فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

سەیدرەزاو کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەی لە “خارپێت” لەسێدارە دران.

لە رۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا و لە 15/11/1937دا، “سەید رەزای دێرسیم” لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە لەوکاتەدا مستەفا کەماڵ ئاتاتورک سەرۆکایەتیی دەکرد لەسێدارە درا. ئەو تاوانەی کە سەید رەزاو هاوڕێیەکانی پێی تۆمەتبار کرابوون، ئەوە بوو کە دژ بە دەوڵەت ڕاپەڕی بوون و شۆڕشیان کردبوو. دەوڵەتی تورکیا هەروەک چۆن دەوڵەتی عێراق بە مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی دەگوت “مخرب”، سەید رەزاو هاوڕێیەکانی بەو بۆنەوە دادگایی کرد. تورکەکان سەید رەزاو 10 هاوڕێی کە یەکیان کوڕە مێرمنداڵە 14 ساڵانەکەی بوو، لەسێدارەدا.

سەید رەزا دێرسیم یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانی کوردستان بوو کە پاش شێخ سەعیدی پیران، لە باکووری کوردستان شۆڕشی دژ بە دەوڵەتی تورکەکان راگەیاندبوو. دەوڵەتی تورکیا  هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو هیچکام لەو بەڵینانەی جێبەجێ بکات کە لە سەرەتای دروستبوونیدا بە کوردەکانی دابوو. تورکیا نەک هەر بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد بەڵکوو بە هەموو شێوازێک زوڵم و ستەمی لە کوردەکان دەکرد.

جینۆسایدی دێرسیم لە مێژووی نوێی تورکیادا، قڕکردنێکی بەبەرنامە بوو کە تێیدا 50 هەزار کوردی عەلەوی تێدا کوژران

تورکیا نەک هەر ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکرد کە بە کوردەکانی دابوو بەڵکوو بە هەموو شێوازێک دەستی بە قڕ کردنی نەتەوەی کورد کرد. بەتایبەت لە دێرسیم کە دەوڵەتی تورک دەیەویست پێناسەو شوناسی کوردبوونەکەی لێ بستێنێتەوەو لەناو تورکیادا ئاسمیلەیان بکات. بەداخەوە تورکیا تا ڕادەیەکی بەرچاو توانی لە پیلانەکەیدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و پاش کوشتنی نزیکەی 50 هەزار کەس و ئاوارەو دەربەدەر کردنی زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکە لە خەڵکی دێرسیم، تورکەکان توانیان ئەو روانگەیە لەلای هێندێ کەس دروست بکات کە ئەوانە کورد نین و بەڵکوو لە خوەراسانەوە هاتن و لە دێرسیم جێگیر بوون.

سەید رەزا و هاوڕێیەکانی دەستیان بە شۆڕش کرد و هەوڵیان دا پێناسەی نەتەوەیی و کورد بوونی ناوچەکەیان بپارێزن. بەوشێوەیە شەڕێکی توند لەنێوان شۆڕشگێڕانی کورد بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزاو دەوڵەتی تورکیا دروست بوو. دەوڵەتی تورکەکان زۆر جار ویستبووی بە شەڕ کۆتایی بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکەی سەید ڕەزاو شۆڕشگێڕەکانی بهێنێت بەڵام نەیتوانیبوو سەرکەوتوو بێت. هەر بۆیە دەوڵەت دەستی دایە پیلانێکی قێزەون و داوای لە سەید ڕەزا کرد تاوەکوو دانوستان بکەن.

لە مانگی تەباخی ساڵی 1937دا سەید ڕەزا لە شەڕێکی گەورەدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هاوژینەکەی و کوڕێک و سێ نەوەی گیانیان لەدەستدابوو. بەڵام بۆخۆی توانیبووی گەمارۆی هێزەکانی تورکیا بشکێنێت و دەربازی ببێت. سەید ڕەزا لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی کە دەوڵەتی تورک پێیدابوو، ئامادە دەبێت دانوستان بکات. لەگەڵ 10 کەس لە سەرکردەکانی شۆڕش بەرەو شاری ئەرزینجان بەڕێ دەکەوێت بەڵام دەوڵەتی تورک وەکوو هەمو جارو هەموو داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، خیانەتی کرد و سەید رەزاو هاوڕێیەکانی دەستبەسەر کرد.

سەید رەزا ئامادە نەبوو داوای لێبووردن لە دەوڵەتی تورکەکان بکات

لەوکاتەی کە سەید رەزا لە زینداندا بوو، مستەفا کەماڵ ئاتاتورک سەردانی دەکات و پێی دەڵێت: “ئەگەر داوای لێبووردن بکەیت و بڵێی ئێمە لەسەر رێڕەویکی هەڵە دەڕۆین، ئەوە ئازادت دەکەین”. بەڵام سەید رەزا داواکاریەکەی قبووڵ ناکات و بە ئاتاتورک دەڵێت: “ئێمە هیچ کارێکی هەڵەمان نەکردووە، ئەگەرچی دەوڵەتی عوسمانی خراپ بوو لەگەڵ کوردەکان بەڵام گەلی کورد لەشەڕ لەگەڵ دەوڵەتانی بیانیدا یارمەتییان دا. پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لەکاتی دروستبوونی دەوڵەتی تورکیاشدا، دەوڵەت هیچکام لەو بەڵێنانەی کە بە نەتەوەی کوردی دابوون جێبەجێی نەکرد و دەیهەوێ کوردەکان لەناو ببات. ئێمە هیچ کارێکی هەڵەمان نەکردووە تاوەکوو داوای لێبووردن بکەم. نەخێر بەهیچ شێوەیەک من داوای لێبووردن ناکەم”.

سەید رەزا داوای لە جەلادەکانی کرد تاوەکوو ئەو بەر لە کوڕەکەی لەسێدارە بدەن، بەڵام دەوڵەت رازی نەبوو و کوڕە 14 ساڵانەکەیان لەپێش چاوی لەسێدارەدا.

دادگای تورکیا سزای لەسێدارەدانی بەسەر سەید رەزا و هاوڕێیەکانیدا سەپاند. تەمەنی سەید رەزا لەو کاتەدا 75 ساڵ بوو بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن لەسێدارەی بدەن، تەمەنیان کەم کردەوەو وەکوو 57 ساڵە ناساندیان. هاوکات تەمەنی کوڕەکەی سەید ڕەزا لەوکاتەدا 14 ساڵان بوو، بەڵام ئەویشیان بە 21 ساڵە ناساند و لەسێدارەیاندا.

لە گێڕانەوە مێژوویەکاندا هاتووە کە بەرلەوەی سەید رەزا لەسێدارە بدەن لێی دەپرسن دوایین قسەو وەسیەتی چیە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: “40 لیرەو کاتژمێرێکم هەیە بیدەن بە کوڕەکەم”. بەڵام لەو کاتەدا ئەویش بۆ لەسێدارەدان دەبەن. دەبینێت کە کوڕەکەشی لەوێیە، سەید رەزا داوا دەکات هەر هیچ نەبێت خۆی بەر لە کوڕەکەی لەسێدارە بدەن تاوەکوو مردنی کوڕەکەی خۆی نەبینێت. بەڵام دەوڵەتی تورک بەوە ڕاز
ی نابیت و کوڕە 14 ساڵانەکەی سەید رەزا لەبەر چاوی بابیەوە لەسێدارە دەدەن و دواتر سەید ڕەزاش لەسێدارە دەدەن.

جینۆسایدی دێرسیم لە مێژووی نوێی تورکیادا، قڕکردنێکی بەبەرنامە بوو کە تێیدا 50 هەزار کوردی عەلەوی تێدا کوژران، هێشتا نە گۆڕەکانی سەید رەزا و هاوڕێیەکانی دیارە و نە هیچ هەنگاوێکیش بۆ قەرەبووکردنەوەی کوردەکانی دێرسیم و سەرجەم کوشتارەکانی دیکە هەڵنەگیراوەتەوە.
4/5/2021

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان