فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

هاوار بازیان

بەپێی هەژمارێكی سەرپێیی دەبیین، زیاتر لە 10 كەناڵی ئاسمانی، 30 رادیۆ و بڵاوكراوەی هەفتانە و مانگانە و زیاتر لە 50 سایت و پێگەی ئینتەرنێتی جگە لە سەدان نووسەر و رۆژنامەنووس بەزمانی كوردی و كەمێك فارسی روویان لە خوێنەر و بینەر و بیسەری رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی

كەناڵی میدیاییدا، تا ئێستەش راگەیاندن لەوپارچەی كوردستان رۆڵی سەرەكی خۆی وەرنەگرتووە كە هەمان درووستكردنی رای گشتی و دانانی كاریگەرییە. هۆكاری كاریگەرنەبوونی میدیا و راگەیاندنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لەو 12 خاڵەدا دەبینرێتەوە كە بەكورتی باسیان دەكرێ:

١ ـ زۆربەی هەرەزۆری كەناڵە كوردییەكان و راگەیاندنی بیسراو و بینراو و نووسراو (خوێنراو)ی رۆژهەڵات لەسەر بنەمایەك پەخش و ئاراستەیان هەیە و وتار دەدەن كە پێیان وایە بەرامبەرەیەكان تەنیا ئەندام و لایەنگرانی حزب و هێزەكەی خۆیانن. بۆیە كەسێكی ناحزبی یان دوور لە هێزی سیاسیی خاوەن كەناڵەكە یان رۆژنامەكە كاتێك بینەر و بیسەر و خوێنەری ئەو جۆرە لە راگەیاندن دەبێ، خۆی تێدا نادۆزێتەوە و لە روانگەی رۆژنامەگەریی پیشەیییەوە ئەو كەسە مافی خۆیەتی واز لەو كەناڵە بنێنێ. بەتایبەت كە ئێستە خەڵك توانای باشتری لە هەڵبژاردنی كەناڵێكی راگەیاندن هەیە و لە زۆر بواردا كەناڵە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستان شوێنی لاوازیی راگەیاندنی رۆژهەڵاتییەكانیان پڕ كردووەتەوە، بەو جیاوازییەی كە ئەوان رەچاوی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و هێزەكانیان بەرامبەر حكوومەتی ئێران دەكەن و كەمتر رەچاوی ئەوە دەكەن هێشتا كورد ژێردەستەی حكوومەتی تارانە.

٢ ـ خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستان ماوەیەكی زۆرە ئاشنای جۆرێك لە راگەیاندنی لایەنگر و ناڕاست بوونە كە رۆژانە لە كەناڵە گشتییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە پێیان دەگات، واتە لە هەر هەواڵ و لێكدانەوە و بەدواداچوونێكی ئەم كەناڵە فارسیانەی ناوەخۆدا بەئاشكرا جۆرێك لە ناڕاستی هەیە كە بێ متمانەیەكی لای كورد درووست كردووە. هاوكات راگەیاندنەكانی كوردیش كە بەشێكی زۆریان سەر بەحیزب و هێز و لایەنە سیاسییەكانن هەمان شێواز دووبارە دەكەنەوە. واتە خەڵكی ناوەخۆ كەوتووەتە ناو 2 جۆر لە راگەیاندنی كوردی و ناكوردی كە لە هیچ كامیان هەست بە متمانەی تەواو ناكەن و لە ئەنجامدا هەر لە بنەڕەتدا ئەركی یەكەمی راگەیاندن ناسەركەوتوو دەردەكەوێ.

٣ ـ ئەركی یەكەمی راگەیاندن گواستنەوەی بێ دەستكاریی رووداو و پێشهاتەكانە كە بەڕادەیەكی زۆر ئەو ئەسلە لە راگەیاندنی رۆژهەڵاتی كوردستاندا فەرامۆش كراوە. بۆ نموونە كە رووداوێك لە كوردستان روودەدات، سەرجەم لایەنەكانی ئەو پارچەیە هەوڵی رووماڵكردنی رووداوەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان دەدەن و ئەگەریش ئەو بەرژەوەندییە كەم بێ. بۆ نموونە كاتێك كوردێك لە سێدارە دەدرێ، زۆرجار گرینگی زیاتر بەوە دراوە كە ئەو كەسە سەر بەكام هێزی سیاسی بووە و فەرامۆشی ئەوە دەكرێ لایەنەكانی تری رووداوەكە بخرێتە بەرباس.

