ڕێباز دارا
پاشەکشە بە پلان و بێدەنگییەکەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوەڕاستدا، دەرگا لە بەردەم ھاتنی وڵاتە پڕ لە کارگە و زەبەلاحەکەی چین دەکاتەوە، ھاتنی وڵاتێکی خاوەن سەروەریی سەدان ساڵەی وەکو چین، پێناچێت کاتیی بێت، بەڵکو دەیەوێت لە میوانیکی شەرمن و بازرگانێکی بەتەماحەوە، ببێت بە دۆستێکی ھەمیشەیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا، بەجۆرێک دەستبخاتە ژێرخان و سەرخانی ئابورییەکانیانەوە.
ھاتنی چین لە ڕۆژھەڵاتی نزیکەوە بۆ ناوەراست، بە پلان دەبێت و ڕێککەوتنی درێژخایەنی ئابوریی، وەکو کارتێکی بەھێز بەکاردەھێنێت بۆ مانەوەی خۆی، واتە پێچەوانەی ئەمریکا و تاڕادەیەک ڕوسیاش، بواری ئابوریی ھەڵبژاردووە بۆ مانەوە، نەک جەنگ و ململانێی سەربازیی.
بەلاوەنانی بژاردەی سەربازیی لەلایەن چینەوە، دەرگا لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە، ھەموو کات ناتوانرێت بە چەک، داگیرکاریی بەردەوام بێت و ھەژمونی خۆت بەسەر وڵاتێکدا بسەپێنیت.
ساڵانێکە چین لەڕێگەی بازرگانییەوە کاردەکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کایەی ئابووریی ئەو وڵاتانەی خاوەنی یەدەگی بێشوماری نەوت و وزەن، واتە لەھەمان کاتدا سودی لە بۆشایی ئابوریی و خراپی گوزەرانیشیان وەرگرتووە.
واژوو کردنی ھەریەک لە ڕێککەوتنی ٢٠ ساڵەی چین و عێراق یان چین و ئێران بۆ ٢٥ ساڵ، دەمانباتەسەر ئەو لۆژیکەی، چین بۆ سەردانێکی کاتیی بازرگانی و سیاسی نەھاتووە، بەڵکو لەڕێگەی پێدانی قەرزی درێژ خایەن، پلانی داگیرکردنی وڵاتە ئابوریی لاوازەکانی لە مێشکدایە.
ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان ڕێککەوتنی کرد یان تەنازول بوو؟
دوای ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ڕێکخراوی تاڵیبان، چاودێران و میدیاکان وا لێکیدەدەنەوە، واشنتن جۆرێک لە تەنازولی بۆ ڕێکخراوەکەی ئەفغانستان کردووە، بە جۆرێک سوپای ئەمریکا ناچار بەکشانەوە دەکات لەو وڵاتەدا، بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، وەک چۆن پێشتر لەدژی سۆڤیەت بەکاری ھێنا، ئەمریکا جاری داھاتوو دەیەوێت، چ ئەرکێک بە تاڵیبان بسپێرێت، لە بەرامبەر ھاتنی تەوژمی چین بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟
بەراوردکردنی ھێزی سەربازیی چین و ڕێکخراوی تاڵیبان، لە نوکتەیەکی بێتام زیاتر نیە، بەڵام ڕەنگە چین ڕوبەڕوی سەرئێشەیەکی بێزارکەر بکاتەوە و جارجار ھەر بۆ تێکدانی میزاجیش بێت توڕەی بکات.
بەکارھێنانی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، تەنھا بۆ ڕێگریکردن نیە لە ھاتن و خاوکردنەوەی چین بۆ ڕۆژھەڵات، بەڵکو واشنتن دەیەوێت شکستی سەربازیی و سیاسی خۆی لە ئەفغانستان بشارێتەوە، کە دوای نزیک بە دوو دەیە لە داگیرکردنی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستاش نوقمی توندڕەویی و کوشتن و ڕفاندنە و دوورە لە ھەموو بنەماکانی دیموکراسی و ئازادییەکان.
وەرگرتنەوەی جەمسەری ڕۆژھەڵات لە ئەمریکا؟
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئەمریکا بە پلان و دوای شکستی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، لە جەنگی جیھانی دووەمدا، کە تا ڕادەیەک بۆشایی سەربازیی و سیاسی و تەنانەت نەبونی سەرکردایەتیەکی بەھێز، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی ولاتانی ئەوروپی و عەرەبی دروستبوو، وەکو ھەلێکی ئاڵتونی قۆستەوە و بۆ ئەوروپای رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەڕییەوە.
ھاتنی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچانە، وایکرد ببێتە کەسی یەکەمی یەکلاکردنەوەی ڕوداوەکان لە بەرژەوەندی خۆی، بەجۆرێک کەوتنی ئیمپراتۆریەتی نازی و سۆڤێت و یابان و چەند وڵاتێکی دیکە، بوون بە ھۆکارێکی سەرەکی لەمانەوەی واشنتن و داڕشتنەوەی سیاسەتێک بە ویستی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتانەی دوای جەنگ.
چین لە ڕێگەی بازرگانییەوە نیەتی ئەوەی ھەیە، ئەم جەمسەرەی جیھان لە ئەمریکا وەربگرێتەوە و لە بنەڕەتدا ڕەنگە بە موڵکی خۆیشی بزانێت و قەناعەتی ئەوەی لا دروستبووبێت، ئەمریکا ئەم ناوچانەی بە زۆرە ملێ داگیرکردووە.
وەرگرتنەوەی خاوەندارێتی سیاسی ئەو ناوچانە لەلایەن چینەوە، ڕەنگە لەسەر چەند ئاستێک بێت و تا ڕادەیەک ڕواڵەتیی بێت، بەو پێیەی ئەمریکا دەیان ساڵە کاردەکات لەسەر دەستەمۆکردن و لێسەندنەوەی بڕیار لەسەرۆک و پاشاکانی وڵاتانی ئەوروپا و جیھانی عەرەبی.
ھەربۆیە ئەم کارە نەک قورس دەکەوێت لەسەر چین، بەڵکو لەھەندێک حاڵەتیشدا، دەچێتە خانەی مەحاڵ، بەجۆرێک ڕەنگە تێپەڕاندنی وڵاتێکی وەکو سعودیە یان ڕێککەوتن لەگەڵیدا، بەبێ گەڕاندنەوەی ڕیاز بۆ واشنتن، ئەو وڵاتە عەرەبیە دوجاری تەنگژەی سیاسی و ئابوری و تەنانەت سەربازیش بکاتەوە.
لێرەوە دەردەکەوێت، چین دەتوانێت بە ئاسانی بێتە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام مانەوە و جێبەجێکردنی پلانەکانی، پێویستی بە میکانیزمێک دەبێت، پێشتر ئەمریکاش درکی پێنەکردبێت، پرسیارەکەش ئەوەیە، چین دەیەوێت تەنھا بە بژاردەی ئابوریی، سوپرایزەکانی بەردەمی تێپەڕێنێت، یان سود لە کتێبە کۆنەکانی سەدان ساڵ پێش ئێستا دەبینێت و بە دەرزی ئاژنین، سەرکردەکانی ناوچەکە سڕ دەکات؟
9/4/2021