شوان ئادەم ئەیڤەس
خۆھەڵقورتاندن و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان و فزولیەتی پێشلکردنی مافی تایبەتمەندێتی؛ کەسایەتییە گشتییەکان و ئەستێرەکان و تەنانەت ھاووڵاتیانی ئاسایی-ش ھەر بەتەنیا پەیوەندیی بەشەپۆلی تەکنۆلۆژیای میدیایی و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بێسنوور و بێسانسۆرەکانی ئەمڕۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، بەڵکو مێژووییەکی دێرینتری ھەیە و تەریب بەقۆناغەکانی ھەڵکشانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و کولتوری باوی پیاوسالاری، بنەماڵە و خێزانی فرەنەوەی کۆمەڵگە سەرەتایی و پێشکەوتووەکان؛ گەشەی کردووە (Aivas, ٢٠١٧).
مافی تایبەتمەندێتیی (The right to privacy)؛ لەبنچینەدا دەربڕی خواست و ویستی ئازادانەی کەسەکانە بۆ ھێشتنەوەی نھێنییەکانیان، دۆخی خەڵوەتنشینیی و مانەوە بەتەنھایی، دەستگەیشتن بەزانیارییە تایبەتییەکان و پاراستنیان، کەسایەتیی تاکەکەس و ژیانی پەنھانی رۆژانەی کەسە سروشتیی و ناسروشتییەکان کە ئەگەر لەدۆخی ئاساییدا ناچار نەکرێن؛ نایانەوێت بەویست و رەزامەندیی خۆیان وردەکاری ئەو تایبەتمەندێتیانەیان بۆ ھەمووان ئاشکرابکەن یاخود بڵاوی بکەنەوە (Solove, ٢٠٠٩). بەپێی بڕگە و بەندەکانی جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش؛ ھیچکەسێک مافی خۆھەڵقورتاندن و دەستوەردانی بۆ نێو وردەکارییەکانی ئەو جۆرە ژیانە نییە؛ چ بگات بەوەی میدیا و میدیاوانی کورد ئەرکی پیشەیی خۆیان لەیاد بکەن و لەبری کارکردنی بابەتیی و ھەڵسەنگاندنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کەسەکان، بەدوای ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی خەون و خۆزگە و خووە نھێنییەکانیانەوە بن. بەتایبەت لەدۆخێکدا کە ھیچ سوودو بەرژەوەندییەکی گشتیی و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی لەدەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکاندا نەبێت و ئامانجی سەرەکی؛ بەتەنیا شکاندنی شکۆی مرۆیی و لەکەدارکردنیان لەنێو خزم و خوێش، ھاوڕێ و ھاوسێ و ھاوپیشەکانیاندا بێت.
بەدیارییکراوتریش؛ لەسەروەختی قەیران و ململانێ و ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا!
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان؛ رەگەزەکانی مافی ژیانی تایبەتیی کەسەکان و جیاکردنەوەی لەمافی گشتیی و بەریەککەوتنی لەگەڵ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لێکجیان، بەجیاوازیی ئەو بارودۆخانەی کە لەچوارچێوەی سیستم و کولتوری باوی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بۆئەو ئازادییانە ھەیە و رێگە بەپێشلکردن یاخود پاراستنی رەگەزەکانی ئەو مافە لەرێی ھۆیەکانی ئاشکرایی و ژانرە جیاوازەکانی رۆژنامەگەریی و نێوەندەکانییەوە دەدات. ھەموو ئەوانەش بەئامانجی گەیشتن بە رایەڵی ھەماھەنگیی و ھاوسەنگیی نێوان رەگەزەکانی مافی تایبەتمەندێتیی و مافی ناوبانگ و شکۆی کەسایەتیی کەسەکانە.
گەشەسەندن و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا و بەرفراوانبوونی ئامرازەکانی گەیاندن و راگەیاندن لەسەردەمی جیھانگیریی و تەقینەوەی زانیارییەکاندا، ھەلی کرانەوەو دەربڕینی ھەمەچەشنی ئادەمیزاد، سنورە جوگرافییەکانی بەزاندو جەمسەرەکانی گۆی زەوی بۆ کەمترین دووریی لەیەک نزیکخستەوە. بەوەش لەلایەک ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەرینتر کرد، لەلایەکی دیکەشەوە بووە ھۆی دەرکەوتنی قەیرانی ژیانی تایبەتیی کەسەکان و دزەکردنە نێو زانیاریی و تایبەتمەندییە خودیی و کەسییەکانی یەکترییەوە، چ لەسەر ئاستی تاکەکەس و چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە ھەستیارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە بێگومان کایەی رۆژنامەگەریی کوردییش لەھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقو وڵاتانی دراوسێ، لە پریشکی ئاگری ئەو قەیرانە جیھانییەی ئینتەرنێت بوەتە ناسنامەو ھەوێنی تەشەنەسەندنی بێبەش نەبووەو نابێت. دیارترینی ئەو بوارانەی ژیانی تایبەتیی کەسەکان داکۆکی لێدەکەن و ھەوڵی پاراستنی دەدەن؛ بریتیین لەم چوار تایبەتمەندێتییە سەرەکیی و ھەستیارەی خوارەوە:
یەکەم: تایبەتمەندێتیی زانیاری؛ سەرجەم ئەو تایبەتمەندیی و یاسایانە دەگرێتەخۆ کە زانیاریی تایبەتیی وەک پزیشکی، دارایی، حکومیی کەسەکان، کۆنتڕۆڵ دەکەنو ئەم بوارەش بەپاراستنی زانیاریی ناوزەد کراوە و یاسا و رێسای دیاریکراوی خۆی ھەیە.
دووەم: تایبەتمەندێتیی جەستەیی و دەروونی؛ بۆ پاراستنی نھێنییەکانی جەستە و دەروونی کەسەکان لەکاتی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی وەک پشکنینی ئایدز و منداڵبوونو نەخۆشییە دەروونییەکانو ھاوشێوەکانیان.
سێیەم: تایبەتمەندێتیی پەیوەندییەکان؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی پۆستە ئەلیکترۆنییەکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، پۆستەر و نامە و وێنە و بەڵگەنامە و ھەرجۆرە پەیوەندییەکی دیکەی کەسەکان لەرووی سۆزداریی و خێزانی، دەروونیی و جەستەییو … هتد.
چوارەم: تایبەتمەندێتیی شوێن؛ بۆ پاراستنی مافی ئەو شوێنەی کە تاکەکەس تیایدا نیشتەجێ دەبێت و دەمێنێتەوە، جا بەشێوەیەکی کاتیی بێت بۆ حەوانەوەو بەسەربردنی ساتەوەختی دەسبەتاڵیی یاخود بەشێوەیەکی ھەمیشەییو بۆمانەوەو کارکردنی درێژخایەن.
ھەڵبەتە ژیانی تایبەتیی کەسەکان و رەگەزەکانیشی؛ ھێندە ئاشکرا و روون نین کە ھەمووان یاخود میدیا و میدیاوانان بەتایبەت پەی پێبەرن و ئاشنای وردەکارییەکانی بن، چونکە تایبەتمەندێتیی کەسەکان ھاوشێوەی شاخە سەھۆڵینەکان بەتەنیا بەشێکی کەمی دەرکەوتووەو بەشێکی زۆری شاراوەو نەزانراوە. ئەوەش وادەکات زۆرتر خەڵک ھەڵوەدای دزەکردنە نێو ئەو جۆرە ژیانە و پێشلکردنی مافی تایبەتمەندێتیی بن. لەرووی یاسایی و میدیاییشەوە؛ ئەو بابەتانەی تائێستا کۆدەنگیان لەسەرە کە رەگەزەکانی ژیانی تایبەتیی کەسەکان بن بریتیین لەتایبەتمەندێتیی ژیانی سۆزداریی و ھاوسەریی یان خێزانی، تایبەتمەندێتیی نامە و گفتوگۆ کەسییەکان، تایبەتمەندێتیی پزیشکیی و باری تەندروستی کەسەکان، تایبەتمەندێتیی باری دارایی کەسەکان، تایبەتمەندێتیی شوێنی مانەوە و پشوودانی کەسەکان. بەپێچەوانەوەشەوە؛ چەند بابەتێک ھەن کە ھێشتا کۆدەنگیان لەسەر نییە لەرەگەزەکانی ژیانی تایبەتیی کەسەکان بن، لەوانە تایبەتمەندێتیی وێنەی کەسەکان، تایبەتمەندێتیی مرۆڤ لەسەر ناوی خۆی، تایبەتمەندێتیی ژیانی فەرمانبەریی و پیشەیی، تایبەتمەندێتیی ساتەکانی پشوو و دەستبەتاڵی، تایبەتمەندێتیی بیروباوەڕ و بۆچوونی سیاسیی کەسەکان، تایبەتمەندێتیی رێزگرتن لەجەستەی کەسەکان، تایبەتمەندێتیی ھەڵنەدانەوەی بابەتە لەبیرکراوەکان و مافی کەسەکان کە لەبیرکراو بن (ئەیڤەس، ٢٠١٣.)
لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا؛ کاتێک سەرەکییترین ئامانجی گوتاری میدیای گشتیی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دەستوەرداتە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان و ھەموو ستراتیژ و تاکتیکی پەیامی میدیایی خۆیشی بۆ ھەڵدانەوەی ئەو جۆرە ژیانە تەرخان دەکات؛ کاتێک ناونیشان و ناوەڕۆکی زانیارییەکانی نابنە تەواوکەری یەکتری و زانیاریی ساختە و شرۆڤەی کەسیی تێکەڵ بە ناوەڕۆکی ھەواڵەکان دەکات و “بەپەلە”ش پەخش و بڵاوی دەکاتەوە؛ کاتێک تەنیا ئامانجی دەبێتە بەرزکردنەوەی رێژەی بینەر و بیسەر و خوێنەر لەسەر حسابی شکاندنی شکۆی کەسەکان و ھۆنینەوەی تۆمەت و ریزکردنی جنێو و ئەنجامدانی تاوانی ناوزڕاندن و پێشلکردنی مافی تایبەتمەندێتیی کەسانی دیکە؛ ئیتر ئەو میدیایە لەوە دەکەوێت ببێتە داکۆکیکەرێکی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پردی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکومەت و گەیەنەری داواکارییەکانیان بەیەکتری. ئیتر لەبری ئەوەی میدیای گشتیی کوردی؛ ئامرازی زاخاودانەوەی مێشک و دەروونی ھیلاکی تاکەکەس و بڵاوکردنەوەی ئاشتیی و ئاوەدانیی و پەروەردەکردن و راگرتنی ھەستی وەرگری گشتیی و خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، ھەموو ھێز و ھەژموونی خۆی لەئاساییکردنەوەی زمانی بازاڕیی و ھاندانی تاوان و بێڕێزییکردن بە بەھا کولتورییەکان و شێواندنی مێژوو و کەلەپوریی نەتەوەکەیدا چڕ دەکاتەوە. لەو نێوەندەشدا بەویست بێت یان بێویست؛ “گەمژاندنی بەکۆمەڵ” دەبێتە رۆژەڤ و “نەزان” دەکاتە “زانا” و “بێناو” دەکاتە “ناودار و ئەستێرەی میدیایی”!
ھۆکاری ھەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی پاشخانی زانستیی و نەبوونی شارەزایی میدیا و میدیاوانان لەبنەما یاسایی و پێوەرەکانی رێسای پیشەیی راگەیاندن و بەزاندنی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان. بڵاوکردنەوەی وێنە و کۆلاجکردنی گرتەی سێکسیی کچان و ژنان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی خۆیانو چاودێرییکردنی ژیانی خێزانی، باری دارایی، ئاشکراکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، ھەڵماڵینی بیروباوەڕو بۆچوونی سیاسیی کەسەکان و ناچارکردنیان، قۆستنەوەی ناو و پێگەی کەسایەتییە گشتییەکان بۆ مەبەستو بەرژەوەندی تایبەتییو……تد، دیارترین نمونەی پێشێلکاریی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکانن لەرۆژنامەگەریی ھەرێمی کوردستاندا، بەجۆرێک ئێستا رووخسارە شاراوەکانی رۆژنامەگەریی رووزەرد بەئاشکرا دەرکەوتوون و ناسنامەی دزێوی خۆیان ئاشکراکردووە.
ئەوەش دەرئەنجامی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بەپاراستنی ژیانی تایبەتیی کەسەکان لەدەستتێوەردانی میدیا و میدیاوان و ئاسان جیانەکردنەوەی تاوانەکانی ناوزڕاندن و بەزاندنی مافی تایبەتمەندێتیی ژیانی تایبەتیی کەسەکانە!
19/11/2020