٤ ـ بەش بەش كردنی رووداوەكان زیانێكی زۆری بە بواری راگەیاندن لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەیاندووە. ئەگەر تێبینیمان كردبێ زیاتر راگەیاندنی سەر بە هێز و لایەنە چەپەكان رووماڵی رووداوەكانی كرێكاران و كارگەكان لە كوردستان دەكەن و وەك نوێنەری چینی كرێكار خۆیان خەریكی سەرجەم رووداوەكانی كرێكاری دەكەن. بێگومان ئەو هەوڵە باشە، بەڵام لێرەدا تەنیا وەك نموونەیەك لە دابەشبوونی كەرەستە (ماتریاڵ)ی راگەیاندن بەسەر راگەیاندنەكانی رۆژهەڵاتدا باسی دەكەین. هەروەك چۆن راگەیاندنەكانی سەر بەناوەندەكانی مافی مرۆڤـ خۆیان خەریكی هەواڵ و رووداوەكانی مرۆیی كردووە و زۆر بە كەمی باسی رووداوی تر دەكەن لە كاتێكدا ناڕاستەوخۆ هەموویان هەر مرۆیین.

٥ ـ نەبوونی سەرمایەگوزارییەكی پتەو لە كەرتی راگەیاندندا، جۆرێك زیانی بەو كەرتە گەیاندووە. سەرجەم هێزەكان بە پەلە روویان لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی كاری تەلەڤۆیۆنی كرد و تەنانەت بەشێك لە هێزەكان دەستیان بۆ بەكرێ گرتنی تەلەڤزیۆنی هێزەكانی دیكەش برد تا بەبۆچوونی خۆیان "دوا نەكەون". ئەو هەوڵانە هاوكات بوون لەگەڵ ئەوەی هیچ كام لەو هێزانە نەهاتن كار لەسەر پێگەیاندنی كادیر و كارمەندی تەلەڤزیۆنی بكەن و زیاتر بیریان لە بوون كردەوە نەك چۆن بوون! بە واتایەكی تر تا ئێستەش لەو هەڵە گەورەدا بەسەر دەبەن كە كادیرێكی رادیۆ یان رۆژنامە دەتوانێ كاروبارەكانی كەناڵێكی ئاسمانیش بەرێوە ببات و هاوكات خەریكی رۆژنامەش بێ.

٦ ـ نەبوونی كوالیتی و چۆنیەتیی كاری راگەیاندن هۆیەكی تری كاڵبوونی ئەركی گەیاندنە لە رۆژهەڵات كە بێگومان بۆ نەبوونی هێزی دارایی و ماڵی دەگەڕێتەوە. كاتێك زنجیرە كەناڵە كوردییەكانی تەلەڤزیۆن بەسەر دەكەیەوە و تووشی زۆربەی هەرەزۆری كەناڵەكانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبی، بەهۆی نەبوونی كوالیتی لە رەنگ و دەنگ و ناوەڕۆك، هەر خێرا بەسەریدا تێپەڕ دەبی.

٧ ـ نەبوونی بەرنامەیەكی گشتگیری راگەیاندنی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر پرسێكی تایبەت، بەجۆرێك كە بەپێی بەرنامە بتوانن هەفتانە یان مانگانە یەك رۆژ هەموویان لەسەر پرسێكی سەرەكی و گرینگ كار بكەن، یان ئەوەی هەر هەفتەیەك بەناوی پرسێكی گرینگ و هەستیار ناوزەد بكەن.

ئەگەر 50 كەناڵی جۆراوجۆری راگەیاندن روویان لە رۆژهەڵاتە، هەموویان لەسەر 50 پرسی جۆراوجۆر كار دەكەن و نەبوونی بەرنامەیەكی یەكگرتووی سیاسیی حزب و هێزەكان خۆیان راستەوخۆ بەبەشی راگەیاندنی ئەو لایەنە هەموویانەوە دیارە. هێزێك گرینگی بە هەواڵی گیراوان دەدا، یەكی تر لەسەر داخرانی كارخانەكان كار دەكا، ئەوی دیكە باسی مافی خوێندن بەزمانی كوردی، یەكێكی تر باسی سەلەفی و كوژرانی كۆڵبەر و تەقینەوەی مین و تاد... دەكات. بەڵێ ئەوانە هەموویان پرسی گرینگن، بەڵام چونكە هاوئاهەنگییەك لە نێوان راگەیاندنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نییە، هەوڵی هیچ كام لەوانە بە تەنیا ناتوانێ مەبەستی سەرەكیی بپێكێ و لە ئەنجامدا ئەو سەرمایە گرینگەی خەبەری و میدیایی بە ئاسانی و لاوازی رەنگدانەوەی بۆ دەكرێ.

بۆ ئەو مەبەستە دەتوانن، رۆژژمێرێكی راگەیاندن بۆ خۆیان دابنێن و بەپێی بەرنامە هەر هەفتەی رۆژێكی تایبەت بۆ پرسێكی دیاریكراو تەرخان بكەن و ئەو رۆژە هەر لە رۆژنامە، سایتەكان و كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن هەموویان گرینگی بە لایەنەكانی ئەو پرسە بدەن كە پێشتر لەسەری ساخ بوونەتەوە.

كەناڵ دەناسم بەردەوام هەواڵی لەسەر بۆ نموونە گۆلی ورمێ هەیە كە بەرەو وشكبوون دەچێ و كەناڵەكانی دیكەش كتومت ئەو هەواڵەی دووبارە دەكەنەوە، لە كاتێكدا راگەیاندنی كاریگەر و بەتایبەت بۆ كوردی رۆژهەڵات كە لە قۆناخی خەباتدایە پێویستە شیكاریی زیاتر رووداوەكانی ناچەی خۆی بكا. دەكرێ هەر لەبارەی وشكبوونی گۆلی ورمێ، سەرجەم راگەیاندنی هێز و لایەنەكان بۆ نموونە بڕیار بدەن رۆژێك هەموویان ئەو بابەتە هەڵبدەنەوە. وەك ئەوەی ئاخۆ وشكبوونی ئەو گۆلە سرووشتییە؟ پێشگیری لە وشكبوونی دەكرێ؟ رێگەكانی كامانەن؟ كێ كەمتەرخەمە؟ شارەزاكانی ژینگە چی دەڵێن؟ ئایا نموونەی لەوشێوەیە لە ناوچەكانی تری ژێردەستی كۆماری ئیسلامیدا هەیە؟ ئەگەر وشك بوو چی دەبێ؟ دەڵێن دەبێ شاری ورمێ چۆل بكرێ، ئایا وایە؟ باشە ئەگەر هێندە پڕ مەترسییە بۆچی 80%ی وشك بووە و كەس خەمی لەبەر نییە؟ بۆچی ژینگەی ناودەوڵەتی بێدەنگە؟ ناڕەزایەتییەكانی ساڵی رابردوو لەوبارەیەوە چی بەسەر هات؟ باشە بۆچی فارس گرینگی پێ نادا؟ و ... هتد. ئەو بابەتە ئاسایییە سەدان ئایا و پرسی دیكەی رۆژنامەوانی هەڵدەگرێ و دەكرێ پرسەكە بگاتە شوێنی هەستیار و سەرنج راكێش بۆ خوێنەر. دەكرێ هەر ئەو بابەتە بگاتە ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەم وشكبوونەی گۆلی ورمێ كوردی زیاتر خەمبار كردووە یان تورك؟

٨ ـ كەناڵەكانی راگەیاندنی روو لە رۆژهەڵات پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ كەناڵەكانی تری راگەیاندنی هەرێمی و دواتر ناودەوڵەتیدا نییە كە مەرجی سەرەكیی پێشكەوتنی كاری گەیاندنە. بەهۆی ئەو كێشەوە دەنگی راگەیاندنی كوردی لە باشترین ئەگەردا هەر سنووری پارچەی خۆی رووماڵ دەكا و ناگاتە دەرەوەی سنوورەكەی. كاتێك سەیری راگەیاندنێكی سەركەوتوو دەكەی راستەوخۆ هەست بەو تۆڕە بەربڵاوەی پەیوەندیی ئەو كەناڵە لەگەڵ ناوەندەكانی تری راگەیاندن تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا دەكەی. تا ئێستەش كەم كەناڵی كوردی هەر لە رۆژنامە و رادیۆ و TVهەیە كە چاودێریی دەزگاكان و سەنتەرە میدیایییەكانی گرینگی جیهانی وەك CNN،FoxNews و رۆژنامەكانی وەك Le Figaro و نیویۆرك تایمز یان گاردیەن بكەن كە بەتایبەت ئێستە بەردەوام لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە ئێران و كوردەوە بابەت و بڵاوكردنەوەی هەیە و دەكرێ باشترین سەرچاوەی هەواڵی بن.

٩ ـ نەبوونی سەرچاوەی باش و بێ لایەن بۆ رووداوەكان، باری راگەیاندنی لە رۆژهەڵات قورستر كردووە. هەروەك نموونە ئەگەر كۆڵبەرێك بەهۆی كارەكەیەوە گیان لە دەست دەدا، راگەیاندنەكانی كوردی زیاتر سەرچاوە فارسییەكانی وەك "هرانا"ی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤـ لە ئێران بەكار دەبەن. تەنیا ماوەی ساڵێكە چەند سەرچاوەی تری وەك "كوردپا" و "ئاژانسی هەواڵی موكریان" وەك سەرچاوە وەردەگیرێن. هەروەها بۆ پشتڕاستكردنەوەی هەواڵێكی لەوشێوەیە زۆر بەكەمی بیر لە گرینگترین سەرچاوەی ئەم هەواڵە واتا كەسوكار و بنەماڵەی قوربانییەكە دەكەنەوە. ئەو ناپیشەیی بوونە وادەكا لە چۆنیەتی و كوالیتیی راگەیاندنەكە كەم بێتەوە و خوێنەر و بیسەر و بینەری كورد تەواو هەست بكا هەواڵێكی كوردی تایبەت بە كوردستانی بە دەستی دووەم و سێیەم بەدەستی دەگاتەوە. كارەساتەكە زۆرجار لەوەدایە كە هەواڵی كوردستان لە سەرچاوەیەكی فارسی وەردەگیرێ و بەكۆی هەموو شتێكەوە دەكرێتەوە كوردی!

هەر لە بواری سەرچاوە، راگەیاندەكانی رۆژهەڵات زیاتر سەرچاوەی سیاسی و حزبییان لەبەرەدستدایە، بۆیە هەوڵەكانیان بۆ هێنانەئارای راگەیاندنێكی ناحزبی و ناسیاسی تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە. بۆ نموونە رۆژنامەنووسی دیار دەناسم كە ئەگەر 30 هەواڵ و راپۆرتی لەسەر كوردی رۆژهەڵات هەبووبێ، بێگومان لە 20 كاریدا سوودی تەنیا لە یەك یان دوو كەس وەك سەرچاوە وەرگرتووە، بەشێوەیەك كە هەركات كارێك لەو رۆژنامەنووسە دەبینم، راستەوخۆ دەزانم سەرچاوەكانی كێن. ئەوجۆرە لە كاركردن، هاوكات لە بەهای ماندووبوونی ئەو رۆژنامەنووسە بەڕێزە و سەرچاوەكەیش كەم دەكاتەوە، بەتایبەت ئێستە كە دەیان رێگە و سەدان كەس هەیە تا وەك سەرچاوە سوودیان لێوەربگیرێ.

١٠ ـ سەرجەم كەناڵ و لایەنەكانی راگەیاندنی كوردستان تا ئێستە بۆیان نەكراوە لە دەوری دەزگا یان ئاژانسێكی هەواڵی كۆ ببنەوە و دوور لە حزب و هێزەكانی پشتیان كار تەنیا لەسەر راگەیاندن بكەن. هەركات هەوڵێكی لەوشێوە هەبووبێ، تەمەنی كورت بووە و پاش راگەیاندنی خۆیان یەكسەر بەرەو هەڵوەشان و بێدەنگی رۆیشتوون. بەهۆی ئەو لاوازییەوە، سەرلێشێواوییەك درووست بووە كە وا دەكا بینەری كەناڵێك لە ناوەخۆی رۆژهەڵات لە راستی و درووستیی رووداوەكان نەگات و دڵنیا نەبێ لەوەی كام رەگەزی ئەو هەواڵە جێگەی متمانەیە و كامیان بۆنی حزبی و سیاسی لێدێ.

١١ ـ تێكەڵبوونی رۆژنامەنووسی حزبی، سیاسی و سەربەخۆ ئاڵۆزییەكی بەكۆی گشتیی پەیكەری راگەیاندن لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەخشیوە. بۆ نموونە بەرامبەر رووداوێكی وەك كۆنگرەی نەتەوەییی كورد، لێكدانەوەی رۆژنامەنووسانی ئەو حزبانەی بەشداری كۆنگرە بوونە جیاوازترە لە بۆچوونی رۆژنامەنووسانی سەر بەحزب و هێزەكانی تر كە رێگەی ئەو كۆنگرەیان لێ گیرا. هەروەها رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ جیاوازتر لە هەردووكیان ئەو بابەتەیان لێكدایەوە. ئەو دۆخە وایكردووە كە تا ئێستەش كوردێكی ناسیاسی لە رۆژهەڵات تەواو بۆی روون نەبێتەوە ئاخۆ كۆنگرەی نەتەوەیی بە زیانی كوردە یان قازانج!

١٢ ـ پەیدابوونی هەندێك سایت و ماڵپەڕی ئینتەرنێتی كە بەشی زۆریان بەرهەمی كێشەكانی ناو حزب و هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە بەرەبەری دابڕان و لەتبوونی هێزەكاندا هاتوونەتە ئاراوە، رەنگی راگەیاندنی كوردییان بەرەو رۆژهەڵات ئاڵۆزتر كردووە. بۆ نموونە ماڵپەڕ هەیە كە هەموو چێژە خەبەرییەكەی لەسەر مانشێتی رووخانی كەسایەتی یان لایەنێك دەڕوات كە بێگومان زۆربەیان سەرچاوەی دیار و ئاشكرایان نییە و دەكەونە خانەی چەواشەكاری، نەك راگەیاندن. بەردەوامبوونی ئەو جۆرە لە راگەیاندن وەك ژەهرێك وایە كە خۆی تێكەڵ بە ئاوی میدیا لە رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە. داخێكی گرانە كە ئەو سایتانە لە ئاستی باڵای حزب و كەسەكانەوەش پشتگیری دەكرێن و هیوایەك بۆ باشتربوونی ئەو كەموكوڕییە نابینرێ.

* دەرەنجامی ئەو خاڵانەی سەرەوە كە دیارترین كەموكوڕيی ناو راگەیاندنی رۆژهەڵاتی كوردستانن و بەكورتی باسیان كراوە، وای كردووە ئاستی خوێنەر و بینەر و بیسەری ئەو پارچەیە لە كوردستانیش دابەزێ. بەجۆرێك كە فەرهەنگێكی ناتەندرووست هاتووەتە ئاراوە و تێیدا خوێنەر زیاتر چێژ لە هەواڵ یان راپۆرتێك وەردەگرێ كە تێیدا شكانی كەسێك، رووخانی لایەنێك، تۆمەت هەڵبەستن و هەڵبەزینەوەی تێدا بێ، لە كاتێكدا ئەركی سەرەكیی رۆژنامەگەریی تەنیا لكاندنی راستییەكان بە لایەنی بەرامبەر ئەویش بەسوود وەگرتن لە سادەترین جۆری نووسین و دەربڕینی زمانەوانییە.

٤/٩/٢٠٢٠

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان