محەمەد ئەمینی
کۆنسولی ئێران لە سلێمانی لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "تیرۆریزمی حکومی، گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیھان"، کە بە زمانی کوردی لە چەند ماڵپەڕێکی کوردی بڵاویکردوەتەوە، بە ئاماژەدان بە کوژرانی موحسین فەخریزادە کاربەدەست لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی وڵاتەکەی، ئەو کردەوەیەی بە پێشێلکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان ناوبردوە.
کۆنسولەکەی ئێران داواشی لە وڵاتانی بانگەشەکاری مافەکانی مرۆڤ کردوە بە وتەی ئەو دەست لە دووفاقی ھەڵبگرن و ئەو کردەوەیە سەرکۆنە بکەن.
ئەو قسانە و تەنانەت بڵاوکردنەوەشی بە کوردی مافێکی خۆیەتی وەک نوێنەرێکی ئێران بیکات، بەڵام پێویستە ھەر بەو زمانە و بە ستانداردانەی خۆی لە نوسینەکەیدا باسی کردوون چەند راستییەکی بە بیر بھێنرێتەوە.
رۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، واتە ھەمان ئەو رۆژەی کە فەخریزادە لە نزیک تاران کوژرا، لە بەلژیکا دانیشتنی دادگایی کردنی دیپلۆماتێکی پێشووی ئێران بەڕێوەچوو کە تۆمەتبارە بەوەی پلانی بۆ دانانی بۆمب لە گردبوونەوەیەکی موجاھیدینی خەلق لە نزیک پاریس داناوە.
ھەر لەو ئەوروپایە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەندین سەرکردە و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەتایبەتی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئێرانەوە تیرۆر کران، لەوانە ھەردوو سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر شەرەفکەندی، کە بە دیاریکراوی لە دۆسیەی میکۆنوسدا بۆ لێکۆڵینەوە لە شەھیدکردنی شەرەفکەندی بە روونی ئۆباڵی ئەو تیرۆرە درایە پاڵ بەرپرسانی ھەرەباڵای ئێران.
دوور نەچین و ھەر لە لە سلێمانی، ئەو شارەی کە ئەو تیایدا وەک کۆنسول ئەرکدارە بەدرێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو زیاتر لە ٢٠٠ بەرھەڵستکاری کوردی رۆژھەڵات لەلایەن ھێزەکانی ئێران و دەستوپێوەندەکانیانەوە تیرۆر کران.
ھەر لە نوسینەکەیدا کۆنسولی ئێران باسی لە پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایش و ئاشتی کردوەتەوە، بەڵام لەو پەڕی دونیاوە لە ئەرژەنتین لە ئەمریکای لاتین تا ئەفریقا و ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ئاسیا جێپەنجەی حکومەتی تاران لە کردەوەی تیرۆریستی، تۆقاندن و تەقینەوە و رفاندن دیارەبەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەماوەی چل ساڵی رابردوودا ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ٤٠ وڵاتدا زیاتر لە ٣٦٠ کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، بەشێکی زۆری کردەوەکانیش لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکرێن کە لە ژێر پەردەی کاری دیپلۆماسی و پارێزبەندیدا کە یاسا نێودەوڵەتیەکان پێیان بەخشیون، ئەو تاوانانە دەکەن.
وێرانەکانی سوریا ، یەمەن، عێراق، لوبنان و فەلەستینیش شایەتی ئەوە دەدەن ئێران و پاسدارەکانی بەوێدا تێپەڕیون و بە دەیان و سەدان ھەزار کەس بوونە قوربانی و بە ملیۆنانیش ئاوارەی دەستی شەڕانگێزیەکانی تارانن
٦/١٢/٢٠٢٠