ئاهورا هەورامی ڕاوێژکاری سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی سەربەخۆ باس لە خەمساردی پارتە کوردستانییەکان دەکات لە مەڕ دروست نەبوونی بەرەی کوردستانی.
ئاهورا هەورامی دەڵێ بە داخەوە کاتێک باس لە لێکنزیکبوونەوەی پارتە کوردستانییەکان دەکرێت هەموو لایەنێک خۆی دەکات بە قارەمانی پرۆژەکە، بەڵام کاتێک دێتە ئاستی گۆڕەپانی کردارەوە، هەر حیزبەو دەیان شەرت و پێشمەرجی هەیە بۆ بەرامبەرەکەی. ئەمەش وایکردوە کە زیاد لە دە ساڵە مەسەلەی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری بەرە یا کۆنگرەیەکی یەکگرتووانە تەنیا باسێکی زارەکی بێت. هەروەها خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکین بەم کردارانە. من ووتەیەکی کاک عارف باوەجانی وەک نموونە دەهێنمەوە کە هەمیشە دەڵێ: "بە ڕاست ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکەن، دەبێت هەم گوێ لە خەڵکەکەیان بگرن و هەمیش ڕێز لە ویستەکانیان بگرن."
کەوابێت دروستبوونی بەرەی کوردستانی ویستی هەموو کوردە بە هەموو تاک و چین و تۆێژ و ئایدولۆژیاکانیەوە، ئیدی بۆ گوێ لە خەڵک نەگرین و ڕێزیان لێ نەگرین.دەتوانن راپرسییەکی سەرتاسەری بۆ سەلماندنی ئەو راستییە بکەن.
بۆ دروستبوونی بەرەیەکی کوردستانی پێویستە هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گیانێکی نەتەوەییەوە بێنە پێشەوە. بە تایبەت ئەو حیزب و لایەنانە کە تەمەنی خەباتیان لە هێندێک لایەن زیاترە، ئەوە نەکەنە بیانو و نەیکەن بە میزانی سیاسی و... شەرت و مەرجی دژوار بۆ بەرامبەرەکەیان دروست نەکەن. با ئێمە بە باوەڕێکی نەتەوەیی و بە هەستێکی دڵسۆزانەوە لە بارودۆخەکە بڕوانین.
ئاهورا هەورامی ڕاوێژکاری سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە: دەنگە نارەزاییەکانی وڵاتانی زلهێز لە جیهاندا روو بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیادبووە و ئەگەری نەمانی ئەو ڕێژیمە بۆ چەند ساڵی داهاتوو نزیکبووەتەوە، بەڵام حیزبە کوردییەکان هیچ ئامادەییەکیان نییە. لەوانەیە هەر حیزبە بۆ خۆی بەرنامەیەکی تاکلایەنانە و تاک حیزبییانەی بۆ گۆرانکارییەکانی داهاتوو هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە چارە سەر نییە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو ئەو تاک بریارییە لە دوارۆژدا کارەسات دروست دەکات. ئیستا بۆ نموونە دەبینین کە خوشک وبراکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتووانە لە دەوری تەڤگەرێک بە ناوی ^کۆمەڵەی پارتییەن نیشتیمانی کورد لە سوریا^ کۆبوونەتەوە.
ئێمەش پێویستە بە پەلە لە دەوری ڕێکخراوێکی بەو شێوە کۆبینەوە، بۆئەوەی ڕای جیهانی و نەیارانی حکومەتی ئیستای ئێران بۆ لای خۆمان ڕاکێشن و قورسایی خۆمان لە گۆڕەپانی کایەی سیاسیدا.
لەم چەند رۆژەدا سکرتیری یەکێک لە حیزبەکانی رۆهەڵاتی کوردستان پرۆژەیەکی دایە دەرەوە لە ژێر ناوی "ئەگەر بەرەیەکی کوردستانی پێکبێت..." من بە وردی ئەو پرۆژەم خۆێندەوە، ئەوەی لای من پرسیار دروست دەکات لە ساڵی ٢٠٠٥ بە بەشداری و نێوبژیوانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئەمریکا هەوڵی دروستبوونی بەرەی کوردستانی درا، کە ئەو کاتە تەنیا ٥ لایەنی کوردی لە نێو پڕۆژەکەدابوون، کە چی لەو کاتەدا ئامادەی هیچ جۆرە لێبوردەییەک لە پێناوی مافەڕەواکانی گەلی کورددا نەبوون و مەسەلەکە تا ئیستاش کە ٧ ساڵی بەسەراچوو، بەردێکی لەسەر نراوە. بەڵام گەلی کورد زۆر لەوە گەورەترە کە چەند کەس و لایەنێک لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە تاکڕەهەندەکانی خۆیاندا یاری بە چارەنووسی بکەن.
بەڵام ئیستا ژمارەی پارتە کوردییەکان سێ ئەوەندەی ئەو کاتەیە. ئەوان لەو کاتەدا لایەنی بەرامبەریان قبووڵ نەکردوە، ئایا ئێستا لایەنی دیکە کە لە خۆیان جیابوونەتەوە قبووڵ دەکەن؟
کەوابێت پێویستە ئەوانەی پرۆژە و پێشنیار دەدەنە دەرەوەو سەرنجی میدیاکانی پێ ڕادەکێشن دەبێت لە ناخی خۆیان بپرسن کە ئایا ئێستا تەحەممولی ئەو فرە حیزبییە دەکەن؟... من لێرەدا مەبەستم بە کەمزانین یا بێرێزی کردن بە پرۆژەی هیچ لایەنێک نییە، تەنیا مەبەستم ڕاستییەکانی نێو گۆرەپانەکەیە.
بە بۆچوونی من دەبێت بۆ دروستبوونی بەرە، بیرۆکەی "من لەو کۆنترم و من لەو ئەندامم زیاترە و من لەو شەهیدم زیاترەو من رەسەنترم..." ئەسڵەن نەیەتە نێو باسەوە. من نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە. ئایا مامۆستایەک کە پەیمانگای تەواو کردوە، ئەگەر خوێندکارەکەی دۆکتۆرا بگرێت، دەکرێ مامۆستاکەی بە چاوێکی کەمەوە سەیری خوێندکارەکەی بکات؟... من لێرە دەڵێم نەخێر.
پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن کە تاوان نییە، ئەگەر پارت و لایەنێکی سیاسی بە بیرێکی نوێ و کۆمەڵێ بەرنامەی تازەی نوێخوازانەوە بۆ خەبات و وەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد بێتە ئاراوە. لەوانەیە نەوەی نوێ بۆ ئێستا و داهاتووش دەیان بیرۆکەی نوێ و دەیان پارتی سیاسیتر دروست بکەن. نابێ ئێمە خۆمان پێش بە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگاکەمان بگرین، تەنیا لەبەر ئەوەی من بیروبۆچوونەکانم لە بۆچوونی بەرامبەرەکەم ناچێت!
پێویستە لەبەر بەرژەوەندی گەل و دروستکردنی بزەی شادی لە سەر زاری شەقامی کوردی بەرەیەکی کوردی لە چوارچێوەی پروتۆکۆڵێکی هەمە لایەنە ڕێکەوتنی لە سەر بکرێت. لەو پروتۆکۆڵەدا نابێت فکری هیچ حیزبێکی تێدا زاڵبێت، نابێ ببێتە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە ئەوەی فیدراڵی خواز نەبێت لەو بەرەدا پشتگۆی بخرێت!؟
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە بە شانازییەوە پارتێکی نەتەوەیین و بە مانای وڵاتپارێزیش ناسیونالیستین، بەڵام ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێکی بەرپرسیار و رەسەنی کوردستانیدا، لە چوارچێوەی بەرەیەکدا خۆمان ببینینەوە کە خزمەت بە یەکریزی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بکات و ماف و ئازادییەکانی هەموو تاک و لایەنێکی تێدا بگونجێت.
با ئەوەش بگوترێ کە ئەگەر دەڵێن، پارتی نوێ تەنیا لە چەند کەسێک پێک هاتوە...پێتان دەڵێین، ئێمە و ئێوە و ئایندەی نوێ!؟