هۆمەر نۆریاوی
بە گوێرەی هەندێک بۆچوون،پتر لە سەدەیەک بەسەر دامەزرانی ڕادیۆییەکی کوردی تێدەپەڕێت کە لە وڵاتێکی بن حوکمی کۆمۆنیستەکاندا لە ڕێی کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەرەوە شێلگیرانە لە پێناو بووژاندنەوە،گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و چاندی کوردی خەبات دەکات و دەنگی کوردانی نەک کوردستانی سۆر بگرە هەر هەموو کوردستان دەبێت.
دوکتۆر "جەبار قادر" و دوکتۆر "ئەمیر حەسەنپوور"،دوو زانستوەری کورد،مێژووی ڕادیۆ کوردیی لە یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو دەگەڕێننەوە بۆ نێوان ساڵانی 1929-1923 کە ئەم ڕادیۆیە،پەخش و وەشانی خۆی بە زمانی کوردی بەردەوام کردووە.
بەڵام بۆچوونێکی دی،ڕۆژی یهکهمی بهفرانباری ساڵی 1329ی ههتاوی(1955)بە سەرەتایەک بۆ کاری ڕاگەیاندنی بیستیاری لە یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو دادەنێت کە له "یهریڤان"ی پێتهختی کۆماری ئهرمهنستانی ئێستا،زمانی کوردی دهکهوێته ناو لیستهی ئهو زمانانهی که بهرنامهیان پێ پهخش دهکرێت و چەندان ڕووناکبیری وهک "حهجی جندی"،"جهلیل جهلیل"،"ئۆردیخان جهلیل"،"کهرهم سهیاد" و گهلێک نڤیسکار و هونهرمهندی دی لەم ڕادیۆیەدا کار دهکهن.ئهم ڕادیۆیه نهاش ههر لهسهر درێژهی خهباتی خۆی بهردهوامه.
یەک لە دەنگ و سیما هەرە دیارەکانی ئەم ڕادیۆ خودان سەنگە،کەس نییە ج گە لە ڕۆژنامەوان و میدیاکاری ناسراوی کورد"کەرەم سەیاد".
کەرەم سەیاد،وەک نازەنین ترین زارۆکی خۆی،چاو لە ڕادیۆ یەریڤان دەکات و ئەم وانە بەرزەیش بۆ منداڵەکانی دەگوێزێتەوە.
کە هەواڵی تاڵی ئۆغری یەکجاری کەرەم سەیادم بەرگوێ کەوت،تەمەنێک خەباتی خەمخۆرانەی ئەم مرۆ سەوداسەرەی نیشتمانم وەبیر هاتەوە.
کە مرۆ شەیدای نیشتمان بێت،کەرەم سەیادی لێ دەردەچێت کە چ کۆسپێک ناتوانێت خەباتەکەی بوەستێنێت.
بۆیە کەرەم سەیاد بۆ هەمیشە بە دەنگ و سیما و کەسایەتییەکی هەرە دیاری نێو ڕاگەیاندنی کوردی دەمێنێتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە کە ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندنکاری ناسراوی کورد"کەرەم سەیاد"،ساڵی 1939 لە گوندی"حەکۆ"ی سەر با شارۆچکەی "تالین"ی ئەرمەنستان لە ناوچەی یەریڤان لەدایک دەبێت. ئەم مرۆ خاکەڕا و خەمخۆرەی نیشتمان،ڕۆژی 27ی مارسی ساڵی 2021،لە تەمەنی 82 ساڵیدا پاش پتر لە 50 ساڵ خەبات لە ڕادیۆ کوردیی یەریڤان، ئۆغری یەکجاری کرد و هەر لە گوندەکەی خۆی لە ئامێزی ئاخی نیشتماندا بۆ هەمیشە ئارامی گرت.
ئەم چەند دێڕە،لە وتارێکی درێژتر لەسەر خەباتی میدیایی ئەم ڕۆژنامەوان و میدیاکارە کوردە وەرگیراوە کە گەر تەمەن یار بێت،لە داهاتوودا دەخرێتە بەر دیدەی خوێنەر.