فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

محه‌مه‌د ساڵح محه‌مه‌د

رۆژی پێنجشه‌م ١٣ی ئۆگستس ٢٠٢٠، له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ڕێككه‌وتنی نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئیمارات ڕاگه‌یه‌نرا، كه‌ وه‌ك "ڕێككه‌وتنی مێژوویی ئاشتی" پێناسه‌ی كرد و گوتی، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی كۆتاهاتن به‌ گرژی و دژایه‌تی نێوان هه‌ردوو وڵات و دابڕانیان له‌ ماوه‌ی ٤٩ ساڵی ڕابردوودا و ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندیه‌كانیان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.

له‌ چه‌ندان ساڵ و مانگی رابردوودا، ئاستی دانوستان و پێوه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌ره‌ی سه‌ندبوو كه‌ گه‌یشتن به‌م ڕێككه‌وتنه‌ چاوه‌ڕوانكراو بوو. به‌تایبه‌تی لێكتێگه‌یشتن له‌ مه‌ترسی هاوبه‌شی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ردوولا، گرنگترین هۆكاری توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵكی نێوانیان و هه‌نگاونانیان بووه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌.

بێگومان ئیداره‌ی تره‌مپ ڕۆڵێكی گرنگی له‌ لێك نزیككردنه‌وه‌ی ئیمارات و ئیسرائیل گێڕاوه‌. دۆناڵد تره‌مپ كه‌ له‌ زۆر بواره‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، زۆر پێویستی به‌م ئاساییبوونه‌وه‌یه‌ی پێوه‌ندی ئیمارات و ئیسرائیل هه‌بوو، بێگومان وه‌ك به‌رگێكی براوه‌ له‌ قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی نۆڤێمبه‌ردا سوودی لێ ده‌بینێت و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری و گره‌نتی جووه‌كان ده‌دات له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا.

ئیداره‌ی تره‌مپ به‌ گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ "ته‌ل ئه‌بیب"ه‌وه‌ بۆ "بیت المقدس"(ئۆرشه‌لیم)، پشتگیریكردن له‌ ئیسرائیل بۆ لكاندنی به‌رزاییه‌كانی جۆلان به‌ خاكی وڵاته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ له‌ ڕێكخراوی یۆنیسكۆ و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ واشنتن و ئه‌ل ئه‌بیب ئه‌و هه‌ردوو ڕێكخراوه‌ به‌ پشتیوانی فه‌له‌ستینییه‌كان و په‌ره‌پێده‌ری چه‌مك و مه‌یلی دژه‌ ئیسرائیلی تاوانبار ده‌كه‌ن؛ له‌ كرده‌وه‌دا نزیكترین و گرنگترین پێوه‌ندی مێژووی هه‌ردوو وڵات به‌ڕێوه‌ چووه‌. به‌جۆرێك كه‌ له‌ كۆتا ڕاپرسییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زیاتر ٦٠%ی خه‌ڵكی ئیسرائیل لایه‌نگری دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تره‌مپ ده‌كه‌ن. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ دیموكراته‌كان و جۆبایدن ١٥% تێناپه‌ڕێنێت.

رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات ناوی نراوه‌ ئیبراهیم كه‌ وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ پێشینه‌ و مێژووی هاوبه‌شی ئیسلام، مه‌سیحییه‌ت و جوو. واتا ئه‌مه‌ریكا، ئیمارات و ئیسرائیل لایه‌نه‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ن و ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ركامه‌یان نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێك له‌و هه‌ر سێ ئاینه‌ ئیبراهیمییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئیسرائیل ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ به‌ به‌های ده‌ستبه‌رداربوونه‌ له‌ پڕۆژه‌ی لكاندنی چه‌ند شوێنی كه‌ناری رۆژئاوا به‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌. وه‌ك ده‌زانین نه‌تانیاهۆ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا زۆر دووپاتی له‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ریكاش پشتیوانی ده‌كرد و بگره‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی سه‌ركه‌وتنیشی بوو. ئێسته‌ ئایا ده‌توانێ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ڕازی بكات كه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیمارات له‌ لكاندنی كه‌ناری رۆژئاوا به‌ ئیسرائیله‌وه‌ گرنگتره‌، جێی پرسیاره‌.

دوو مانگ پێش ئێسته‌ باڵوێزی ئیمارات له‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو نووسینێكی به‌ "زمانی عیبری" له‌ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كانی ئیسرائیلدا بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تێیدا به‌ ئیسرائیلی گوتبوو ئه‌گه‌ر نیازی ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیمارات و كۆی دنیای عه‌ره‌بی هه‌بێت، ده‌بێ واز له‌ پڕۆژه‌ی لكاندنی خاكی كه‌ناری رۆژئاوا به‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بهێنێت. ئه‌و پێشنیاره‌ ڕاستییه‌كه‌ی ئامانجه‌كه‌ی پێكا و فه‌له‌ستینییه‌كانیش كه‌ جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك دروشم، هیچ شتێكی تریان بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل پێ نه‌بوو، پێم وایه‌ قه‌رزداری ئیمارات ده‌بن.

له‌ به‌رانبه‌ردا به‌م ڕێككه‌وتنه‌ ئیسرائیلیش تابوو و كۆسپێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو شكاند و له‌وانه‌یه‌ قه‌ته‌ر، به‌حرێن، عه‌ره‌بستان، عه‌مان و... بكه‌ونه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. ده‌زانین كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ندی نافه‌رمی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی، ئیسرائیل ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی میسر و ئوردن ڕێككه‌وتنی ئاشتی و پێوه‌ندی فه‌رمی هه‌بووه‌.

كرانه‌وه‌ی بازاڕێكی گه‌وره‌ی وه‌ك وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو بۆ هه‌نارده‌ی زۆر به‌رهه‌می گرنگ و كۆالیتی به‌رزی ئیسرائیل له‌ بواره‌كانی وه‌ك ئاسایش، سایبێری، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، كشتوكاڵ و ته‌ندروستی، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یه‌. هاوكات ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ چاودێری و بگره‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ جووڵه‌ی سه‌ربازی و ته‌ناهیی ئێران له‌ كۆی ناوچه‌كه‌ به‌ ئیسرائیل ده‌دات. ئه‌م كارته‌ له‌وانه‌یه‌ گرنگترین بێت بۆ ئیسرائیل و هاوكات زیانی گه‌وره‌ به‌ پێوه‌ندی و جووڵه‌ی ئێران ده‌گه‌یه‌نێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ سیاسه‌تی دژه‌ ئیسرائیلی خۆیدا، ئێران هه‌ر ده‌ڕوات زیاتر ته‌نیا و گۆشه‌گیر ده‌بێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ نه‌رێنی بووه‌ و هه‌ندێكیان وه‌ك خیانه‌ت به‌ گه‌لی فه‌له‌ستین ناویان بردووه‌، به‌ڵام له‌ دیمه‌نێكی گه‌وره‌تردا؛ ئیمارات لانی كه‌م توانیویه‌تی پڕۆژه‌ی لكاندنی كه‌ناری رۆژئاوا به‌ ئیسرائیله‌وه‌ ڕابگرێت، ئه‌وه‌ بۆ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات له‌و گرنگییه‌ی زیاتر تێده‌گه‌ن. هه‌روه‌ها به‌ كردار ئه‌وه‌شی سه‌لماندووه‌ كه‌ ڕێی دانوستان و دیپلۆماسیی بۆ ڕاگرتنی پاوانخوازی و پاڵه‌په‌ستۆی ئیسرائیل، ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ و دروشمی له‌ناوبردنی ئیسرائیل، باشتر و ئه‌رێنیتره‌.

له‌ دۆخی ئێسته‌ كاریگه‌ری و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ وڵاتانی وه‌ك عێراق، لبنان و سووریا ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و گرفتی زیاتر بووه‌ته‌وه‌ و كه‌م رۆژ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئه‌و وڵاته‌ نه‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. بێگومان ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی ئیمارات و ئیسرائیل و ئه‌و بۆچوونه‌ ئه‌رێنییه‌ی به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو، گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و پاوانخوازییه‌كانی ته‌نگتر ده‌كات. له‌وانه‌یه‌ ئێران چاوه‌ڕوانی سه‌ركه‌وتنی دیموكراته‌كان بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكادا و هیوای به‌وه‌ هه‌بێت ئه‌و دۆخه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام به‌ بۆچوونی من ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكا ستراتیجه‌ و هه‌ر لایه‌نێك هه‌ڵبژاردن بباته‌وه‌، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت.

ئاسایشی ئیسرائیل له‌لایه‌ك و ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و هاوكات دژایه‌تی هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا، بابه‌تی هه‌ڵبژاردن نین و بۆ ئه‌مه‌ریكا بابه‌تی ستراتیجین. ته‌نیا له‌وانه‌یه‌ ڕێكاره‌كانی هه‌ر ئیداره‌یه‌ك جیاوازی هه‌بێت.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان