برایم محێدین عارف
شیراز، یه‌كێكه له شاره قه‌ره‌باڵغ و چڕەکانی خوارووی ئێران له‌رووی دانیشتووانه‌وه، شارێكی پڕ شوێنه‌واری دێرین و جوان و ڕه‌نگینه، ناوه‌ند و پایته‌ختی پارێزگای فارسە، پێنجه‌م شاری ئێرانه، دوای تاران، ئیسفه‌هان و تهوێز، له شاره گه‌وره‌كانی ئێرانه له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه. شاری دوو شاعیری لووتكه‌ی شیعری فارسی حافز و سه‌عدی شیرازییه. سه‌رچاوه‌كان ناوی شیراز بۆ دوو هه‌زار ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه له نووسینه بسمارییهكاندا هاتووه، له‌لایه‌ن پاشا تەهمورسهوه دروست كراوه كه یه‌كێكه له پاشا ئهستوورییهكان.
ئهستوورییهكان له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر یه‌كێك له تیره‌كانی گه‌لانی فارس. ئه‌م شاره له مێژوودا ڕووخان و تێكدانی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه "1". هاوکات شیراز، پێوه‌ندییه‌كی دێرینی له‌گه‌ڵ كورد و مێژووی كورددا هه‌یه و ماوه‌یه‌ك پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كه‌ریم خانی زه‌ند بووه.
چوونی كورد بۆ شیراز
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڵاوبوونه‌وه‌ی كورد له شاره دووره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری كوردستانی بنده‌ستی ئێران‌دا جیاوازه، له پارچه‌كانی تری كوردستان. كورد زۆرجار جگه له ڕاگوێزان، خۆیشیان ئازادانه بڵاو بوونه‌ته‌وه له پانتایی ئێران‌دا و ڕه‌ویان بۆ خواروو و ڕۆژئاوای وڵاته‌كه كردووه.
ئه‌م دیارده‌یه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه:
یه‌كه‌م: حكوومه‌ته‌كانی ئێران زۆرتر حكوومه‌تی تێكه‌ڵه‌ی گه‌لانی ئێران بوون، یان گه‌لانی ئێران به گشتی و پێكه‌وه ده‌وڵه‌ته‌كانیان دروست كردووه و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕۆڵیان له پێكهێنانی حكوومهتهكاندا هەبووه، مێژووی هاوبه‌شیان هه‌یه، به تایبه‌تی گه‌لی فارس و كورد.
دووه‌م: زۆر له پاشا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ئێران كورد بوون كه فه‌رمانڕه‌وایی ئێرانیان كردووه، وه‌ك پاشاكانی ماد، ساسانی، زهندییهكان، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بوونه هۆی چوونی كورد بۆ سنووری فه‌رمانڕه‌واییان كه به‌شێكیان پایته‌خته‌كانیان ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كوردستان.
سێیه‌م: كورده كۆچه‌رییه‌كانی ئێران زۆرتر بوونه‌ته شیعه له دوای كۆچكردنیان، فارسه‌كانیش كه زۆربه‌یان شیعه بوون، پێكه‌وه بێ كێشه و گرفت ژیاون، شیعه‌گه‌رێتی زۆرتر به مه‌زه‌وه‌وه گرێ دراوه نه‌ك ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌رچاوه‌كان باس له بوونی په‌یكه‌ری رۆسته‌م له نزیك شاری شیراز دەکەن کە بۆ سه‌رده‌می شاپووری یه‌كه‌م پاشای كوردی ساسانی ده‌گه‌ڕێننه‌وه، ئەوە وه‌ك ئاماژه‌یه كه كورد له كۆندا له ناوچه فارسنشینهكاندا بوونی بووه"2". هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر ئاماژه ده‌ده‌ن كه ساسان تێكه‌ڵ به‌تیره‌ی شوانكاره‌ی كوردن و خه‌ریكی كشتوكاڵ و مه‌ڕداری بوون، له كۆتایی سه‌رده‌می بوهیهییهكاندا، هه‌ستاون به دروستكردنی كومه‌ڵێك فه‌رمانڕه‌وایی له وڵاتی فارس‌دا "3". سه‌رچاوه‌كانی تر باس له بوونی 500 هه‌زار كورد له پارێزگای فارستان و شاری شیرازدا ده‌كه‌ن، له ساڵانی (500 تا 510)ی ئێرانی‌دا بوونیان هەبووه، له پێنج تیره‌ی ئیسماعیلیان، شكانیان، ڕامانیان، كرزومیان، مه‌سعوودیان پێك هاتوون.
زیادبوونی ژماره‌ی كورد له شیراز بۆ سه‌رده‌می كه‌ریمخان و ده‌وڵه‌تی زه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پایته‌خته‌كه‌ی شاری شیراز بووه. ئاماژه ده‌درێ كه كه‌ریمخان كاتێك شیرازی كرده پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ خۆیدا نزیكی 90 هه‌زار كوردی بردووه بۆ ئەوێ، بۆ پاراستنی خۆی و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بوون، زیاتر پشتی پێ به‌ستوون، به تایبه‌تی دوای ساڵی 1164 كۆچی. كورده‌كان له تیره‌كانی (ئهحمدونی، كرونی، عبده، ئێلی ئیرهوهند) بوون "4"
هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تر ئاماژه به ڕاگوێزانی كوردی زه‌نگه‌نه و باجه‌لان له سه‌رده‌می قاجاریی و په‌هله‌وییه‌كان ده‌كه‌ن كه بڵاوه‌یان پێ كراوه، شیراز ژماره‌یه‌ك كۆچڕه‌وی كوردی بۆ چووه "5". والنتین ژكوفكسی (1858-1918ز) كه پسپۆڕ و گه‌ریده و لێكۆڵه‌رێكی زمانه‌كانی گه‌لانی ئێران و فارسییه. له دامه‌زرێنه‌رانی نووسینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسییه له شاری پترسبورگی ڕووسیا، وتاری له‌سه‌ر ئێران و ئیسلام زۆره. له ساڵی 1882 زاینی نزیكه‌ی 140 ساڵ پێش ئێسته، بۆ گوندی ته‌ڵخه‌ی سنووری شیراز چووه، له‌وباره‌وه ده‌نووسێت: دانیشتووانی گوندی ته‌ڵخه كه ده‌كه‌وێته خوارووی ڕۆژاوای شیراز، كوردن و له تیره‌ی غازیوهندی هۆزی گۆرانن.
شوێنی نیشته‌جێبوونی كورده‌كانی پارێزگای فارس:
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه بەوە ده‌ده‌ن، كورده‌كانی سه‌رده‌می كه‌ریمخان كه له سنووری هه‌ردوو شاری كازرون و سپیدانی سه‌ربه شاری شیرازن. زۆربه‌یان (كروی، زه‌نگه‌نه، له‌ك)ن، له ڕووی مه‌زه‌وه‌وه شیعه‌ی دوانزه ئیمامین، كورده‌كان سنووری شارۆكه‌ی كازرون له گونده‌كانی (خیر ئاباد، زهرام ئاباد، وفادار ئاباد، شیخی ئاباد، سرقنات ئابادن) كورده‌كانی سنووری شارۆكه‌ی سپیدانیش له گونده‌كانی (قوم ئاباد و بابا گوهك)ن. نزیكه‌ی 50 ساڵ دوای مردنی كه‌ریمخان، له ساڵی 1248 زاینی‌دا له گۆڕستانی قوم ئاباد گۆڕ بینراوه و له‌سه‌ری نووسراوه كروی، ئه‌وه‌یش ئاماژه‌یه بۆ تیره‌ی كروی كوردی له‌و گونده‌دا.
له كتێبی (وقایع اتفاقیه) كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی نووسینی ڕاپۆرتنووسانی ئینگلیزه، به هه‌وڵی سه‌عید سیرجانی له ساڵی 1361 فارسی‌دا، له‌لایه‌ن بڵاوكراوه‌ی (نشر ن‌و) به چاپ گه‌یشتووه، تێیدا هاتووه (امان لله خان كرانی، سرمست كرانی) له ساڵی 1301 هه‌تاویدا بۆ ده‌شتی سپیدان چوون كه شاری سپیدانی ئێسته‌یه، هه‌مان مه‌نزڵگه‌ی كوردانی قوم ئاباد و چیچكلوی كوردانه "6".
ئێسته له پارێزگای فارس گوندێك به ناوی بۆكان هه‌یه كه له هه‌مانكاتدا بۆكان شارێكی كوردی ناوچه‌ی موكریانە. نزیكه‌ی 200 خێزانی تر خۆیان وه‌ك كورد ده‌ناسێنن و زمان و نه‌ریتیان كوردییه، له گونده‌كانی خوارووی شاری شیرازدان، جگه له 300 خێزانی تر له گوندی خێرئابادی سه‌ربه شاری كازرون ده‌ژین كه 120كم له شاری شیرازه‌وه دووره.
سه‌رچاوه‌كان دەڵێن، دوای ڕووخانی كۆماری مهاباد، له ساڵی 1947 زاینی‌دا زیاتر له 40 خێزانی كورد له شاره‌كانی مهاباد و سنه و سه‌قز چوونه‌ته شیراز و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌شداریی ڕاسته‌وخۆیان له كۆماری كوردستانی مهاباددا كردووه، جگه له 130 خێزانی سنه، 140 خێزانی سه‌قز، چوون بۆ شاری جهروم له شیراز بۆ كاری جۆراوجۆر و له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
به‌گشتی هۆزه كوردییه نیشته‌جێكانی سنووری شیراز، به‌م شێوه‌یه‌یه: كرد شۆ 699 خێزان، (سه‌رچاوه‌كان ئاماژه ده‌ده‌ن ئه‌م هۆزه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بۆ پارێزگای فارستان چوون). كردكار 26 خێزان، شبانكاره 200 خێزان، فرسیمدان 61 خێزان، دژكردی دوو خێزان، مور كرد له شاری ممسنی 16 خێزان، هه‌موو ئه‌م خێزانانه له ناوه‌نده‌كانی شاره‌كانی (شیراز، جهروم، ممسنی، دژ كرد) و گونده‌كان و زۆر شوێنی تر ده‌ژین "7".
كورده‌كانی گوندی 40 چشمهی شیراز
40 چشم، به‌كوردی 40 چاوه، یه‌كێكه له گونده كوردنشینه‌كانی پارێزگای فارس، سه‌ربه شاره‌دێی ئارژنای شیرازه، نزیكه‌ی 40كم له شیراز دووره.
ئه‌م گونده گه‌وره‌ترین گوندی كوردنشینه له سنووری شیراز، 80%یان كوردن و ئه‌وانیتر تورك و فارسن، له ئاماری ساڵی 1395 فارسی‌دا دانیشتووانه‌كه‌ی به هه‌زار و 164 كه‌س له باوشی 231 خێزاندا تۆمار کراون، هه‌رچه‌نده گوندی تر به‌م ناوه‌وه هه‌ن، وه‌ك گوندی 40 چشم گه‌شتیاری، سنووری شاری دیوانده‌ره‌ی نێوان سه‌قز و سنه، به‌ڵام ئه‌م گونده به گوندی 40 چشمهی كرونی ناسراوه.
كرونییهكان گه‌وره‌ترین هۆزی كورده‌كانی سنوری شیرازن. سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن زۆربه‌ی كورده‌كان، له شاره‌كانی كروزنی، ممسنی، جههرومهوه هاتوونه‌ته ئه‌م گونده، سه‌رقاڵی باخ و ڤێلا و كشتوكاڵن، به‌شێكیان ههنگەوانی و ماسیفرۆشیی ده‌كه‌ن كه نزیكه‌ی 300 كه‌سێك ده‌بن "8".
ئه‌م گونده چونكه كوردنشیننە، داونه‌ریتی كوردی له جه‌ژنی نه‌ورۆز و جه‌ژنه‌كانی تردا پێڕه‌و ده‌كه‌ن، جه‌ژنه پیرۆزه له یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرجار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه پشتگوێ ده‌خرێن، ڕێیه‌كه‌ی له زستاندا كێشه و گرفتی هه‌یه، به‌هۆی بوونی به‌رزی و نزمی و نزیكبوونی له زنجیره‌چیای زاگرۆس، زۆرجار له زستاندا له گاز بێبه‌ش ده‌بن كه تاكه هۆكاری گهرمكهرهوەیە، بۆیە زۆریان له زستاندا گونده‌كه جێ دێڵن. نزیكه‌ی 50 ماڵیان به هه‌میشه‌یی چوونه‌ته‌وه شیراز، كورده‌كانی ئه‌م گونده، كروین و زمانیان هه‌مان زمانی كورده‌كانی كرمانشانه، گونده‌كه به قه‌ره‌باڵغترین و ناسراوترین گوندی كوردنشینی سنووری پارێزگای فارس ناسراوه له ئێران‌دا "9".
ڕاگوێزان و قه‌ڵاچۆكردنی كوردانی فارستان له مێژوودا
كورده‌كانی فارستان له گرووپه‌كانی (رم جیلوند، رم لواجان، رم دیوان، رم شهریاڕ، رم كریلن) بوون له سه‌رده‌می كۆندا، دواتر گرووپ و تیره‌ی تر تێكه‌ڵیان بوون. له گێڕه‌وه‌یه‌كی تری مهسعوودیدا هاتووه: له سه‌ده‌ی هه‌شته‌مدا كاتێك مه‌غۆله‌كان حوكمی فارس دەکەن. هه‌زار كه‌سیان له 300 خێزانی كورد له 32 تیره‌ی جیاجیا، كوشتار و ته‌فروتوونا كردووه "10". هه‌روه‌ها تهیموورگورگانی فارسی ساڵانی 789 تا 795، كه ده‌سه‌ڵاتدارێكی ده‌سڕۆیشتوو بوو، هێرشی كرده سه‌ر كورده‌كانی وڵاتی فارس و ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی كوشتوبڕ كرد "11".
هه‌میشه كورده‌كان له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا كێشه‌یان هەبووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌لانی ئاریدا بێ كێشه بوون. ئێسته ژماره‌یه‌كی زۆر كورد به زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن، ئه‌مانه به گشتی پێش ده‌وڵه‌تی زه‌ندی كوردیی ڕووی داوه. دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی زه‌ند، جارێكی تر كورده‌كان سه‌ریان ده‌رهێنایه‌وه له زۆر شار و گوندی پارێزگای فارس و به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ هۆز و تیره ده‌ركه‌وتن، كه‌ریمخان زۆر له كورده ڕاگوێزراوهكانی خوراسان و قه‌زوین و كوردی تری هێنایه سنووری ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی، حاكمێكی دادپه‌روه‌ر بوو بۆ هه‌موو گه‌له‌كان، به‌ڵام دوای نه‌مانی ده‌وڵه‌تی زه‌ند، جارێکی تر كورده‌كان له‌لایه‌ن قاجاریی و پههلهوییهكانهوه تووشی ڕاگوێزان و په‌رشوبڵاوی زۆر بوونه‌وه، له‌به‌ر په‌رشوبڵاویان ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ناو فارسهكاندا توانه‌وه.
هه‌رچه‌نده سه‌رژمێرییه‌كی ئێسته‌ی كورد له پارێزگای فارس‌دا به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام ئێسته به خه‌مڵاندن زیاتر له یه‌ك ملیۆن كورد و نه‌وه‌كانیان له سنووری پارێزگای فارستانی ئێسته ده‌ژین، كه هه‌ندێكیان سیمای كوردیان پێوه ماوه و هه‌ندێ تر به ته‌واوی تواونه‌ته‌وه. تا ئێسته له شارۆكه لارسانی سه‌ربه پارێزگای فارس‌دا كه مێژووی دروستبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می كه‌یخه‌سره‌و و كیكاوسی پاشا دێرینه‌كانی کورد، نزیكه‌ی 10 هه‌زار كورد هه‌ن، پێڕه‌وی مه‌زه‌وی سوننی شافعین.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
١-بڕوانه مدینه شیراز فی ایران، وتارێكی شیرین تقاتقه، سایتی (www.madoo3.com)2020.
٢-بڕوانه نقس روستم فی بلاد الفرس، تاریخ كرد و حضاره كردستان، فەیسبووك 2019.
٣- بڕوانه وتاری ساسانییه‌كان فارس نه‌بوون به‌ڵكو كوردبوون، نووسینی: د مهدی كاكه‌یی، وه‌ڕگێڕانی: جۆ ولیام، فەیسبووكی، د مه‌هدی كاكه‌یی 2020.
٤ و ٥ و ٦- بڕوانه، كرد در شیراز، ویكیپیدیا
بڕوانه خواندنی از كردهای استان فارس، حسن حسینی، سایتی kurdshiraz blgfa.com
٧- بڕوانه، كردها در دوره‌ی زندیه، مهندس اسد جوان خاكسار، سایتیesad xaksar.bkgfa.com
٨- بڕوانه تور شیراز، بهترین ارزانترین تورهای داخلی --، نووسینی نازنین، سایتی
sheraztour.tinysite.ir
٩- بڕوانه روستای 40 چشم كرونی، سایتی seeiran.irساڵی 1399 فارسی .
١٠ و ١١- بڕوانه كردهای پارس، كرمان، شیراز، بزرگانكرد، سایتی
Akan jwanroo.com
١٢-
Shiraz city -capital of fars province and the most beatuful historical...www.lets vistpersia.com.
١٣-
Shiraz ,the ancient city of Love literature with hafiz.. هه‌مان سایتی سه‌رچاوه‌ی پێشتر.
٥/٣/٢٠٢١