پەڕەو ئەنوەر
یه‌كه‌م/ ئێران چی ده‌وێت؟
جۆ بایدن بوو به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام ده‌یه‌وێ چیڕۆكی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی وا دابڕێژێت و بگێڕێته‌وه كه جیاوازه. جیاواز له‌گه‌ڵ ئێران، له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كانی، له‌گه‌ڵ به‌رنامه و چه‌كه ئه‌تۆمی و رێككه‌وتننامه‌كانی. بایدن هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه، ئه‌و گوتاره‌ی هێنایه‌وه به‌رباس كه گوایه ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا رێكبكه‌وێته‌وه. رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا زیندوو بكاته‌وه. زیندووكردنه‌وه به‌شێوه‌ی تر، به‌ڕێی تر و به‌و میتۆده‌ی بایدن و هاوڕێكانی و دیموكراته‌كان ده‌یانه‌وێت.
جۆ بایدن به‌ته‌نیا مه‌رجی ئه‌وه نییه ئێران نه‌بێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی و واز له پیتاندنی ئه‌تۆم بهێنێت، نا ئه‌مه تاكه خواستی بایدن نییه و مه‌رجی تر ده‌خه‌نه‌ڕوو بۆ ئێرانییه‌كان. مه‌رجی راگرتنی چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی له ناوچه‌كه و كشانه‌وه‌ی ئێران بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی.
پێده‌چێت ئه‌م مۆدێله له رێككه‌وتن و مامه‌ڵه‌كردن به‌لای كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌خت و قبووڵنه‌كراو بێت، به‌تایبه‌ت كاتێك ئێران نایه‌وێ مه‌یدانی جه‌نگ، جیۆگرافیای سیاسی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و هه‌موو ئه‌و رووبه‌رانه‌ی وه‌ك حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، چۆڵیان بكات و جێیان بهێڵێت.
ئه‌م خواسته‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌مانای گه‌مارۆدان و خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئێران دێت له ناوچه‌كه‌دا. نینۆككردن و سنوورداركردن و له په‌لوپۆخستنی توانا و جووڵه ده‌ره‌كییه‌كانی ئێرانه له‌و جیۆپۆڵه‌تیكه شیعییه‌ی كه ئێران ئێسته به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵی كردووه و ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و وه‌ك به‌شێك له جه‌سته‌ی وڵاته‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
روونه سیناریۆی جیاواز بۆ ئه‌و شێوه پێوه‌ندییه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له ئارادایه، به‌تایبه‌ت سیناریۆی براوه-براوه. ئه‌م سیناریۆیه ده‌یه‌وێ ئه‌مه‌ریكا و ئێران براوه‌بن، كه‌س دۆڕاو و زیانلێكه‌وتوو نه‌بێت. ئێران ده‌ست له هه‌ندێك پێشێلكاری رێككه‌وتننامه‌كه هه‌ڵبگرێت و ئه‌مه‌ریكاش بڕێك له سزاكان هه‌ڵبگرێت.
دووه‌م/ بایدن له نێوان چین و ئێران‌دا
جۆ بایدن به‌وه ناسراوه كه له به‌رانبه‌ر چین توند و ره‌قه، ره‌ق به‌و مانایه‌ی وا به‌ئاسانی رێ به خه‌یاڵ و ستراتیج و خه‌ونه سیاسی و ئابووری و جیۆپۆڵه‌تیكی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی چین نادات. نا‌هێڵێت وا به‌ئاسانی بكشێت و فراوان بێت و ببێ به جه‌مسه‌ر. هه‌رچه‌ند تڕه‌مپیش له به‌رانبه‌ر چین توند بوو، ده‌یویست به‌شێوه‌ی ره‌ق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌كته‌ره سیاسییه‌دا بكات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی مسوڵمانه ئیگوره‌كانی چین. ئه‌مڕۆ بایدن هه‌مان ستراتیج و دنیابینی هه‌یه له به‌رانبه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی چین له‌گه‌ڵ مسوڵمانه ئیگوره‌كانی چین.
ئیگوره‌كان بابه‌ت و ده‌روازه‌ن تا له‌ڕێیه‌وه ئه‌مه‌ریكا بچێته ناو كێشه ناوخۆییه‌كانی چین و كولتوور و سیستمه سیاسییه‌كه‌ی. پێشتر كرۆكی ناكۆكییه‌كان پرسی هۆنگ كۆنگ، مافه‌كانی مرۆڤ و شێوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو له‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام دواتر ئه‌م دۆخه ده‌گۆڕێت.
بایدن ئێسته كار بۆ ئه‌وه ده‌كات چۆن چین وا لێ بكات چیتر نه‌كشێت و له‌ڕووی هه‌رێمییه‌وه په‌لوپۆ بۆ ناوچه و وڵاتانی دراوسێی نه‌هاوێ. ئه‌م ستراتیجه‌ی بایدن زاڵتر ده‌بێت كاتێك هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ردانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا/پنتاگۆن ده‌كات و یه‌كه‌ی هێزی به‌رگری تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ململانێ و ئالنگارییه‌كان له‌گه‌ڵ چین داده‌مه‌زرێنێت.
ئه‌م جووڵه‌یه ماناهه‌ڵگره، په‌یامێكی خێرایه بۆ گه‌مارۆدانی چین له‌ڕێی هێزی ره‌ق و سه‌ربازه‌وه، به‌تایبه‌ت بایدن پلان بۆ ئه‌وه داده‌نێت ستراتیجی به‌رگری و سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستكاری بكات و به‌جۆرێكی تر رووبه‌ڕووی كێشه و ململانێ جیهانییه‌كان ببێته‌وه.
سێیه‌م/ یه‌كێتی ئه‌وروپا و بایدن
ئێسته دوانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و رووسیا له ناكۆكی و ته‌نگه‌ژه‌دان، ناكۆكی له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی رووسیا و هه‌ڵكشانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی. له‌باره‌ی گرتنی سه‌ركرده‌ی دیاری ئۆپۆزسیۆنی رووسیا (ئه‌لێكسی ناڤالنی) و شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی رووسیای فیدراڵ له به‌رانبه‌ر پرسی مافه‌كانی مرۆڤدا. ئه‌م دۆخه وای له بایدن كردووه به جۆرێكی تر بیر له شێوازی داڕشتنه‌وه‌ی پێوه‌ندی، گوتار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بكاته‌وه له‌گه‌ڵ وڵاته جیاوازه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
پێده‌چێت سه‌رۆكی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌م بۆشاییه‌ی نێوان رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات به ده‌رفه‌ت بۆ یه‌كخستنی بلۆكی دژه رووسیا و رێگری له په‌لهاوێشتنی به‌تایبه‌ت رووسیا له دوای دۆسیه‌ی ئۆكراین و په‌لهاوێشتنی بۆ وڵاتانی تری ئه‌وروپا، وه‌ك بیلاڕووس و چه‌ند وڵاتێكی تر، ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران و په‌رێشان كردووه.
ئه‌م پێشڕه‌وییه‌ی رووسیا به‌لای بایدنه‌وه، جۆرێكه له زیندووبوونه‌وه و هه‌ستانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووسیا بۆ گه‌یشتن به ئاستێكی تازه‌ی جیۆپۆڵه‌تیك و هه‌ژموون و باڵایی و ناوه‌ندی بڕیار. هه‌ر له‌رێی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاته‌وه تا ده‌گاته وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و وڵاته جیاوازه‌كانی قه‌وقاز كه رووسیا نۆستالیجیا و رابردوو و یاده‌وه‌رییه‌كی دێرینی له‌گه‌ڵدا هه‌یه و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێوه ده‌بینێت.
به‌ڵام ئه‌مه‌ریكای بایدن ده‌یه‌وێ له‌رێی ستراتیجی هاوسه‌نگی و هێز و هاوپه‌یمانییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وڕوپا رووسیا گه‌مارۆ بدات، جووڵه‌كانی سنووردار بكاته‌وه و رێی هه‌ڵكشانی زیاتری لێ بگرێت. دیاره یه‌كێتی ئه‌وروپا و ناتۆ له‌ڕووی جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه له رووسیا نزیكترن و باشتر ده‌توانن ئه‌م رۆڵه ببینن، هاوشان و هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا بن له‌م بیركردنه‌وه تازه‌یه‌ی بایدن و ئیداره‌كه‌یدا، به‌تایبه‌ت كاتێك ترس له رووسیا زیاتر ده‌بێت به‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ چین و ئێران، له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی جیۆپۆڵه‌تیكی و جیۆسیاسی خۆیان له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكادا رێكبخه‌ن و ستراتیجی تایبه‌ت به‌خۆیان دابڕێژن و به‌ڕێوه ببه‌ن.
١٧/٢/٢٠٢١