایانی کوردستان و ، یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستانه‌، که‌به‌م ئه‌رکه‌هه‌ستن و بیکه‌ن به‌بڕیارێک .

ئه‌مه‌و پێویسته‌له‌کۆنگره‌ی داهاتووی یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان ، له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی مه‌زندا ، به‌به‌شداربوونی مامۆستایانی نوێنه‌رانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان .. به‌رێکه‌وتنی هه‌موو لایه‌ک ، رۆژیک دیاری بکه‌ن به‌ناوی ( رۆژی مامۆستای کورد ) یا ( رۆژی مامۆستایانی کوردستان ) یا ( رۆژی جه‌ژنی مامۆستای کورد) یا ( رۆژی جه‌ژنی مامۆستایانی کوردستان) .

فێربوون و زانست و زانیاری ، گرنگترین کۆڵه‌که‌کانی ژیانن ، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌نه‌بن ، مرۆڤ ده‌چه‌قێ و ژیان ده‌وه‌ستێ و .. گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن و تازه‌گه‌ری و داهێنانیش نایه‌نه‌دی .. له‌م سه‌رده‌مه‌پێشکه‌وتووه‌دا ، سه‌رده‌می گوڵوباڵیزم .. که‌گۆڕانکارییه‌کان له‌بواری ته‌کنه‌لۆژیا و هه‌موو زانستییه‌کاندا زۆر به‌خێرایی دێنه‌کایه‌وه‌.. بۆیه‌زانست و زانیاری بوونه‌ته‌ئامانج و هۆ .. بوونه‌ته‌پێوه‌ری دیاری کردنی پله‌و پایه‌ی وڵاتان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی پێشکه‌وتوو و تازه‌دا .

پێویسته‌ئێمه‌ی کوردیش له‌هه‌رێمی کوردستاندا ، نابه‌ڵه‌د نه‌بین و ئه‌م راستیانه‌له‌به‌ر چاو بگرین و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری زانیاری په‌رپا بکه‌ین..
پێویسته‌پشکی شێری بوودجه‌ی کوردستان ، بۆ گه‌شه‌کردن و به‌ئه‌کتیڤکردنی بواری په‌روه‌رده‌و زانیاری و تۆژینه‌وه‌ی زانستی ته‌رخان بکرێت و .. کادری ئه‌کادیمی پسپۆر و شاره‌زا ئاماده‌بکه‌ین .. پێویسته‌به‌په‌یڕه‌و پرۆگرامه‌کانی قۆناخه‌کانی خوێندن و یاساکانی په‌روه‌رده‌دا بچینه‌وه‌، به‌پێی پێویستییه‌کانی داهاتووی گه‌له‌که‌مان و له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌مڕۆی تازه‌و پێشبینی کردنی داهاتو .. سه‌رله‌نوێ پرۆگرامه‌کانی په‌روه‌رده‌و خوێندن دابڕێژینه‌وه‌.. تا دانه‌مێنین و له‌کاروانی پێشکه‌وتن دوانه‌که‌وین و .. له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا کوردستانیش له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی داهاتوودا .. رووبه‌رێکی زانیاری و هزریی هه‌بێت .

ئه‌م خواست و گۆڕانکارییانه‌ش ، به‌په‌روه‌رده‌کردنێکی نوێ و ، به‌راهێنانی کوردیله‌چاوگه‌شه‌کانی ئه‌مڕۆمان ، که‌نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانن دێنه‌دی .. چونکه‌هه‌ر ئه‌م منداڵانه‌مانن ، له‌داهاتوودا ، ده‌بنه‌سه‌رکرده‌و رابه‌ر ، ده‌بنه‌پیاوانی مه‌زن و ژنانی هه‌ڵکه‌وتوو .. ده‌بنه‌شۆڕه‌سوارانی مه‌یدانی کوردایه‌تی و له ناو گه‌لانی جیهاندا ، ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌. دینه‌مۆی هێنانه‌دیی ئه‌م ئامانجانه‌ش ، مامۆستایانی دڵسۆز و وریان .. بێگومان کوردیله‌کانمان ، گرنگترین و به‌نرخترین سامانی کوردستانن .. ئه‌م سامانه‌ش له‌به‌رده‌ستی مامۆستاکانماندان .. ئه‌وانن که‌ده‌توانن له‌م چرۆ و خۆنچه‌گو‌ڵانه‌مان گوڵی پشکووتوی گه‌ش پێ بگه‌یه‌نن .. ده‌توانن پپاوان و ژنانی و .. سه‌رکرده‌کانی داهاتوومانیان لێیان دروست بکه‌ن و .. که‌ده‌بنه‌کۆڵه‌که‌به‌هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیمان .. که‌‌واته‌رۆڵی مامۆستاکانمان زۆر گرنگ و هه‌ستیاره‌له‌بنیاتنانی داهاتووماندا .. بۆیه‌ئه‌و که‌سانه‌ی که‌پیشه‌ی مامۆستایی هه‌ڵده‌بژێرن ، که‌پیرۆزترین پیشه‌یه‌و ، ده‌بنه‌هه‌ڵگری پیرۆزترین په‌یام ، ده‌بێ له‌ئاستی ئه‌م راستیانه‌و ئه‌م په‌یامه‌به‌رزه‌دا بن .. چونکه‌فێرکردن و په‌روه‌رده‌کردن و ئاماده‌کردنی منداڵانی کوردمان ته‌نها : ( دارا دوو داری دووری دی ) نییه‌.. ئه‌گه‌ر پێیان ناکرێت ، با نه‌بن به‌مامۆستا و پیشه‌یه‌کی تر بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن .

مامۆستایان دڵسۆز و پایه‌به‌رز ، ئێوه‌هێنده‌شکۆدار کارپیرۆزن .. به‌میراتگر و جێگره‌وه‌ی پێغه‌مه‌ر و نێراوه‌کانی خوا دانراون .. له‌ئێوه‌زیاتر کێ هه‌یه‌شیاوی ئه‌م رێز‌گرتنه‌ مه‌زنه‌بێت ؟

پێشمه‌رگه‌به‌خشنده‌له‌خۆبوورده‌کان ، شاسوار و شۆڕه‌سواره‌ کۆڵنه‌ده‌ره‌کانی مه‌یدانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن .. هه‌قتان له‌سه‌رمانه‌.. که‌به‌ئه‌وپه‌ڕی رێزه‌وه‌رێزتان لێ بگرین .. هه‌رده‌م سه‌ری رێز و نوزشتان بۆ دانه‌وێنین .. هه‌رده‌م له‌یادمان بن و به‌شانازییه‌وه‌ناوتان بهێنین .. چونکه‌ئێمه‌له‌چ پله‌و پایه‌یه‌کدا بین و .. به‌چ پله‌و پایه‌یه‌کیش بگه‌ین .. خۆمان به‌قه‌رزار باری ئێوه‌ده‌زانین ..

مامۆستایانی دڵسۆزمان : له‌فه‌رهه‌نگێ هه‌موو زمانه‌کاندا ، له‌دووتوێیی هیچ کتێبێكیشدا .. وشه‌و رسته‌یه‌کی ئه‌وتۆم به‌دی نه‌کرد .. که‌بگه‌نه‌پایه‌به‌رزی و باڵای دڵسۆزیتان .. به‌پێشکه‌ش کردنی هه‌زاران و سوپاسیشم بۆتان .. به‌رازانه‌وه‌ی جوانترین شیعر و په‌خشانیش .. نابنه‌پارسه‌نگی پاداشتی ئێوه‌.

من خۆشم بۆ ماوه‌ی ( سی ساڵ ) مامۆستا بووم .. له‌که‌رکوک و له‌نه‌رویج له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێرکردن و رۆشنبیری کردنی منداڵانی کوردمان .. وه‌کو ئه‌رکێکی پیرۆزی سه‌رشام ، ئه‌وه‌ی پێم کرابێ درێغیم نه‌کردووه‌و به‌بێ ترس کردوومه‌.. چه‌ند نه‌وه‌یه‌کی کوردم به‌کوردایه‌تی و کوردستانپه‌روه‌ری گۆش و په‌روه‌رده‌کردووه‌.. به‌ڵام تا ئێستا و له‌داهاتووشدا .. هه‌ر خۆم به‌قوتابی و به‌قه‌رزارباری ئه‌و مامۆستا دڵسۆزانه‌مان ده‌زانم .. که‌فێریان کردین و رێگای راست و دروستی سه‌رکه‌وتنیان بۆ کێشاین و .. فیری به‌ها جوانه‌کانی ژیانیان کردین .. خۆزگه‌م له‌م رۆژه‌دا ( رۆژی جیهانی مامۆستا ) لێیانه‌وه‌نزیک بوومایه‌.. تا ده‌سته‌کانی یه‌ک به‌یه‌کیانم ماچ بکردایه‌و .. چه‌پکه‌گوڵی رێز و وه‌فادریم پێشكه‌شیان بکردنایه‌..

( رۆژی جیهانی مامۆستا ) .. رۆژی دانانپێنان و رێزگرتن و پێزانینه‌له‌رۆڵی گرنگی مامۆستایان و .. ئه‌و ئه‌رکه‌یپرۆزه‌ی که‌له‌ئه‌ستۆیان گرتووه‌.

له‌رۆژی جیهانی مامۆستا دا ، له‌ناخی دڵمه‌وه‌، جوانترین پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م مامۆستایانی کوردمان له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانمان ده‌که‌م .. هیوادارم به‌گوڕتر و گه‌رمتر و دڵسۆزانه‌تر .. خزمه‌ت بکه‌ن و درێژه‌به‌په‌یامه‌پیرۆزه‌که‌یان بده‌ن .. چونکه‌ئه‌مڕودا زیاتر پێویستیمان به‌پێگه‌یاندنی مروڤی کوردی ژیر و زانست و زانیاری پاراو هه‌یه‌.. زیاتر پێویستیمان به‌رۆشنبیران هه‌یه‌.

ئه‌م هۆنراوه‌یه‌شم که‌له‌(1985) بۆ منداڵان داناوه‌، بۆ خۆشه‌ویستی و رێزلێنان له‌مامۆستاکانیان .. له‌م رۆژه‌دا پێشکه‌شی ماموستایانی کوردستانمانی ده‌که‌م :

مامۆسـتا

مامۆســــتا هــــه‌تا مــــــاوم
چاکــه‌ت وا له‌بـه‌ر چــــــاوم

تۆی رابــه‌ری دڵسۆزمــــان
به‌ره‌و هیــوای پیرۆزمــــان

هانت داین کوردپه‌روه‌ر بین
دلــــێر و کۆڵـــــــنه‌ده‌ر بین

بۆ رزگــــــاری کوردســــتان
تێ بکۆشـــــین بێ وچــــــان

به‌زانـــــست و زانـــــــیاری
به‌یه‌کـــبوون و هاوکــــاری

له‌پاڵ هــێزی مه‌چه‌کــــمان
پێنووس بکه‌ین به‌چه‌کـمان

مامۆســــــتا تۆ شایــــــــانی
پاداشـــــت و گوڵبـــــــارانی

که‌رکوک : 1985

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان