فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سۆران حەمەڕەش

وەک کەسێک کە بەدوای مێژووی کورد دا عەوداڵم، کاتێک ئەم زوڵموزۆرەی کە بەرامبەر بە کورد کراوە لەبەرامبەردا ئەو نائاگاییەی دەبینم بەرامبەر بەخۆی، ئازارێکی زۆر دەچێژم. کاتێک دەبینیت ئەمڕۆ خەریکە کورد لە ئازەربایجاندا ناھێڵرێت و ئەوەی کە ماویشە بەشێکی زۆریان لەم جەنگانەدا کەوتوونەتە کەمپی پەنابەرییەوە بێ ئەوەی کە کورد خۆی ئاگاداری ئەوە بێت، ھێندەی تر توڕە دەبم. سەرەڕای ئەوە میدیای کوردیش وەک وڵاتێکی نامۆ بە کورد ناوی ئەو وڵاتە داگیرکراوە دەھێنێت.

ناوھێنانی ئازەربایجان بە دەوڵەتێکی کوردی لەم وتارەدا، ھەوڵێکی ناسیۆناڵیستانە نیە، ئەوە ڕاستیەکی مێژوویی حاشاھەڵنەگرە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەچەی مێژوویی ئازەربایجان و چۆنێتی ناونانی ئەو دەوڵەتە و ھاتنی خێڵە تورکە دڕندەکان، بە ڕوونی ئەو مێژووە دەکەوێتە ڕوو. نزیکی سێ ھەزار ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیە بە وڵاتی مانا ناو دەھێنرا. ماناییەکان ھێندە ھاوفەرھەنگ و ھاوزمانی میدەکان بوون، لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی میدیدا بوون بە بەشێک لە دەوڵەتی میدی. تەنانەت دواتر ناوی پادشای ماناییەکان و میدەکان، لە سەرچاوە یۆنانی و ئاشوریەکاندا تێکەڵ بوون. بۆ نموونە پادشای مەزن دیاکۆ کە لە سەرچاوە ئاشوریەکاندا بە مانایی باسکراوە، کەچی لای یۆنانیەکان کە سەرچاوەی نوێترن، بە میدی لەقەڵەمدراوە.

لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی میدیدا وڵاتی مانا ناوی بزربوو و بوو بەشێک لە میدیا و لە ژێر دەسەڵاتی میدەکاندا بوو ھەتاوەکو ھاتنی ئەسکەندەری مەقدونی. لە دوای ھاتنی ئەسکەندەرەوە تەنھا شوێن لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە سەربەخۆیی ھێڵرایەوە، ناوچەی سەرەوەی میدیا بوو کە درا بە پادشای لێھاتووی کوردی میدی بە ناوی ئاتەرپاس کە ناوەکەی مانای (ئاگر پارێز) دەدات بە زمانی میدی و کوردی ئەمڕۆ. ئەو وڵاتە بە ناوی ئەو پادشایەوە ناونرا (ئاتەرپاسیان) واتە (وڵاتی ئاگرپارێز). میدەکان وەک حوکمڕانی ئەو دەڤەرە لە ژێر ناوی میدیای ئاتەرپاسیان (ئازەربایجان)دا حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیان دەکرد.

کە سوپای ئیسلام ئەو ناوچەیەی خستەژێر باجەوە، کورد لە زۆر لە بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە وەک پێکھاتەی سەرەکی ئەو وڵاتە ناوی ھاتووە و ناوە ڕەسەنە کوردیەکەی وڵاتەکە لەگەڵ ھاتنی عەرەبە موسوڵمانەکاندا کراوە بە ئازەربایجان. دواتر لە سەدەی نۆیەمی زاینیەوە دوو دەوڵەتی کوردی حوکمڕانی ئەو وڵاتەیان دەکرد. شەدادیەکان لە بەشی سەرەوەی ئەو وڵاتە، لە گەنجە و ئاران و دڤین (شوێنی لەدایکبوونی باوکی سەلاحەدین) ھەتاوەکو باکۆ حوکمیان دەکرد. بەشەکەی خوارەوە لەلایەن ڕەوەندیەکانەوە حوکم دەکرا کە تەورێز پایتەختەکەیان بوو و ورمێ و مەراغە و زۆربەی بەشەکانی تری ئازەربایجانی دەگرتە خۆی.

ئەو وڵاتە ھێندە کوردی بووە و کورد بە وڵاتی خۆی داناوە، کۆنترین کتێب کە لە سەرچاوەکاندا ناوی ھاتووە سەبارەت بە مێژووی ئازەربایجان، میرێکی کوردی ڕەوەندی نووسیویەتی. ئەو کتێبە مێژووییە گرنگە میرێکی کورد لە سەردەمی حوکمڕانی کورداندا نووسیویەتی. ھەرچەندە کتێبەکە لە سەرچاوەکاندا باسکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو کتێبە دیار نیە یان بزرکراوە و فەوتێنراوە. دۆزینەوەی ئەو کتێبە دەرگایەکی مەزن لەسەر مێژووی حوکمڕانی کورد لەو دەڤەرەدا دەکاتەوە.

لە ڕاستیدا کورد نەک ئازەربایجانی وڵاتی خۆیان حوکم کردووە، بەڵکو پادشای کورد نزیکی دوو ھەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوبەر حوکمڕانی ئەپخاز بوو کە ئەمڕۆ ھەرێمێکە دەکەوێتە ئەو دیو وڵاتی جۆرجیاوە و کێشەی لەسەرە لە نێوان ڕوسیا و جۆرجیا. ھاتنی تورکان بۆ ئەو وڵاتە نوێیە، لە سەدەی دەیەمی زاینیەوە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ووردە ووردە خێڵە تورکە دڕندەکان ڕوویان کردە ئەو ناوچەیە. سەرەتا میری کوردی ڕەوەندی کۆمەڵێکی وەک جەنگاوەری کرێگرتە ھێنایە ناوچەی خۆی.
ئەو ھەنگاوەی میری ڕەوەندی، میری شەدادیەکانی نیگەران کرد و لەسەر ئەوە پەیوەندیان تێکچوو. دواتر میری ڕەوەندی بۆی دەرکەوت کە زەحمەتە تورکە دڕندەکان لەغاو بکرێن و وەک جەنگاوەری کرێگرتە بەکاربھێنرێن، بۆیە لە داوەتێکدا نزیکی سی سەرکردەی گەورەی تورکە غوزەکانی کوشت و لە ئازەربایجان ڕاوینان. ئەم ھەنگاوە بووە ھۆی ئاشتبوونەوەی میری ئەم دوو دەوڵەتە کوردییە و شاعیرێکی ئازەربایجانی کە دیارە کورد بووە، بە شیعر ئاماژە بەو دیدار و ڕێکەوتنەوەی ئەو دوو میرە کوردە دەکات.

دواتر خێلە تورکە دڕندەکان ھێرشی گەورەتریان کردە سەر ناوچەکە و ووردە ووردە کەوتنە دزی و جەردەیی و ڕاووڕووت لە ھەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردا. لە وڵاتی فارسەوە کە لە ژێر دەستی کوردەکانی فارسدا بوو، بۆ ھەمەدان و ڕەی ھەتاوەکو ئازەربایجان و دەوڵەتەکانی وەک حەسنەوی و عەنازی و مەروانی، کەوتبوونە بەر شاڵاوی خێڵە تورکە دڕندەکان.
ووردە ووردە دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچانەدا ڕووی لە کزی کرد ھەتاوەکو سەدەی دوانزە دەوڵەتە کوردیەکان سەرەتا بوون بە باجدەری تورکە سەلجوقیەکان و قۆناغ بە قۆناغ ھەتاوەکو سەلجوقەیەکان خۆیان بوون بە حوکمڕانی سەرەکی ئازەربایجان و ناوچەکە. بەڵام کورد ھەر بەشێکی گرنگی ئەو وڵاتە بوو سەرەڕای ھەوڵی توانەوە لەلایەن خێڵە تورکە دڕندەکانەوە. ئەمڕۆش لێکۆڵینەوەی دی ئێن ئەی ئەو وڵاتەش دەری دەخات کە ھێشتا کەمێک زیاتر لەسەدا سی خەڵکەکەی لە ڕووی خوێنەوە سەر بە خێلە تورکە دڕندەکانن. واتە سەرەڕای ھەوڵی ئەسیمیلەکردنی خەڵکەکەی و بەتورککردنی، ئەو ڕاستیە مێژوییە ناتوانرێت بشارێتەوە و زانستی دی ئێن ئەی جارێکی تر دووپاتی دەکاتەوە کە تورک کەمینەن.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ھەرێمێک دامەزرا لەو ناوچەیەدا کە کورد زۆرینە بوو بە ناوی کوردستانی سور، ھەتاوەکو دواتر نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان لە ئازەربایجان کۆتاییان بەو ھەرێمە سەربەخۆیەش ھێنا. لە ڕاستیدا کوردەکانی ئازەربایجان یەکێک بوون لەو بەشانەی کورد کە لە ڕابردوودا لەھەموو کوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان زیاتر ئاشنای مێژووی خۆیان بوون.
لە سەدەی پێنجەمی زاینیدا (ھەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر) مێژوونووسی ئەرمەنی موسای خۆرێنی ئاماژە بە لاوک بێژانی ئەو ناوچەیە دەکات کە بە شانازیەوە لە گۆرانیەکانیاندا خۆیان گەڕاندووەتەوە بۆ دوایەمین پادشای مید ئەژدەھاک (ئەستیاگ) و خۆیان بە نەوەی ئەو داناوە. بنەماڵەی سەلاحەدینی ئەیوبیش لەو دەڤەرە ڕەسەنە کوردیەوە سەریان ھەڵھێنابوو کە خۆیان بە نەوەی ئەژدەھاک داناوە. (بابەتم لەسەر ئەو پەیوەندیە نووسیوە).

شاعیری جیھانی مەزنی کورد، نیزامی گەنجەوی (١١٤١-١٢٠٩) بەشێک لەو ڕاستیانەی کوردانی ئەو دەڤەرە دەخاتە ڕوو. نیزامی کە خۆی کورد بووە و بە شانازیەوە باسی دایکە کوردەکەی دەکات کە خەڵکی شاری گەنجەی کوردی بووە و پایتەختی دەوڵەتی کوردی بووە، ئەو بە شیعر دەڵێت دایکم کوردە، بێ ئەوەی کە ئاماژە بە ڕەچەڵەکی باوکی بکات لەبەرئەوەی کە زوو مردووە. ئەو زانا مەزنە دوای مردنی دایکوباوکی، لەلایەن خاڵە کوردەکەیەوە گەورە دەکرێت.

سەرەڕای ئەوە تورکەکان بەزۆر دەیانەوێت باوکی بکەن بە تورک و فارسەکانیش لەولاوە دەیانەوێت بیکەنە ئێرانی. بۆ ئەو مەبەستە نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان لە سەدەی بیستەمدا شیعرێکی تورکیان بۆ ھەڵبەستووە، بەڵام ئەو مەزنە بە ڕوونی لە بەرھەمەکانیدا ئاماژە بە دەسەڵاتی پادشای کوردی میدی دەکات کە لە سەدەکانی سێیەمی پێش زایین وەک ھاوپەیمانی ئەسکەندەی مەقدۆنی لە دژی ڕووسەکان جەنگاوە. سەرەڕای ئەوە ئێستاکە نیزامی گەنجەوی مەزن وەک وڵاتی ئازەربایجان، لە ئێمە دزراوە و نامۆکراوە و نەوەی خێلە تورکە دڕندەکانی ئازەربایجان کردوویانەتە شاعیری گەورەی تورکی ئازەربایجان و ئەو پیاوە مەزنە جیھانییەیان لێ دزیوین.

ئەمڕۆ لە وڵاتی ڕەگەزپەرستی ئازاربایجانی بندەستی خێلە تورکە دڕندەکاندا، ھەوڵێکی تەواو دەدرێت بۆ سڕینەوەی ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی کورد و ھەزاران بەڵگەنامەی مێژوویی کورد لەو دەڤەرە لە ناوبراون. بە دڵنیایی کتێبەکەی میری ڕەوەندی کورد کە لەسەر مێژووی ئازەربایجان بووە، ھەر لە سایەی ھاتن و ھەوڵی خێلە تورکەکاندا بزر کراوە. دۆزینەوەی ئەو کتێبە جارێکی تر دەیسەلمێنێتەوە کە ئازەربایجان دەوڵەتێکی کوردی و خاکێکی کوردی ڕەسەنە و بەشێکی گرنگی مێژووی کوردە نەک وڵاتێکی نامۆ بە کورد کە ئەمڕۆ لە بێ ئاگایی کورد دا وایلێھاتووە.

منی مێژوونوسیش زۆرجار وەک باپیرم، موفتی پێنجوێنی، ھەر ھاوار و ناڵە دەکەم. ئەو زاتە لە توڕەیی و نائومێدیدا دەفەرموێت:
موفتی گەر ئەقڵت ھەبێ، ھەوڵی ژیانت چاترە
سەد ئەوەندەی تر بڵێی، دەردی بێ دەرمانە کورد!
بەڵام موفتی سەرەڕای ھەندێک جار نائومێدبوونی، جارێکی تر وەک سوربوونی لەسەر ئەو مەسەلەیە دەفەرموێت:
عاقیبەت ھەر مردنە و باکت لە کوشتن تۆ نەبێ،
چی ئەزانی ھەر بڵێ، موفتی لە ڕێگەی چاکەوە!
منیش ئەمڕۆ ھەر لەسەر ڕێچکەی ئەو، گازەندە دەکەم و توڕە دەبم و ھەروەکو ئەو زاتەش بە نیازیش نیم کۆڵ بدەم و لەسەر ئەم ڕێگایە دەمێنمەوە لەبەرئەوەی کە لای ئەو زاتە و منیش، ھیچ کێشەیەک ھێندەی کێشەی کورد گوزارش لە ناعەدالەتی مرۆڤ ناکات. بۆ من چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ڕاستکردنەوەی ناعەدالەتیەکی مەزنی مێژووییە. سەرەڕای ئەوە بەداخەوە ئەمڕۆ کورد خۆی لەتاو ڕاووڕووت و جەردەیی حوکمڕانی نەیتوانیوە برینەکەی ساڕێژ بکات.

ھەوڵەکەی من لەبەرئەوەیە کە دڵنیام کە ئاشناکردنەوەی تاکی کورد بەو ڕاستییە مێژوویانە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی بە ئاگاھاتنەوەیدا. مرۆڤی ژێردەستە دەبێت لە ڕووی فکرییەوە ئازاد بێت و بە ئاگابێتەوە لەبەرئەوەی کە ھەتاوەکو بەئاگانەیەتەوە ھەر بە دیلی دەمێنێتەوە، جا ئەو دیلیە دیلی دەسەڵاتی خۆماڵی بێت یان بێگانە. مرۆڤی بەئاگا مرۆڤێکی ئازادە و ناتوانرێت دیل بکرێت.

12/10/2020

 

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان